
پەرەسەندنی عەشیرەتگەرایەتی لە كوردستانی عێراق كارەساتە!.. نووسینی: مەهدی خەلیل
لە پاش رووخاندنی سیستەمی پاشایەتی و گۆرینی بۆ سیستەمی كۆماری یەكێك لەو دیاردە دواكەوتووانەی ناو كۆمەڵگای عیراق بە گشتی و كۆمەڵگای كوردستان بە تایبەتی بە تەواوەتی لاوازببو تەنانەت بەرەو لەناوچوون دەرۆشت بابەتی عەشیرەتگەرایی و پلەوپایەی سەرۆك عەشیرەتەكان بوو، بەڵام بە داخەوە لە پاش راپەڕینی 1991، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە مەبەستی كۆكردنەوەی زۆرترین خەڵك لە دەوری خۆیان هەستان بە زیندووكردنەوە و پاڵپشتی كردنی عەشیرەتگەرایی و تەرخانكردنی پاریەیەكی زەبەلاح بۆ سەرۆك عەشیرەتەكان، ئەم سەرۆك عەشیرەتانەش لەبەرانبەردا هەمیشە هیزەكانیان لە ئامادەباشیدابوو بۆ فەرمانەكانی حیزب، هەركات حیزب پێویستی پێیان ببوایە لە پێشەوەی هەموو كەسێك بوون بۆ خزمەتكردنی حیزب، هەر لە كاتی شەركانی ناوخۆی كوردستانەوە تا دەگات بە كۆكردنەوەی دەنگ لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا.
بە هوی گوێڕایەڵی تەواوەتیان بۆ حیزب وایكرد پارتی و یەكێتی زیاتر و زیاتر پشتگیری سەرۆك عەشیرەتەكان بكەن و دەسەڵاتی گەورەیان پێ بدەن لە ناو حیزب و حكومەت و كۆمەڵگادا.
سەرۆك عەشیرەتەكانیش پاڵپشت بەپشتگیری گەورەكانی پارتی و یەكێتی و خەرجكردنی بەشێك لەو پارە زۆرەی كە وەریدەگرن لە حیزب و بەرپرسانی حیزب هەزاران كەسیان لە دەوەری خۆیان كۆكردوەتەوە و دوێخان و ماڵەكانیان پڕ بوو لە كەسانی هەلپەرست و ئەڵقە لە گوێی سەرۆك عەشیرەت، بەڵام لە هەمووی خراپتر ئەوەیە كە سەرۆك عەشیرەتەكان كاتێك بینیان چەكدارێكی زۆر لە دەوریان كۆبووەتەوە و دەسەڵاتێكی گەورەیان هەیە دەستیانكرد بە تەداخولكردن لە ژیانی تایبەتی و خێزانی شوێنكەوتووانیان و دەیان كێشە و گرفتی خێزانی و بیروباوەڕی دواكەوتوویان لە ناو خێزانەكاندا زیندووكردەوە، بە شێوەیەك سەرۆك عەشیرەت لە هەموو شتێكدا خاوەنی بڕیاری كۆتاییە، لە گەڵ زیندووكردنەوە و بەهێزبوونی عەشیرەتگەرایی یەكێك لەو توێژانەی كۆمەڵگا كە گەورەترین زیانی بەركەوت توێژی ژنانە، دیاردەی چەوساندنەوە و ستەمكردن لە كچان وژنان رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندندایە، ئەوەی جێی نیگەرانیە بە هۆی بیری دواكەوتووی عەشیرەتگەرایی و پاڵپشت بەو هێزە زۆری كە پێیاندراوە لە لایەن پارتی و یەكێتیەوە عەشیرەت و سەرۆكی عەشیرەت بوون بە خاوەن بڕیار لەوەی كچان و ژنان بۆیان هەیە چی بكەن و چی نەكەن هەر ئەوەیش نە بەڵكو عەشیرەت بۆی هەیە رازی بێت لەوەی كە كچان و ژنان هاوسەرگیری لە گەڵ كێدا دەكەن هەروەها لە گەڵ كێدا بۆیان نیە هاوسەرگیری بكەن، زۆرجار عەشیرەت و سەرۆكی عەشیرەت رێگربوونە لەوەی كە كچ و كوڕێك هاوسەرگیری بكەن تەنها لەبەر ئەوەی ئەم كچ و كوڕە سەر بە دوو عەشیرەتی جیاوازن، بەداخەوە لە كاتی ملكەچ نەبوونی كچ و كوڕەكە بە بڕیارەكانی عەشیرەت و خێل رووبەڕوی هەرەشە و تەنانەت كوشتنیش بوونەتەوە، ئەم دیاردەیە رۆژانە لە بەرفراوانبووندایە، هەفتانە و مانگانە دەبیستین و دەبینین چۆن كچان و كوڕان هەرەشەیان لێ دەكرێت یان دەكوژرێن لە لایەن پیاوەكانی چواردەوری عەشیرەت و خێڵەوە.
هەربۆیە زۆر گرنگە خەڵكی هوشیار و رۆشنبیری كوردستان و ئەندامانی پەرلەمان و تەواوی رێكخراوەكانی ژنان و مافی مرۆڤ دەنگ هەڵبڕن دژ بەوەی كە عەشیرەت و سەرۆك عەشیرەت ئەو هەموو دەسەڵاتەیان هەبێت و لە سەروی یاساوە بن و بڕیار لە سەر چارەنووسی خەڵك بدەن هەر ئەوەش نە بەڵكو دەستیان بچێتە خۆێنی خەڵك.
نووسینی: مەهدی خەلیل
١٥/٠١/٢٠٢٥