ڕاكردن به دوای تراویلكه‌ی ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ئێمه به‌رده‌وام له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا، بێ هیچ ساغكردنه‌وه‌یه‌كی زانستی و میتۆدی، یان پێوه‌رێكی زه‌مه‌نی و مێژوویی، ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌بینه‌وه، كه بێ پۆلێنبه‌ندییان له ڕووی قۆناغه مێژووییه‌كه‌وه، گیروگازی گه‌وره له ڕووی واتاییه‌وه دروست ده‌كه‌ن. بۆ نموونه:
به‌رده‌وام باس له شیعری دوای ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئایا سیما هونه‌رییه‌كانی هه‌ر سێ ده‌یه‌كانی شیعری دوای ڕاپه‌ڕین وه‌ك یه‌كن له ڕووی گوتار و تێماوه؟ له‌و سۆنگه‌یه‌وه به‌رده‌وام كه‌سانێك باس له ئه‌زموونی جیاوازی شیعریی و دنیابینی شیعری جیاواز ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی له ڕووی شیكاریی و ده‌قه‌وه، به ئه‌رگۆمێنت ئه‌وه بسه‌لمێنن، كه ئه‌و شاعیره و ئه‌زموونه شیعرییه‌ی باسی ده‌كه‌ن، جیاواز و دابڕاو بێت. نووسه‌رێك له وتارێكی درێژدا باس له‌وه ده‌كات كه هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی له ماڵپه‌ڕی (ته‌م) ده‌نووسن و شیعر بڵاوده‌كه‌نه‌وه، له ڕووی ئه‌زموون و جیهانبینییه‌وه شاعیری جیاوازن له هه‌ر شاعیرانێكی دیكه، له كاتێكدا ئه‌وه‌ی كه‌مێك خوێنه‌ری شیعر بێت، ده‌زانێت ئه‌م ڕایه له دروشمێك ، په‌سن و پێدا هه‌ڵگوتنێكی هاوڕێیانه كه نووسه‌ره‌كه خۆشی شیعر له‌وێ بڵاوده‌كاته‌وه هیچی تر نییه، چونكه كاتێ به‌راوردێكی ساده‌ی زۆربه‌ی شیعری ئه‌و شاعیرانه ده‌كه‌ین، زۆر به ڕوونی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه نه له ڕووی جیهانبینی، نه له ڕووی ئه‌زموونیشه‌وه ئه‌م شاعیرانه نه‌ك له یه‌كتر جیاواز نین، بگره لاسایی یه‌كتریش له ڕووی تێمای شیعری ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك بابه‌تی ڕه‌شبینی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نیشتمان و ڕه‌خنه‌گرتن له سیاسه‌ت و پووچگه‌رایی ژیان و چه‌ندان بابه‌تی هاوشێوه‌ی دیكه‌ش. ئیدی نازانم كامه‌یه جیهانبینی و ئه‌زموونی جیاواز، گه‌ر شاعیرانێك هه‌موویان هه‌مان بابه‌تیان كاوێژكرده‌وه؟
ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی ده‌بێ زۆر به ڕوونی دان به‌و ڕاستییه دابنێین كه بڵاوكرنه‌وه‌ی شیعر له سۆسیال میدیا دا، هیچ داهێنانێكی تێدا نییه و بگره هه‌موو كه‌س ده‌توانێت شتێك به ناوی شیعر بنووسێت و تیایاندا بڵاوی بكاته‌وه كه ئه‌مه له میدیای كاغه‌زیدا بوونی نییه، چونكه چه‌ندین فلته‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق بوونیان هه‌یه. بێگومان شتێك نییه به ناوی ئه‌زموونی جیاواز، بێ زمانی و بیركرنه‌وه و ستایلی جیاوازی شیعری. گۆران كاتێ شیعری كوردی نوێ ده‌كاته‌وه، نایه‌ت وه‌ك نالی و پیره‌مێرد بنووسێت، نایه‌ت به گشتی شیعری سه‌روادار ، ئاسۆیی بنووسێت، به‌ڵكو زمان و ده‌ربڕین و تۆپۆگرافیا و ڕووبه‌ری ده‌قی شیعری پێش خۆی جێدێڵێت و به جیهانبینییه‌كی تازه‌وه شیعر ده‌نووسێت. بێگومان گۆران له‌و نوێكاریه‌دا به ته‌نها نه‌بوو، به‌ڵام بۆچی ته‌نها ناوی وه‌ك وه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ، به ئاراسته‌ی شیعری ئازاد دێت؟ چونكه ته‌نها ئه‌و توانی سیما و خاسیه‌ته‌كانی شیعری ئازاد دابهێنێت. لێره‌وه‌ش باسكردن له ئه‌زموونی شیعری جیاواز، بێ بوونی زمانێكی جیاواز، له ڕاستیدا تێنه‌گه‌یشتنه له شیعر، چونكه كاتێ شاعیرێك به هه‌مان وێنه و وه‌سف و زمان و جیهانبینی شاعیرانی تر ده‌نووسێت، ئیدی نازانم ئه‌زموون و جیهانبینی جیاواز له كوێیه؟ كاتێ ڕه‌شبینی و گوتاری ڕه‌تكردنه‌وه و بوهیمیانه‌ی ژیان، كۆی گوتاری ئه‌زموونی سه‌دان به ناو شاعیری گه‌نجی دوای ڕاپه‌ڕین پێكدێنێت، بێگومان شتێك نامێنێته‌وه به ناوی ئه‌زموون و جیهانبینی جیاوازی شیعری، به‌ڵكو ته‌نێ په‌سندانێكه، كه ڕه‌نگه فاكته‌رێكی شارچییه‌تی، هاوڕێیه‌تی و گرووپگه‌رایی له پشت بێت، كه ئه‌مه‌ش دووره له دیدگای ڕه‌خنه‌ییانه بۆ شیعر. ئه‌زموونی جیاوازی شیعری، قسه نییه هه‌موو كه‌سێك فڕێی بدات، به‌ڵكو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی ئه‌ده‌بی و مه‌عریفی گه‌وره‌یه نابێ له سۆنگه‌ی هه‌ر پاڵنه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بێت، كه‌سانێك بیده‌نه پاڵ شاعیرانێك كه هاوڕێی خۆینی.
ڕه‌خنه‌گر كه‌سێكه، له ژێر كاریگه‌ریه‌تی هیچ دیدگایه‌كی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی خوێنه‌وه بۆ ده‌ق ناكات، به‌ڵكو ته‌نها ده‌ق ده‌كاته سه‌نته‌ر، هه‌ر لێكۆڵه‌ڕێكیش به‌و شێوه‌یه نه‌ڕوانێته ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه، بێگومان له ماهییه‌تی ده‌ق نه‌گه‌یشتووه، گه‌ر سه‌دان وتاریشی له باره‌ی شیعره‌وه نووسیبێت.
*ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره ( 4354) له 14/8/2025 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
