Skip to Content

چالاکیەکەی مەرکەز شەبابی کۆیە.. دڵشاد تاقانە

چالاکیەکەی مەرکەز شەبابی کۆیە.. دڵشاد تاقانە

Closed
by ئازار 13, 2023 General


تۆزی دوای لاندرۆڤەرەکە تا دەهات گرێ لوولەی دروست دەکرد، لەنزیکی تایەکانیەوە بەچڕی و تا ماوەیەک تێپەڕین بەرزدەبۆوە لەو جادە خۆڵاویەی دەشتی کۆیە لەگوندی شەوگێڕەوە تا دامێنی شار بەئاسماندا کاڵ دەبۆوە. جێبە ستێشنەکە لەهەندێ بەرزایی دەردەکەوت و لەهەندێ شیو نوقم دەبوو زۆر دیتراوبوو بەڵام کەس نەیدەزانی کێوە دەچی و کێی تێدایە؟ دەتگۆ فڕۆکەیە لەو دوانیوڕانە نیشانەی هەڵمی تێپەڕین بەجێ دەهێڵێ تابزانن بەو ئاقارەدا ڕۆیوە. سێبەرەکەی لەبەری جادەی لای بناری دەدا بەڵام تۆزەک جوایەزتر لەبەرئەوی ئەحمەد بڕنەو لەسەر لاپەڕگی چاملغەکی پێشەوە لێینیشتبوو دەستی بەئاوێنە دوابینەکە گیرکردبوو خۆیان سێزدە، نا نا چاردە نەفەر بوون بەهاژووشتەکەوە.

دەچین تەسلیم دەبینەوە..
هاژووشتەی لاندرۆڤەرەکە بەتۆنێک لەتوڕەیی و سوڕمان هەروا پرس و بەزەیی چی ڕوودان؟ ڕووی لەفەرماندەی قوەتی کۆیە مامۆستا عەزیز کرد: لەڕاهی خوای کێوەم دەبەن؟ ئەوە چدەکەن؟ دوای وەستانەکە لەڕووباری کۆیە، مامۆستاش لۆ هێورکردنەوەی دەستی لەسەرشانی دانا و لەپێشمەرگەکانی دوورخستەوە: هیچ خەمت نەبی دەچین تەسلیم دەبینەوە.

نهێنبەندی پێشهات و نەهاتەکان..
کۆبوونەوەی گوندی کانی کوردە لەکەشەکی نهێنیبەند بەسترا، نەخشە و پلانی چالاکیەکە کە ماوەیەک بوو کاریان لەسەر دەکرد وەک بیرۆکە و چاوەڕێی پێشهات و نەهاتەکانی دەکرا، دەبوو لەو ڕۆوە کە شازدەی هەشتی هەشتاویەکە بەهەزارونۆسەدی چەرخی بیستەوە بەستراوە، هۆشی مرۆڤ مێژووی کاتناسیکەی دەهۆندەوە، جێبەجێ بکرێ. دوای هەندێ فسکوهۆڕ لەنێوان مامۆستا عزیز و شەهید ئەحمەد بڕنەو هەروەها فەرماندەکی کەرت دڵشادی مام ڕەزای بەئاگایی هەندێ لەفەرماندەی مەفرەزەکان شەهید شەهریار، تۆفیقی قەیسەری، ڕێبواری کەریمەجاف هەروا چەند پێشمەرگەکی دیار و پرسپێکراو ئەوکاتە معاون مەفرەزەیان پێدەگۆترا، دواتر بەڕێکەوتن هەرکەسە و ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات بەرەو شوێنی دیاریکراویان لێک جیابوونەوە.

پێشمەرگەی دیکە..
هەندێ پێشمەرگەی قوەتی کۆسرەت لەگوندی حاجی قەڵا هاتنە دەوری شەهید ئەحمەد بڕنەو لەکاتی کەوڵکردنی دوو ئاژەڵە سەربڕدراوەکە لۆ پێشمەرگەکان لەگەڵ شەهید یەکێتی مەجید. هەردووکیان کەراشە بنپەڕۆ نوێیەکەی لۆیان هاتبوو لەخوێنەکەیان وەردا بنپێیان لێدەخشاند هەتا ژێر کڵاشەکە سفت و ڕەقبی ئاودزەی نەکات گۆتیان: ئەگەر چالاکیتان بەدەستەوەیە لەگەڵتان دێین؟ شەهید ئەحمەد پێکەنی وەک نهێنی پارێزی گۆتی: هیچ لەگۆڕێ نیە. نەگۆتنەکە تەنیا لەبەر بڵاونەبوونەوەی هەواڵەکە بوو نەکا بەبێ مەبەست بگاتەوە دوژمن لەشاری. هەروا لەگوندی دۆندار شەهید سەرباز ئەحمەد پێی دەرێ: ئەگەر بەتەمای هیچ شتەکی با پێکەوە بیکەین ئەمن کوڕی گەڕەکی گردیم تەواو شارەزام. وەڵامی شەهید ئەحمەد بڕنەوە بەسەرچاو چالاکیەکی گەورەی هاوبەش پێکەوە دەکەین وەک یەکێتی و سۆسیالیست ماوەکی دی. لەوکاتە شەڕی ناخۆ هێوربوو لۆیە لەکۆبونەوەی گوندی حاجی قەڵا لەنێوانیان پێکهاتبوون شەڕی یەکتری نەکەن و نەیاندەویست هەردوولا، دوای کۆبونەوەکە یەکەم جار شەهید ئەحمەد بڕنەو وەک یەکێتی قسەی لۆ پێشمەرگەکان کرد دواتریش شەهید سەرباز ئەحمەد کە سۆسیالیست بوو.

چەمبەرە لەڕوباری کۆیە..
دوای کەمەک وەستان لەچاڵایی ڕوبارەکە لەڕاستی چەمبەرە، هەندەک ڕونکاری نەخشەی چوونە ناوشاری کۆیە لۆ یازدە پێشمەرگەکە لەلایەن هەردوو فەرماندە مامۆستا عەزیز و ئەحمەد بڕنەو بەداوای لێبوردنەوە کە لۆ پاراستنی نهێنی بەشاراوەیی هینابوویانن هەژەندەکی گەورەبوو! سوڕمان و پرس و گازەندە کرا لۆ پێیان نەگۆترایە؟ غەفوری حەمەغەریبی پرسی: ئەمە جێی متمانە نەبووین؟ هەردووک گۆتیان: بمانبوورە نەدەکرا پلانەکە ئاشکرا بکەین، ئەنگۆ جێی متمانەن لۆیە دەستەی هەڵبژێردراون هاتینە ئێرە. کاروان مامقلینجی ڕووی لەیەکێتی کرد: ئامۆزا ئەوە ئینتحاڕیە کەسمان نایەینەوە؟ چونکە پشت مەرکەز شەباب دەشتە ڕێی گەڕانەوەمان نیە؟ یەکێتی گۆتی: ئینجا چیە، ئەوڕۆش نەبی سبەی هەردەکوژرێین!

چرکەکانی بێدەنگی..
چەند ساتەک بوو هەرهەموویان لۆ چەند چرکەک بەجەستە لەلای یەک بوون بەڵام بەبیر دابڕان، هەرکەسەو ماخۆلیایەک پانۆرامایەکی ژیانی خۆی هاتە بەرچاو بەڵام هەرهەموویان بێ دوودڵی وەک پێشمەرگەیەکی نیشتمان و کوردایەتی بەبێ قسە و پرس هەربەزمانی چاو هاوپەیمانیان واژووکرد یەکسەر بەبیریش کەوتنەوە گەر یەکتری بە.

ڕقی تۆڵە..
هەرهەموویان سواری جێبەکە بوونەوە لۆ تۆڵەی شەهیدانی داستانی قوڕەبەرازە ڕوو لەکۆیە بەهەورازی ڕەجەباغا سەرکەوتن هاتنەوە نزیک شاخی کۆتکە ماست ئەوجا بەرەو گردی خەرمان سوتا بەناو وەردەکاندا هەتا گەیشتە بن دیواری مەرکەز شەباب دیسان تۆزی جێبەکە ئاسمانی تەنیبۆوە.

توخوا مامۆستا نۆتەی گۆرانیەکەم فێرکە..
تەقەی دەنگی یەکەم دەسڕێژی گولەی پێشمەرگەکان بوونە ڕتمی ئاوازی ئەو گۆرانیەی مامۆستای موزیک لەبەردەم فێرخوازەکەی بەکەمانەکەی دەیژەنی و فێری دەکرد، کە کو پەنجەکانی دانێ لەزانستی موزیکدا پێیدەگۆترێ تەکنیک، بەکەوانی کەمانەکەی لەدەستی ڕاست بەسەر ژێیەکانەوە دەیلەراندنەوە، بەدەستی چەپیش تۆنی نۆتەکان ئاوازەکەیان دەخوێند بەدەم شیرینکاریەوە.

چ ئەفسوسێکە کۆیکردینەوە؟
دەنگی موزیک و گولە هاڕمۆنی بوون، تەقەکان لەدیوی دەرەوەی تەلاری مەرکەز شەباب و نۆتەکان لەژوورەوە ئەو ناوەیان پڕ کرد نەتدەزانی گێ لەکامیان ڕاگری؟ چونکە هەردووک خۆشن، تەقەکان تۆڵە و شەڕی وڵاتپارێزیە، نۆتەکانیش بۆ گیان ئاسودەییە. هەردوو دەنگیش شەپۆلەکانی هەوا دەیگوازتنەوە کەچی لەوێدا تێکهەڵکیش ببوون بەسۆڵۆی شەهید یەکێتی بەدەم تەقەوە سرودی دەگۆ! کۆنسێرتەکەیان دەنگی دەداوە یەک لەیەکێ خۆشتر کەمانەکەی دەستی مامۆستا زاهیر محەمەد یان کلاشینکۆفەکەی دەستی مامۆستا عەزیز یانیش سەدای فەرماندەی گەشمەرگ یەکێتی مەجید بەسرود و گۆرانیەوە لەژێر ڕۆڵی مایسترۆ فەرماندەی گەشمەرگ ئەحمەد بڕنەوە هەرجارەی ڕێنمایی دەدا! هەرچەندە هەموو دانیشتوانی کۆیە ڕاهاتبوون لەبەر زۆر ڕودانەکان، لەهەرکاتێکدا شەڕ ڕووبدا یا چالاکی پێشمەرگانە بکرێ ژیان بەردەوامە لۆیە یەکەو خولەک دەنگی کەمانەکە تەواوەک لەگەر دەنگی تەقەکان هەربەردەوام دەڕۆیی بەڵام.

دە فێرخوازی موزیک..
لەگەڵ سێزدە پێشمەرگە لەناو شەڕگەی مەرکەز شەباب شەڕی سەدان جاش و سەربازی ڕژێمیان دەکرد واتا فەوجی سەربازی و دەزگای ئەمنی شارێک لەگەڵ چەندان سەرەجاش. مامۆستای هونەرمەند زاهیر محەمەد لەگەڵ سێ کارمەندی پاکاری و پارێزی تەلارەکە لەسەرەتای شەڕەکەوە تا بەیانیانی ڕۆژی دواتر ڕێبەندکران هەرلەوێ لەناو مەرکەز شەباب مانەوە پێشمەرگەکانیش نەیاندەزانی ئەو هەموو خەڵکە لەوێ گیریان خواردیە!

هەرپێنج دەرکەی کراوە..
ناو مەرکەز شباب نارێم! زۆر بەڕاپەڕ هەرسێزدەیان لەماشێنە لاندرۆڤەرەکە دابەزین و یەکسەرە دابەش بوون لۆ گرتنی سەنگەر لەجێی قایم و گونجاوی شەڕگە هەڵبژێردراوەکە، کابرای شۆفێر گەلەک مشەوەش بوو بەڕادەک سەری لەپێشمەرگەکان شێواندبوو پەلەبکەن چونکە لەژیانی شتیوای نەدیتبوو زۆر دەترسا و مافی خۆشی بوو، پێی لێنا کتوپڕ جادە و جادە ڕۆیی ڕوو لەکارگەی مافور هەتا چاو لێی دیاربوو لەسیلەی جادەی بەردەم منەزەمەی بەعسی ئەوکات ئاواش بوو دەرکەکانی شڕقوهۆڕیان بوو پێی دەکەوتن بێ داخران لەئاوەدانی شاردا خۆی ئاخنی و سۆراغی نەما.

بەشەکانی دی هێزەکە..
لەگوندی شیوەشان بەیازدە جێب هاتن بەرەو کۆیە وەکو ڕێگریەک لەچوونە شاری لۆ بڵاونەبوونەوەی هەوڵی کۆبوونەوەی پێشمەرگەکان نەگاتە ڕژێم و جاشەکانی، هەروەها لەکاتی گەیشتنی پێشمەرگەکانی گوندی شەوگێڕیش ڕێگە نەدرا هیچ کەسەک بەرەو شاری کۆیە بڕوات. هەندکیان لەوانەی لای بناری گەیشتنە لادێی ئاودەلۆک هەرکەسەو چار لقە تەڕاشی بڕی لەبەرپشتێن و تاقمیان دانا تا ئاودیوببنە دیوی گوندی هەواوانی سەرێ لەو ڕووتنە دیار سربازگەیە و مۆڵگەکانی سەرچیا ئاشکرا نەبن وەک داری ڕواو دەربکەون گومان نەکرێ لەسەرەتادا.

دەوری مەعەسکەر..
لەهەواوانی خوارێشەوە تا مزگەوتۆرە و دیوی ڕەزان دابەش بوون لۆ لێدانی معەسکەر بەچەکی هاوەنی هەشتا ملیم، کە تەنها شەش گولەیان پێبوو بەشارەزایی وەستا عەلی ناسراو بەعەلی ویزی لەمعەسکەری کۆیە بگیرێ و هەروا ببنە هێزی وەرگرتنەوەی پشتەوە لەکاتی کشانەوەدا وەک پارێزگار لۆ هێزەکەی چووینە ناو مەرکەز شەبابی شار نەوەک پشتیان بگیرێ دەربەست بکرێن.

بەشەکی پلانەکە..
هەواوانی سەرێ فەرماندەی مەفرەزە ڕێبواری کەریمە جاف سەرپەرشتی دەکردن دامەزرابوون بەڵام جارێ تەقە نەبووە. پێشەوەی هەواوان بەلای معەسکەر بەسەر ڕەزەکانی ئۆمەرخوچانیدا دەڕوانی بەفەرماندەیی دڵشاد مام ڕەزا. خوارتریش لەدەوری مزگەوتۆرە هەتا نزیک شاری کۆیە بەفەرماندەیی مەفرەزەکانی تۆفیق قەیسەری هەروا شەهید شەهریار لەئامادەباشیدابوون.

پەنجاوپێنج پێشمەرگە..
کۆی قوەی کۆیە هەرئەوەندەبوو لەوکاتە، خڕاوخڕیشی هاتبوو بەشداری چالاکیەکە بوو بێگومان ناوی هەرهەمووی ناوسرێ و کەسیش لەبیری نیە دوای چلودوو ساڵە ئێستا نوسرایتەوە و دەیخونیەوە چونکە.

نەبوونی ئەڕشیف..
کۆی چالاکیە پێشمەرگەییەکان لەخانە و دەزگایەکدا بوونی نیە هەتا بەئاسانی سەرچاوە وەربگیرێ لەناو شۆڕش و سەردەمەکەی نەنوسرایتەوە هەتا بڵاوبکرێتەوە ئەوەی هەیە مانەوەی سەرزارەکی بەشداربووانە جگە لەکۆچی دوایی هەندەکیان هەروا پەرت و بڵاوەی هەریەک لەلایەکن ئاسان نیە هەموو زانیاریەکان بەرجەستەبن، ئەوەی ئێستاش دەخوێندرێتەوە هەوڵەکی تاکیە لەخەرمانەکردنی بەشەک لەڕووداوەکان چونکە دڵنیا هەندەک زانیاری نادیار و ونە هەتا لەڕۆڵی ڕێکخستنە پێشمەرگەییەکانی شار لەڕێگای فەرماندە ئەحمەد بڕنەوەوە یا هەر چاوگەکی دیکە لۆیە.

لێرە و لەوێ..
لەهەندەک کەناڵ یا ڕۆژنامە بەکورتی لایەنەکی چالاکیەکە باسکرایە بەڵام بەتێروتەسەلی نەبووە چونکە لەکاتی شەڕیش هەرچەند پێشمەرگەک دەتوانن لەقۆڵەکەوە ئاگاداری ڕوداوەکانی دەوروبەری خۆیان بن نەک کۆی شەڕەکە لەهەموو لایەکەوە بەفراوانی لۆیە خوێندنەوەکی گشتگیر لۆ چالاکیەکە نەکرایە تائێستا بەتایبەت.

ئەو چالاکیە..
گرینگی مێژوویی خۆی هەیە لەساڵی هەشتاویەک بەو چلەی هاوینە بەدنیا ڕوناکی ڕۆژەکی هاوینی درێژ دەوری معەسکەر بگری و بەچەکی هاون لێیبدەی هەروا بەماشێن بێیە ناو شاری کۆیە ڕکابەریەکی بێ ئەندازە گەورە و شێلگیرانە دژ بەڕژێم و جاشەکانی ئەنجامدرا کە لەوێنەیدا پێشتر نەبووە و دواتریش هەرڕووی نەداوە! ئەوکات سوپای عێراقی عەرەبی بەهێز و خاوەن جبەخانەیەکی زەوەند بوو لەگەڵ هەزارەها جاش و خائین ئەوجاش هەرلێیاندرا. تا ئەوکات پێشمەرگە هەرلەچیا و چۆڵان دەنوست و دەژیا تەنانەت شەڕی ناوگوندیشیان نەکردبوو کەچی لێرە هاتنە ناو شاری.

شەڕی مان و نەمان..
وەک ئێزیدیەکان لەسەنگەری جەنگدا چۆکی خۆیان دەبەستن ئەو شۆڕە سوارانەش بەباوەڕەوە ڕێگای کشانەوەی خۆیان بەستبوو. لۆیە شەڕکارانە تا شەوداهات بەرگریان کرد چەندین هێرشیان شکاندەوە. ئازایەتیەکیان نواند مێژوو بەخوێن نوسیەوە ئەوەتا ئێستا لاپەڕەکانی هەڵدەوە و بیخوێنەوە.

تەقەی سەرچیا و معەسکەر..
لەگەڵ دامەزرانی شەڕی ناوشاری مەرکەز شەباب لەدەوری هەواوانیش تەقە کرا، بەهاوەن لەناو معەسکەر درا نەیانهێشت مدەڕەعە بێتەپێش، لەسەر چیاوەش بەدۆشکا تەقەی سەربازەکان لەپێشمەرەکان کرا بەڵام ئەوانیش بەچەکی ژێسێ وەڵامیان دانەوە هەروا نارنجۆک ئەندازیشان تەقاند لۆ ورە بەرزکردنەوە دڵشادی مام ڕەزای هاویشتی ئیدی شەڕ گەرم بوو.

ساردکردنەوەی ژێسێکە..
دوای یەک دوو دەسڕێژی ڕوو لەڕەبایەکانی سەری هەیبەسوڵتان چەکەکەی شەهیدی ئەنفال حەسەن موخەڕەسی کەلەتەنیشت مەلاجەمال بوو گەرمبوو ڕاوەستا پرسی: دەتانم ساردی کەمەوە؟ مەلا جەمالیش گۆتی: چۆن کوا ئاو؟ حەسەن گۆتی: ڕاوەستە دەچمە ئەولا عەیب نەبی میزی پێدادەکەم ئێستا چادەبتەوە! مەلاجەمالیش بەپێکەنینەوە لەناچاری ڕووی خۆی لەلایەکی دی کرد سەری لەو تەکنیکە کوردیە دەرنەکرد! هەرئەوەندەی زانی بەپ بەپ بەپ حەسەن کەوتەوە تەقە ڕوو لەچیا و معەسکەر!

هەڵکەوت و ڕێکەوت..
بەهەموو توانایەک هەوڵیاندا پلانەکە جێبەجێ بکەن بەڵام بێگومان زۆربەی جار ئەوەی ڕودەدا لەشەڕگە مەرج نیە وەک ویست و پلانی دانراوبی، هەڵکەوت و ڕێکەوتەکان گۆڕانکاری دروست دەکەن کە مەیدانی شەڕەکە دەیسەپێنی. هەموو چالاکیەک کە لۆ سەرکەوتنە بەڵام هەندێ جار لەبەر زیانی گیانی واتا لەباتی دەسکەوت دەبتە ژێرکەوت بەڵام لەهەمووی گرینگتر کۆی‌ پێشمەرگەکان بەخۆبەخشی دڵسۆزیەوە هاتبوونە ناو کایەکەوە ئەوەی پێویست و لەتوانادابوو کردیان ئەگەر بەلێکدانەوەی چوونەوە سەرەمەکەش هەڵیسەنگێنی کە ئەوسا پێشمەرگە لەخۆ نیشاندان بوو دەکرێ بەگەورەترین و تایبەتمەندترین چالاکی پێناسەی بکەین کە ساڵی هەشتاویکە

مەرکەز شەباب..
هۆکاری سەرەکی هەڵبژاردنی مەرکەز شەباب و هاتنی پێشمەرگەکان لەگوندی شەوگێڕەوە لۆی بەو کاتە زووەی ڕۆژ واتا دەوری چاری ئێوارە گەیشتنێ لۆ ئەوەبوو پێش هاتنی جاشەکان لەوێبن بەنیازی چەککردن و دیلکردن یا کوشتنیان کە هەموو ئێواران دەوری کاژمێر پێنج بەدواوە وەک کەمین دەهاتنە ناوی لۆ ڕێگرتنی پێشمەرگە بەرەو ناوشاری هەروا زیان لێدانیان.

بەپێ گەڕانەوە..
هاتن بەماشێنەکە گرینگی خۆی هەبوو، هەتا خێرا و بەماوەکی کەمتر زوو بەڕۆژەوە لەکاتی دیاریکراو بگەنێ، شاراوەترە و کەس مەزندەی ناکات، باشترە لەوەی پێشمەرگەکان بەزیاتر لەکاژمێرونیوەکی بەپێیان بڕۆن جگە لەوەش ڕێگاکە دەشتە هەمووی دیارە بەتایبەتیش ئەگەر هێلیکۆبتەربێت! لۆ گەڕانەوەش شەویان بەسەردادێ بەپێ گەڕانەوە گونجاوترە.

سەنگەری پێشمەرگەکان..
هەموو شەڕەک بەتایبەت بۆسەدانانەوە پێویستی بەسەنگەرە لۆ خۆ ماتدان و چاوەڕوانی هەلی لێدان. سەرڕای نەشارەزایی شوێنگەکە هەردەم لەگۆڕان بوو لەدروستکردنی خانی نوێ بەڵام مامۆستا عەزیز و شەهید ئەحمەد بڕنەو بەخێرایی پێشمەرگەکانیان دابەش کرد.. چار کەس غەفوری حەمەغەریب، حەمیدی قالەدزەیی، محێدین تیمارۆکی و قادر تیمارۆکی لۆ کۆرانەکانی بەر گردی جوان لەدەوری مارێ شێخ جەنگی و حاجی ڕەفیقی برای کێخوا مەمەندی هەریەکەو لەسیلەی کۆرانەک دامەزرا. نۆ پێشمەرگەکەی دیش لەبن دیوارە تەواو نەبووەکەی مەرکەز شەباب دابەش بوون هەریەک لەکاروان مامقلینجی یەکەم سەنگەری هەرە پێشەوە بەبیست مەترەک لەچاڵایی هەڵکەندراوی دینگەیەک، نەدیو و باشترین سەنگەربوو زاڵ بەسەر گۆڕەپانی جادەکە هەروا ئەوبەری خانیەکانی گەڕەکی گردی و ئەمبەری خانیەکانی خەرمان سوتای لەژێر کۆنتڕۆل دابوو تەقەی باشی لێدەکردن. هەریەک لەئەمیر تیمارۆکی و شەهید یەکێتی مەجید ئەوجا مامۆستا عەزیز هەروا شەهید ئەحمەد بڕنەو لەگەڵ پێشڕەوی عەریف برایمی و شەفیق تیمارۆکی لەبن دیوارەکە تەواو نەکراوەکە دامەزرابوون هەریەک لەشمدین و مەولود مام قلینجی چوونە ناو مەرکەز شەباب و دوایە هاتنەوە لای ئەوانی دی.

وایانزانی جاشن..
سەرەتا ئەو خەڵکەی لەو ناوەبوون هەستیان نەکرد ئەوانە پێشمەرگەن، وایانزانی جاشن! ڕۆژانە جاش دەهاتن بەڵام چونکە دامەزران لۆ شەڕ و پەلەپڕوزەیان هەبوو لەگورج جولانەوە خێراڕۆیی، گومانیان لێکردن کە پێشمەرگەن نەک جاش! جلوبەرگیشیان ڕێکپۆش نەبوو زیاتر بۆر و خاکی بەسروشتیش ئەگەر مرۆڤ ماوەیەک لەشار دابڕێ بەتایبەت پێشمەرگەی شەڕی شاخ و گوندانبی زیاتر سر و وشتە، جیاوازن لەپێشمەرگەی چالاکیە تایبەتیەکانی ناوشار کە هێمنتر کاردانەوەیان هەیە.

دەسهەرگرتنی کرێکارەکان..
لەگەڵ دیتنی پێشمەرگەکان لەجێبەکە دابەزین و خێرا دابەش بوون خەڵکەکی زۆر ڕەویەوە، کرێکارەکان دەستیان هەرگرت و ڕۆیشتن وازیان لەئیش هینا، چەندین منداڵی پارچەرەش لەو ناوەی تۆپانێیان دەکرد یا خەریکی پەتکردنی سەگ بوون دەنگدران چۆلیکەن زوو بڕۆنەوە مارێ خۆیان، کەسیش نەڕوات لۆ ناو شاری هەتا ئاشکرا نەبن.

کەمی چەک و فیشەک..
هەموو هێزەکە یەک ئاربیجی هەبوو ئەویش لەلای فەرماندە ئەحمەد بڕنەو بوو لۆ ئەو چالاکیە تەنیا سێ چار گولەیان هەبوو هینایان یەکیان چروکی کرد نەتەقی سەرەتا دوایە لەناچاری هەوڵی داوە تەقاندی هەتا مدەڕەعە عەسکەریەکەی ڕاگرت نەتوانی هێرش بکات. لەگەڵ چەکەکی ژێسێی دی لەلای کاروان مامقلینجی بوو کە لەسەنگەری هەرپێشەوەبوو بەس ئەو باشبوو چارسەد فیشەکی پێ بوو، دووسەدیان سێ ڕۆژ پێش چالاکیەکە شەهید ئەحمەد ئاگاداری کرد بچی بیهینی لەگوندەکی دانابوو. هەرچەندە زۆر باری قورس کردبوو بەڵام کاک ئەحمەد داوای لێکرد با پێیبی بەو زووانە پێویستیانە. بەڕاستیش لەو شەڕە دەستەویەخەییە هانایان هات بەتایبەتیش سەر لوولەکەی لێکردبۆوە دەنگی ژێسێکە وەک دۆشکە دەهات هەموو جاشەکانی لەزەواق نابوو. هەموو پێشمەرگەکانی دی تەنیا کلاشیکۆفیان پێبوو بەپێنج شەش مەخزەن ئەوپەڕەکەی پێشڕەوی عەریف برایمی کە زۆر بەهەندەوەرگرە هەشت مەخزەنی پێبوو کە نەدەگەیشتە سێ سەد فیشەک! واتا بێ بیکەیسی و هیچ جۆرە چەکەکی دیکەی ناوەندی کاریگەر لۆ بەلاداخستنی تەرازووی شەڕەکە.

دەتگۆ حەڕبی عالەمیە!
وایگۆ مامۆستا زاهیر مەحەمەد چونکە ئەو هونەرمەندە و لۆ شەڕ نەچووبووە مەرکەز شەباب کەچی لەوێ ماوە تابەیانی بەدەردەسەریەکی زۆر زۆر . ڕاستیشە گۆتنەکەی چونکە شەڕەکە زۆر گەرم و دەستەویەخەبوو ئەگەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانە نەبان قەت بەکەس نەدەکرا. بەو چەک و ژمارە کەمە زیاتر لەپێنج کاژمێر بەرگریەکی بێوێنەیان کرد، لەجوگرافیایەکی گچکە لەهەموو لایەکەوە تەقە لەوێ دەکرا تەنانەت لەمعەسکەرەوە گولە هاوەنیان تێدەگیرا! ئەوجا بابچینە ناو شەڕەکە هەتا ئێستا گێت لەتەقەی نەبووە خوێنەر.

کۆمەرەک جاش..
لەجادەی کارگەی مافورەوە هاتنە خوارێ بەپێیان لۆ خۆنیشاندان ڕۆژانە لەلای منەزەمەی بەعسەوە دەهاتن هەتا خوارێ و بەگەڕەکی جەمعیە دەگەڕانەوە لۆ سام نواندن کە ڕێکخستنەکانی ناوشار بیانبینن نەچن پێشمەرگە بهیننە ناوشاری وابزانن کەمین هەیە هەروا نۆکەرایەتی خۆیان لۆ بەعسیەکان نیشان بدەن چونکە ماشێنیان نەبوو بەپێ دەڕۆیشتن وایان دەکرد لەناو دووکەوانەی تەوس گوایە “پارێزگاری شارن” .

وایانزانی جاشەکانی کەمینەکەن..
پێشمەرگەکان لەئامادەباشیدا تەواو سەنگەریان گرتبوو، بەدیتنی جاشەکانی دەهاتنەخوار بەرەو ڕوویان پەنجەیان لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگەکانیان بوو بەسێرەوە چاوەڕێ بوون، هەرچەندە ئەحمەد بڕنەو هاواری کرد کەس تەقەنەکا هەتا دێنە بەردەستمان بەڵام لەدووری چەند سەد مەترێکەوە لایاندا بەرەو گەڕەکی جەمعیە تومەزە ئەوانە جاشی دەوریەبوون نەک جاشەکانی ئێواران بەکەمین بێنە مەرکەز شەباب! پێشمەرگەک چاوەڕێی نەکرد تەقەی لێکردن ئەوانیش هەندەک کەوتنە بن قەلابە بەردی ڕووکاراوی دروستکردنی خانووبەرە و بووە سەرەتای شەڕ.

کرێکاری خانی..
ئێستا دیوارەکانی دەرەوەی حەوشەی مەرکەز شەباب تەواو نەببوو ئەو گەڕەکەش خانی لێ دروست دەکرا، پڕ لەقەلابە بەرد و دیواری تەواونەبوو بوو، پێشمەرگەکان لەبن دیوارەکانە دامەزرابوون جێیەکانیان تەواو دیاریکراوبوو. لۆ خراپیش هەردوو گەڕەکی گردی و خەرمانسوتای لای مارێ محەمەد شەشەی برینپێچ بەسەر مەرکەز شەبابدا دەیانڕوانی.

شەڕی سەرگرد..
لەڕووی پێشمەرگایەتیەوە لەشەڕی ڕۆژ گرینگە بەرزایی و سەرگردەکانت لەدەستدابی بەڵام لۆ شەو چاڵاییەکان نەدیوون گرینگن باشتر بەرزایی دەبینی پێچەوانەی ڕۆژە. لەوێش گرد و بەرزاییەکان کەوتە دەست جاش و سەربازەکان تەرازووی شەڕەکەی لەق کرد.

جاش وەک گەنم تەبارەی کرد..
هیچ سەربانەکی گەڕەکی گردی و جەمعیە نەما چەندان جاشی نەچتە سەر! بەچەک و فیشەکی لەنەبڕانی زۆرەوە. مدەڕەعەکەش لەلای منەزەمەی بەعس بوو لۆ پارێزگاری لەسەرەتا، نەکا پێشمەرگەی زۆربێت و هێرشیان لۆبکەن چونکە زانیاری هاتنی هێزەکەی دەوری مەعەسکەریان هەبوو جارێ لەخۆپارێزیدا بوون نەکەوتبوونە هێرش.

نیوکاژمێری یەکەم..
لەشەڕەکە ئاسایی بوو هیچ هێرش نەبوو تەنیا ببووە شەڕەتەقە. جاشەکان بێ سنور تەقەیان دەکرد بەڵام پێشمەرگەکان تاک تاک و دەستیان بەفیشەکەوە دەگرت دەیانزانی چار کاژمێر مایە ڕۆژ ئاوابی و ببتە تاریکەشەو لۆیە لێکدانەوەیان لۆ شەڕەکی درێژ دەکرد. گەشمەرگی پێشمەرگە یەکێتی مەجید بەردەوام سرود و گۆرانی دەگۆ بەدەم تەقەوە تەنانەت جاشەکانیش گێیان لێبوو ئەوەش لەڕووی دەروونیەوە کاری لەجاشەکان کردبوو.

لۆ زوو هاتبوون؟
وەڵامەکە پێشتر درایتەوە چونکە کاتی هاتنی کەمینی جاشەکان لەدوای کاژمێر پێنجەوەیە لۆیە پێشمەرگەکان لەدوای چار گەیشتن هەتا پێش ئەوان بگەنە کەمینەکە. مانگی هەشت هاوینە و ڕۆژی زۆر درێژە تایبەت شازدەی مانگ کە ڕێکەوتی چالاکیەکەیە، جگە لەڕۆژ درێژی ئێوارێش دوای ڕۆژئاوا بەماوەکی کەمی نیو کاژمێرەک دەبتەوە مانگەشەوی زۆر ڕوون.

چاروبیست خولەک..
یەکەم دەسڕێژی پێشمەرگەکان گڕدانی شەڕەکەی کردەوە لۆیە جاشەکان هەتا بەیانی ڕۆژی دواتر نەیانوێرا بێنە ناو سەنگەری پێشمەرگەکان هەرچەندە بەپشتیوانی مغاویر و سەرباز لەگەڵ مدەڕەعەکە هانیان دان بچن بەڵام جاشەکان هێرشیان نەکرد نەیانوێرا!

لاکەو..
گولە بەگولەی دەگۆ لاکەو. ئەگەر بەگوێرەی تەقەی ناو شەڕەکانبی دەبی یەک کەس دەربازی نەبی ئەوەندە گولە دەتەقێنرێ و هەمووشی بەسەری بەشداربووان بکەوی بەڵام لەڕاستیدا وانیە، ژمارەی بەرکەوت و کوژراوان زۆربەی کات کەمترە لەژمارەی گولە هاوێژراوەکان.

ئاو..
زۆر بەسادەی مەزانە لەهەموو شتەک پێویسترە لەناو شەڕ چونکە سەرەتای تەقە مێشک هەست بەترسی لەناوچوون دەکا پێویستی بەخوێنە، دڵ خێرا لێدەدا لۆ ناردنی خون لۆ مێشک، هەناسە بڕکە دروست دەبی لۆ زیاتر وەرگرتنی ئۆکسجین بنێردرێ لۆ دڵ، لەو ناوەی قوڕگ وشک دەبی لەبەر زۆری هەناسەدان ئەوجا هەموو پێویستیان بەئاوە.

هەریەکەو دێمکەک..
ئاو لەگەر مەخزەنەکانی تاقمی بەستبوو بەڵام بەشی زۆری نەکرد چونکە ڕۆژەکی هاوینی مانگی ئابە لەکۆیەش هەندەک ڕۆژان ئاگر دەباری ئەوجا وەرە لەناو شەڕەکی ئەهوابە! لۆ پازدە کەسەکەی موزیک لەناو مەرکەز شەباب گیریان خواردبوو هەمان سەختیە ڕاستە لەناو تەلارەکەبوون بەڵام لەدەسڕێژی تەقەکانی سەرەتای جاش و سەربازەکان هەموو تانیکەکانی سەربان کون بوون یەک چۆڕە ئاو نەما هەموو خەریک بوو بخنکێن.

ترمۆزە بەفراوەکە..
لەژووری بەڕێوەبەری بنکەی لاوانپڕ لەبەفر داندرابوو، مدیریش هەرزوو ڕۆیی بوو. کاتی تەواوبوونی ڕۆژانەی خولە موزیکیەکەش بەرەو کۆتایی بوو لۆیە مامۆستا سەردار لەگەر کچە منداڵکارەکان زووتر ڕۆیشتن لەوانەیە لەکارگەی مافوریش ڕەتبووووبن کە تەقە دەستی پێکرد. بەڵام گروپی کوڕەکان کەوتنە ئەو گیربەندیەوە لەبێ ئاوی. مامۆستا زاهیر خۆی گەیاندە ژووری مدیر و چەند پەرداغەکی خواردەوە ئەوجا ترمۆزەکەی بەگرورە هەردا لۆ فەڕاشەکان هەتا هەموو ئاوێ بخۆنەوە کەچی پێشمەرگەکان لەدەرێ زۆر زۆر تێنیان بوو.

گریانەکی هیستریایی..
یەک لەفێرخوازەکان مێرمنداڵێکی تەمەن پازدە نەورۆزی لەگەر دەنگی تەقە و ئاربیجیەکان زۆر بەکۆڕ دەگریا، بەڕادەیەک بەهیچ شتێ ژیر نەدەبۆوە وەک بارێکی دەروونی نائارامیەکی بێسنور و لەڕادەبەدەر تەنگی پێهەڵچنی بوو بەهیچ ڕانەدەوەستا، هەتا دەنگی تەقەکان زیاتر دەبوو ئەویش زیاتر دەیقیژاند! تا وای لێهات کەنەفت بوو توانای گریانی نەما هەنسکی دەدا. مام قادر دۆنداری کارمەندی ئەوێ لەخۆی نزیک کردەوە سەری بەڕانی کرد هەتا بێهێزی چاوی بردە خەو. لەوانەیە ئێستا لێکدانەوەت لۆ ئەو مندارە هەرترسانەک بی؟ بەڵام وەک زۆر هەڵە تێگەیشتنی دی ئەوەشت بەسەردا تێپەڕی! ئاخر منداڵێک لەتەمەنەکی زۆر گچکەتر لەناو بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی عێراقی عەرەبی ساڵی نۆسەدوحەفتاوچار شاری قەڵادزەی بەقومبلەی ناپاڵم بۆردمان و وێرانکردبی، لەبەر چاویشی داک و بابی گەشمەرگی هەتایی ببن، هەرپارچەشیان نەدۆزرێتەوە ئایا ناحەقیتی ئەوها بەگوڕ بگریە لەتاوان هەموو شتەکی دەهاتەوە بەرچاو؟ کەس نازانی چ خەم و ئازارەک لەهۆش و هەستی گوزەری کردیە!

خەستی شەڕەکە..
گیانی پێشمەرگانە بەرپرسیاریەتی بوو لەسەر و ماڵی خەڵکی لۆیە پێشمەرگەکان بەژمارەی زیاتر نەهاتنە ناوشاری دەنا ئەگەر بچووبانا ناو گەڕەکی گردی و بەرزتر ئاسانتربوو لۆیان، زیاتر هەوڵیان دەدا چالاکیەکی خێرا دەسوەشێن بکەن وبڕۆنەوە شاخ هەڵبژاردنی بنکەی لاوانیش لۆ چاوشکێنی جاشەکان و زیان بەر خەڵکی نەکەوتن بوو.

یەکێتی گەشمەرگ بوو..
دوای دەسپێکردنی شەڕەکە بەکاژمێرێک واتا لەشەش لایدابوو لۆ جێگۆڕکێ و سەنگەرەکی قایمتر شەهید یەکێتی هاواری کرد کاروان تەقەم لەسەربکە، کاروان مامقلینجی بەژێسێیەکە تەقەی دەکرد، یەکێتی جێی گواستەوە لەجولەیدا گولەیەک بەسینگی کەوت لەتەنیشت پێشڕەو عەریف برایم بوو. دیاربوو بەسەردڵی کەوت لۆیە هیچ دەنگی لێوەنەهات یەکسەر گیانی بەخشیە کوردستان. یەکێتی ئەوکاتە فەرماندەی مەفرەزەبوو، یەک لەپێشمەرگە هەرەئازاکان، هۆشیار و قسەزان، دەنگخۆش و گۆرانیزان، تەنانەت مام جەلالیش خۆشیدەویست زۆر بەناوەکەی سەرسام بوو کە پێش دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی ناوی ئەو کوڕە قارەمانە یەکێتیە.

ئەحمەد بڕنەو هات..
بەپەلە هاتە سەرتەرمەکەی شەهید یەکێتی و زۆری پێناخۆش بوو گۆتی: پشتت شکاندم ئامۆزا. ئینجا ڕاستیەکە هەموو فەرماندە ناودارەکان چەند پێشمەرگەکیان لەپشتە وەک جەستەی فەرماندەکەن لەسەر و دەست وپێی پێیان دەجولێتەوە و دەسەڵات دەنوێنێ. فەرماندە یەکێتی بڕبڕەی پشتی فەرماندە ئەحمەد بوو بڕیاریشیان دابوو بێ یەکتری شەهید نەبن و پێکەوە گیان ببەخشنە کوردستان هەرواش بوو.

کارێزمای فەرماندە..
هەموو چارەگە کاژمێرەک فەرماندە ئەحمەد بڕنەو بانگی کاروانی دەکرد هەتابزانی ساغە؟ ئەویش وەڵامی دەداوە باشم. چەندبارەی دەکردەوە لەجێی خۆتبە و ئافەرین. پشتیوانیەکی بەهێزی دەروونی کاروان بوو هەرکە دەنگی کاک ئەحمەد دەهات ئەو وای دەزانی دەبابەک لەپشتیەتی ورەی بەرز دەبۆوە لۆ خۆڕاگری و شەڕی زیاتر لەناو ئەو ئاگربارانەدا کە سەنگەرەکەشی زۆر ئاشکراببوو!

سەنگەر گۆڕین..
لەشەڕدا بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی سەنگەرەکان جیاوازیان هەیە هەندەک جار پێویستی بەگۆڕینە لەهێرش و لەکشانەوە چونکە هێزی ئاگری واتا زۆرترین گولەی لۆهاتوو کە شوێنی سەنگەرەکە دەگرتەوە بڕیاڕی گۆڕینیشی دەدا پێویستیەلەهەندەک جار. لۆیە هەموو پێشمەرگەکان کە جێیان دەگۆڕی داوای تەقە لەسەرکرنیان دەکرد ئەویش دەنگی ژێسێیەکەی دەهات لەو جولانەدا زۆربەیان برینداربوون، لەکۆی شەڕەکە ئەمیر تیمارۆکی بەچۆکی کەوت. هەروا مامۆستا عەزیز بەپێوە تەقەی دەکرد هەربەچۆکی کەوت، شمدین غەفوری چۆکی برینداربوو. بەڵام هەموویان لەناو سەنگەری خۆیان سەرڕای برینداری هەرشەڕیان دەکرد بێ ئەندازە خۆڕاگربوون هەرچەندە چاوەڕێی کەسیش نەبوون بیانگاتێ ڕزگاریان بکات!

کشانەوە..
لەقۆڵەکەی غەفوری حەمەغەریبی و حەمیدی قالەدزەیی قادر تیمارۆکی برینداربوو، محێدین تیمارۆکی یارمەتی دا کشانەوە لۆ شاخی مشکەی ئەوجا لۆ ناو کەپرکەی حەمەسدیقی لەناوڕەزی. هێرشی زۆری جاش و سەربازەکان لەکۆڵانەکانی خوار گردی زۆر بوو هەتا پێشمەرگەکان فیشەکەکیان دەتەقاند سەد فیشەکیان لەجێوە لۆ دەهات ناچار دووەکەی دیش چوونە ناو کاولی کەپرەکه و شەڕ هەربەردەوامە.

نهێنی شەو..
هەمیشە پێشمەرگە نهێنی شەوی لەناو هێز و گروپەکەی دادەنا لۆ یەکتر ناسینەوە کەدەنگداربان نهێنیەکەیان دەگۆت و یەکتریان دەناسیەوە لەناو شەڕ و لەشێنەیی دا.
نهێنی شەوی ئەو چالاکیە فەرماندە ئەحمەد بڕنەو پێی ڕاگەیاندبوون ناوی (شەهید شەفیق) بوو مەبەست لێی شەفیقی زاهیری گۆدەی فەرماندەی داستانی گوندی قوڕەبەرازە کە خودی چالاکیەکەکەش لەتۆڵەی ئەوان بوو.

چرپە و خشپە..
لەناو ڕەزاوەنەوە کۆمەڵەک پێشمەرگە بەهاناوە هاتن لەوان مام عەلی حەمشینی تیمارۆک و ڕزگار مستەفا ناسراو بەکوردە. غەفور حەمەغەریب دەنگیان دەدا: کێی زەلام؟ مام عەلی یەکسەر دەنگی دەناسی کوڕە غەفور خۆمانیین. نهێنی؟ مام عەلی دەرێ: شەهید شەفیق. دەکەونەوە گەر یەکتر دواتر دەچنەوە ڕوو لە لای مەرکەز شەباب.

هێرشی جاشەکان..
فەرماندە سەربازیەکەی مدەڕەعەکە دوای دڵنیابوون لەسنورداری هێرشی پێشمەرگەکان و نایەنە ناو منەزەمەی بەعس. جاشەکان ئاگەدار دەکا کەناتوانرێ لەلای معەسکەرەوە پشتیان لێبگرن ئەوناوە پڕ پێشمەرگەیە و شەڕە. هەوڵدەن لەپشت مەدەڕەعەکەوە لەپشتی گردی خەرمان سوتاوە بەناو کۆرەنەکانی شەوگێڕاوا هێرش بکەنە سەرپێشمەرگەکان بەڵام جاشەکان دوودڵ دەبن ناوێرن. کاتەک مدەڕەعەکە تەقەدەکا لۆ هێرش بردن کۆمەرەک جاش لەدیوی گەڕەکی جەمعیەوە دەگەنە پشت دیواری مەرکەز شەباب. هەرچەندە پێشمەرگەکان تەقەیان لێدەکەن ناگەڕێنەوە چونکە هەندەک لەو جاشانە کاتی خۆی پێشمەرگایەتیان کردیە و شەڕزانن. ناچار مەولود مام قلینجی و شمدین غەفوری چوونە ناو تەلای بنکەی لاوان لۆ دەرکردنی جاشەکانی پشتەوە. دیاربوو جاشەکان هەستیان کرد لەگەر دەنگی ئاربیجیەکەی ئەحمەد بڕنەو هەرزوو هەراتن.

کوڕە کراس سپیەکە..
ئەوجا لۆ گەڕانەوە لای برادەران لەسەنگەرەکانیان مەولود و شمدین گیریان خوارد لەناو تەلارەکە و هیچ شارەزاش نەبوون. ناو دەرگا سەرەکیەکە تەقەی زۆرلەسەربوو جاشەکان دیتبوویان چووینە ژوورێ ماوەی گەڕانەوە پێیدا نەمابوو. لەخانیەکانی ئەوبەری کوڕەک لەپشت دیوارەک ڕاوەستابوو، مێرمنداڵ واتا حەڤدە یا هەژدەساڵەک مەزندە دەکرا، کراسەکی سپی و پانتۆڵەکی ڕەشی لەپێبوو، بانگی مەولودی برای فەرماندە ئەحمەد بڕنەوی کرد زانی شارەزانیە! پێیگۆ بەدەرکە گچکەکەی پشتەوە وەرەوە دەرێ بەنیشانی دەست ئاڕاستەی کردن ئەوانیش هاتنەوە دەرێ.

ئەحمەد بڕنەو گەشمەرگ بوو..
لۆ شکاندنی هێرشی جاشەکان فەرماندە ئەحمەد بڕنەو گولە ئاربیجیە چروکەکەی سوارکردەوە ویستی بیتەقێنی گولەکی سەرچیغ بەسەری کەوت بەپێشڕەوی عەریف برایمی گۆت: خۆ گولەی ئەو گەوادانە ئەمن نابڕی، هاواری کرد هەموو تەقەی بکەن لێیان دەدەم. ئەوجارە لەکاژمێر شەشوچل خولەک دەنگی ئاربیجیەکەی تەرازووی شەڕەکەی گۆڕی مدەڕەعە و جاشەکان هەراتن بەڵام گولەیەکی دوژمن نیوچەوانی پێکا و یەکسەرە گیانی بەکوردستان بەخشی هەروا پەیمانەکەی دابووی بەیەکێتی مەجیدی ئامۆزای لەدوای چل خولەک زۆر ڕاستگۆیانە بەجێهینا.

دڵی قوەتەکە..
ئەحمەد بڕنەو بوو لەدەشتی کۆیە، جێگری فەرماندە و لەهەمان کات فەرماندەی کەرتەک، هەموو پرس و ڕای لەدەست بوو، لەکۆتایی حەفتاکانەوە پێشمەرگەبوو، بەشداری چەندان چالاکی و داستانی کردبوو چ وەک پێشمەرگە، چ وەک فەرماندە. کەسایەتیەک لەوێنەیدا نەبوو هەروا ناشبیتەوە.

تاقمەکەی ئەحمەد بڕنەو..
ئێستاش هەرقورس بوو چونکە ئەو هەرگیز فیشەکەکی نەدەتەقاند ئەگەر دوژمنی نەپێکابا دایانە مەولودی برای هەروا تاقمەکەی یەکێتیش زۆر کەم فیشەکی تەقاندبوو چونکە زۆر دەستیان پێوەدەگرت ئەوە نهێنی ترسی جاشەکان بوو کە کۆی پێشمەرەکان فیشەکان کەم دەتەقێنن، نایتەقێنن هەتا لەوانی نەدەن لۆیە هەتا بەیانی ڕۆژی داهاتوو کەتەقەش نەمابوو نەیانوێرە بێنە سەر تەرمی پیرۆزی هەردوو جوامێرەکە.

بێ دەنگی ئەحمەد بڕنەو..
وای لەکاروان مامقلینجی کرد ڕاڕابی چبووە؟ لۆ کەس تەقە ناکا! چونکە ئەو لەپێشەوەتربوو نەیزانی یەکێتی ئامۆزای گەشمەرگ بووە چاوەڕێی بانگی فەرماندەکەی بوو ئەحمەد بڕنەو خوستی نیە. کاتی هاتنی مدەڕەعەکە و هێرشی داینابوو هەستە پێوە بەناچاری بەژێسێیەکەی تەقە بکات و شەهید بکرێ باشترە نابی بگیرێ. ئەو بێدەنگیە ناچاری کرد.

بیکوژن نەهێلن دەرچی..
هاتوهاواری جاشەکان بوو بەدەم ڕێژنەباری تەقەوە لەسەری چار دەوریان دەکوتا بەچەندین چاک تەقەیان لێدەکرد چونکە لەسەنگەرەکەی هاتە دەرێ ڕوو لەدیواری سەنگەر هەڤاڵەکانی. گەیشتە لایان هیچی پێنەکەوت دیاربوو کە هەموویان دڵتەنگن ئەوکاتە زانی کە ئەحمەد بڕنەو گەشمەرگ بووە. لۆخۆی هەژدە فیشەکی ژێسێیەکەی پێمابوو.

فیشەکی خۆکوشتن..
زۆرینەی پێشمەرگەکان هەریەکە و فیشەکی خۆ کوشتنی پێمابوو ئەگەر کارلەکارترازا خۆیانی پێ گەشمەرگ بکەن نەکەونە دەست دوژمن زۆر تایبەت مامۆستا عەزیز وەک فەرماندەی قوەت ئامادەبوو بمری بەڵام نەگیرێ. ئەوانی دیش هەرهەمان بڕیار و هەستیان هەبوو لۆیە مەتەم بوون لەر لەدەسدانی کاک ئەحمەد و کاک یەکێتی بەبرینداریەوە پشتیان بەسەنگەرەکانیان دابوو.

بڕیار..
دوای شەڕەکی پێنج کاژمێری خەستی دەستەویەخە لەناو ئاگار بارینەکی بەردەوام دەبوو بڕیار بدەن تاریک داهاتیە و بڕۆن لەبەر زۆری بریندارەکان ناچاربوون بەس ئەوان ڕزگار بکەن هەرکەسەوە کەوتە یارمەتی بریندارەک جگە لەخۆیان چەک و تاقمیشیان لۆ هەرگرتن. شمدین غەفوری لەناچاری چەکەکەی کردبووە گۆچان پێی دەڕۆیی هەتا دورکەوتنەوە گروپەکەی ناو کەپری سدیقیش هاتن بەهانایانەوە.

بەتەنیا کاروان مابۆوە..
مامۆستا عەزیز پێیگۆت: دەبی ئەتو بمینێیەوە بەو هەژدە فیشەکەی پێت مایە هەتا ئەمە دوور دەکەوینەوە جارێ نەبوویتە مانگەشەو. ئیدی کاروان جار نا جارەک فیشەکەک دەتەقێنی هەتا ئەوان دەرباز دەبن پێنج فیشەکی پێدەمینێ ئەوجا ئاربیجیەکەش هەڵدەگری و بەدوایان دەڕوات هەتا دەگەنە.

دەرچەی گواوەکە..
لەبەر تێنیەتی کە خوڕەی ئاوەکەیان گێ لێدەبی هەموویان لێی دەخۆنەوە لەتێنان بەدرێژایی شەڕەکە بێ ئاو بوون. یەکسەر توشی ژەهراوی بوون دەبن بەزگهێشە و گەدە تێکچوون، ڕشانەوە و لەهۆش خۆچوون چونکە هەموو ئاوەڕۆی پیسایی گەڕەکی گردی لەوێوە دەچۆوە ڕوباری.

هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە..
بێگومان وەک هەموو چالاکیەکی دیکە دوای ڕوودانی هەڵسەنگاندن لایەنی ڕاست و هەڵەی تێدایە بەڵام لێرەدا خوێنەر خۆی سەرپشکە وەڵامی پرسیارەکانی مێشکی وەردەگرێ یان بەسەریدا ڕەت دەبێ؟ هەرچەندە کورد گۆتەنی: ئەوەی لەشەڕێ نیە شێرە. لەوانەیە ڕەخنەیان لێبگیرێ لۆ بەشە پێشمەرگەکیان نەناردە لای حەمامۆکی تەقەی سەرلێشوان بکەن و دوژمن بخافرێنن هەتا لەخوارێ دەسبوەشێنن؟ لەگەڵ چەندەها لێکدانەوەی دی بەڵام هەڵەیەکی بێ مەبەستی گەورە لەو چالاکیە ڕوویدابی ئەوەبوو نەدەبوو نەدەکرا فەرماندەی قوەتەکە مامۆستا عەزیز و جێگری فەرماندە ئەحمەد بڕنەو لەیەک سەنگەری تەنیشت یەکتری بن لەچالاکیەکە بەڵکو دەبوو هەریەکە و لەقۆڵێکەوە سەرپەرشتی بکەن! چونکە بەگەشمەرگبوونی ئەحمەد بڕنەو هەروەها بەسەختی برینداربوونی مامۆستا عەزیز قوەتی دەشتی کۆیە گەورە زیانی بەرکەوت ئەوەش بەرپرسیاریەتیە دەکرێ پەندی لێوەرگیرێ.

ئەستێرەی سەروەری..
نەخشەخوێنی جێ پێکانی گولەی دوژمن بەسەر جەستەی پیرۆزی پێشمەرگەوە ئەستێرەی سەروەریە لێرەدا بەر نیوچەوانی فەرماندە ئەحمەد بڕنەو کەوت کاتی تەقانی دوا ئاربیجی یەکسەرە گیانی بەکوردستان بەخشی هەروا فەرماندە یەکێتی ئەستیرەی سەروەری لەسنگی درابوو. ئێستاش ئەو چالاکیە هەربەناوی شەهیدان ئەحمەد بڕنەو و یەکێتیە.

                             دڵشاد تاقانە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish