Skip to Content

چیڕۆكی: كۆڵبه‌ری … نوسینی: زانا خدر  كۆڵبه‌ری

چیڕۆكی: كۆڵبه‌ری … نوسینی: زانا خدر كۆڵبه‌ری

Closed
by ئازار 25, 2019 General, Literature

1
شه‌وێكی تاریك و ئه‌نگوسته‌ چاو بوو، مه‌له‌كبین ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌ك شێت به‌ناو كۆڵان و به‌سه‌ر شه‌قامه‌ گشتییه‌كاندا له‌ شه‌وو ڕۆییه‌كی بێكۆتا دابوو. به‌خوڕ باران ده‌باری، تاریكی شه‌و و تاریكی ئه‌م شاره‌ تاوناتاوێك به‌ هه‌وره‌ بروسكه‌ی وێڵ و سه‌رشێت ده‌ڕه‌وییه‌وه‌. به‌ڵام هیچ شتێك نه‌بوو ئه‌و غه‌مه‌ی کە مانگێك بوو به‌سه‌ر شاردا باڵی كێشابوو، بڕه‌وێنێته‌وه. بارانی به‌خوڕ و گرمه‌ی هه‌ور تێكه‌ڵ به‌ گریان و هاواری مه‌له‌كبین ده‌بوون، بێ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به‌خۆیدا بێته‌وه‌، بێئه‌وه‌ی شه‌رمبكات، بێ ئه‌وه‌ی سڵ له‌و هه‌موو چاوه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ سه‌یریان ده‌كرد، بێئه‌وه‌ی نرخێك بۆ هیچ بنه‌مایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دابنێت، كه‌ له‌و ساتانه‌ی مرۆڤ وه‌ها وێران ده‌بێت، نرخی چڵه‌ پوشێكیان نامێنێت. پڕ به‌گه‌رووی گۆرانی عه‌زیز شارۆخی به‌ گوێی ئه‌م شاره‌ بێده‌نگه‌دا ده‌دا و هاواری ده‌كرد: تۆ نه‌بی منیش… ژیانم ناوێ، بەبێ تۆ دڵم ده‌وەستێ له‌ لێدان… وه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی نه‌فی كراو، وه‌ك منداڵێكی سه‌رگه‌ردان، به‌هه‌موو لایه‌كدا ده‌یڕوانی. به‌دوای شتێكدا وێڵ بوو بۆی نادۆزرایه‌وه‌‌. كه‌ هەتا هه‌تایه‌ بۆی نادۆزێته‌وه‌. هه‌مووان پێیان وابوو كۆتا شه‌ویتی و گیان ده‌سپێرێ.

  • خانم تكایه‌… خۆتت وێران كرد، كۆتاییه‌كه‌ی خێر نابێت. یه‌كێ له‌و پیاوانه‌ی دڵی هاتبووه‌ هه‌ژان وای پێ گووت.

2
مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، له‌ شه‌وێكی وه‌ها تاریك و نوتەكدا، جه‌مشید ئه‌فسه‌ری و مه‌له‌كبینی ده‌زگیرانی، بۆ قسه‌كردن و به‌سه‌ر بردنی كات، به‌ ڕێگاوه‌ بوون بۆ ناوه‌ڕاستی شار. وه‌ك بڵێی بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی مه‌رگی خۆیان سه‌ریان هه‌ڵگرتبێت، هه‌نگاوه‌كانیان قوڕس و هێواش بوون. مه‌له‌كبین هه‌موو گیانی ده‌له‌رزی، ئه‌و سه‌رمایه‌ی له‌نێو جه‌سته‌ی ئه‌ودا بوو، ئه‌و سه‌رمایه‌ نه‌بوو كه‌ باوه‌شی به‌شاردا كردبوو، سه‌رمای شار سه‌رمای مانگی ئه‌یلوول بوو، سه‌رمای پایز بوو، سه‌رمای نێو ڕۆحی مه‌له‌كبین سه‌رمایه‌ك بوو له‌ هیچ شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌ وه‌ها به‌ سه‌ختی و قورسی بوونی نه‌بوو‌. جه‌مشید ئه‌فسه‌ری ده‌زگیرانی بێ به‌زه‌ییانه‌ سه‌رماكه‌ی سه‌ختتر ده‌كرد، بێ ئه‌وه‌ی به‌لاوازی دڵی مه‌له‌كبین بزانێ. جه‌للادانه‌ باسی شه‌ڕ و به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگی ده‌كرد.
مه‌له‌كبین كچی مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتی، كۆڵبه‌ره‌ به‌ ئه‌زموون و پیره‌كه‌ی شار بوو، دایكی له‌ناو جێگاكه‌وتبوو، دوو خوشكی هه‌بوو هه‌ردووكیان شویان كردبوو، برابچووكه‌كه‌ی كه‌ ته‌مه‌نی پانزه‌ ساڵان بوو شه‌هیدی ڕێگای كۆڵبه‌ری بوو، ساڵی ڕابردوو له‌ نێوان سنووری عێڕاق و ئێران به‌ر ده‌ستڕێژی گوله‌ی پاسدارانی سنوور كه‌وتبوو. به‌م هۆیه‌ دایكی مه‌له‌كبین جه‌ڵده‌ی ده‌ماغ لێیداو كه‌وته‌ ناو جێگا، تا ئێستاش زمانی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و ڵاڵ بووه‌.
باوكی جه‌مشید به‌و هۆیه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌و قاته‌ كوردیانه‌ی ده‌ی پۆشین له‌و قوماشه‌ بوو كه‌ ناوی (ئه‌فسه‌ری) بوو، پێیان ده‌گووت مه‌زهه‌ر ئه‌فسه‌ری. ئه‌و كاته‌ی جه‌مشید ته‌مه‌نی دوانزه‌ ساڵان بوو، مه‌زهه‌ر ئه‌فسه‌ری له‌ ڕێگای كۆڵبه‌ری له‌ زستانێكی سه‌خت له‌ شاخێكی عاسی ڕه‌ق بوببەوە‌وه‌… هه‌موو دانیشتوانی ئه‌م شاره‌، ساڵانه‌ یادی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەیان دەکردەوە، هیچ كات نه‌بووه‌ یادی ڕۆژێك، یادگارییه‌ك، ساتێكی خۆش بكه‌نه‌وه‌، هه‌موو دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ به‌ پیر و منداڵ و گه‌نجه‌وه‌ تاكه‌ پیشه‌یان میحنه‌ت ژماردن بووه‌. جه‌مشید ئه‌فسه‌ری، تاكه‌ میراتی باوكی بوو له‌و دونیایه‌ مایه‌وه‌ و به‌ ئه‌مانه‌ت سپاردبووی به‌ مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتی، هاوڕێی هه‌میشه‌یی كۆڵبه‌ری و شاری.

3
ئه‌زموونی سه‌خت، كۆڵبه‌ری، هه‌ڵاتن له‌ گوله‌ی پاسه‌وانانی سنوور، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی نامۆ، كڕینی كاڵا له‌و فرۆشیارانه‌ی له‌ دووره‌وه‌ كه‌لوپه‌له‌كانیان ئه‌هێناو فرۆشتنه‌وه‌ی به‌ كه‌سانی نه‌ناسراو، سه‌رمای سه‌خت، شه‌وانی بێداری له‌گه‌ڵ كاروانچیان و گوێگرتن له‌ گفتوگۆكانیان، هه‌موو ئه‌وانه‌ جه‌مشیدیان له‌ منداڵێكه‌وه‌ گه‌وره‌ كرد بۆ گه‌نجێكی به‌ ئه‌زموون و قسه‌زان و تێگه‌یشتوو، پیاوه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ كاروان له‌گه‌ڵی دابوون، به‌ مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتیان ده‌گووت: عه‌جه‌ب گه‌نجێكی تێگه‌یشتوو و زیره‌كی لێده‌رچووه‌. ئه‌و شه‌وانه‌ی له‌ كۆڵبه‌ری ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، دوای چه‌ندین شه‌و ڕۆیشتن و ماندوو بوون، دوای پشوو وه‌رگرتنێكی كورت، ڕووی ده‌كرده‌ مه‌جید و به‌ غه‌مگینییه‌وه‌ پێی ده‌گووت: مام مه‌جید وا مه‌زانه‌ باوكم كوڕێكی بۆ تۆ به‌جێ هێشتووه‌، جگه‌ له‌ مه‌ینه‌ت… هیچ شتیكی تر نییه‌… به‌ڵێ، ته‌نها مه‌ینه‌تی به‌تۆ سپاردووه‌ تا بۆی گه‌وره‌ بكه‌ی.

  • ئه‌م قسانه‌ چییه‌؟ حه‌زناكه‌م ئه‌م قسانه‌ بژنه‌فم كوڕم.
  • بۆچی وانییه‌ مامه‌؟ سه‌ره‌ڕای ژیانی پڕ زه‌حمه‌تی و نه‌داری خۆت، ئاگاداری و یارمه‌تی دانی منیش له‌ولاوه‌ بووه‌ستێ.
  • وه‌لێ هه‌ر ئه‌وه‌ به‌خته‌وه‌رییه‌ ئه‌زیزم.
    هه‌شت مانگ بوو جه‌نگ ده‌ستی پێكردبوو، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌وه‌ كۆڵبه‌ری هه‌روه‌ك جاران بوو، تا جه‌نگ درێژه‌ی ده‌كێشا كۆڵبه‌ری سه‌ختتر ده‌بوو، پاسه‌وانانی سنور بێ سڵه‌میینه‌وه‌ گوله‌یان به‌ خه‌ڵكییه‌وه‌ ده‌نا، تۆپبارانی به‌رده‌وامی سوپای عێڕاق هێنده‌ی تر كاره‌كه‌ی ئه‌سته‌م تر ده‌كرد. دوو حه‌فته‌بوو كه‌س بۆ كۆڵبه‌ری نه‌ده‌چوو، مه‌جید ڕۆژهه‌ڵاتی به‌ده‌رفه‌تی زانی كچه‌كه‌ی له‌ جەمشید ئه‌فسه‌ری ماره‌ بكات… له‌وانه‌یه‌ كۆتا ئاواتی به‌ر له‌مه‌رگی بووبێت، جه‌مشیدیش پێی وابوو كه‌ مه‌جیدی باوكی مه‌له‌كبین به‌و په‌یوه‌ندییه‌ خۆشه‌ویستییه‌ی نێوان ئه‌م و كچه‌كه‌ی زانیبێت، بۆیه‌ به‌ پێویستی زانیوه‌‌ به‌ر له‌وه‌ی كه‌س په‌ی پێبه‌رێت، كاره‌كه‌ی به‌خێر بڕاندبێته‌وه‌.
    ئه‌و شته‌ی كه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی خه‌ڵكی بوو، به‌تایبه‌ت بۆ دڵه‌ چكۆلانه‌كه‌ی مه‌له‌كبین گه‌لێك دژوار بوو، دوای چوار مانگی تر ده‌بوو جه‌مشید بچێت بۆ سه‌ربازی و به‌شداری ئه‌و جه‌نگه‌ نه‌گریسه‌ بكات كه‌ هیچ كه‌س نه‌یده‌زانی كۆتاییه‌كه‌ی له‌ كوێیه‌. دووربینی جه‌مشید، بڕیارێكی نه‌خوازراوی لێكه‌وته‌وه‌، مانه‌وه‌یان بوو به‌ ده‌زگیران داری تا كۆتایی هاتنی ئه‌ركی سه‌ربازی. بیری له‌وه‌ ئه‌كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێتو بیگوازێته‌وه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا مه‌له‌كبین دوو گیان بێت، دواتر كێ ئه‌ركی به‌خێو كردنی ئه‌م ماڵه‌ وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت؟ كێ بۆشایی باوكایه‌تی بۆ منداڵه‌كه‌ی پڕ ده‌كاته‌وه‌؟ له‌دوای ئه‌و كێ سۆزی هاوسه‌رایه‌تی به‌ مه‌له‌كبین ببه‌خشێ؟ كێ ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌ی ده‌كه‌وێته‌ نێو ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ پڕی ده‌كاته‌وه‌؟
  • ئه‌زیزی دڵم، بۆ نوقڵانه‌ی خراپ لێده‌ده‌ی؟ قه‌رارت داوه‌ شه‌هید بیت؟ مه‌له‌كبین وای پێده‌گووت.
  • ڕوون نییه‌ ئه‌زیزم ڕوون نییه‌. یارمه‌تیم بده‌ له‌و دونیا ئارام بم.
    به‌ چاوی پڕ له‌ فرمێسكه‌وه مه‌له‌كبین ده‌ی گووت: تكایه‌… تكایه‌ جه‌مشیدی من باسی مردن مه‌كه‌.
    ئه‌و شه‌وه‌ی مه‌له‌كبین کە چوار مانگ بوو خۆی بۆ ئاماده‌كردبوو و له‌ هاتنی ده‌ترسا، له‌ كۆتاییدا هات. ئه‌و شه‌وه‌ تاریك و سیخناخ له‌ غه‌مگینی له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولدا خۆی كرد به‌ هه‌موو كۆچه‌و كۆڵانه‌كانی شاردا. ئه‌م شه‌وه‌ مه‌له‌كبین و جه‌مشید وه‌ك بڵێی به‌دوای ئه‌م غه‌مگینییه‌دا وێڵ بن یان له‌به‌ری ڕابكه‌ن، له‌به‌رده‌م چایخانه‌ی ناوه‌راستی شار له‌سه‌ر مێزێك به‌رامبه‌ر یه‌كتری دانیشتن. جه‌مشید وه‌ك بییه‌وێ له‌ نیگاكانی مه‌له‌كبین خۆی بدزێته‌وه‌ بێ وچان سه‌ری به‌م و لاولادا ده‌سوڕاند.
    نیگاكانی هه‌ردووكیان پاڕانه‌وه‌یان لێ به‌دی ده‌كرا، پاڕانه‌وه‌و تكا كانی جه‌مشید به‌ڕوونی دیار بوون. ئه‌وه‌ی ڕوون نه‌بوو تكاو پاڕانه‌وه‌كانی نێو نیگاكانی مه‌له‌كبین بوو، له‌كێ بپاڕێته‌وه‌؟ تكا له‌كێ بكات؟ هانا بۆ كێ به‌رێت؟ بێ سره‌وت سه‌ری وه‌رده‌چه‌رخاند و كه‌سێكی به‌ر نیگا نه‌ده‌كه‌وت پێی بڵێ. مه‌له‌كبین ئه‌وه‌ی ده‌بوو بیڵێ نه‌یده‌‌وێرا، شتێ زمانی له‌ گۆكردن خستبوو، ده‌ترسا و قورگی گیرابوو، هانای بۆ هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌سێك ده‌برد به‌س ئه‌وه‌نده‌ بتوانێ بڵێ تكایه‌ با له‌م شار و له‌م وڵاته‌ نه‌فرین لێكراوه‌ هه‌ر له‌م شه‌وه‌ تاریكه‌دا ڕابكه‌ین. ڕه‌نگه‌ دواتر هه‌موو ڕوداوێك ڕه‌وتێكی تری وه‌ربگرتایه‌ و كۆتایه‌كی تری هه‌بووایه‌، هه‌موو ئه‌و خه‌یاڵاتانه‌ی له‌ بیری خۆی تاراندن و ئه‌و قسانه‌ی خوله‌كێك پێشتر ده‌یه‌ویست ده‌ریانبڕێ قووتی دانه‌وه‌، به‌ نائاگاییه‌وه‌ هاواری كرد: بۆچی جه‌نگێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌، ده‌بێت باجه‌كه‌ی بده‌ین؟ ئاخر بۆ خودایه‌…
    نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت، پرسیاره‌كه‌ی جۆرێك بوو له‌ بیری خۆشیدا وای هه‌ست كرد كه‌ ده‌ربڕینه‌كه‌ ته‌واو نییه‌، ئه‌و فرمێسكانه‌ی له‌ ئیواره‌وه‌ له‌ چاویدا قه‌تیس مابوون هه‌موو به‌ربه‌ستێكیان شكاند، وه‌ك شێت هاواری ده‌كرد، جه‌میشد به‌ چپه‌ گووتی:
  • حه‌بیبی دڵم تكایه‌ ئارامبه‌، هه‌موویان سه‌یرمان ده‌كه‌ن.
  • بۆچی ئارام بم؟ گوناحه‌ هاوار بكه‌م؟ ئازار ئه‌چێژن به‌ گریانی من؟… نازانن؟ نازانن چه‌ند وێرانم…
  • به‌ڵێ ئه‌ڵبه‌ته‌ ده‌زانن، سه‌یرت نه‌كردووه‌ له‌وه‌ته‌ی هاتووین ئه‌و پێكه‌نین و گاڵته‌و گه‌په‌ی ئه‌م ناوه‌ی ته‌نی بوو خامۆش بووه‌…
    جیاوازی ئه‌م شه‌وه‌، له‌گه‌ڵ شه‌وی به‌ر له‌ ڕۆیشتنی جه‌مشید، ئاسمان و ڕێسمانه‌. هیچ كه‌س له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو تاكه‌ كه‌سێك… یه‌ك كه‌س وه‌ها جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ دروست بكات، به‌ نه‌بوونی یه‌ك كه‌س کێشە بكه‌وێته‌ ئه‌م كه‌ونه‌ گه‌وره‌یه‌وە‌. ئه‌سته‌مه‌ درك به‌وه‌ بكه‌ی، كاتێك كه‌سێك ده‌چێته‌ نێو ناخی زه‌وی، له‌وسه‌ری دونیا كه‌لێنیكی زۆر گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان زه‌وی و كه‌سێكی تر، كه‌لێنێك به‌ هیچ شتێك پڕ نابێته‌وه‌، مردن نه‌بێت. ئه‌م شه‌وه‌ی هه‌موویان به‌ نیگاكانیان له‌ جه‌مشید ده‌پاڕانه‌وه‌ ئه‌و گریانه‌ی به‌رۆكی مه‌له‌كبینی گرتبوو لێی دورخاته‌وه‌، كه‌چی له‌و شه‌وه‌دا هه‌موویان ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌سێك بێت و دڵنه‌واییان بكات. وه‌ك گورگێكی بریندار مه‌له‌كبین په‌لاماری بۆ ئه‌و پیاوه‌ ده‌برد و به‌سه‌ریدا هاواری كرد: كامه‌ خێر؟ گه‌وره‌ترین خێر ئه‌وه‌یه‌ من بمرم… تازه‌ ڕۆیی و ناگه‌ڕێته‌وه…
  • سه‌برت بێت كچم. خێرێكی تیایه‌.
  • له‌وه‌ته‌ی بیرمدێ ئه‌و شاره‌ خێری تیانه‌بووه‌، له‌وه‌ته‌ی بیرمدێ خه‌ڵك له‌م شاره‌دا كۆڵبه‌ر بووه‌، كۆڵی شمه‌ك و كۆڵی تایه‌ و كۆڵی پاكه‌ته‌ جگه‌ره‌ و كۆڵی هه‌ژاری و كۆڵی خه‌م و بێده‌ره‌تانی!
    دووباره‌ له‌و شه‌وه‌ سارده‌و له‌ ژێر ئه‌و بارانه‌دا به‌رده‌وامی به‌ شه‌وڕۆییه‌كه‌ی خۆیده‌دا و به‌ ده‌نگێكی ئه‌فسووناوییه‌وه‌، كه‌ گریانی زۆر ئه‌وه‌نده‌ی تر غه‌مگینی كردبوو، به‌رده‌وامی به‌ گۆرانی گوتنه‌كه‌ی خۆیی ده‌دا و ده‌ڕۆیشت: هه‌رتۆ ده‌په‌رستم، تاكو له‌دونیام… هه‌رتۆ ده‌په‌رستم، تاكو له‌ دونیام، له‌ دونیا…

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress