بە بابەتیکردنی پرسی تایبەتی خود- زات- له هه‌ڵبه‌ستى (وه‌ڵامى پرس)ی گۆران دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی
( لە یادی تێپەڕینی شەست و سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی گۆرانی لوتکەی شیعری کوردی‌دا)
(وه‌ڵامى پرس) یه‌كێكه له هه‌ڵبه‌سته‌كانى گۆران كه چه‌ند مانگێك له‌پێش مردنی نووسیوێتی ده‌ربڕینێكى راستگۆیانه‌ى بارى ده‌روونى گۆرانه له كاتێكدا كه هه‌ست ده‌كات نه‌خۆشى شێرپه‌نجه هه‌ڕه‌شه له‌ژیانى ده‌كات. گۆران حاڵه‌تى نه‌خۆشىیه‌كه‌ى خۆی و بارى دواكه‌وتوویی و ژێرده‌سته‌یى میلله‌ت پێكه‌وه ده‌به‌ستێت و هاوشێوه‌یه‌ك له‌نێوان خۆی و گه‌له‌كه‌یدا پێكده‌هێنێت و هۆى ماتى و خه‌مبارییه‌كه‌شى ده‌گێڕێته‌وه بۆ هۆكاره گشتىیه‌كه واته بارى ناله‌بارى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى و نائاسووده‌یى كۆمه‌ڵایه‌تى. سه‌ره‌تا پێم باشه لێره‌دا ده‌قى شیعره‌كه بنووسمه‌وه تا خوێنه‌ر بتوانێت له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ى باسه‌كه‌دا له كوێدا ویستى بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر شیعره‌كه.
وه‌ڵامى پرس
راكشابووم له‌سه‌ر پشتم
دكتۆره‌كه‌م
مارى شێرپه‌نجه‌ى ئه‌كوشتم
ناڵێم وه‌ك دایكێك دڵسۆز
فرمێسكى بۆ هه‌ڵ ئه‌ڕشتم
به‌ڵام ته‌واو وه‌ك كچى خۆم
ده‌ستى ئه‌خسته ناو مشتم
به‌چاوى پڕ له هه‌ستى جوان
ئه‌یكرد ته‌ماشاى سروشتم
ئه‌یپرسیى لێم: بۆچ واماتى
بۆچ هه‌میشه خه‌مبار دیارى
بۆ من ئه‌م پرسه وه‌ك هه‌نگوین
ئه‌تكایه سه‌ر لێو له‌زارى
به‌ڵام بۆ خوشكانى به‌رده‌ست
سیس كردنى گوڵ بوو كارى،
دوو سێ كچ بوون وه‌ك دكتۆر خۆى
خه‌مخۆرییان لێ ئه‌بارى،
نه‌ك هه‌ر بۆ تیماری ده‌ردم
بۆ چاره‌ش بۆ باغچه‌ى زه‌ردم
* * *
به‌ڵێ، دكتۆر! خوشكان! ماتم،
هه‌ر من نیم ماتى وڵاتم،
له‌ناو هه‌زارانا: تاك تاك
لێومان هه‌یه پێبكه‌نێ
لاى ئێمه بۆ دنیاى شادى
وا تازه خه‌ڵك هه‌نگاو ئه‌نێ
25/5/1962
(وه‌ڵامى پرس) ئه‌و شیعره‌ى گۆرانه كه له‌كاتى كه‌وتندا له‌نه‌خۆشخانه‌ى كرملین نووسیویه‌تى. پێكهاتنى بنیادى شیعره‌كه له‌سه‌ر دووانه‌ى (پرسیار/ وه‌ڵام) هه‌ڵچنراوه. هه‌ڵبه‌ته باڵاده‌ست بوونى ئه‌م جۆره سوتراكتوره ده‌لاله‌تێكى قوڵترى هه‌یه‌و له‌ساده‌ترین شێوه‌یدا پێكهێنانى دووانه‌ى (ده‌سه‌ڵاتدار/ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رداكراو) به‌رجه‌سته ده‌كات، ئه‌ویش له‌و روانگه‌یه‌وه كه هه‌موو پرسیارێك كوشتنى ساته‌وه‌ختى بێده‌نگىیه‌و خسته ژێر ركێفى پرسیار لێكراوه بۆ كاتێكى دیارى كرا‌و. له‌لایه‌كى تره‌وه پێكهێنانى دووانه‌ى (پرسیار/ وه‌ڵام) له ئه‌زموونى شیعرى گۆران‌دا به‌ڵگه‌ى گهڕانو به‌دوواچوونى گۆرانه بۆ ئاشكراكردن‌و كه‌شف كردنى شته نهێنىو په‌نهانه‌كان. زۆربه‌ى كات (پرسیار) لاى گۆران پرسیارى گۆرانى به‌ئاگایه ده‌رباره‌ى بابه‌تێكى نه‌زانراو یان په‌نهان به‌رزى ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره بووایه كه گۆران كه‌سێكى خاوه‌ن ئینتیماى سیاسى‌و ئایدۆلۆژییه ده‌بووا هه‌ر زوو بگه‌یشتایه‌ته حاڵه‌تى یهقینو وازى له پرسیاركردن بهێنایه، به‌ڵام گۆران وه‌كو شاعیرێكى داهێنه‌ر به‌رده‌وام له‌حاڵه‌تى پرسیاركردندایه، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه زیندووێتى ئه‌ده‌بى گۆرانىفه‌راهه‌م كردووه.
(وه‌ڵامى پرس) هه‌روه‌ك ناونیشانه‌كه خوێنه‌ر ده‌داته ده‌ستى گه‌ڕان له‌دواى یه‌قینێكى ئاماده، یه‌قینێك كه پێشتر پرسیارى له‌باره‌وه كراوه‌و گۆران راسته‌وخۆ هه‌ر له‌نێو ده‌قى شیعره‌كه‌دا وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام گۆران له‌كاتى نووسینى ئه‌م شیعره‌یدا له‌رووى فیزیكىیه‌وه تووشى شكست هاتووه‌و دووچارى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه بووه. هه‌موو شتێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ڕا كاردانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ناوه‌وه ده‌بێت بۆیه شكستى جه‌سته لاى گۆران ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ رۆچوون به‌دیوى ناوه‌وه‌دا. تێڕامان‌و بیركردنه‌وه دروست ده‌كات، بیركردنه‌وه‌ش له‌نه‌خۆشییه‌كه‌ى له‌رووى سایكۆلۆژىیه‌وه له‌به‌رده‌م پرسیارى دكتۆردا ئاماده‌ى ده‌كات، كه‌واته مه‌رج نىیه له‌واقیعدا گۆران شیعره‌كه‌ى راسته‌وخۆ له‌كاتى كه‌وتندا له نه‌خۆشخانه‌ى كرملین نووسیبێت، به‌ڵكو ئیحاى درووستبوون‌و بنه‌ماى نووسینى شیعره‌كه حاڵه‌تى نه‌خۆش كهوتنو بوونیه‌تى له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا. ئه‌و حاڵه‌ته‌ش شێوازى جۆرێك له‌دایه‌لۆگ به‌رجه‌سته ده‌كات، واته ئێسته پرسیاركه‌ر دكتۆره‌و پرسیار لێكراویش گۆرانه. دكتۆر پرسیار ده‌گات گه‌رچى ره‌نگه چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامیش نه‌كات به‌ڵكو ره‌نگه ته‌نها به مه‌به‌ستى رایكردنى كات پرسیار بكات، به‌ڵام ئاراسته‌كردنى پرسیاره‌كه گۆران ده‌خاته مه‌وقعى گوێگره‌وه‌و له‌رووى سایكۆلۆژییه‌وه ده‌یكات به به‌ركار كه ئه‌مه‌ش دواتر ده‌لاله‌تێكى قوڵتر هه‌ڵده‌گرێت له‌رووى به‌راوردكردنى ناسنامه‌ى گۆران‌و ناسنامه‌ى دكتۆره‌وه له‌رووى ئاماده‌بوونیانه‌وه. پرسیاركردن گۆران ده‌خاته بارى تێڕامان‌و به‌خۆدا چوونه‌وه‌وه، بۆ دۆزینه‌وه‌ى وه‌ڵامى پرسیاره‌كه، كه دواجار گۆران به نووسینى ئه‌م شیعره وه‌ڵام ده‌داته‌وه، كه‌واته گۆران پێش له نووسینى شیعره‌كه زه‌مینه‌یه‌كى ئاماده‌كردووه، هه‌ڵبه‌ستى (وه‌ڵامى پرس) له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌كردنى ئه‌و زه‌مینه‌یه نووسراوه.
گۆران له‌و ساته‌وه‌خته‌دا كه (وه‌ڵامىپرس) ده‌نووسێت تووشى نه‌خۆشى بووه، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش ده‌بێته رێگه خۆشكه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى گۆران بكه‌وێته تاوتوكردنى ناوه‌وه‌ى خۆى‌و شكستى ده‌ره‌وه‌ى له‌یاد بچێته‌وه یا به‌هۆى خوردبوونه‌وه له‌ناوه‌وه‌ى خۆى ده‌ره‌وه‌ى له‌یادبكات. لێره‌شه‌وه (وه‌ڵامى) مه‌ودا قوڵتر‌و پڕماناتر بۆ پرسیاره‌كان بدۆزێته‌وه كه تێكڕا له پانتایى مێژوو و بارى كۆمهڵایهتىو سیاسى نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵى هێنجاون، هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مى داهێنانى گۆران نهمرترو باڵاتر ده‌كات.
گۆران دڵنیایه كه نه‌خۆشى شێرپه‌نجه كۆتایى به‌ژیانى دێنێت، به‌ڵام هێشتا په‌ى به‌ئاماده‌بوونى خۆى دهباتو هه‌ست به‌وه ده‌كات كه ئه‌م له‌به‌رامبه‌ر سه‌رچاوه‌ى پرسیاركردنه‌كه‌دا واته دكتۆر ئاماده‌بوونى هه‌یه، بۆ شاردنه‌وه‌ى شكستى جه‌سته‌یى خۆى له‌دواى وه‌ڵامێكى تر بۆ پرسیاره‌كه دهگهڕێتو راسته‌وخۆ وه‌ڵامه‌كه‌ى وه‌كو نوێنه‌رى هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌داته‌وه‌و ماهیه‌تى پرسیاره‌كه‌ش به‌جۆرێك ده‌گۆڕێت كه له‌برى ئه‌وه‌ى به‌تایبه‌تى ئاراسته‌ى خۆى كرابێت‌و ده‌رباره‌ى حاڵه‌تى زاتى خۆى بێت ده‌یكاته پرسیار له حاڵه‌تى گشتى نه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش دیسان له‌گه‌ڵ گه‌ڕانى هه‌میشه‌یى گۆران‌دا له‌دواى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ڵته‌رناتیڤ یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
له‌سه‌ره‌تاى شیعره‌كه‌دا شاعیر له‌شێوه‌ى گێڕانه‌وه‌دا كه‌زیاتر نزیك ده‌بێته‌وه له‌دواندنى ساتى به موگناتیس خه‌ونادنىو بارى كه‌سێتى خۆى پێشكه‌ش ده‌كات كه‌واى نیشان ده‌دات به‌ره‌و پیرێتىو مردن ده‌چێت. دكتۆره‌كه‌ى له‌ناخه‌وه له‌گه‌ڵ بارى پڕكه‌سه‌رى ئه‌مدا وه‌كو ئه‌وه‌ى گۆران هه‌ستى پێده‌كات خهمو په‌ژاره دایگرتووه. له‌وردبوونه‌ى سیماى ئه‌مى چاوه‌ڕوانى مه‌رگدا (ئه‌و) پرسیار ده‌كات. له‌راستیدا پرسیاره‌كان هیچ ده‌لاله‌تێكى قوڵى فیكرییان نىیه‌و ته‌نیا له‌رووكه‌شدا ده‌رخستنى جۆرێك لهسۆزو به‌زه‌یى نیشان ده‌ده‌ن، ته‌نیا له‌راستیدا پیاده‌كردنى ده‌سه‌ڵات نه‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌وى دكتۆره‌وه به‌رامبه‌ر به‌ئه‌مى نه‌خۆش شتێكى ئه‌وتۆ ناگه‌یه‌نن، واته ده‌لاله‌تى قوڵى پرسیاره‌كه‌ى دكتۆر ئه‌وه‌یه كه ئه‌وى سه‌ر به گه‌لێكى خاوه‌ن دهسهڵاتو شارستانیهتو مێژوو كه ئاماده‌بوونى هه‌یه به‌چاوى سۆز سه‌یرى ئه‌مى سه‌ر به‌گه‌لێكى بێده‌سه‌ڵاتى ناشارستانى بێ مێژووى نائاماده ده‌كات. ئه‌گه‌رچى گۆران بارى جووت هه‌ڵوێستى دكتۆره‌كه ده‌خاته‌روو پێكه‌ش ده‌كات، كاتێ پرسیاره‌كانى به‌ئاسووده‌یىو رووخۆشیه‌وه ئاراسته‌ى ئه‌م ئه‌كات، ئه‌مى نه‌خۆش، به‌ڵام بۆ به‌رده‌سته‌كانى له ئاستى (ده‌سه‌ڵاته‌وه) هه‌ڵوێست ده‌نوێنێ، لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه نىیه كه‌ئیلغاى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بكه‌ینه‌وه كه ئه‌وى دكتۆر به حوكمى شوێنه‌كه‌ى له‌و مه‌وقیعه‌دا هه‌یه‌تى. ئه‌وه ئاشكرایه كه ماهیه‌تى ده‌سه‌ڵات كۆتایى نایه‌ت تا كۆمه‌ڵگه نه‌گاته به‌رزترین پله‌ى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه ئه‌و قۆناغه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى (سۆڤێتى) كه گۆران له شیعره‌كه‌یدا به‌وجۆره هه‌ڵوێستى دكتۆر به‌رامبه‌ر كارمه‌ندى خوارى خۆیه‌وه ده‌خاته‌روو ئه‌و عه‌داله‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه نه‌بووه. هه‌ر ئه‌مه‌ش ماهیه‌تى ده‌سه‌ڵاتى سۆڤێتى ده‌خاته به‌رده‌م پرسیاره‌وه. جووت هه‌ڵوێستى دكتۆر له‌وه‌دایه له‌لایه‌ك به‌سۆز (گۆران) ى نه‌خۆش ده‌دوێنێ كه‌چى له‌لایه‌كى تره‌وه به تووندى مامه‌ڵه‌ى خوشكانى به‌رده‌سى ده‌كات. ئه‌وه‌تا گۆران ده‌ڵێت:
بۆ من ئه‌م پرسه وه‌ك هه‌نگوین
ئه‌تكایه سه‌ر لێوى زارى
به‌ڵام بۆ خوشكانى به‌رده‌ست
سیس كردنى گوڵ بوو كارى
كاتێ ئه‌و دكتۆره پرسیار له‌گۆرانى نه‌خۆش ده‌كات وه‌ڵامى پرسیاره‌كان لاى خۆى ئاماده‌ن. كه‌سێك نه‌خۆشىیه‌كى كوشنده‌ى هه‌یه‌و له ئه‌گه‌رى مردندایه. ئه‌گه‌رى مردنیش شتێك نىیه مرۆڤ له ئاستیدا غه‌مبارو مات نه‌بێت، كه‌واته پرسیارى دكتۆر به مه‌به‌ستى ئاشكراكردنى نه‌زانراو نىیه، به‌ڵام گۆران وه‌ڵامه‌كان له ئاستێكى باڵادا، له ئاستێكى ئینسانانه‌ى بێوێنه‌دا ده‌داته‌وه. وه‌كو كه‌سێك كه‌وا ده‌ڕوانێت نهخۆشىو ره‌نگ زه‌رد ئه‌مى تاك بریتىیه له حاڵه‌تێكى زاتىو هۆیه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆكارى مه‌وزوعى كه ئه‌ویش بارى ناهه‌موارو ناله‌بارى گه‌له‌كه‌یه‌تى.
گۆران له‌دوو حاڵه‌تى خۆى ده‌دوێت، حاڵه‌تى یه‌كه‌م نه‌خۆشىیه‌كه‌یه‌تى وه‌كو شكستى فیزیكى كه مه‌رگ چاوه‌ڕوانى ده‌كات واته له‌رووى مه‌عنه‌ویشه‌وه له مه‌رگ نزیك بۆته‌وه. حاڵه‌تى دووه‌م ئاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له‌رووى پێشكه‌وتن‌و شارستانىیه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وى خاوه‌ن شارستانێتىو ئاماده‌بووندا له‌سه‌رجه‌م بواره جۆراوجۆره‌كاندا ده‌خاته روو، ئاماژه‌یه‌كیش بۆ ئاسۆى دنیایه‌كى نوێ ده‌كات.
به‌ڵام گۆران له مه‌ودایه‌كى قوڵتردا له‌بارى نائاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌دوێت، ئه‌وه‌تا كاتێ باسى سسته‌ره‌كان ده‌كات له‌وه ده‌دوێت كه خه‌مخۆرى ئه‌و خوشكانه ته‌نها به‌مه‌به‌ستى تیمارى شكستى فیزیكى نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى (باخچه‌ى زه‌رد) واته گۆڕینى ئه‌و ئاینده‌یه كه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌وش هیچ رووداوێكى تێدا روونه‌دات. (باغچه‌ى زه‌رد) دوو مه‌دلولى هه‌یه، یه‌كه‌میان تایبه‌ت به خودى گۆران ئه‌گه‌ر ژیان (باغچه) بێت ئه‌وا (باغچه‌ى زه‌رد) هاوشانه له‌گه‌ڵ ژیانى نه‌خۆشیدا، به‌ڵام دێڕى پێشتر كه ده‌ڵێت (نه‌ك هه‌ر بۆ تیمار ده‌ردم) ئه‌و بۆچوونه‌ى سه‌ره‌وه لاواز ده‌كات چونكه (تیمارو چاره) په‌یوه‌ست به‌خودى گۆرانى نه‌خۆش هه‌مان پرۆسه‌ى كاركردنن بۆ رزگاركردنى له نۆخشىیه‌كه‌ى. هه‌روه‌ك (ده‌ردو باغچه‌ى زه‌رد) یش هه‌مان مانا ده‌به‌خشن. بۆیه لێره‌وه ده‌شێ له‌دواى مه‌دلولى دووه‌م بگه‌ڕێین بۆ (باغچه‌ى زه‌رد) كه ئه‌ویش له‌راستیدا به‌شى دوایى شیعره‌كه ئاشكراى ده‌كات كه بریتىیه له‌مێژوو و شارستانێتىو ئاماده‌بوونى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌كه‌ى گۆران یان ئه‌و گه‌له‌ى كه گۆران ئه‌ندامێكه لێىو له‌و بوارانه‌دا واته مێژوو و شارستانێتىو ئاماده‌بوونى كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى لاواز‌و نادیاره‌و وه‌كو گوڵێكى سیس‌و زه‌رد وه‌هایه له باغچه‌ى گه‌شى شارستانێتىو ئاماده‌بوونى مرۆڤایه‌تیدا. له‌به‌شى كۆتایى شیعره‌كه‌دا ئاشكرا تر ده‌بێت كه گۆران له‌لایه‌ك له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ى وه‌كو كورد دهدوێو له‌لایه‌كى تریشه‌وه له‌سه‌ر گه‌لى عێراق كه ئه‌وه‌ش بۆ گۆران له‌وكاته‌دا شتێكه مایه‌ى سه‌رسوڕمان نىیه چونكه وه‌كو ئه‌ندامێكى مولته‌زیمى حیزبى شیوعى عێراقى ره‌وایه به‌و شێوه‌یه بیربكاته‌وه‌و له‌میانه‌ى شیعریشدا جیهانبینى سیاسى‌و فیكرى خۆى به‌رجه‌سته بكات. هه‌روه‌ك چ به‌گوێره‌ى كورد‌و چ به‌گوێره‌ى عێراقیش گۆران واى ده‌بینێت كه هێشتا له‌په‌راوێزى مێژوو و شارستانێتى دان‌و له‌كاروان بهجێماونو خه‌سڵه‌تى باغچه‌یه‌كى زه‌ردیان هه‌یه له‌نێو باغى گه‌وره‌ى شارستانێتىو پێشكه‌وتن‌و ئاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌و گه‌لانى جیهاندا.
گۆران وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى (بۆچ وا ماتى؟ بۆچ هه‌میشه خه‌مبار دیارى؟) ده‌داته‌وه. هۆكارى (ماتى) به‌ته‌واوى له‌سنوورى فاكته‌رى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه دوور ده‌كه‌وێته‌وه، له وهڵامهكهدا روخسارێكى مێژوویى‌و سیۆسیۆلۆژى به وه‌ڵامه‌كه‌ى ده‌به‌خشێت. گۆران تراژیدیاى (مات بوون) ده‌كاته سیفاتێكى گشتى‌و له‌سنوورى تایبه‌تى خودى خۆیى ده‌رده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌بارى یه‌كه‌مدا ده‌بێته هۆى شاردنه‌وه‌ى یان پشت گوێ خستنى كاریگه‌رى (نه‌خۆشى) بۆ دروستكردنى بارى (ماتىو خه‌فه‌تبارى). له‌بارى دووه‌میشدا رواڵه‌تى مێژوویى‌و سیۆسیۆلۆژى به‌رووداوه‌كه ده‌به‌خشێت، مۆتیڤى (مات بوون) راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌لماندنى ئاماده نه‌بوونى ئێمه له‌رووى شارستانى‌و مێژوویى‌و كۆمه‌لایه‌تىیه‌وه. ئه‌گه‌ر هۆكارى (مات بوون) به‌گوێره‌ى گۆران (نه‌خۆشىیه‌كه‌ى) بوایه ره‌نگه هێنده كاریگهرو ترسناك نه‌بوایه چونكه شاعیر له پشتى خۆیه‌وه مێژوو و شارستانێتىیه‌كى خاوه‌ن ناسنامه‌ى ده‌بینى، به‌ڵام له‌ساته‌وه‌ختێكدا كه ئه‌و مێژووه ئاماده‌بوونى نه‌بێت ئه‌وا گۆران له‌ناخه‌وه هه‌ست به‌هه‌ره‌سى گه‌وره دهكاتو كاتێ نه‌خۆشىیه‌كه كۆتایى به‌ژیانى ده‌هێنێت ئه‌م نه‌وه‌كو تاك نه‌وه‌كو كۆمه‌ڵه‌كه‌ى هیچى له‌دوا به‌جێ نامێنێت كه زیاتر ئه‌م بۆچوونه په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به كه‌سیه‌تى كۆمهڵایهتىو مێژوویى ئه‌و میلله‌ته‌وه كه گۆران ئه‌ندامێكه لێى، هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌شه هه‌ست كردن به فه‌نابوونى ته‌واوه‌تى لاى گۆران دروست ده‌كات گه‌رچى گۆران له‌رووى داهێنانه‌كه‌یه‌وه هه‌رگیز نامرێ، له‌لایه‌كى تره‌وه گۆران ده‌یه‌وێت خۆى له‌حاڵه‌تى تاكییه‌تى (فردى) قوتار بكات‌و له قه‌واره‌یه‌كى باڵاتردا خۆى جێگیر بكات. به‌مانایه‌كى دى ده‌یه‌وێت وه‌كو هه‌ر ئینسانێكى تر‌ى رۆژههڵاتو كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كان بوونى خۆى له‌نێو پێكهاته‌یه‌كى گه‌وره‌تردا كه ئه‌ویش (كۆمه‌ڵه) بپارێزێت كه ئه‌وه‌ش حاڵه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تى بۆ نێو سیسته‌مى عه‌قڵى ده‌سته‌جه‌مى كۆمه‌ڵگه، له‌پشتى ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌وه ده‌لاله‌تى ترس له‌مردن وه‌كو مۆتیڤێك كاردهكاتو ده‌یه‌وێت خۆى بسپێریت به حاڵه‌تێكى باڵاتر كه ئه‌ویش به‌كۆمه‌ڵایه‌تى كردنى سیفه‌تى (مات) بوونه‌كه‌یه‌تى چونكه له‌رووى ده‌روونیه‌وه له‌نێو پێكهاته‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌وره‌تدا (ترس) كه‌متر ده‌بێته‌وه.
گۆران هه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌ى ترس‌و چاوه‌ڕوانى مردنه‌دا نامێنێته‌وه‌و له‌به‌رده‌م مه‌رگى چاوه‌ڕوانكراویدا ده‌سته‌وسان نابێت‌و چۆك دابدات به‌ڵكو هیواى سبه‌ینێیه‌كى گهشو داهاتوویه‌كى زیندوو ده‌خوازێت، له‌دواكۆپله‌ى شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێت:
له‌ناو هه‌زارانا تاك تاك
لێومان هه‌یه پێبكه‌نێ
لاى ئێمه بۆ دنیا شادى
واتازه خه‌ڵك هه‌نگاو ئه‌نێ
گه‌رچى گۆران بارى ماتىو بێزارى نه‌ته‌وه‌كه‌ى دهردهخاتو لاى وایه ئه‌وانه‌ى تروسكه‌یان تیا به‌دى دهكرێتو هه‌ست به‌ئاسووده‌ییان ده‌كرێت زۆر كه‌من به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێمان ده‌ڵێت هیواى ده‌ركه‌وتنى سه‌ره‌تاى شادى‌و هه‌نگاونان بۆ دنیاى شادى هه‌ستى پێده‌كرێت. لێره‌وه ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات داخۆ له‌تێڕوانینى گۆرانه‌وه (دنیاى شادى) چى ده‌گه‌یه‌نێت؟ بۆ لێكدانه‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ نێو پانتایى مێژوو و رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، تا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه (دنیاى شادى) به بۆچوونى گۆران دیارى بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر له‌رووى كرۆنۆلۆژىیه‌وه له (وه‌ڵامى پرس) بڕوانین ئه‌وا له‌مانگى مایسى (1962) دا نووسراوه. لێره‌دا مه‌به‌ستمان له‌دیارى كردنى ئه‌و مێژووه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دوو ساته‌وه‌ختى تر‌ى مێژوویى نزیك له‌گه‌ڵ دوو رووداوى جیاوازدا كه ده‌شێ مه‌دلولى (دنیاى شادى) لاى گۆران په‌یوه‌ست بكرێته‌وه به‌و دوو رووداوه‌وه.
رووداوى یه‌كه‌م شۆڕشى چواره‌مى ته‌موزى (1958) و رووداوى دووه‌م هه‌ڵگیرساندنى ئاگرى شۆڕشى ئه‌یلولى (1961) ه. شۆڕشى چوارده‌ى ته‌موز به‌گوێره‌ى عێراق گۆڕانكارییه‌كى گه‌وره بوو. خاڵى كۆتایى هاتنى فه‌رمانڕه‌وایه‌ك مه‌لیكىو كۆتایى هێنان به جه‌ورو ستهمو ده‌سه‌ڵاتى راسته‌وخۆى ئیمپریالیزم‌و نۆكه‌رانى بۆ گۆرانى شاعیر‌و مولته‌زیمى سیاسى‌و ئه‌ندامى حیزبى شیوعى كه پێش شۆڕش له به‌ندیخانه‌دا بووه رووداوێكى گرنگه‌و ده‌شێ گۆران ئه‌و شۆڕشه به‌سه‌ره‌تاى دنیایه‌كى نوێ دابنێت.
بۆچوونى دووه‌م سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى كورده له ساڵى (1961) كه شیعره‌كه‌ى گۆران نزیكه‌ى هه‌شت مانگ دواى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و شۆڕشه گوتراوه. هه‌ڵبه‌ته شۆڕشى ئه‌یلول له‌رووى روانین بۆ مێژوو و مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وایه‌تى كورد رابوونه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌یه وه‌كو سه‌ره‌تایه‌كى نوێى بزاوتى رزگارى خوازانه‌ى نهتهوایهتىو دواى سه‌رجه‌م شكسته‌كانى پێشوو رابوونه‌وه‌یه‌كى نوێ بوو. ئێمه ده‌شێ له‌رووى په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌ى شیعره‌كه‌وه به پانتایى ژیانى كۆمهڵایهتىو سیاسى‌و مێژووییه‌وه ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ى بۆ بكه‌ین چونكه ناكرێت دوور له رووداوه مێژوویى‌و كۆمهڵایهتىو فكرییه‌كان بتوانین باسى ده‌قى زیندووى ئه‌ده‌بى یان هونه‌رى بكه‌ین. به‌ڵام له‌راسیتدا له‌رووكه‌شى ده‌قه‌كه‌دا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌م جۆره لێكدانه‌وه‌یه نادۆزرێته‌وه. به تایبه‌تى ئیلتیزامى گۆران به حیزبى شیوعیه‌وه زیاتر لێكدانه‌وه‌ى یه‌كه‌م به‌هێز ده‌كات. وه‌ڵامى گۆران بۆ پرسیارى دكتۆر بریتىیه له وه‌ڵامى نه‌ته‌وه‌كه‌ى یان گه‌له‌كه‌ى بۆ پرسیارى ئه‌ندامى نه‌ته‌وه‌یه‌كى باڵا. به‌پێى ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ش وه‌ڵامه‌كه‌ى گۆران زیاتر وه‌ڵامى ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیه‌و گۆران وه‌كو ئه‌ندامێكى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه وه‌ڵام ده‌داته‌وه، له‌بارێكى تردا بریتىیه له‌وه‌ڵامى گۆران یان هه‌ر ئه‌ندامێكى تر‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش گۆران خاڵێكى گرنگ له‌و شیعره‌دا تۆمار ده‌كات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ى مه‌ترسى مه‌رگیشدا كه‌چى گۆران هیواى به‌ئاینده هه‌یه‌و چاوه‌ڕوانى شادى‌و بهختهوهرىو ئاسۆى دنیاى نوێ ده‌كات. ئه‌مه‌ش بارێكى ده‌گمه‌نه، كاتێ مرۆڤ ئاگادارى نزیك بوونه‌وه‌ى مردنى خۆى بێت كه‌چى ئاواته‌خوازى ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بێت. واته پێى وایه شكستى (ئه‌م) شكست نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌ر مێژوو و بارى ژیان‌و شارستانێتى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له ئاستێكدا بوایه ئاماده‌بوونى هه‌بوایه، ئه‌وكاته وه‌كو تاكێكى كۆمه‌ڵگه ئه‌م له‌مردنى خۆى بێ‌باك ده‌بوو چونكه گه‌رچى وه‌كو تاك بسڕایه‌ته‌وه له‌نێو مێژوو و ئاماده‌بوونى نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ده‌پارێزرا.
بنیادى (پرسیار/ وه‌ڵام) له‌م شیعره‌دا ده‌شێ به‌پێى پرسیاركه‌ر (دكتۆره‌كه‌و) پرسیارلێكراو (گۆران) له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى مێژوویى‌و سیۆسیۆلۆژىو شارستانى هه‌ریه‌كه‌یان لێكدانه‌وه‌ى بۆ بكرێت. دكتۆر پرسیار ده‌كات له‌هۆى ماتىو خه‌مبارى گۆران كه‌واته ده‌بێ نیه‌تى چاره‌سه‌ركردنى ماتىو خه‌مبارى ببێته هۆ بۆ پرسیاره‌كه‌ى دكتۆر. به‌ڵام دكتۆر لێره‌دا بریتىیه له عهقڵو ئاماده‌بوونى ئه‌و شارستانێتىو مێژووه‌ى كه دكتۆر نوێنه‌رێتى. واته دكتۆر بریتىیه له عه‌قڵى ئاماده‌ى (سۆڤیه‌ت) ى كه‌واى له‌خۆى ده‌ڕوانى ده‌ورى دكتۆر ده‌بینێ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ده‌ردى گه‌لان به‌تایبه‌ت دواى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر كه دكتۆرى چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشى كوێره‌وه‌رىو دواكه‌وتوویىو ماڵوێرانىو ده‌رد كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى تر‌ى میلله‌تانى دواكه‌وتوو و چه‌وساوه‌ى ژێر چه‌پۆكى ئیمپرالیزمو نۆكه‌رانیه‌تى. هه‌ربۆیه پرسیارى دكتۆر پرسیارى رژێمى سۆڤێتىیه. گۆرانیش ته‌نیا بریتى نىیه له گۆرانى شاعیر كه دوو چارى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه بووه، به‌ڵكو گۆران نوێنه‌رى هه‌موو گه‌لانى به‌شخواروو چه‌وساوه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئیمپریالیزمه كه هۆى ماتىو خه‌مبارییه‌كه‌یان شیرپه‌نجه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌یه كه به‌ره‌و هه‌ره‌س‌و تێكشكاندنوههڵوهشاندنهوهو له‌نێوچوونیان ده‌بات. ده‌شێ شیعرى (وه‌ڵامى پرس) له ئه‌نجامى بڕوابوونى گۆران به‌وه‌ى كه تاكه رزگاركه‌رى گه‌لان له‌ده‌ستى ئیپریالیزمو نۆكه‌رانىو له‌ده‌ستىكۆنه‌په‌رستىو پاشڤه‌رۆیى كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌نیا له‌سایه‌ى هیمه‌تى ده‌وڵه‌تى سۆڤیه‌تدا بگاته ئه‌نجام ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیلتیزامى ئایدۆلۆژىو حیزبى ئه‌و كاته‌ى گۆران زیاتر به‌هێز دهبێتو له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین گۆران كه‌سییه‌تى حیزبى شیوعى عێراقى ئه‌وكاته‌یه‌و دكتۆره‌كه‌ش سیسته‌مى سۆڤیه‌تى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه‌چۆن حیزبى شیوعى هه‌موو هیوایه‌كى به‌سۆڤیه‌ت بوو كه وه‌كو تاكه هیواى گه‌لانى ماف خوراو به فریاى گه‌لى عێراقیش بكه‌وێت. لێره‌دا وه‌كوشاعیرێكى داهێنه‌ر حاڵه‌تێكى زاتى خۆى كه حاڵه‌تێكى پڕ مه‌ترسىیه‌و هه‌ڕه‌شه‌ى مه‌رگى لێ ده‌كات به حاڵه‌تێكى مه‌وزوعىو ده‌یبه‌ستێته‌وه به‌بارى دواكه‌وتوویىو ژێرده‌سته‌یى كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه‌و چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه تایبه‌تىیه‌كه‌ى خۆى له‌چاره‌سه‌رى ده‌ردى كۆمه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه. هه‌ر لێره‌وه ئیلتیزامى ئهدهبىو ئه‌خلاقى گۆران به هونه‌ره‌كه‌ىو به‌ستنى هونه‌ره‌كه‌شى به‌ژیانى میللهتو مێژوو و بارى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌له‌وه ئاشكرا ده‌بێت، به‌تایبه‌تى له (وه‌ڵامى پرس) كه‌دوا شیعرى گۆرانه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه گۆران تادوا ساتى ژیانى به‌هاكانى دوا پله‌ى داهێنانى پابه‌ندو په‌یوه‌ستى گوزارشت كردن بووه لهژیانو به‌هاكانى ژیان‌و گه‌ش بینیش بووه به‌وه‌ى كه داهاتووىنوێ هه‌ر ده‌بێ بگات به‌و دنیا نوێیه‌ى كه گۆران له‌كاتى نووسینى شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
لاى ئێمه بۆ دنیاى شادى
وا تازه خه‌ڵك هه‌نگاو ئه‌نێ
به‌ڵێ گۆران له‌روانگه‌یه‌كى ئاینده‌خوازىیه‌وه عیرفانیه‌وه ده‌ڕوانێته ژیان‌و به‌چاوێكى پڕ له یه‌قینه‌وه بانگه‌شه بۆ گۆڕانكارى ده‌كات، گۆڕانكاریش به‌لاى ئه‌وه‌وه گواستنه‌وه‌یه له‌م حاڵه‌ته نادروسته‌ى ساته‌وه‌ختى له‌دایك بووونى هه‌ڵبه‌ستى (وه‌ڵامى پرس) ه‌وه بۆ دنیایه‌ك كه به‌هیوایه پڕ له شادى‌و ئاسووده‌یى بێت، ئیتر گرنگ نىیه ئه‌ودنیایه ئه‌م پێى ده‌گات یان نا به تایبه‌تى كه ده‌زانێت دووچارى نه‌خۆشىیه‌كى كوشنده بووه‌و چاوه‌ڕوانى مه‌رگ ده‌كات. لێره‌وه‌یه گۆران حاڵه‌تى زاتى خۆى پشت گوێ دهخاتو قورسى له‌سه‌ر حاڵه‌تى مه‌وزوعى واته ژیانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى داده‌نێت كه به‌هیوایه به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش هه‌نگاو بنێت.
