Skip to Content

پسپۆڕی ئەدەب و پسپۆڕی ددان!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

پسپۆڕی ئەدەب و پسپۆڕی ددان!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by ئه‌یلول 12, 2025 General, Opinion

نزیك بەوەیە، هەموو نووسەرانی كورد، حەزیان لە داتاشینی شوناسی ڕۆشنبیری گەورە و جۆراو جۆر بێت بۆ خۆیان . ئەوان ئارەزوو دەكەن لە یەك كاتدا وەك:( شاعیر و نووسەر، لێكۆڵەر و ڕەخنەگر، چاودێر و ڕۆژنامەنووس، ڕۆماننووس و چیڕۆكنووس، وەرگێڕ و زمانزان) و چەندان شوناسی دیكەش بناسرێن. بگرە نووسەرانێك هەن، لە كۆتایی وتارەكانیان، خۆیان نازناو بۆ خۆیان دا ئەنێن، لە كاتێكدا ئەمە ئەركی خوێنەرە ڕەخنەگر و ڕۆماننووس و شاعیر بناسێتەوە. سەیر لەوە دایە ئەوانە لەو جۆرە نووسەرانەن ڕەنگە لە ساڵێكدا بیست كتێب نەخوێننەوە، بەڵكو هەر سەرقاڵی كۆمێنت و كۆمێنتكاری و پۆستی فەیسبووك و چات و دنیای شاشەن. بێگومان بەرهەمی نووسەرێك، گەواهی توانا و لێهاتووی ئەو دەدات و ئیدی پێویست بەوە ناكات ئەو خۆی وەسفی خۆی بكات، چونكە كەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە! نووسەری داهێنەر، بیری لای خەڵات و ڕێزلێنان و فیستیڤاڵ و داتاشینی نازناو نییە، بەڵكو بێ دەنگ و لاتەریكانە، گۆشەگیرانە و دوور لە تەراتێنی نێو شاشە و شەڕی كۆمێنت و پۆست و پۆستكاریی، دوور لە خەمی نازناو و خەڵات و فیستیڤاڵ، سەرقاڵی دنیای خوێندنەوە و نووسینە. لە مێژووی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئێمەدا، دەیان داهێنەر و سمبولی ئەدەبی هەبوونە، بێ خەڵات و نازناویش، هەر هەبوونە. كە ناوی مامۆستا(مەسعود محمەد) دێنین، ئیدی هزر و فەلسەفەمان بیر دەكەوێتەوە، كە ناوی دڵدار دێنین، نەتەوەییبون و كوردایەتیمان دێتە بەرچاو، كە ناوی هەژار موكریانی دێنین، زمان و وەرگێڕان و فەرهەنگمان دێتە بەرچاو. ئەم نووسەرانە، لە هەموو ژیانیان خەڵاتێكیان وەرنەگرت، نازناوێكیان بۆخۆیان دانەتاشی، كەچی بابایەكی دوای ڕاپەڕین، كە سەرچاوەی مەعریفەكەی تەنها سۆسیال میدیایە، دێت دەیان نازناوی ڕۆشنبیری دەداتە پاڵ خۆی و بە جۆرێك خۆی لێ دەگۆڕێت، كەوادەزانێت تەنێ ئەو هەیە. لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، ناوەندێكی كولتووری لە سۆران، كۆڕێكی ئەدەبیان بۆ كەسێك سازكردبوو، ئەو كەسەیان وەك (پسپۆڕی ئەدەب) ناساندبوو. بێگومان ئاساییە كەسێك ماستەر، یان دكتۆرای لە ئەدەبی كوردی هەبێت، بەڵام پسپۆڕی ئەدەب چییە؟ مەگەر ئەدەب، نەشتەرگەری جومگە و هەرس و گەدە و دەمار و ددانە تا پسپۆڕی هەبێت؟ ئەدەب دنیای خەیاڵ و نووسین و جوانییە. ئەدەب دەیان و سەدان ساڵ لە مێژووی ژانڕە ئەدەبییەكان دەكات، ئیدی نازانم چۆن كەسێك دەبێتە پسپۆڕی ئەدەبی؟ مەگەر ئەو مێژووی سەدان ساڵەی ئەدەبی كوردی خوێندۆتەوە؟ هەموو ژانڕەكانی هەڵسەنگاندووە؟ پسپۆڕی ئەدەبی چییە؟ ئایا ئەدەب زانست و تەندروستییە تا كەسێك پسپۆڕایەتی لێ هەبێت؟ سنوورێك لە بەردەم ئەدەب و مێژووی ژانڕە ئەدەبییەكان نییە، ئیدی چۆن كەسێك ئەوەندە لێی قووڵدەبێتەوە تا پسپۆڕایەتی لێ بێنێت؟ بەشێكی ئەدەبی كوردی لە هەژار موكریانی بەرجەستە دەبێت، كەچی بە ئێستاشەوە هەر دەڵێن مام هەژار و هیچ شوناسێكی ڕۆشنبیری نادرێتە پاڵ و كەسیش وەك پسپۆڕی ئەدەب نایناسێنێت. ئەدەب سنوورێكی دیاریكراوی نییە، تا لێیەوە بگەینە خاڵی كۆتایی و ئیدی ئەو سنوورە بە سنووری ئەدەب بناسین و لێی قووڵبینەوە، تاكو پسپۆڕایەتی لێبێنین، وەك ئەوەی كەسانێك نەزانانە واتێگەیشتوون. بۆیە كەس پسپۆڕی ئەدەبی كوردی نییە و ئەوەشی خۆی وەك پسپۆڕ دەناسێنێت، دیارە لە بێ شوناسییەوە كە نییەتی، دەیەوێت شوناسێكی وەهمی بۆ خۆی دابتاشێت.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە(4376) لە 31/8/2025 بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress