Skip to Content

تێڕامانێک لەبارەی کۆمەڵە چیرۆکی داد.. رۆژگار خالید

تێڕامانێک لەبارەی کۆمەڵە چیرۆکی داد.. رۆژگار خالید

Closed
by ته‌مموز 23, 2024 General, Literature


کۆمەڵە چیرۆکی داد – نووسینی ” سەلاحەددین دەمیرتاش “
وەرگێڕانی ” فەرهاد چۆمانی “


ئەم کتێبە 9 چیرۆکی لەخۆگرتووە لە ناوەڕۆکی هەر چیرۆکێکیان باس لە سەردەمێک و زەمەنێک دەکات و مرۆڤەکان تووشی بێدەنگی و پرسیاری جددی دەکاتەوە .
هەموو ئەو پەیوەندییانە ئاشکرا دەکات بەپێی کات و شوێن و کەسەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت .
فێری ئەوەمان دەکات لەهەموو شتێک تێناگەین .
ئەو شتانەی دیوێکی دیاری دەبینین و لەپڕ دەبێتە دیوێکی تاریک و وانەیەکی گرنگ لە ژیانماندا .
بۆیە لەناو چیڕۆکەکان ئەفسانە دەهێنێتە بوون و پیاوی ڕاستەقینەمان بۆ دەکاتەوە خۆل ، درۆ دەبێتە ڕاستی و پێکەنین و گریانیش تێکەڵ دەکات .
دەتوانم ئەوەش بڵێم /
ئەدەبیاتی نێو زیندانەکان ئەدەبیاتێکە توڕەیە و یاخییە و داوای ماف و ئازادی و یەکسانی دەکات .
کەچی ئەدەبیاتی دەمیرتاش /
داوای دادگاییکردنی ژیان و ویژدان و دادی کۆمەڵایەتی و دادی ئەشق و داد و بێدادی ئەو ساتەدەکات مرۆڤەکان پەشیمانن و دڵتەنگ و بێچارەنووس و بێدەنگن .
لەپاڵ ئەوەشدا :
_ چیرۆکەکانی سەرێکی لە کۆمیدیا و سەرێکی لە تراژیدیایە و سەرێکی لەزیندان و سەرێکییان شاراوەیە .
_ کارەکتەرەکان سەرێکییان لەمزگەوتە و سەرێکییان لە مەیخانەیە و بەڕووکەش لەشار و بەناخ لەگوندەکانن .
ئەگەرچی نووسەر ئێستادا لەزیندانە ،
بەڵام
لەم کتێبەدا گەشتێکی خەیاڵی و پڕ لە سەرکێشی و ئەفسووناویمان لەگەڵ دەکات و کۆمەڵێک کارەکتەری سەرکێش و پاڵەوان و بزربوومان نیشاندەدا .
هەر یەکێکیان پاڵەوانێکی بزرن و خەیاڵ و ئەندێشەی گەورەیان هەیە کەچی دەبن بەپەند بۆ هەمووان .
بۆیە بۆ هەر یەکێکمان ناتوانین بڕوا بکەین ژیان چەندە سەیرە و ناخی مرۆڤەکان چەندە هیلاکە و زمانی ڕووداوەکان چەندە نزیکە لێمانەوە .
لەبارەی کتێبەکەوە :.
لە چیرۆکی یەکەم /
باس لەپەیوەندی خۆشەویستی نێوان کوڕە ئەندازیارێکی کورد و کچێک دەکات لە باوکێکی ئەرمەنی و دایکی تورک هاتۆتە بوون ، لەدوای ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لەخاکی سوریادا بۆ خاکی تورکیا ، لە کەمپێکدا دەژین .
ئەم کوڕ و کچە پێکەوە وەک خۆبەخش کاردەکەن ، دوای دەستکەوتی کۆمەڵێک زانیاری گرنگ باس لەوە دەکا داعش پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیە ، کچەکە تیرۆر دەکرێت لە لایەن داعشەوە ، وە مەترسیش دەکەوێتە سەر گیانی کوڕەکە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بڵاونەکرێتەوە و نەبێتە ئابڕووچوونێکی جیهانی .
دوای بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان لە لایەن کوڕەکەوە مەترسی دەکەوێتە ژیانی دەکات ، پۆلیس و پیاوانی ئەمنی بەدوای دەگەڕێن، بۆیە بەناچاری بڕیار دەدا لەزبڵخانەیەکی دەرەوەی شارەکەی بژێت و خۆی بشارێتەوە .
لە چەقی چیرۆکەدا :
جیاوازی چینایەتی و ڕووی ڕاستەقینەی سەرمایەداریمان نیشان دەدات و پێمان دەڵێت مرۆڤەکان چەندە خەریکی نمایشن و چەندە بێباکن بۆ ئەوەی سروشت وێران بکەن .
لەبەشێکی دیکە دەڵێت :.
دەمەوێت باسی عەشقتان بۆ بکەم چونکە لە شوێنێک عەشق هەبێت لەوێدا هیواش هەیە ئەگەر وانەبێت مرۆڤ چۆن دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت .
لەبەشی کۆتاییدا حورمەت دەگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤەکان و دەڵێت دونیا بەکەسانی باش دەخولێتەوە .
لە چیرۆکی دووەم /
پێمان دەڵێت مرۆڤ چەندە ترسناکە و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای سۆشیال میدیا چەندە ترسناکە .
لەپشت هەر شاشەی مۆبایلێک دەیان ڕوو و دەیان جۆر کەسایەتی و دەیان مەبەست و ئامانجی شاراوە و نهێنی هەیە .
ئەوەی لەپشت شاشەی مۆبایلێک دەتوانرێت بکرێت لەوانەیە دەزگایەکی سیخوڕ و چەندەها مرۆڤ نەتوانن ڕووبەڕوو لەگەڵت بکەن .
لەپشت شاشەی هەر مۆبایلی دونیایەک قسەی سۆزداری و وێنەی ئافرەت و مەبەستی دیکە هەیە ، ئەو مەبەستانە مرۆڤەکان ڕادەکێشنە ناو کۆمەڵێک بابەتی سەیر و شەڕی سەیر .
چەقی چیرۆکەکە ئەوەیە :.
مۆبایلەکەت بەئاسانی دەتوانێت بتکوژێت و یان تیرۆرت بکا یانیش ئابڕووت ببات یانیش کەرامەتت بشکێنێت و یانیش وەک دیلێک بۆ هەتا هەتایە بتکاتە ژێردەستە یانیش شتی دیکەت پێبکات و شکۆت بشکێت .
لە چیرۆکی سێیەم /
باس لەخیانەت و پەیوەندییەکی ئاڵۆزی سۆزداری دەکات و ئەو پەیوەندییە دەبەستێتەوە بەدونیایەکی خەیاڵی، ئەو دونیا خەیاڵییە چەند گرێیەک دەکاتەوە و تووشی شۆکمان دەکات .
پێمان دەڵێت :.
بیربکەوە و بترسە بۆ سەرەتایی هەر پەیوەندییەک و دروستبوونی هەر کێشەیەک و هاتنە پێشی هەر کەسێک بۆناو ژیانت بگەڕێوە بۆ خاڵی سەرەکی کێشەکە بزانە و چەندە هەڵەی و چەندە خۆشباوەڕ و چەندە نائاگایانە ژیاویت .
چەندە بەئاسانی کەسێکی نوێ دێتە نێو ژیانت بەبیانووی ئەوەی دەیەوێت ژیانت جوان بکا و هاوکاری ژیانتە ، لەپڕ تێدەگەی ئەو کەسە خۆی هۆکاری سەرلەبەری کێشەکانە .
چەقی ئەو چیرۆکە ئەوەیە .
مرۆڤ بوونەوەرێکە بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵەدەکات و بیردەکاتەوە ، هەر بۆیە بچووکترین کێشە دەتوانێت تەواوی چیرۆکەکان بگۆڕن .
بەڵام ئەوەی سەیرە :.
چیتر پەیوەندییەکان بەنهێنی نامێننەوە تێدەگەی بۆ لێبوردن و بەخشین هیچ کات درەنگی نییە ، بەمەرجێک مرۆڤەکان بزانن لە چ شتێک دەبوورن .
سەیر ئەوەیە ئەو کەسانە خاڵی لاوازی رابردووت بەشکست پێبفرۆشنەوە ، کەچی خۆیان خاڵی لاوازتریان هەبێت و بترسن بۆ ئەوەی تۆ لەدەست بدەن .
ئەو شتانەی گرەوی لەسەر ناکرێت ئافرەت و پارە و داهاتووە .

لە چیرۆکی چوارەم :.
پەیوەندی نێوان دوو قوتابی سەردەمی زانکۆ و دوای زانکۆ دەگێڕێتەوە .
لەبارەی چیرۆکەکە دەڵێت :
کاتێک هەست دەکەی لەسەر ڕێگە ڕاستەکەی و بەئاراستەی ژیانێکی باشتر و جوانتر دەڕۆی و داهاتووت گەشە .
کەچی لەپڕ هەست دەکەی نەخێر ئەو رێگەی لێی هاتووی وا چاکترە بۆی بگەڕێتەوە هەمان شوێن .
_ نەبوونی و بێکاری و هەژاری وادەکا ئینسان هەموو کاتێک ئومێدێکی هەبێت ، ئەگەر ئەو ئومێدە خەون بێت یا خەیاڵ بێت زۆر چاکترە ، لەوەی بێ ئومێد و بێ خەون بیت .
جیاواز لە چیرۆکەکانی دیکە
شێوازی نووسینی ئەم چیرۆکە بەرزە و بەشێوازێکی سادە گەمەی ووشەمان لەگەڵ دەکا ، لەدواجار چیرۆکی ئەو گەنجانە دەنووسێتەوە لێی تێناگەین .
ئەو چیرۆکە بەشێکی لەناو خەیاڵە و بەشێکی لەناو حەقیقەتە بەشێکی لەناو ڕاستییە و بەشێکی لەناو درۆیە بەشێکی لەناو جوانیە و بەشێکی لەناو ناشیرینییە .
هەر ئەوەشە وادەکا ئاشنایانە درۆی دەکەین و غەریبانە خۆشمان دەوێن .
سەیرەکە ئەوەیە ناسنامەی بوونمان دەشارینەوە و پێناسەیەکی درۆ ئاشکرا دەکەین و نیشانی دەدەین .
لەپڕ هەست دەکەین کات و گوتنی ڕاستییەکان و مەودای پەیوەندییەکانمان چەندە پڕ مەترسییە و درۆیەک کەشف ببی کۆی چیرۆکەکە و ئەوەی لە هەناومان هەیە کەشف دەبێت تەمەنێک بەنهێنی شاراوە بووە .
مرۆڤ هەموو شتێک دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی سەرەوەت و سامانی زۆر تەنانەت ئەگەر مەبەستی پێت یاری بەڕوح و ژیانی هاوڕێکانی دەکات .
لە چیرۆکی پێنجەم /
بەشێوەیەکی بەرز عەشقی نێوان کوڕ و کچێک دەگێڕیتەوە کوڕەکە وەک نووسەرێک چیرۆکی کچەکە دەنووسێتەوە و دەیکات بەچەندەها کارەکتەری جیاواز و بەشێوەی جیاواز بەئێمەی دەناسێتەوە هەر ئەوەشە وادەکا پرسیارێک لەخۆمان بکەین .
ئێمە لەکوێی ئەم ژیانەین ؟!
کاتێک خەون و خەیاڵ و ئەو وزەیەی هەمانە بەیەکدی ناڵێن و بوونێکی نوێی پێنادەین ئالێرەدا کێشەیەک یا ڕووداوێک یاخود جێهێشتن یانیش مردنی ئەو کەسە وابکا لەناخەوە ئێمەش بمرین .
لەم چیرۆکەدا کات و شوێنی و هێزی فیزیکی و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان وادەکا مەودایەک دروست ببی ئەو مەودایەش بەهیچ شتێک پڕ ناکرێتەوە .
بۆیە چاوەڕوانیمان بۆ یەکتری زیاد لە پێویستیە و ئەرکی سەرشانی یەکدی قورس دەکەین .
مردن لەپێش هەموو شتێکە لەپڕ وەک میوانێکی ناوەخت کۆتایی بە چیرۆکەکان دەهێنێت .
ئەو کوڕەی وەکو پاڵەوانێک دەجەنگێت ناچارانە دوای بەیەک گەیشتن و ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستیەکەی و مردنی ، بەحەسرەتی ئەو بژێت و ناچارانە بەدوای قەدەر و ژیانی کچەکەی بکەوێت و خۆشەویستی خۆی بداتە کچەکەی و ژیانی بەشۆککراوی بەسەر ببات .
چیرۆکی شەشەم /
جیاواز لە چیرۆکەکانی دیکە
ئەو چیرۆکە بەسەرهات و ژیان و گوزەشتەی گەنجی دەگێڕێتەوە ، لەنێوان ڕاستی و خەیاڵ دەژی .
خەمی هەژاری و بێکاری و نەبوونی و خۆشەویستی واییکردووە مێشکی تێکبچێت و هەموو شتێک وەکو خەیاڵ و خەون ببینی .
ئەو گەنجە هیچ تێگەیشتنێکی بۆ ژیان و داهاتووی نییە ، هەر ئەوەشە وایکردووە بێهیوا ببێت و هەموو شتێک بەقەدەر بسپێرێت .
هەر بۆیە بەشێوەیەکی ناتەندروست لە خۆشەویستی و عەشق و ئافرەت سێکس تێدەگات .
بوونی خۆی شاردۆتەوە و ناوێکی ساختەی هەڵگرتووە و ژیانی لەگەڵ ئەو کەسانە بەش دەکا بەئەقڵی خۆی وادەزانێت هەموو کەسێک وەکو ئەو خەیاڵاوی دەژین , لەپێناو ڕاستییەک سەد درۆ دەکات و هەموو شتێکی ژیانی دەشارێتەوە , تاوەکو لەکۆتاییدا هەموو شتێک کەشف دەبێت و خۆی ئاشکرا دەکات و بوونی ئێستای دەبێتە خەیاڵ .
لە چیرۆکی حەوتەم /
نووسەر چیرۆکێکی سەیر دەنووسێتەوە و پێمان دەڵێت .
بڕوا بەم چیرۆکانە مەکەن ڕۆژانە دەخوێنینەوە یاخود گوێتان لێدەبێت ، بەڵکو لەپشت هەر چیڕۆکێک بەدڵنیاییەوە چیڕۆکێکی دیکە هەیە نووسەر بوێرانە بۆمانی دەگێڕێتەوە و ڕاستییەک باس دەکات و جوانی نیشان دەدات و تاوانی بکوژێک کەشف دەکات .
وامان لێدەکا هیچ کاتێک وا نەزانین ژیانی مرۆڤەکان وەک فەرشێکی ڕاکخراوە ، بەڵکو ژیانی هەر مرۆڤێک بەجۆرێکە .
کاتێک ئازیزانت تووشی ڕووداوێک دەبن و دەمرن تێدەگەی ئەو ژیانە چەندە دڵڕەقە و مرۆڤ هەرگیز بەخەیاڵی نایەت و بڕوا ناکات و تووشی چ قەدەرێکی بەد بووە .
تۆ لەکوێی ئەو سەردەمەی و تۆ لە کوێی ئەم ژیانەی تێدا دەژیت ؟!
وا مەزانە ژیانت ئەوەندە پارێزراوە و ژیان ئەوەندە خۆشە ، تاوەکو شانازی پێوە بکەیت .
کاتێک هەموو شتێک دژت بوەستێتەوە و بیانەوێت لەناوت ببەن ، هەست دەکەی بەهێزی بەڵام زۆر بێهێز و لاوازی ، پێت وایە دەقەکان و سەعاتەکان و ڕۆژەکان بەئاسانی تێدەپەڕن !
لەم چیرۆکەدا تیرۆری سپیمان بۆ دەگەڕێتەوە و کود و ڕەمز و ووشەی نهێنیەکان کەشف دەکات ، کاتێک بابەتەکە دەبێتە پرسی نەتەوەیی و کوردبوون شتێک نامێنێتەوە قسەی لەسەر بکرێت ، لە پشت هەموو کوردێک کوشتنێکی شاراوە بەدیاردەکەوێت و بترسە لە ئازیزانت چەندە بەئاسانی دەکوژرێن، پاشان دێن بەشێت دەزانن وانیشان دەدەرێت تووشی نەخۆشی دەروونی بوویت و پێویستت بەچارەسەری دەروونی هەیە .
ترسناکترین بەشی ئەو چیرۆکە ئەوەیە بوونت وەردەگرنەوە و بوونێکی ساختەت پێشکەش دەکەن .
تەواوی چیرۆکەکە باس لە ژیانی پیاوێک دەکا لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی خەوێنراوە و دەرمانی پێدەدرێت و پێی دەڵێن شێتبووی و بۆ هەتا هەتایە لێرە دەمێنێتەوە .
لە چیرۆکی هەشتەم /
کاتێک هەموو شتێک وا دەردەکەوێت باشە و چاکە و خۆی نیشان دەدات جوانە ئەوکات ئاسانتر و خێراتر راستییەکان دەردەکەون . چونکە
_ لەپەنا هەر رووداوێک نهێنییەک هەیە.
_ لە پەنا هەر کارەکتەرێکی ساختە راستیەک دەردەکەوێت .
_ لەپەنا هەر کەسێک هەڵسوکەوت و نمایشێک دەبینین .
_ لەپەنا پێکەنینی بێگومان گریانێکی نەبڕاوە هەیە .
هەموو شتێک لەبەرچاومان دەبێتە دووکەرت هەر بۆیە تێدەگەین ژیان نیوەی ڕاستە و چیرۆکەکان نیوەی راستن و کەسەکان نیوەیان جوانە .
لەپڕ تێدەگەی دەسپێکێکی نوێ و شتی نوێ دێتە نێو ژیانمان و کارەکتەری سەرەکی ڕووداوەکان دەبنە هەڵم و سەرسەختانە ڕەخنەمان لێدەگرن کێشەیان لەگەڵ ڕابردووی خۆیان هەیە و بەتوندی نەفەرت لە رابردوویان دەکەن و هەست دەکەن چێژی ژیانیان لەدەستداوە و تۆمەت دەبەخشنەوە و ڕێگەی درۆکانیان دەهۆننەوە و پێیان وایە جوان دەژین .
پرسی خیانەت و فێلی هاوڕێی و گەندەڵی و وەڕسبوون و چڵێسی و ناشرینی و ڕاکرن لەناخی خۆت بەشێکە لەم چیرۆکە دەتوانین بڵێن هەرگیز کۆتایی نایەت .
لە چیرۆکی کۆتاییدا /
لەڕێگەی رۆژنامەیەکەوە چیرۆکی ئەو کچە دەگەڕێتەوە خوێنی دەبێتە مەرەکەب و جەستەی دەبێتە ووشە و ڕوحی دەبێتە کتێب و ناوەکەی دەبێتە مێژووی نەتەوەیەکی ژێردەستە .
_ مردنی دونیای هەژاند و سەردەمێکی نوێی هێنایە بوون .
_ ئەو مردنەی شاهێدی لەسەر دەدرێت داپۆشینی پرچ ناتوانێت کەرامەتی ئافرەتی دابپۆشێت .
_ شەرەفبوون پێش ئەوەی شانازی بێت بۆ کەرامەتی پیاوی سەربەرزییە بۆ شکۆی ژنبوون و ڕەمزی ژنبوون .
_ ئەگەر زیاتر لە خوێندنەوەیەک بۆ ئەو دۆخە سەپێنراوە ئایینی و نەتەوەیی و زۆرە ملێییە بکەین تێدەگەین مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوانرێت دەستەمۆ بکرێت و ماف و کەرامەتی بشکێنرێت .
هەتا ئەگەر یاساکان لە سەرچاوەیەکی ئایینی و پیرۆزییشەوە وەربگیرێن ناکرێت بەشێوەیەکی وەحشیانە و بە شاپ و شەق و دار لەسەر مێشکی کچێک بدرێت و بێهۆش بکرێت و کەرامەتی بشکێنرێت لەشوێنێکی گشتیدا .
لەکاتێکدا وەزیفەی ئایین بریتییە لە ڕوونکردنەوەی دەقەکان و پاراستنی مرۆڤەکان و دوورخستنەوەی ئەو شتانەی زیانی بۆ مرۆڤەکان هەیە لەدواجار هەر شتێک بێتە پێش نابێت بگاتە ئەوەی کچێک بکوژرێت و بێهۆش بکرێت و کەسوکاری نەزانن بێهۆشکراوە جەستەی بدەنەوە بڵێن مردووە .
کۆتایی چیرۆکەکەش بەمەرگی ژینا ئەمینی بوو .
شۆڕشی گەلانی ئێران ” ژن _ ژیان _ ئازادی”

Previous
Next
Kurdish