پیشەسازیی وەهمەکان.. نووسینی: کەریم جدی.. و: یاسین لەتیف
١
ئایا وەهمەکان بە مرۆڤەوە نووساون؟ ئایا دروستکردنی وەهم لە ژیانی مرۆڤایەتی و لە ڕۆژگاری ئێستاماندا پێویستییە؟
ئایا دڵخۆش دەبیت یان غەمبار، ئەگەر وەهمێکت لەدەست دا؟
٢
ناتوانین باسی وەهم بکەین بەبێ باسی خەیاڵ و خەون. جگە لەوەی بیرمەندان و فەیلەسوفان مرۆڤ بە “گیانلەبەرە باڵاکە” و “گیانلەبەری قسەکەر” ناودەبەن، سیفەتی تریشیان خستۆتە پاڵی وەک “گیانلەبەری بیرکەرەوە” و “ئەو گیانلەبەرەی خەون دەبینێت”. خەیاڵ لە چوارچێوەی چالاکییە هزرییەکانی مرۆڤدایە. خەیاڵ ئازاد و بێ سنوورە، هەرچەندە پەیوەندی بە دەوروبەر و ئاستی بیرکردنەوەوە هەیە، بەڵام سیفەتی فڕین، کراوەیی، نەرمی و ڕۆشتنی بەرەو دوورترین و نامۆترین شوێنەکانی هەیە. هەر بۆیە، ئەگەر بکرێت جەستەی مرۆڤ لە ڕووی جوڵە و شوێنەوە سنووردار بکرێت، خەیاڵەکەی سنووردار ناکرێت. بگرە سەلمێنراوە کە هەرچی شوێنی مرۆڤ تەسکتر بێتەوە، زیاتر پەنا بۆ ئازادکردنی خەیاڵ دەبات؛ وەک ئەوەی لەگەڵ زیندانییەکاندا ڕوودەدات. بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە پشتگیریکردنی ئەم مەسەلەیە وەک ئامانج، جۆرێکە لە “تراژیکۆمیدیا”، چونکە ئێمە هانی زیندان نادەین بەڵکو هانی باخچە دەدەین. ئێمە لەگەڵ فەزا و ئاسۆی ئازاد و ئەو ڕۆحەداین کە پێویستی بە فراوانی هەیە، چونکە بەبێ فراوانی خەیاڵ کز دەبێت و وشک دەبێت.
٣
خەون پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە خەیاڵەوە هەیە. دەکرێت خەون بەوە پێناسە بکرێت کە خەیاڵێکە بەرەو ئامانجێک هەنگاو دەنێت؛ ئاواتێکە کە تەماح و ئارەزووی تێدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی هەیە بەرەو شتێکی تر. سەیر نییە کە خەون بە یەکێک لە نیشانەکانی ژیان دابنرێت. بگرە داهێنان وا مرۆڤ دادەنێت کە بەبێ خەون مردووە، وەک لە فیلمێکدا دەڵێت:
(بەبێ خەون، تۆ مردوویت – Without dream you are dead) ئەوەی خەون نەبینێت، بێدەنگ و بێجوڵە دەبێت. بێدەنگی بەم مانایە نەمانی چالاکییە، و بنەمای چالاکیش پەیوەستە بە ژیانەوە. هەندێک کەس ئەگەر لە خەون بینین بوەستن، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
٤
ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی لوبنانی ئیلیاس خووری دەڵێت: شاعیر یەکەم کەسە دەشکێت ئەگەر خەونەکەی بشکێت، هەروەها یەکەم کەسیشە دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی. بەشی یەکەمی ڕستەکە بە ئاسانی قبوڵ دەکرێت. لای شاعیر خاوەن هەستێکی ناسکە و خەونەکانی تا ئاستی عەشق خۆش دەوێت. خەون بۆ ئەو مەسەلەی “بنەما” و “ستراتیژیی ستراتیژییەکانە”. بۆیە سەیر نییە شاعیر بشکێت ئەگەر خەونەکەی لەدەست بدات. بەڵام ئەوەی کە ئایا شاعیر دوای ئەوە هەڵدەستێتەوە یان نا، بابەتێکی ئەگەرییە و پەیوەستە بە واقیع و خودی شاعیرەکەوە. بەڵام بۆچی و چۆن شاعیر دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی؟ مەگەر شاعیر خەبات بۆ هێنانەدی خەونەکەی ناکات؟ لێرەدا کێشەی خەون و دژایەتییەکەی دەردەکەوێت. خەون وەک خۆراک و وزەیە، پاڵت پێوە دەنێت بۆ بەردەوامی و بەرەو پێشەوە و قووڵتربوونەوە. خەون هەمیشە سەرقاڵت دەکات، بەڵام هەر کە هاتە دی، هەست بە جۆرێک لە بۆشایی و لەدەستدان دەکەیت. چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە خەونی نوێ هەیە، و ژیانیش ئەگەر بە باشی لێی بڕوانین، خەونی زیاترمان پێ دەبەخشێت.
پەیوەندی شاعیر بە خەونەوە دەکرێت بۆ هەموو داهێنەران و مرۆڤ بە گشتی گشتگیر بکرێت.
٥
لە نێوان خەون و وەهمدا داوێکی زۆر تەنک هەیە. جۆرە جۆلانەیەک هەیە کە خەون دەباتە شوێنی وەهم، و وەهم دەباتە شوێنی خەون. وەهم خەونێکی درۆینەیە، عەشقێکە کە خیانەت ئاشکرا دەکات. ئەوەی وەهمی هەڵگرتووە نازانێت کە وەهمە، بەڵکو وەک خەون و تەماح و هەوڵێکی ڕەوا دەیبینێت، دوای ئەوە ئاشکرابوون و دڵنیابوونەوە دێت. کاتێک خەونێک دێتە دی، شادییەکی زۆر دامان دەگرێت (هەرچەندە خەمێکی کەمی لەدەستدانیشمان بۆ دروست بێت)، بەڵام کاتێک خەونەکە دەبێت بە وەهم (واتە زانستی و ڕاست نەبێت)، نائومێدییەکی گەورە دەمانپێکێت.
٦
لە نیشانەکانی بەدبەختی و بەدبەختەکان ئەوەیە کە وەهم پۆشاکی خەون دەپۆشێت. مرۆڤ ناتوانێت بە ئەنقەست وەهم بۆ خۆی دروست بکات، چونکە وەهم زیان و قسەی پووچە. هەندێک وەهم هەن کە لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، هەندێکی تریش بەهۆی زیادەڕەویکردن لە هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەدا دروست دەبن. بەڵام ئێمە باسی ئەم جۆرە ناکەین. ئێمە باسی بەرهەمهێنانی وەهم دەکەین بە شێوەیەکی بە ئەنقەست، کاتێک ئەوانی تر وەهمت بۆ دروست دەکەن یان تۆ بۆ ئەوانی دروست دەکەیت. تۆڕێک دەخرێتە خوارەوە، تەڵەکە وەهمە، نێچیرەکەش ماسی نییە بەڵکو ئەو مرۆڤانەن کە هۆشیاری و بەختەوەرییان کەمە. بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتنی وەهمەکان لە سەردەمی ئێستاماندا لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بازاڕی زۆر گەرمە. سیستەمەکان، دەوڵەتەکان، دامەزراوەکان و تاکەکان ئەم کارە دەکەن. پیشەسازیی وەهم کارێکی سادە نییە، بگرە لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان ئاڵۆزترە و ئەنجامی چەندین ڕەگەزە کە تۆڕێک پێک دەهێنن. ئەو پرۆسە عەقڵییانەی لە پشت ئەمەوەن دەکرێت ناوی بنێین (سیستەمی فیکری) .
٧
ئێمە خەونەکانمان خۆش دەوێت و خەمبار دەبین ئەگەر خەونێک لەدەست بدەین، بەڵام هەندێک کەس هەڵدەستنەوە و بەردەوام دەبن و خۆیان نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریش دەکشێنەوە و گۆشەگیر دەبن. شاعیر مەحموود دەروێش دەڵێت:
”خەونێکی جوانم لەدەستدا سۆزی گوڵە لۆتۆسەکانم (زەنبەق) لەدەست دا
شەوم درێژ بوو
لەسەر پەرژینی باخچەکان
بەڵام ڕێگاکەم (ئامانجەکەم) لەدەست نەدا
٨
ئەدۆلف هێتلەر کاتێک خەونەکەی بوو بە وەهم، خۆی کوشت. ئەو کچەی خەون بە گەنجێکی بێ کەموکوڕییەوە دەبینێت و هەموو ڕۆژێک مەرجێکی نوێ زیاد دەکات، لە کۆتاییدا بە تەنیا و قەیرەیی دەمێنێتەوە. ئەو کەسانەی چاوەڕێن ڕووبارەکە بە پەڕەشووت لە ئاسمانەوە بۆیان بێتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی سەرکەوتن دابین بکەن، هەمیشە لەناو شکستی و ژێردەستەییدا دەمێننەوە. ئایدیۆلۆژیاش، هەر ئایدیۆلۆژیایەک بێت، کە بیەوێت لە هەموو کات و شوێنێکدا بێت و هەمیشە مەدالیای زێڕ بباتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و کات، ئایدیۆلۆژیایەکی پووچەڵە.
٩
هەندێک کەس دڵخۆش دەبن کاتێک وەهمەکانیان بۆ دەردەکەوێت، کاتێک هەست دەکەن وەهمێکیان لەدەست داوە یان شتێکیان بردووەتەوە. بەڵام هەندێکی تر تووشی شۆک دەبن، ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیبوو، دەیانویست وەهمەکە هەر بە وەهمی بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بزانن وەهمە. ئای وەهمە ئازیزەکەم!
سەرچاوە:
( لە لاپەڕەی فەرمی کەریم جدی وەرگیراوە)
