Skip to Content

کتێبێک بۆ خوێندنەوەیێکی ڕەخنەگرانە و گفتوگۆ!

کتێبێک بۆ خوێندنەوەیێکی ڕەخنەگرانە و گفتوگۆ!

Closed
by ئاب 23, 2025 General, Opinion

ڕۆژی دەی مانگی مای/ئەیاری ڕابردوو، بە هاوکاری سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان/ هەولێر، کتێبی “بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد دا – بژاردەیێکی پەروەردەیی و پێویستییەکی کۆمەلگەیی” نووسینی سامی بهنام المالح، لە چاپخانە دەرچوو و گەیشتە دەستی خۆێنەران. ئەم کتێبە کە بەزمانی عەرەبی نووسراوە، لەلایەن مامۆستا و دەرونناس یوسف عوسمان حەمەد و نووسەر ڕابەر ڕەشید وەڕگێراوەتەوە سەر زمانی کوردی.

کتێبەکە سێ تەوەر لەخۆ دەگرێ/
تەوەری یەکەم لە شەش بەش پێکهاتوە، بە باسێکی بیرکردنەوە بەگشتی دەستپێدەکات و دێتەوە سەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەهەموو لایەکانیەوە:
بنەماو ڕەگ و ڕیشەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پێناسەکان و پێکهاتەو ڕەگەزەکانی. گفتوگۆ لەسەر بۆچی پێویستیمان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە لە کۆمەڵگای ئێمە. بەشێکیش تەرخان کراوە بۆ خستنەڕووی پەیوەندی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کاریگەریەکانی لەسەر نوێسازی و داهێنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. دوا بەشی تەوەری یەکەم باسی بیانوەکان و بەهەڵەدابردنەکان دەکات بە گشتی و لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەتایبەتی.
تەوەری دووم سێ بەش لە خۆدەگرێ و بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە پەروەردە و فێربوون و فێرکدندا تەرخان کراوە. گفتوگۆیێکە لەسەر چۆنیەتی فێربوون و بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە تەواوی سیستەمی پەروەدە و فێرکردن. ئەزموونی فێرکردنی ئەم بابەتە لە قوتابخانە و زانکۆکان و شوێنەکانی فێربوون و کارکردن و داهێنانی تردا لە وڵاتانی دونیادا دەخاتە بەر باس. هەر لەم تەوەرەدا لە بەشێکی تەواودا، بەربەستەکان و ئاستەنگەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە تێرو تەسەلی پؤلینکراون و گفتۆگۆیان لەسەرکراوە.
تەوەری سێیەمی کتێبەکە دوو بەشە، بۆ ناساندن و باسکردن و گفتگۆ کردنە لەسەر زیرەکی دەستکرددا لە هەموو ڕووەکانەوە. چۆنیەتی سەرهەڵدان و بەکارهێنانی، مێژووی دروستکردنی، جۆرەکان و ئاستەکانی زیرەکی دەستکرد، بوارە جیاجیاکانی بەکارهێنانی و کاریگەریەکانی لەسەر ژیان و تاک و کۆمەڵگا، ئالەنگارییەکان و مەترسیەکان.
هەر لەم تەوەردا گفۆگۆیێکی قووڵ لە ڕوانگەیێکی ڕەخنەگرانەوە کراوە لەسەر: زیرەکی دەستکرددا لە بواری پەروەدەو فێرکردندا – لە پۆل، قوتابخانە، کاری مامۆستا، تەواوی سیستێمی پەروەردەدا وبەکارهێنانی لە تۆژینەوە و نووسینەوە و پەیداکردن و بەکارهێنانی زانست و زانیاری و نوێسازی و داهێنان. لە بەشی کۆتایی تەوەری سێیەم پەیوەندی و کاریگەری و کارلێکردنی نێوان بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو زیەرکی دەستکرددا، بە ئامانجی بە مرۆڤایەتی کردنی دروستکردن و بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە کۆتاییدا باس و گفتوگۆی ئەو هەوڵ و پلان و دەسپێشخەریانە دەکا، چ لە ئاستی ولاتان یان لە ئاستی نێودەولەتی و گڵوبال لە ئارادان، کە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئالەنگاریەکان و مەترسیەکانی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ومرۆڤ و مرۆڤایەتی دروستی دەکات.
ئامانجەکانی نووسینی ئەم کتێبە، جگە لە پێشکەش کردنی ئەو بابەتە گرنگ و پێویستەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە لەم سەردەمەدا، وروژاندن و هاندانی ئەوانەی لەبواری هزرو پەروەردە و میدیا و ڕۆشنبیری و توؤژینەوەی زانستی کاردەکەن بۆ پشکنین و دیراسەی باشتری واقیعەکەمان و بۆ نووسین و گفتوگۆ و توێژینەوەی نوێ لەم بوارەدا. دیارە ئامانجێکی گرنگە ئەم بابەتی ئەم کتێبە ببێتە میوانی زانکۆکان و دەزگاکانی پەروەردەو و فێرکردن و توێژینەوە، ببێتە بابەتێکی ئەکادیمی و بەشێک لە کاری نوێسازی و داهێنان و گۆڕانکاری.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی ئاگاهی لە نێو هەموو ئەوانەی کار بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن و ئایندەیێکی باشتر بۆ تاک و کۆمەلگا دەکەن. دەنگێکی ئەکادیمی زانستیە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بە ئامانجی هەنگاونان بەرەو پێشەوە، ئەگەر هەنگاوێکی زۆر بچووکیش بێت.
بۆ زانین، لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان ناساندی کتێبەکە ڕیکخرا و گفتوگۆی لەسەر کرا. هیوادارین لە زانکۆکانی تری هەرێم دەرفەت بڕەخسێ و ئەم بابەتە لە ڕێگای ئەم کارە ئەکادیمیەدا ببێتە بابەتی دیالۆگ و گفتوگۆ و پلان دانان بۆ پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کردنی بە بەشێک لە کارو چالاکی و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەلگاکەمان.
کتێبەکە لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان/ هەولێر دەستدەکەوێ.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress