Skip to Content

نرکە نرکی نیوەشەو..1.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

نرکە نرکی نیوەشەو..1.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 10, 2024 General, Poems

بەشی یەکەم

نیوەشەوە
ئەم شارە بەرگی تاریکیی پۆشیوە
تەنیا خۆم و قەڵەمەکەم بێدارین
خۆم و چرا چاوکزەکانی سەرشەقامەکان
خۆم و ئەو کتێبانەی لە وەرین نزیکن
خۆم و پشیلەی ماڵە دراوسێکەمان
خۆم و ئەو دەستە حەبە
تەواونەبووەی سەر مێزەکەم
خۆم و ئەو دارستانەی
چاوبازی لەگەڵ کشوماتی دەکا
خۆم و وەسوەسەی
ئەو تابلۆ ھەڵواسراوەی
دەیەوێت لە قەدی دیوارەکە
خۆی بخاتە خوارەوە
خۆم و فنجانێک قاوەی چاوەڕوان
خۆم و باڵندەی خەیاڵم
کە لە ئاسمانی
ئەوینی تۆدا باڵەفڕکێمانە


لە نیوەشەودا
گوێ بۆ ئەو دەنگانە دەگرم
لە ئازارەکانمەوە ھاژەیان دێت
بێشکەی ئەو سروودانە رادەژەنم
لە سەنگەری عەشقێکی ناکامدا
چاویان پشکوت
چاوی پڕ رۆندکی
ئەو موسافیرانە دەسڕم
بەدەم گۆرانی نیشتمانەوە
رۆشتن و نەگەڕانەوە
شوێنەواری ئەو پێ چەپەڵانە دەسڕمەوە
بە باخی ھەستمدا تێپەڕین و
ئاوڕیان نەداوە
ئەو فەلسەفەیە تەریق دەکەمەوە
خۆشەویستی پێ تەفسیر نەکرا
گوێ لە چرکە چرکی
کاتژمێرەکەی تەنیشتم دەگرم
دەمەوێت پێم بڵێت چەند چرکە
لە عومرم لە بێ تۆیدا
بەفیڕۆ دەڕوات!؟


لە نیوەشەودا
زۆر بیر دەکەمەوە
بیر لە نوح دەکەمەوە
بۆچی خۆی
کەشتییەکەی کون نەکرد
مرۆڤی تووشی ئەم رۆژە رەشە کرد؟
بیر لە ئاسمان دەکەمەوە
چۆن توانیویەتی
دڵی گەلە ئەستێرە بەدەست بھێنێت
بە کۆمەڵ زەماوەندی لەگەڵ کردوون؟
بیر لە ئادەم دەکەمەوە
کە فڕێدرایە سەر زەوی
چۆن خۆی نەکوشت؟
بیر لە دیستۆیفیسکی دەکەمەوە
تێناگەم قوماری خۆشدەویست
یان نووسین؟
بیر لە بیابان دەکەمەوە
ئەو ھەموو لمەی
بۆ چاوی کام زەریا کۆکردۆتەوە؟
بیر لە قەسابێک دەکەمەوە
چۆن خوێن نەیگرتووە و
دەتوانێت پێبکەنێت؟
بیر لە خودا دەکەمەوە
سەر لە حیکمەتی
ئەو تەنھاییە تولانییەی دەرناکەم!
بیر لە خۆم دەکەمەوە، ئا، خۆم
چۆن ئەو ھەموو تەمەنە ژیاوم
بێ ناسینی تۆ؟
چۆنیش ئەو ھەموو ساڵە بژیم
لە دووریی پاش ناسینی تۆ؟؟


لە نیوەشەودا
سەفەر دەکەم
بەرەو مەیخانەیەک
لە بناری خەیاڵدا
بەدەم سەمای زۆرباوە
شەراب دەخۆمەوە
کاتێ دەزووی خەیاڵم دەپچڕێت
دەستەکانم بۆنی دارمێویان لێ دێت
لە نیوە شەودا
سەفەر دەکەم
بەرەو پەرستگەیەکی دێرینی میترایی
لەوێ زەردەشت و میترا دەبینم
پێکەوە دەست لەناو دەست
نەخشەی رەنگکردنی ژیان دەکێشن
ئەھریمەن لەولاوە لێیان تێکدەدا
لێرەوە ھاوار دەکەم
دەنگم پێیان ناگات
لە نیوەشەودا
سەفەر دەکەم
رووە ئەو شارەی دڵم دەیخوازێت
پاسارییەکی غەریب چاوساغمە
جار جار پرسێک
بە رێبوارانی سەر جادە دەکات
بە کۆڵانە پێچاوپێچەکانی ترسدا دەڕۆین
دەمباتە بەردەم ماڵێکی بەشەونم داپۆشراو
دەڵێت ئەمە ماڵی راستەقینەی تۆیە
دەچم رادەکێشم و لە ھەستانەوەدا
سەرم لە بەردی ئەلحەد دەدا


لە نیوەشەودا
بەناو خۆمدا پیاسە دەکەم
بەنێو ئەو غەمانەدا تێدەپەڕم
لەناو پێکەنینەکانمدا
خۆیان حەشارداوە
گۆچانێک لە بیرەوەریی
دەدەمە دەستی ئەم شەوە پانوپۆڕانە
تا بەناو داھاتوودا پێی بڕۆن
قوم قوم ڤۆدگا دەرخواردی
ئەو پەروانەیە دەدەم
لە مۆم نائومێد بوو
خۆی بە دەزوویەک تیشکەوە ھەڵواسی
پەنجەرەکانی نیگەرانی
لەسەر خۆم دادەخەم
ناھێڵم دووپشکەی گومان
بێتە ژوورەوە
دەرگا لە خەونێک دەکەمەوە
تێیدا دڵی پەشمەکیم
لەسەر سینگی پەریە ژنێک بتوێتەوە


لە نیوەشەودا گڕوو دەگرم
شەڕ بە ئاسمانی ساماڵ دەفرۆشم
کاتێک ئەستێرەیەکی بزر
ماڵی خۆی پێ نادۆزرێتەوە و
بیر لە ئینتیحار دەکاتەوە
شەڕ بە باخی ماڵەکەمان دەفرۆشم
کاتێک خونچە گوڵێک
لەسەر سینگی دەنووێت
لەبەر سەرما رەق دەبێتەوە
شەڕ بە پێنووسەکەم دەفرۆشم
ساتێک شەنگە ژنێک
وەک دەریا
بەرەو لام شەپۆل دەدات و
ناتوانێت
وێنەی کەنارێک بنەخشێنێت
شەڕ بە خۆم دەفرۆشم
کاتێک پەریە ژنێک
بە وێنەی بروسکەیەک
بێدارم دەکاتەوە
منیش لەژێر
پەتۆی گووماندا نووستووم


Previous
Next
Kurdish