Skip to Content

توندڕەوی ئاینی و هۆکارو چارەسەر … دیار ئیبراهیم

توندڕەوی ئاینی و هۆکارو چارەسەر … دیار ئیبراهیم

Closed
by نیسان 22, 2018 General, Opinion, Slider

بە گشتی دەتوانین پێناسەی توندڕەوی بکەین بەوەی بە کەسێک یان گرووپێک یان ئەفکارێک دەگوترێت کە خۆیان بە خاوەن ڕاستی تەواوەتی دەزانن و پێان وایە ئەوەی پێچەوانەی دیدو بۆچوونی ئەمان بێت لەسەر هەڵەیەو جگە لە خۆیان هیچ کەسی دیکە شایەنی پلەو پایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیی نیە، وە پێان وایە هەر کەسێک پیچەوانەی دیدو تێڕوانینی ئەمان بێت دەبێت بە زەبری هێز سەرکوتی بکەن بە گوفتارو کردار.
بە گشتی توندڕەوی بەسەر چەندین جۆردا دابەش دەبێت لەوانە (توندڕەوی ئاینی و فیکری و سیاسی….هتد)
بە چاوخشاندنێک بە ڕاگەیاندنە جیهانیەکاندا دەبینین زۆرترین جار باس لە توندڕەوی دەکرێت ئەوەش بەهۆی ئەو مەترسیە گەوەرەیەی دروستی کردووە بۆ سەر ئاسایشی جیهان. کە وەک هەورێکی ڕەشی ترسناک لێی دەڕوانرێت و بووە بە باس و خواسی ڕۆژ.

ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم توندڕەوی ئاینییە، کە ئێستا لە بەشێکی زۆر لە شوێنکەوتوانی ئاینەکاندا بەدی دەکرێت بە تایبەت لە ئاینە ئاسمانیەکانداو بە تایبەت تریش شوێن کەوتوانی چەند مەزهەبێکی ئاینی ئیسلام (بۆ ئەوەی گشتاندن نەکەم ئەم تەعبیرەم بەکار هێنا)
شوێنکەوتنی ئاینی ئیسلام بە گشتی لە جیهاندا لە دۆخێکی خراپدان ئەوەش بەهۆی ئەو کارە قێزەونانەی بەناوی ئەو ئاینەوە دەکرێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر شوێنکەوتوە میانڕەوەکانیش کردووە بەوەی ناوناوبانگی ئەوانیشی پێ لەکەدار کراوە!

*دەپرسین توندڕەوی لە ئاینی ئیسلامدا نوێیە یان مێژوویەکی درێژی هەیە؟
*هۆکاری سەرهەڵدانی توندڕەوی لەم ئاینەدا چیە؟
*بۆچی لە ئێستایا زۆربەی گرووپە توندڕەوەکان شوێنکەوتەی ئەم ئاینەن؟
*پاڵنەرو هۆکاری دروست بوونی تاکی توندڕەو چیە لەم ئاینەدا؟
ئەگەر چی ئەم پرسیارانە بە نوسێنێکی وەها کورت ناتوانرێت وەڵامی تەواوەتی بدرێتەوە بەڵام هیچ نەبێت دەتوانم لێرەدا بە پێی ئەزموون و زانیاری خۆم هەڵوێستەیەکی پوخت و کورتی لەسەر بکەم. زۆربەی خەڵکی وا دەزانن دروست بوونی ڕەوتە توندڕەوەکانی وەک (قاعیدەو داعش) و هاوشێوەکانیان کە بە دوو لە توندڕەوترین گرووپە ئیسلامیەکان دادەنرێن بە سەرەتای دەستپێکردنی بیری توندڕەوی دادەنرێت لەم ئاینەدا، بەڵام ئایا بەو شێوەیە؟

بە چاوخشاندنێک بە مێژووی زۆرێک لە مەزهەب و گرووپ و ڕێچکەکانی ئەم ئاینەداو بە خوێندنەوەی کتێبەکانی بەشێک لە زانا ئاینەکان دەبینین بیری توندڕەوی لە ناو ئاینیەکەدا مێژوویەکی کۆن و درێژی هەیەو ئەو گرووپانەی کە ئێستا بوونیان هەیە بە کاریگەری ئەو مێژووە دروست بوون بەردەوام دەیانەوێت هەمان ئەو مێژووە دووبارە بکەنەوە.
بۆ نموونە دوای وەفاتی پەیامبەری ئیسلام، زۆرترین شەڕو توندوتیژی ڕوویداوە لە نێو ئەو هاوەڵانەی کە نزیکترین کەس بوون لە پەیامبەری ئاینەکەوە جەنگەکانی (صەفین و جەمەل ) سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.

هەروەها بە سەیرکردنی مێژووی مەزهەب و ڕێچکەکان بۆمان دەردەکەوێت ناکۆکیە مەزهەبی و تائیفیەکان لەوپەڕی لوتکەدا بووە تەنانەت جار هەبووە شوێنکەوتەی مەزهەبی حەنبەلی پەنجەی نوێژخوێنی مەزهەبی حەنەفی شکاندووە لە کاتی نوێژدا لەبەر ئەوەی وەک مەزهەبەکەی ئەم پەنجەی نەجووڵاندووە!
تەنانەت لە سەردەمانێکدا گەشتووە بەو ڕادەی لە مەککەدا چوار پێش نوێژ هەبن چوونکە شوێنکەوتوانی هیچ کام لە مەزهەبەکان ئامادە نەبوون نوێژ لەدوای ئیمامی مەزهەبەکەی بەرامبەری بکات!

بڵاوبوونەوەو دروست کردنی چەمکی (بیدعەچی) کە لە کاریگەرترین هۆکارەکانی پەرش و بڵاوی توندڕەوی بووە بەهۆی ئەوەی هەمیشە چەکێک بووە بەدەست کۆی گرووپەکانەوە کە نەیارەکانیان پێ تۆمەتبار کردووە و خستوویانیەتە قاڵبی خراپ تر لە بێباوەڕی چوونکە ئەگەر سەیری هەڵوێست و کاردانەوەکان بکەین بەرامبەر ئەو کەسەی بە بیدعەچی لە قەلەم دراوە زۆر خراپ تر بوون لەو حوکمانەی بەسەر کەسی بێباوەڕدا دراوە! بەوەی بیدعەچی سڵاوی لێ ناکرێت و جوابی سڵاویشی نادرێتەوەو ژنی نادرێت و چەندان حوکمی دیکە کە تەنانەت هەندێ لە گرووپەکان وتویانە کەسی بیدعەچی سوار گوێ درێژێک دەکرێت بە عەکسەوەو بەناو شاردا دەگێڕدرێت!ئەمە جگە لەوەی دەڵین دەبێت بەند بکرێت یان لێی بدرێت تا پاشگەز دەبێتەوە یان دەگاتە ڕادەی کوشتن!

بە سەیکردنی کتێبەکانی بەشێکی زۆر لە زانا حەنبەلیەکان و مەدرەسەی سەلەفیەت کە لە ئیبن تەیمیەوە دەست پێدەکات ، دەبینین زۆرترین هاندانی تێدایە بۆ توندو تیژی ئەمەش بە تۆخی ڕەنگی داوەتەوە لەسەر شوێنکەوتوانی ئەو مەزهەبانەوە و بە دامەزرێنەرانی بیری توندوتیژی و یەکتر ڕەت کردنەوە دادەنرێن بە بە بەڵگەی کتێب و نوسراوەکانیان!
بۆ ئەوەی بابەتەکە درێژ نەبێتەوە لێرەدا بە گشتی جەخت لەسەر گرنگترین هۆکارەکانی توندڕەوەی دەکەینەوە و دیاری دەکەین کە چی وادەکات تاکێکی توندڕەو دروست ببێت ئەمەش بە چەند خالێک بە کورتی و پوختی دیاری دەکەین:

١) غیابی ئەقڵ لە لێکدانەوەو ڕاڤە کردنی دەقە ئاینیەکاندا
٢)قبول نەکردنی ڕای جیاواز و بڕوا نەبوون بە پێکەوەژیانی ئاینەکان
٣)ڕاڤەی ئایەت و فەرموودەکان و بە لێکدانەوەی زانا ئاینیە کۆنەکان و حساب نەکردن بۆ گۆڕانی کات و شوێن
٤)وەهمی (گرووپی ڕزگار بوو) بەوەی کە موسڵمانان دەبنە حەفتاو سێ گرووپ و یەک گرووپ لەو گرووپانە ئەهلی بەهەشتن و لەسەر هەقن، ئەمەش وای کردووە هەر گرووپەو خۆی بەو تاکە گرووپە ڕزگار بووە دابنێ و ئەوانی دیکە بە گومڕاو سەرلێشێواوو نیشتەجێی دۆزەخ
٥)زیادەڕوە کردن لە زانا ئاینەکاندا بە ڕادەی هاوشانی کردنی وتەکانیان لەگەڵ دەقەکانی قورئاندا
٦)تێکەڵ کردنی دەقەکانی قورئان بە فەرموودە کە بە دوو سەدە دوای وەفاتی پەیامبەر نوسراونەتەوە و پڕە لە هەڵبەستراوو ناڕاست و هاوشانی کردنیان لەگەڵ قورئان بە تایبەت ئەو فەرموودانەی مۆرکێکی سیاسیان هەیە و بۆ مەبەستی تایبەت دروست کراون
٧)بێبایەخ کردنی دونیاو ڕازاندنەوەی خەیاڵی ئافرەت و باخ و خۆشی و حۆری لە مێشکی کەسی توندڕەودا
ئەمانەو دەیان هۆکاری دیکە ڕێگا خۆشکەرن بۆ دروست بوونی بیری توندڕەوی،ئەمە سەرەڕای ئەو فەوزای خیلاف و ناکۆکیەی لە نێو زانا ئاینیەکان و گرووپە ئیسلامیەکاندا هەیە کە هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن کە لە خۆی لە خۆیدا خیلاف ئاساییە بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە زۆربەی ئەم گرووپانە تەنها خۆیان بە ڕاست دەزانن و بەرامبەرەکەیان بە گومڕاو سەرلێشێواو! کە ئەمەش فەوزاو بێسەرو بەریەکی بێ کۆتای دروست کردووە و هیچ کەسێک بەرامبەرەکەی قبوڵ ناکات و تەنها ڕێچکەی خۆی پێ هەق و ڕاستە!
ئەمە سەبارەت بە هۆکارەکانی توندڕەوەی بەڵام ئەی چی سەبارەت بە چارەسەری توندڕەوی؟ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە زۆری دەوێت بەڵام لێرەدا بە کورتی چەن خاڵێک دیاری دەکەم کە پێم وایە بە جێبەجێ کردنیان کەسانی توندڕەو بەرەو کەمی دەبات و ڕێ دەگرێت لە خێرا بڵاو بوونەوەی ئەم بیرە کە وەک بەشێک لە فەیلەسووفان دەڵێن توندڕەوەی سروشتی مرۆڤە چی جای ئەوەی هاندانی لەگەڵا بێت.

لەو ڕێگایانە:

دورخستنەوەو تێکەڵاونەکردنی ئاین بە سیاسەت.
دەرخستن و بڵاو کردنەوەی ئەو دەقانەی کە ڕێگا خۆشکەرن بۆ یەکترقبوڵکردن و دادپەروەری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی.
ڕێگری کردن لە بڵاوکردنەوەی هەر نوسراوو بینراوو بیستراوێک کە هاندەر بێت بۆ توندو تیژی ئەمەش ڕێگا گرتن نیە لە ئازادی چوونکە بە ڕێگانەگرتن لەمانە ئازادی خامۆش دەکرێت.

پێویستە لەسەر کەسانی میانڕەوی ناو ئەم ئاینە هەستن بە نوسینەوەی توفسیرو لێکدانەوەی سەردەمیانە بۆ دەقەکان و ئاین پارێزن لە بە مێژوویی کردن.
بڵاو کردنەوەی بیری میانڕەوی و جەخت کردنەوەی لەسەر پێکەوە ژیانی ئاینیەکان.
هەروەها چەندین ڕێکارو چارەسەری دیکە
من زۆر جار کاتێک کەسێکی توندڕەو دەبینم بەزەیم پێیدا دێتەوە چوونکە دڵنیام پاڵنارو هۆکاری پەروەردەیی سەقەت وای لێ کردوە بە بەڵگەی ئەوەی زۆربەی توندڕەوان هیچ ڕۆشنبیریەکی فیکری و باگراوندێکی سەقافیان نیە بەڵکو کەسانی سادەو ساویلکەن بە پاڵنەری عاتفی و سۆز خێرا کاریگەر دەبن
لە کۆتایدا دەڵیم برای دیندار هەوڵبدە دەقە جوانەکانی هاندانی کاری چاکەو پێکەوەژیان بڵاو بکەرەوە بیر لەوە بکەرەوە خودا هەرگیز زۆر لەکەس ناکات و زۆر گەورەترە لەوەی تۆ بەناوی ئەو خوداوە جەنگی بۆ بکەی و پێویستی پێت بێت! تا بە هەموومان هۆکارەکانی پێکەوەژیان بگرینە بەرو ڕێز بگرین لە ڕای جیاوز و ئاینیش بە جوانی بمێنێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish