Skip to Content

دەستە جوانەكانت مەشارەوە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

دەستە جوانەكانت مەشارەوە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by ئایار 15, 2026 General, Opinion

چڵ ساڵە، ڕۆژانە و بەشێوەیەكی بەردەوام، لەگەڵ مرۆڤێكی خاوەن پێداویستی تایبەت مامەڵە دەكەم، كە ئەویش خوشكە كەڕو ڵاڵەكەمە كە هەر لەزگماكەوە، بە داخەوە نابیست بوو، بەو هۆیەوەش فێری زمان نەبووە، جگە لە چەند دەربڕینێكی ناڕێكخراو، كە تەنها من تێیان دەگەم و بگرە ڕۆڵی وەرگێڕیش لە نێوان ئەو و دایكم و باوكم و هەمووكەسەكانی دیكەش دەبینم، كە ئەو بیەوێت باسێكیان تێ بگەیەنێت ! بۆیە زۆرباش لەوە گەیشتووم ئەم جۆرە مرۆڤانە، كە بە داخەوە لە نێو كۆمەڵگە ناهوشیارەكەی ئێمە، بەردەوام شكۆیان دەشكێت و دەكرێنە بابەتی پێكەنین و توانج و كۆمێنتی بێ مانای سۆسیال میدیا، چەندە مرۆڤی تێگەیشتوو، زیت، بە توانا و بە هەستن و گەر ئەندامێكی لەشیان نەبێت، پەروەردیگار بە شێوەیەكی دیكە و زیاتریش بۆی قەرەبوو كردوونەتەوە. هەر بۆ نموونە ئەو خوشكەی من، هەرچی ڕابردووە، هی تەنانەت سی ساڵ زیاتر لەمەوبەریش بە بیری ماوە. لە هەموو ژیانی، یەكجار مرۆڤێكی بینیبێت، دوای یەك سەدە بیبینێتەوە دەیناسێتەوە ! بۆیە ئەو مرۆڤانە، كە بە هۆی زگماكییەوە، یان ڕووداوێكی سیاسی و سرووشتییەوە، كەم ئەندام دەبن، لە ڕاستیدا كەم ئەندام نین، بەڵكو نوقسانەكان ئەوانەن كە ئەقڵی درك پێ كردنیان نییە، گەر هەموو لەشیشیان ساغڵەم بێت، بە پێچەوانەوەش، ئەوانەی ئێمە بە خاوەن پێداویستی تایبەتیان دەزانین، لە ئێمە هوشیارتر و بە هەستترن. بەداخەوە لەو كۆمەڵگەی ئێمەدا، مرۆڤ كە خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، ئیدی هەست بە شكانەوە و بۆشایەكی گەورەی دەروونی و ڕوحی دەكات و لە ناخەوە هەمیشە بریندارە و لە هەر دەركەوتنێك و تێكەڵاوییەك، دەبێ خۆی بۆ دڵشكانێك ئامادەكردبێت. بۆیە هەمیشە دەیەوێت، دووربكەوێتەوە و نوقسانییەكەی لە چاوی ئێمەی گوایا تەواو بشارێتەوە. دیمەنی گەنجێكی گەشتیار، كە بە مەبەستی بازاڕكردن لە نێوشەقامی سەرەكی شاری ڕواندز، لە ئوتومبێلەكەی دابەزی، لە ناخەوە برینداری كردم و ئەو دیمەنە، ڕەنگە تا ئەو ڕۆژەی دەمرم، بە دیواری یادەوەریمەوە هەر بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە. گەنجەكە هەردوو دەستی لە دەستی ئاسایی كورتتر بوون وبە قەبارە بچووكتربوون، بۆیەهەركە لە ئوتومبێلەكە بە بەردەمەوە دابەزی، یەكڕاست دەستەكانی شاردەوە وخستییەوە نێوگیرفانی. بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا بازاڕكردنەكەی لەگەڵ هاوڕێكانی تەواوكرد و دەستەكانی نەهێنایە دەرەوە، تا سواری ئوتومبێلەكە نەبووەوە. لە كۆمەڵگەی دواكەوتووی ئێمەدا، مرۆڤەكان لە سەر بنەمای مرۆڤبوونەوە نابینرێن، بەڵكو لە سەر بنەمای جەستە و قۆزی و پۆست و ناوبانگ و ئەقڵی عەشیرەتی و دیوەخانییەوە دەبینرێن، بۆیە ئەوانەشی كە ساغڵەمن، لە ڕووی پلە بەندی كۆمەڵایەتییەوە زۆرجار دەكەونە بەر گاڵتە و شكانەوە، چ جای ئەوەی مرۆڤ خۆی كەم ئەندام بێت. خاوەن پێداویستییە تایبەتە ڕاستەقینەكان ئەوانەن، كە جەستەیان ساغە ومێشكیان بەكار ناهێنن، نەك ئەوانەی هزر ودرك كردنیان هەیە و ئەندامێكی جەستەیان تەواو نییە. مەگەر ئێمە هەموومان مرۆڤی نین؟ كەواتا دەبێ وەك مرۆڤیش تەماشای یەكتری بكەین. گرنگە نییە مرۆڤ بین، گرنگە مرۆڤبوون پەیڕەو بكەین، بۆیە دەبێ بە چاوی مرۆییانەوە سەیری ئەوانە بكەین، كە هیچیان لە ئێمە كەمتر نییە و ئەگەر زیاتریش نەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا بە داخەوە زۆر بێ خزمەتگوزار و بێ نازن، وێرای ئەوەی كاریان نادەنێ، كەچی مووچەكەشیان بارتەقای یەك شەوە لایڤی بەرپرسێكی گەندەڵی ئەم هەرێمە نییە، كە خۆی هەزارن نوقسانی گەورەی هەیە و دەستە جوانەكانی ئەو جۆرە مرۆڤە جوانانە، لە مێژووی ناشیرینی ئەو بەرپرسانە هەزاران جار بەهادارترە.

*ئەم بابەتە لە ژمارە(1845)ی هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان، ڕۆژی 12/5/2026بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next