Skip to Content

زەنگیانەی ئاویی- ڕستی سیازدەم.. فەتاح حەسەن

زەنگیانەی ئاویی- ڕستی سیازدەم.. فەتاح حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2022 General, Poems


( بەهەشت )
هەرکەسێك خوا خۆشیبوێ
دەیخاتە بەهەشت
گەر دەتەوێ خوا خۆشیبوێی
خۆت برسی بکە و
برسییەك تێر.

( جینۆساید )
بڵێی کورد .. وەکو ئەبرەهە
فیلکێشی کردبێت،
بۆ ڕوخاندنی کەعبە..
وا بەناوی ئیسلامەوە
جینۆساید دەکرێ و
مسوڵمانی هەموو دنیا..
لێیبێدەنگن؟!

( تاڵیی و شیرینیی )
بۆ هەر قومە قاوەیەك و
جگەرەیەك
ماچێکم بەرێ..
ئەوجا پێتدەڵێم
هەردوکیان چەند شیرینن
لەگەڵ ماج.

( پێڵاو )
خوێندکارێك بەپێخاوسیی
ساڵی خوێندنی بەڕێکرد،
بەر لەوەرگرتنی نمرەکەی
چی پارەی دەخیلەکەی بوو
دای بەجوتێك پێڵاو..
بۆ مامۆستاکەی.

( ڕاستییەکی تاڵ )
داپیرەیەك
دوای پێنج شوو
لەسەرەمەرگا
راستییەکی تاڵی درکاند
تاکە پیاو خۆشیویتبم
باوکم بوو.. چون
تەنها ئەو ئازاری نەدام.

( یادەوەرییەکی منداڵی )
لەمنداڵیمەوە
گوێم بەوە دەزرنگێتەوە
دادوەر، داد دەسەپێنێ
گوێ بە پول و پارە نادا..
کەچی ئەمرۆ
سزای دادوەرێکیان دا،
بەتێوەگلان لەگەندەڵیی.
( قومارچی )
قومارچییەك وتی
بەخت یاوەرم نییە لە قومارا
هاوڕێیەکی وتی:-
ئەی.. خۆشەویستیی
ئەویش وتی:-
هەر لێیگەڕێ.

( گوڵی ڕەزاگران )
گوڵم ئەو کاتە پێ جوان نییە
کە،لەسەر،
گوڵکۆی ئازیزێك دەیبینم.

( بەزەیی )
دەمەوێت
شوێنێك بدۆزمەوە
تیایدا بگریم،
ئەمن بەڕق ئاشنا نیم
وەلێ
ڕقی ئەستورم
لەو کەسانەیە
کەدەگرێم،
دەبمە جێگەی، بەزەییان.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish