
بەکێ دەوترێت مامۆستای سەرکەوتوو؟.. ئامادەکردنی: کارزان عزیز
راپۆرت بۆ بەشی پەروەردەی قوتابخانەکان
۱ـ گونجاندن :
لەم سەردەمی نوێ و سەدەی دیجیتاڵەدا مامۆستایان پێویستە نەرم بن و وە بتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ هەر شتێک کە بێتە ڕێیان، تەکنەلۆجیای نوێ ڕۆژانە لە گەشەی زیاتردایە کە دەتوانێت ڕێگەی فێربوونی فێرخوازان و ڕێگەی فێرکردنی مامۆستا بگۆڕێت. توانای خۆ گونجاندن بەهرەیەکە کە پێویستە هەموو مامۆستایەک هەیبێت و بتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ شێوازی فێربوونی فێرخوازان و شێوازی هەڵسوکەوتیان.
۲ـ باوەڕ بە خۆ بوون :
پێویستە هەموو مامۆستایەک باوەڕی نەک هەر بە خۆی بەڵکو بە فێرخوازەکانیشی هەبێت، ئەو کەسەی کە باوەڕی بە خۆی هەیە ئەبێتە هۆی ئەوەی کەسانی دەوروبەریشی باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، وە باوەڕ بە خۆ بوونی مامۆستا کاریگەری زۆر ئەبێت و یارمەتی فێرخوازان ئەدات ببنە کەسی باشتر.
۳ـ پەیوەندی (گفتوگۆ) :
پێویستە مامۆستا بتوانێت نەک هەر لەگەڵ فێرخوازان بەڵکو لەگەڵ دایک و باوکیشیان پەیوەندی هەبێت و گفتوگۆ بکات. وە مامۆستا هەموو ڕۆژێکی لەگەڵ فێرخوازان بەسەر دەبات بۆیە پێویستە ڕوون و گشتگیر بێت بۆ ئەوەی ئامانجەکەی بەدەستبهێنێت.
٤ـ بوون بە کۆمەڵێک :
کۆمەڵێک مامۆستا دەتوانن ببن بە تیمێک و بە کۆمەڵ کار بکەن، کاتێک بە کۆمەڵ کاردەکەن، هەلێکی زیاتر دەدەن بە فێرخوازان بۆ ئەوەی باشتر فێر ببن و کاتێکی خۆشیان هەبێت. هەروەها هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ مامۆستایانی تردا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە هۆکارێکی ترە بۆ سەرکەوتن.
٥ـ بەردەوامبوونی فێربوون :
فێرکردن پرۆسەیەکی فێربوونە بە درێژایی تەمەن. لە کاتێکدا کە مامۆستاشیت هەمیشە شتێک هەیە بۆ ئەوەی فێری ببیت. دونیا بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، لەگەڵیدا بەرنامە و تەکنەلۆجیای پەروەردەیی، بۆیە ئەوە تۆیت کە ئەبێت بەردەوامبیت لەگەڵیدا. ئەو مامۆستایەی کە هەمیشە ئامادەیە چەند میلێک زیاتر بڕوات بۆ فێربوون هەمیشە دەبێتە مامۆستایەکی کاریگەر و سەرکەوتوو.
٦ـ بیرفراوان :
کاریگەرترین هۆکاری مامۆستا کە بەکاری بهێنێت بیرکردنەوەیەتی. مامۆستایان پێویستە داهێنەربن و بیر لە ڕێگەی تایبەت بکەنەوە بۆ ئەوەی بەردەوام فێرخوازان ڕاکێشن بۆ ئەو بابەتەی کە فێریان دەکەن. وە پێویستە مامۆستایان ڕێگەی وا بدۆزنەوە کە فێرخوازان کاتێکی خۆش ببەنە سەر لەگەڵ ئەو وانەیەدا و لایان خۆشەویست بێت.
۷ـ ڕابەریکردن(سەرکردایەتی) :
مامۆستای کاریگەر پێویستە ئامۆژگاریکاربێت و بزانێت ڕابەری فێرخوازانی بکات بە ئاڕاستەی دروست. مامۆستا نمونەیەکی باشە بۆ فێرخوازان و ڕابەرییان دەکات بەرەو سەرکەوتن.
٨ـ ڕێکخراوەیی :
مامۆستای سەرکەوتوو توانای خۆ ڕێکخستن و خۆ ئامادەکردنی هەیە بۆ شتە نەزانراوەکان ، ئەوان هەمیشە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرشتێک کە فڕێدرێتە بەردەمیان. لێکۆڵینەوە سەلماندوویەتی کە مامۆستای ڕێکخراو دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی کارگەرتر بۆ فێربوون.
۹ـ نوێگەر :
مامۆستای سەرکەوتوو ئامادەیە بۆ تاقیکردنەوەی شتە نوێیەکان، بۆ نمونە وەکو بەرنامەی پەروەردەیی و ئامێری ئەلیکترۆنی، نوێگەری تەنها تاقیکردنەوەی شتە نوێیەکان نیە بەڵکو پرسیارکردنە لە فێرخوازان و دروستکردنی پەیوەندیەکی ڕاستەقینەو چاندنی تۆوی داهێنەربوونە، هەروەها وا دەکات لە فێرخوازان خەونی گەورەیان هەبێت و فێری پێکەوە کارکردن و یارمەتیدانی یەکترییان دەکات.
۱۰ـ دڵسۆزی :
دڵسۆزبوون بۆ کارەکەت هۆکارێکی تری فێرکردنە. پێویستە فێرخوازان هەستی پێ بکەن و ببینن کە مامۆستاکانیان دڵسۆزن و خۆیان تەرخان کردووە بۆ فێرکردنیان.
۱۱ـ توانای بەڕێوەبردنی ناوبانگی ئۆنلاین :
بەهرەی فێرکردن لەم سەدە مۆدێرنەدا بەتەواوی نوێیە، لەم سەدەی دیجیتاڵیەدا ئەگەر هەمووش نەبێت زۆرینەی مامۆستایان ئۆنلاینن،(واتە ناوبانگێکی ئۆنلاینیان هەیە). پێویستە مامۆستایان بزانن چۆن ناوبانگی ئونلاینیان بەڕێوەدەبەن و دەیپارێزن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان چۆن بەکاردەهێنن و ئایا باشە بۆ ئەوان.
۱۲ـ توانای بەچێژکردن :
مامۆستای سەرکەوتوو ئەزانێت چۆن ڕێگەی بەچێژکردنی وانەکەی بدۆزێتەوە. لەم سەدە دیجیتاڵیەدا گرنگە کە ئەو مادە و سەرچاوانە بدۆزیتەوە کە سەرنجی فێرخواز ڕادەکێشێت بۆ وانەکە. وە پێویستە سەرنجڕاکێش بوونی وانەکە بۆ فێرخوازان بەردەوام بپارێزیت.
۱۳ـ تێگەشتن لە تەکنەلۆجیا :
تەکنەلۆجیا بە خێرایی گەشە دەکات، مامۆستای سەرکەوتوو نەک هەر لە تەکنەلۆجیای نوێ تێدەگات بەڵکو دەزانێت کام تەکنەلۆجیا و کام تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ فێرخوازانی دروستە و چۆن بەکاری بهێنن. ئەوە پرۆسەیەکە کاتی زۆری دەوێت بەڵام کاریگەری زۆریشی دەبێت لەسەر فێرخوازان.
۱٤ـ چاوەڕوانی گەورە :
مامۆستای سەرکەوتوو چاوەڕوانی گەورەی هەیە بەرامبەر هەموو فێرخوازەکانی، ئەمە سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەو ڕاستی ، بەو واتەیە نا کە چاوەڕوانی هەمان ئاست و هەمان پلە لە هەموو فێرخوازان وەک یەک بکرێت، بەڵکو ڕەچاوی ئەوە ئەکات کە هەر فێرخوازێک توانای چی هەیە و یارمەتیان ئەدات.
۱٥ـ توانای بەهێزکردن :
مامۆستای سەرکەوتوو توانای بەهێزکردنی فێرخوازەکانی هەیە، دەتوانێت وایان لێ بکات ڕەخنەگرانە بیربکەنەوە، داهێنەربن، نوێگەربن، خۆیان بگونجێنن، ئارام بن ، نەرم بن. بەجۆرێک بەهێزیان دەکات بتوانن کێشەکانیان چارەسەربکەن، یەک ڕوو بن ، ئاوێنەی خۆیان بن. هۆکارەکانی سەرکەوتنیان فێر دەکات نەک هەر لە خوێندنگە بەڵکو بۆ هەموو ژیانیان.
ئامادەکردنی: کارزان عزیز قوتابی زانكۆ
سالی ٢٠١٦/٢٠١٧