ئاوەڕشێن یان بە هەدەر دان.. نەوزاد بەندی
ڕەنگە بڵێم ووشەی ئاوەڕشێن و ئاوپرژێن هەر لە فەرهەنگ و سەر زاری کوردا هەبێ، چونکە ئاو نە بۆ پرژاندن دروستکراوە و نە بۆ ڕژاندن.. لە نانی تیرییەوە هەتا بەردەرگا هەتا پاککردنەوەی ئوتومبیلەکان، ئێمەی کورد خەریکی بێ ڕێزیکردن و بە هەدەردانی ئاوین .. هەڵبەت کە دەڵێم کورد مەبەستم له کوردی باشوورە، ئەگینا من زۆربەی شارە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەڕاوم، ئاو بەردەوام هەیە و نابڕێت و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، تانکی ئاو لە هیچ سەربان و بنبانێکدا نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ کەسێک دڵۆپێک ئاو بە هەدەر نادات و شتێک نییە بە ناوی ئاوڕشێنکردنی بەردەگا، یان شۆردنی ئوتومبیل لە پێش دەرگا.. کارەبای بەردەوام هەیە و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، هیچ کەسێ گڵۆپی زیادە داناگیرسێنێ ..
بە داخەوە لای ئێمەی کوردی باشوور، ئەگەر هەفتەی دوو سەعات ئاوی ڕەئیسیی بێتەوە، هەموومان ئەڕشێینەوە پێیدا، لە تانکییە بێ تەوافەکانمانەوە، کە وەک تاڤگە لە گوێسەبانەی خانۆکانمانەوە دێتە خوارەوە، هەتا ڕشانەوەی خانمان بە سۆندەکانی دەستیان و تەڕکردنی حەوشە و بەردەرگانیان.. سەدان هەزار بیری ئاو لە ماڵەکانماندا لێدراون ، وا ئەزانین ئاوی ژێر زەوی موڵکی کەسیی خۆمانە، بە حەق و ناحەق ئاوی ژێر زەمین بە هەدەر دەدەین .
کارەبا هەتا گرانتر بێ، زیادەڕەوی زیاتری تێدا دەکەین، زنجیرە گڵۆپی ئەمبەر تا ئەوبەری فرۆشگاکان، چلچرا و ملیۆنەها گڵۆپی بێ سوود لە دەرەوەی ماڵەکانماندا ئەسوتێن ..
چونکە ئێمە میللەتێکی بێ هونەرین، بێ منەتین، دووربین نین ..
خواردنیش یەکێکە لەو شتانەی کە زیادەڕەوییەکی زۆری تێدا دەکەین، ڕۆژانە سێ ژەم خواردنی جۆراوجۆر ئەخەینە سەر سفرەکانمان و .. بەشێکی زۆری فڕێدەدەینە ناو تەنەکەی خۆلەکانمان، بەو جۆرە هەم پارەیەکی زۆرمان ئەبێ بە هەڵم و .. هەم تەنەکەی خۆڵەکانمان بۆگەن و چەور و ناشیرین ئەبێ، بەوەیش کۆڵانەکانمان ئەبنە مۆڵگەی مێش و مەگەز و دیمەنی ناشیرین… هەروەها لە جل و بەرگ و ئوتومبیل و مۆبایل و کەل و پەلی ناو ماڵ و ئامێرەکانماندا، خەریکی دەستبڵاوییەکی کوشندەین، بە جۆرێک بازاڕی دەستی دوو، چوار ئەوەندەی بازاڕی نوێ، کەل و پەلی تازە و بێ عەیبی تێدایە، کە مەبەست لە فرۆشتنی، تەنها زیادەڕەویی و لوتبەرزیی و کێبڕکێی یەکترییە.
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادە ڕەو ئەبێ، بەردەوام لە کێشە و قات و قڕیدا ئەژی، چونکە هەموو شتێ لەم بوونەدا بە پێی پێویست دروستکراوە، کاتێ مرۆڤ زیاد لە پێویست شتێک بە هەدەر ئەدا، ئەو شتە بەش ناکا، کۆتایی دێت، لە بەرامبەردا بە هەدەردەری ئەو شتە، ئەبێتە گیاندارێکی دڕندە و بێ بەزەیی و بەربەریی، وا ئەزانێ هونەری ژیان بریتیە لە دەستبڵاویی و بە هەدەردانی ماڵ و سامانی سەر زەوی..
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادەڕەو دەبێ، هەژارەکان و گیانەوەرەکانی تریش زیان دەکەن، چونکە ناتوانێ یارمەتییان بدات، ئەگەر موسوڵمانە، ناتوانێ زەکات بە هەژاران بدات، ئەو بە ڕاست و چەپدا، ماڵ و سامان بەهەدەر دەدات و ناتوانێ پاشەکەوت بکات، ئیتر چۆن ئەتوانێ مافی خوا بدات کە بریتییە لە زەکات .. خۆ ئەگەر ئاینداریش نەبێ، دیسان ناتوانێ یارمەتی ئەوانی تر بدات، مرۆڤی زیادە ڕەو هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا ئەژی و هەست ئەکا تەنها خۆی شایانی خزمەتکردن و خەرجکردن و بەهەدەردانە ..بەوەیش لە هەموو بەها و هەست و سۆزە مرۆڤایەتییەکان دادەشۆرێتەوە.
شایانی باسە، لەم کۆمەڵگایەدا، لە شا هەنا سەپان خەریکی بە هەدەردانن .. ئەوەنا دەسەڵاتداران زۆر بە بێ باکیی نەوت و گازی سروشتیی بە هەدەر دەدەن، هەرزان فرۆشی ئەکەن و ..ئەڵێن داهاتی نەوت و گازی سروشتیی سفرە..یان ئەڵێن هێشتا قەرزارین.. موچە و مافی خەڵکەکە نادەن و بە هەزار بەهانە، لەو خەڵکە تێدەگەیەنن کە بار و دۆخەکە نەخوازراوە و ناتوانن ماف و حەقدەستی هاووڵاتیان بدەن.. خەڵکەکەیش چونکە خۆیان خەریکی بە هەدەردان و دەستبڵاویین، ئەو دۆخەیان پێ ئاساییە و کاردانەوەیان نابێ .. بەو جۆرە ئیتر کاربەدەستان ئەبینی لە لوتکەی بە هەدەرداندا دەردەکەون و شانازیشی پێوە دەکەن، بۆ نمونە بە کراسێکی چەند هەزار دۆلارییەوە .. یان بە کاتژمێرێکی چەند ملیۆن دۆلارییەوە .. بە ئوتومبیل و کۆشک و فڕۆکەی زۆر گرانەوە دەردەکەون، لە بەرامبەردا میللەتەکەیش ئەکەونە ڕوتاندنەوەی یەکتریی، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن وەک بوونەوەرێکی بەهەدەر دەر دەربکەون و مۆدێلی سەرکردەکانیان نمایش بکەن ..وەک خۆیان ئەڵێن تەخشان و پەخشانی پارە بکەن و .. بە شوێنپێی دەسەڵاتدارەکانیاندا بڕۆن و لاساییان بکەنەوە .. بەو جۆرە کۆشکی هاوینە و زستانە و ..کۆشکی هەندەران و ..باخی خەیاڵیی و ..پاسپۆرتی سان کیتس و دۆمینیکان بە دەیان سەدان هەزار دۆلار …ئوتومبیلی زۆر گرانبەها لە کوچە و شەقامە داڕوخاوەکاندا دەردەکەون ..
لێرەدا ئیتر مرۆڤایەتیی کۆتایی دێت .. نیشتمان ئەبێتە گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی بازاڕیانە و .. هەر یەکەی لە شوێنی خۆیەوە ئەبێتە فیرعەونێک و ..هەوڵ ئەدات ئەوانی تر تێپەڕێنێت و .. خۆی بە شێوەیەکی شاهانە نیشان بدات .. دواجار ئەو هەموو شا و شاهەنشا ڕاستەقینە و خەیاڵییە، توشی دۆخێک ئەبن، پێی ئەووترێ دۆخی قات و قڕیی .. قات و قڕی لە هەموو بەها و ماف و هەست و سۆزێکی مرۆڤایەتیدا ..قات و قڕیی لە هەستی ئاینیی و نەتەوایەتیدا.. قات و قڕیی لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا .. ئیدی پیوەری هێز و ڕێز بە ڕێژەی بە هەدەردانەوە پەیوەست دەکرێت، هەتا زیاتر ئەوانی تر بڕوتێنیتەوە و سامانی نەتەوایەتیی دیزە بەدەرخۆنە بکەیت، بەڕێزتر و بەهێزتر ئەبیت .. ئەوانی تریش، لە کەسانی سادە و کەمئەندام و کەمەقڵەکان، ئەبنە سووتەمەنیی بۆ خواست و خەون و غەریزە و حەزە تاکە کەسییەکانی چەند بەهەدەردەرێکی زەبەلاحی بێ هونەر.
