
نامــەکــانـم.. 1.. شەماڵ بارەوانی
نامەی یەکەم
ئازیزەکەم، ماوەیەکە هەستێکی زۆر نامۆ و سەیر دەمهاڕێت! زۆر هەستەوەر و میزاجیی بوومه، زووش هەڵدەچم. دەمەوێ ئەو ڕاستییەت پێ بڵێم، هیچ مەیلێکیشم بۆ ژیان نەماوە. هەست دەکەم من سەر بەم جیهانە نیم و خۆم بە غەریب دەزانم لەنێو ئەوانی تر. هەندێک جار دەڕۆمە چۆلەوانی و زۆر چێژ لە بەسەرخۆداخران و تەنیایی و گریان دەبەم. هەندێک جاری تریش حەزم لێیە بڕۆمە ناو ئاپۆڕا و تا هێزم تێدایە بدەمە قاقا. هەندەک جار وەکو هەرزەکارێک دڵم بۆ ژیان لێدەدات و دەمەوێ بە هەموو هێزمەوە ئامێز لە باڵای گەردوون وەربێنم. هەندێک جاری تریش ڕقم لە هەموو بوون دەبێتەوە و ئارەزوو دەکەم وەکو سوریالستێک بەسەر هەموواندا بڕشێمەوە. دەمێک زۆر گەشبینم و وا دەزانم هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە ماڵی دڵخۆشیی. دەمێکی تر هەموو خەندەکانم دەکەمە ناو سەبەتەی بێمانایی وجوود و دەڵێم پووچگەرایی بۆ من تەنها پەنجەرەیە کە تێیدا لە هەموو بوون بڕوانم و هێندە لە زەلکاوی ڕەشبینی ڕۆ دەچم، شۆپنهاوەر* بە تاقە پەیامبەری خۆم دەزانم. گاوێک ئارەزوو دەکەم لەگەڵ سەمفۆنیایەکی جیهانیی سەمایەکی زۆربایی دەست پێ بکەم. گاوێکی تر ئشتییا دەکەم بڕۆمە خەلوەتی گۆشەگیری و تەنانەت گوێم لە دەنگی ترپە جاڕسکەرەکانی هەناسەکانی خۆشم نەبێت. لەوانەیە تۆ و هەمووان ئەوە ناو بنێن شێتیی! بەڵام من بڕوام وایە کە هێشتا کاتی شێتبوونم ماوە. با ئەوەشت پێ بڵێم، من کەسێکی لاوازم و ناتوانم ململانێ لەگەڵ تەنیایی، مەرگ، شێتیی و نەخۆشیدا بکەم. دەترسم ڕۆژێک بێت و چیتر بەرگەی ئەو دۆزەخە نەگرم کە پێی دەڵێن ژیان. تۆ پێم بڵێ چار چییە؟ هەرگیز حەزناکەم جارێ پێشوازی لە مەرگ بکەم، بەڵام ئایا دەبێ ڕێگەیەکی تر هەبێ؟ هەر بەڕاستی، تۆ بڵێی ئەوە نەخۆشیی یان جۆرێک لە شێتبوون نەبێت کە من تووشی بوومە؟
“شەماڵ بارەوانی“
ـــــــــــــــــــــــــ
*ئارسەر شۆپنهاوەر، فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە و بە فەیلەسووفە ڕەشبینەکە ناسراوە.