Skip to Content

فلاشباک- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-33.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-33.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 24, 2022 General, Opinion


بەشی سی و سێ

چیرۆکەکانی “سۆمەرست مۆم” لای من دڵگیرن. ئێستاش کە غەریبی جەرگی کون کردووم، ھەست بەوە دەکەم پاڵەوانێکی “سۆمەرست مۆم”م. کەس نییە ھەواڵێک بپرسێت لێم، لە کونجی ئەم تەنیاییەدا نامەیەک نییە ئاھێک بە بەر رۆحی بریندارمدا بکاتەوە. ئەم دۆخە رۆمانی “کەس نییە نامە بۆ کۆلۆنێل”ی “گارسیا مارکیز” دەخاتەوە یادم. لەو کاتەوەی لە دایکبووم ھەر خەون دەبینم، بۆیە رێگە بدەن بڵێم یۆتۆپیترین پیاوم. دوێنێ شەو بە خەون لە کۆڵانەکانی عەقاری بووم، ئەو کۆڵانانەی زۆرترین بیرەوەرییەکانی منیان لە شانی خۆیان ناوە. بەدەم گاڵتە و شۆخییەوە بەرەو کۆلانەکانی “شێخ محێدین” دەڕۆیشتم. سەرەتاتکێی کچە ئەسمەرە جوانەکەم بینی کە ھەر کات بە کۆڵانەکەیاندا بڕۆیشتبام، سۆندە ئاوی دەھێنایە دەرەوە و بەر دەرگای ماڵی دەشۆرد.
“کازم”م بینی، ئەو گەنجە نەخوێندەوارە لادێیەی ھۆگری ئێمە ببوو، دەیویست لە ئێمەوە شتێک فێر بێت. چیرۆکی “کازم” یەکێکە لە داستانەکانی ناو “الف لیلە و لیلە”. نوکتەیەکی خۆشمان لەسەری ھەبوو. وەختێک داوای لە من کرد نامەیەکی بۆ بنووسم، بۆ کچێکی نازداری عەقاری. بەڵام ئەم نامەیە ھەر نەگەیشت. ئەو نامەیە ھەر لە گیرفانی یادەوەریی “کازم”دا مایەوە کە گۆڵچی تیپەکەشمان بوو. رۆژێک دوای دوو مانگ بە ھەڵەداوان کازم، ھانای بۆ ھێنام و وتی تکایە بەرواری نامەکەم بۆ بگۆڕە ھێشتا پێم نەداوە، منیش بە تەوسەوە پێمووت ئەزیزم من عەریزە و ئەرزوحاڵم بۆ نەنووسیووی، بەرواری چی بگۆڕم، بڕۆ نامەکەتی بدەرێ، ئەمە عەشقە ھیچ مێژوویەک ناناسێ، ئێستا چوار ساڵ و نیو تێپەڕیوە و ھێشتاش کازم نامەکەی نەداوە بە کچە نازداری عەقاری.
دوێنێ شەو لە خەونەکەمدا، بە بەردەم یاریگای “ھونەر”دا تێپەڕیم، ئای کە سەیر بوو، مامۆستا “سەلاح باڵابەرز” لە ھەواڵی دەپرسیم و وتی دوێنێ لەسەر گۆڕی باوکت بووم “گۆڕی باوکم”!، ھاوڕێی بەوەفام بۆی!، شتێکی نامۆ بوو، تەزوویەکی سەیر بە لەشمدا ھات. بە خەندەیەکەوە وتی ئیدی “شووت”ی وا بەرز لێمەدە، رۆژی سەد تۆپ دەکەوێتە حەوشەکەمانەوە. دواتر بەرەو کۆڵانەکانی خوارتر کشام، ھاوڕێم “یوسف ئابڵاخی” کۆمەڵێک کتێب و وەرەقەی شڕی پێبوو. بە تەوسەوە چرپاندی بە گوێمدا: زۆر زوو ھەڵھاتی، خۆ بڕیار بوو ئێمە شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس. ھەستم بە تەریقی و شەرمەزاریی دەکرد، وەک ئەو ژەنەراڵەی بە بەزیویی لە جەنگ دەگەڕێتەوە، تک تک ئارەقی شەرمەزاریم دەسڕی. لەم وەختە رسواییە بە ئاگا ھاتمەوە و سەیر دەکەم لە سەرمای ئەم زستانە سەختەدا لەشم وەک کوکوختییەکی لانە شێواو دەلەرزێ.
بڕوام وایە، ئەم رۆژانە لە سەختترین رۆژەکانی ناو ژیانی منن، تەنیایی گەمارۆی داوم، غەم وەک ئەختەبووت کۆتی کردووم، ئەژدیھای تووڕەیی ناخی خواردووم. ھیچ ھیچ لەخۆم تێناگەم، نازانم چی دەکەم و ئامانجم چییە و بەرەو کوێ مل دەنێم؟. ئەمە کارەساتەکەیە!! ھەروەک محەمەد عەبدلوەھاب لە گۆرانییەکەیدا وتبووی:
نازانین لەبەرچی ھاتووینەتە دونیاوە
نازانین بەرەو کوێ مل دەنێین
نازانین چ شتێکمان مەبەستە
لە دۆخێکی کافکایدام، ئەرێ خەڵکینە ئێوە مارکسییەکتان بینیوە، نیتشە و کافکا و نھێلیزم دەورەی دابێت؟.


١١-١-٢٠٠١
ئەستەمبۆڵ – ئاکسەرای

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە ١١١-١١٤ کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish