Skip to Content

بەبۆنەی یەکی ئایارەوە.. ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

بەبۆنەی یەکی ئایارەوە.. ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

Closed
by نیسان 27, 2021 General


ڕێکخراوبوون ئامڕازی یەکلاکەرەوەی خەباتی چینی کرێکارە


دوای چەند ڕۆژێکی تر پێشوازی دەکەین لە یەکی ئایار، ڕۆژی ھاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار. چینێک کە خۆی و توێژە جیاجیاکانی لە جیھاندا ڕووبەڕووی جۆرەھا کوێرەوەری، گرفتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، وە نەبوونی ئارامی و ئاسایشە. ئەمە لە کاتێکیشدایە کە هێشتا پەتای کوڕۆنا ڕۆژانە ژیانی هەزاران دروێنەدەکات، کە زوربەی هەرەزۆری قوربانیەکانی لە ڕیزەکانی چینی کرێکار و ئەو جەماوەرەیە کە هەژاری و بێبەشی بەسەریا سەپاوە.
چینی کرێکار و تەواوی توێژ و بەشەکانی لە مڕۆی عێڕاقدا دەناڵێنن بەدەست دژواریە ئابووریەکان و بێکاری و خراپی باری گوزەران و پەتای کۆرۆنا و ئاکامەکانی، دەناڵێنن بەدەست کەمی خزمەتگوزاری گشتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و خوێندنەوە، دەناڵێنن بەدەست تیرۆر و ملھوڕی میلیشیاکان و سەرکوتی ڕژێمی بورژوا ئیسلامی و قەومیەوە. سەرباری هەموو ئەمانەش دەناڵێنن بەدەست کاریگەری ململانێی نێوان دەوڵەتان و جەمسەرە ئیمپریالیستە جیھانی و ناوچەییەکانەوە، بەتایبەت ئەو ململانێیەی لە ئارادایە لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەناو عێراقدا.
بورژوازی فەرمانڕەوا و ھاوپشتە نێودەوڵەتیەکانی، سەرقاڵی سەقامگیرکردنی بورژوازی و پایەڕێژکردنی دکتاتوریەتی سیستماتیکی دەوڵەتن، بۆ ڕێخۆشکردن لەبەردەم بوژانەوەیەکی تر لە کەڵەکەی سەرمایە و دزی و تاڵانی و سەرکوتی خەبات و بەرگری کرێکاران و زەحمەتکێشان. بۆیە دەبینین پەلەدەکەن لە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابووریەکانی نیولیبرالیزم و بەرفراوانکردنیشی لەڕێگەی پرۆژەی “وەرەقەی سپی”ەوە، کە سیاسەتگەلێکە توند کردنەوەی چەوساندنەوەی چینی کرێکار و جەماوەری ڕەنجبەری کردۆتە ئامانج، لەگەڵ ھەژارکردنی زیاتریان و سەپاندنی بێکاریەکی بەرفراوان بەسەریاندا.
لە ئێستادا، لەگەڵ نەھامەتیەکانی پەتای کۆرۆنا و دەرئەنجامە ئابووریەکانی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشکراوان، وە بێ ھیچ جۆرە قەرەبوکردنەوەیەکی حکومەتیش بۆ زیان لێکەوتوان، حکومەتەکەی کازمی هەڵساوە بە داشکاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، کە زۆر بە خێرایی و هەمەلایەنە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاستی گوزەرانی بەشی هەرە زۆری جەماوەری بەرەو داڕووخانێکی زیاتر بردوە، ئەمە و ھەستاویشە بە بڕینی بەشێک لە مووچە و کرێی کارمەندانی کەرتی گشتی.
حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، ساڵانێکی زۆرە و بە بەردەوامی خۆی دەدزێتەوە لە پێدانی مووچەی کارمەندان و کرێکارانی کەرتی گشتی بۆ چەند مانگێک لەھەر ساڵێکدا، جگە لە بڕینی تا ڕاددەی %٢١ی یش لە موچەکان، بەبێ‌ گوێدانە ناڕەزایەتی بەردەوامی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان. ئەمە و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم و حزبەکانی ناو حکومەتی ناوەندیش بۆ مەرامی سیاسی جۆراوجۆر، لەوانە بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان، یاری دەکەن بە مەسەلەی پێدانی مووچەی کارمەندان و کرێکارانی هەرێمی کوردستان.
چەرمەسەریەکانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش؛ لە بێکاری و ھەڵاواردن و دەستدرێژکردن بۆسەریان، لەژێر سایەی ئەم بارودۆخەدا زۆر سەخترە، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتیدا. ژنان، بەتایبەت ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش، لە سەراسەری عێراقدا ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی، پەراوێزخستن و سوکایەتین. ھەرێمی کوردستانیش ساڵانێکە بۆتە گۆڕستانێکی گەورە بۆ ژنان، بەڕادەیەک کە ڕۆژێک تێناپەڕێت و ژنێک یان کچێک تیایدا نەکوژرێت وە یا خۆی نەکوژێت.
لەبەرامبەر ئەم ھەموو تراژیدیا و نەهامەتیانەدا، چینی کرێکار و توێژە جیاجیاکانی و زەحمەتکێشانیش دەستەوەستان ڕانەوەستاون، بەڵکو لە ماوەی (١٨) ساڵی ڕابردوودا لە جەنگێکی چینایەتی بەردەوامدان بۆ بەرگریکردن لەخۆ، بەپلەی جیاجیا لە هێز و بەرفرانی، لە شێوەی خۆپیشاندان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خەباتە کرێکاریەکان و ھەوڵە ڕێکخراوەییە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرباری ھەموو ڕێگری و جۆرەها سەختیەکیش، لە ساڵی (٢٠٠٣)وە خەباتی کرێکارانی سەندیکایی و بزووتنەوەی سەندیکایی لە عێراقدا ھەر بەردەوام بووە. کرێکارانی کەرتی پیشەسازی بێووچان بەشێوازی خەباتی جۆراوجۆر دژ بە سیاسەتی ئابووری دەوڵەت ڕاوەستاون. ھەروەھا کرێکارانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش و دەرچوانی پەیمانگە و زانکۆکان و ھەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، بەردەوام لە ڕێگەی بەڕێخستنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانەوە داواکاری دامەزراندن و بەدەستهێنانی هەلی کارن، بەجۆرێک کە ناڕەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکارانی کچ و کوڕ، بەھەموو شکڵ و شێوازەکانیەوە لەم ساڵانەی دواییدا بوو بە دیاردەیەکی ڕۆژانە و گۆڕا بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری سیاسی بەرفراوان، کە ھەر ئەمەش ھێزی سەرەکی بوو لە سەرھەڵدانی ڕاپەڕینی ئۆکتوبەردا.
چاڵێنجی سەرەکی بۆ چینی کرێکار زاڵبونە بەسەر پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی و ڕێکخستنی خەباتەکانیەتی لە ڕێکخراوە جەماوەریە کرێکاریە بەھێزەکاندا بە ئاسۆیەکی چینایەتی کرێکاری سەربەخۆ لە سەراسەری وڵاتدا.
بورژوازی فەرمانڕەوا بەھەموو ڕەوت و حیزبە ئیسلامی و قەومی و لیبڕالەکانیەوە سەرقاڵی لەناوبرنی وزەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پارچەپارچەکردنی ڕیزی خەباتی چینایەتیانە لەسەر بنەمای تائیفە و نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگی پێست و ئاین و… هتد. وە ھەوڵدەدات قەناعەتیان پێبکا تا ئاوات و ئارەزوەکانیان هەڵواسن بە ھەندێ ڕیفورمی شکڵی و ھەڵبژاردنی پڕ لە ساختکاریەوە.
چالاکوانان و ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، پێویستیان بەوەیە کە ئاسۆی سیاسی چینایەتی کرێکاری سۆشیالیستی نێونەتەوەیی بگرنەبەر، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بورژوازی و ڕێکخستن و ئاراستەکردنی خەباتەکانی چینی کرێکار و ئامادەکردنی بۆ ڕابەرایەتی کردنی پرۆسەی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەدا.
ئەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش
هێنانەدی گۆڕانکاری ڕیشەیی لەدەستی خۆتاندایە، ئەوە پەرەپێدانی خەباتی سەربەخۆی چینایەتیتان و پایەڕێژی بزووتنەوەیەکی کرێکاری ڕێکخراو و بەھێزە کە لە توانایدایە نەخشەی ڕێڕەوێکی سیاسی تازە بکێشێت لە عێراقدا، وە بەدیلێکی سیاسی کرێکاری جێگیر بکات لە جێگەی ئەم ڕژێمە سیاسیە فەرمانڕەوایە.
ھێزتان لە ڕێکخراوبوونی یەکگرتووانەدایە، ئەوە ئیرادەی سیاسی ڕێکخراوتانە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە کە زامنی دامەزراندنی حکومەتێکی کرێکاری و هێنانەدی شۆڕشی سۆشیالیستیە.
با لە یەکی ئایاردا پەرچەمی ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی خەباتی کرێکاران بەرزکەینەوە و بزووتنەوەیەکی کرێکاری بەتوانا بەڕێخەین.
با داواکاریە دەستبەجێکانمان بەرزکەینەوە:
• بیمەی بێکاری بۆ ھەر کەسێکی بێکار، ژن یا پیاو.
• هەڵوەشانەوەی بڕیاری گۆڕینی بەهای دراوی عێڕاقی لەبەرامبەر دۆلاردا.
• پێدانی مووچەی کرێکاران و کارمەندان بە تەواوی و بێ دواکەوتن.
• قەرەبوکردنەوەی هەر کەسێک لە ئاکامی کەرەنتینەدا سەرچاوەی گوزەرانی لەدەستدابێت.
• هەڵوەشانەوەی سیاسەتەکانی پریڤاتیزەکردنی پرۆژە پیشەسازی و خزمەتگوزاریەکانی سەربە کەرتی گشتی، وە ڕێنەدان بە دەرکردنی کرێکاران تیایاندا.
• داڕشتن و کارکردن بە یاساکانی نەھێشتنی سەرکوت و توندوتیژی دژ بە ژنان.
• دەوڵەت پێویستە هەڵسێت بە دابین کردنی سیستمێکی تەندروستی گشتی ھاوچەرخ و پێشکەوتوو، کە خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی و پارێزگاری و چاوەدێری کۆمەڵایەتی بۆ ھەموان بە خۆڕایی دابین بکات.
• ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو فڕێندراوان و گیراوە سیاسیەکان لە زیندانەکانی دەسەڵات و ئەو شوێنانەی سەر بە میلیشیاکانی دەسەڵاتن.
بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکار
بژی سۆشیالیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٢-٤-٢٠٢١

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish