Skip to Content

ڕەشپۆشی ژێر باران … حەوسەد خدر رەسووڵ

ڕەشپۆشی ژێر باران … حەوسەد خدر رەسووڵ

Closed
by ئایار 30, 2019 General, Literature

بارانم زۆر خۆشەوێت! هەرگیز لێ بێزارنابم ئێوە نازانن کە ئەو هەورە ڕەشانە چیان هەڵگرتووە، ئەگەر نەیبارێنن ئەوا دەمرن.حەزەکەم دەست بنێمە دەستی هەورە ڕەشەکان و تا هەتایە لە گەڵیان سەما بکەم، ئا بەڵێ هەوری ڕەش…بۆ مەگەر ڕەش چیەتی شوموو نەگریسە؟” بۆچی؟
نا ڕەش نەگریس نیە ئەوان نازانن ئەگەر ڕەش نەبێت ئیتر ژیان دەوەستێت چیتر باران نابارێت! چیتر دایکم دایکم ناچێتە دەرەوە بەبێ عەبا ڕەشەکەی، ئەی قژە ڕەشەکەی کەژاڵ ئەگەر ئەویش نەمێنێت! ڕەش ژیانە من بەبێ ڕەش دەمرم.


هەروا لەژێر باراندا سەما دەکەم و چاوم خستۆتە سەریەک لە نێوان ئەو هەورە ڕەشانەدا تروسکاییەکی بێوێنە دەبینم لە دوورەوە وەکو مۆم دەسوتێ و ڕوناکیەکەی تا ئەوپەڕی جیهانی تەنیوە خەوم بە ماڵی فریشتەکانەوە دەبینی کە مام ئیسماعیل هاتو خەبەری کردمەوە : کچی خۆم ئاخر بەو بارانە لەدەرەوە چی دەکەیت؟ گوڵشەن کچیێکی زۆر بێ زیان بوو هەرگیز نەم بینیووە ئازاری کەس بدا تەنها لەڕۆژانی باران و هەورە بروسکەو گەردەلوول دەردەکەوێت! هەروەک بڵێی لە ئاسمانەوە خۆی بە پەڕەشوتێکەوە گرتبێ بەبێ هیچ ترسێک سەری بەرز دەکردەوەو دەستەکانی ڕوەو ئاسمان هەڵدەبڕی تێڕامانی ئەو کچە سەمای دەروێشەکانی بیر دەخستمەوە قژێکی ڕەشی درێژ لێوان لێو بە قرتێلەی ئاڵ واڵ چنرابوو هەمیشە کراسێکی ڕەشی لەبەر دەکرد ئەوەی منی سەرسام دەکرد سەمای ئەوکچە نەبوو بەڵکو باران بوو باران! بەدرێژایی باران لە ژێری دەوەستا بێ ئەوی بەشی دڵۆپێک تەڕ بوبێت!


مام ئیسماعیل وەک هەمیشە دەستێکی بەڕیشی داهێناو تاوێ لێی نزیک بوویەوە کچی خۆم شەوبۆ ئاخر بەم بارانە لەدەرەوە تۆ چیدەکەیت! شوبۆ بەرەو دەستەکانی مام ئیسماعیل هەنگاوی دەنا دەستەکانی ماچکردوو دواتر لەسەر سەری داینا مەترسە مام ئیماعل باران منی خۆشدەوێت هەرگیز تەڕم ناکات هەرگیز نەخۆشم ناخات! من و باران بەڵێنمان بەیەکداوە تا هەتایە لەژێر هەورە ڕەشەکانەوە ژوان ببەستین! مام ئیسماعیل کە سەری لە بلیمەتی ئەوکچە دەرناکرد ڕوی وەرگێڕاو بە پرتەو بۆڵە کەوتە ڕێ ئاخر دوو ڕۆژی تری پێناچێ دەڵێن کچەکەی مەحموود شێت و بەڕەڵابووە ئاخ!” مەحمودی برام پێم ناڵێی تۆ چیت لەو شەڕەدابوو؟ ئەوە بۆ سێ مانگ دەچێ هەواڵێکت نیە،ژنەکەی بەو مناڵەبچوکانەوە جێ هێشتووە پیاو نازانێ چیان لێبکات مام ئیسماعیل بەداماوی لەسەر کورسیە کۆنەکەی دانیشتبوو گۆ چانێک بەدەستی چەپیەوە گرتبوو خۆی بەملاو بەملادا دەهێناو باسی مەحمودی برای بۆ پیاوانی گەڕەک دەگێڕایەوە کە لەشەڕدایەو هیچ هەواڵێکی نیە، دواتر لای بەلای شەوبۆدا کردەوە وەک بڵێی نەکا پیاوانی گەڕەک بیبینن لەژێر ئەوبارانەو بەتەنها لەدەرەوە!


بەڵام کە دیتی لەناکاو شەوبۆ ون بوو ، دووبارە دەستی دایەوە لە ڕیشی ئای خودا ڕەحمکا ئاخر باڵی جنۆکە ئەم کچەیان گرتووە؟ مام ئیسماعیل کام کچ دەڵێی؟ کوا ئەی بۆ ئێمە کەس نابینین ! گەنجەلاتوو لوتەکانی گەڕەک لە پڕێکا دایان لە قاقای پێکەنین و یەکێکیان بەدەستێکی قورسەوە دای لە ڕانی مام ئیسماعیل، وەک دەبینین مام لەوەتەی هاوسەری خوالێخۆشبووت کۆچی کردوە خیاڵات دەکەت دواتر هاوڕێکانی مام ئیسماعیل دوبارە دایانەوە لە قاقای پێکەنین مام ئیسماعیلیش بە زەردەخەنەیەکی زۆرزانانە وەڵامی دانەوە، ئیتر وا باران تەواو بوو منیش دەبێت بڕۆمە ماڵەوە کە دەرگای حەوشەکەم کردەوە بۆنی گوڵاوو باران ماڵەکەمانی تەنی کردبوو سوزان و سوهێل یاریان دەکرد ، سوزان بەرەو رومدا ڕایکرد و لچێکی لەسوهیل هەڵقرچاندبوو دادەمان گەڕایەوە بەرەو ڕوی شەوبۆدا ڕایان کردبوو سوزان یەکسەر خۆی خستە نێو باوەشی شەوبۆ دادە گەڕایتەوە! شەوبۆ ماچێکی سوزانی خوشکی دەکات و سوهێل دادە ڕۆشتبوویە لای باران بۆچی ئێمەشت نەبرد ئەی برا شیرینەکەی خۆم دەی وەرە با تۆش لە باوەش بگرم ، لە ناکاو دەنگی پەروانە دەرکەوت بە پرتەو بۆڵەوە بەرەو رووی شەوبۆ دەهات کچە تیوە ڕشکن پێم ناڵێی تاکو ئیستە لە کوێ بوویت؟


بەم سبەی ساڵحانە لەدەرەوە چیتە کرد پەروانە هەروا دەستێکی دەکێشا بەڕانی خۆیدا ئێ دواتر خەڵکی چیمان پێدەڵێن!” شەوبۆ وەک هەمیشە دەستەکانی دایکی ماچ کردوو لەسەر سەری داینا دایکە گیان هەرگیز نیگەرانی من مەبە تەنها دەڕۆم تا سەیری باران بکەم ، ئاخر ڕۆڵەکەم چێ دەڵێت کەتۆ لەبەر باران لەوێیت؟” بۆ ناچی کاری درومانەکەت تەواو کەیت! باشە دایکە گیان دەزانم پێویستمان بەپارەیە بۆ خوێندنی سوهێل و سوزان بەڵام منیش پێویستم بەنارانە من بەبێ باران دەمرم! شەوبۆ لەبەر خۆیەوە هەروا قسەی دەکرد کە پەروانەی دایکی دووبارە ئاوڕی لێ دایەوە بەقایمی تەماشای کرد چەتیوە شێتە تۆ هەروا وەستاوی ئۆی خودا لە منت بسسێنێ دەوەرە ئەوسەتڵانە پڕکە لە ماڵی باجی نازدار ئاومان نەماوە.


شەوبۆ بەبێدەنگی بەرەو ماڵی باجی نازدار کەوتە ڕێ و لە ڕێگادا بیری دەکردەوە کە پایز نزیکەو پێویستە بچێ نەختێ دار پەیدا بکات پێش ئەوەی سەرما هەرەسیان پێبێنێت شەوبۆ هەروا بەدەم ڕێگاوە بیری دەکردەوە کە گەیشتە ماڵە نازدار سڵاوێکی کردو وتی ئاوی پاکمان نەمابوو دایکم پێی وتم کە بێم و لێرە نەختێ ئاو بەرم نا نا ڕۆڵە وەرە ماڵی خۆتە نازدار بەتێڕامانینێکی قوڵەوە ئاماژەی بە شەوبۆ دا کە بچێ لە حەوزی ماڵەکەیان ئاو ببات، دواتر نازدارو کچکەکەی بە چپە چپ کەوتنە باسی شەوبۆ کچێ ڕەیحانە ئەڵێم ئەوکچەی پەروانەی خۆمان هیچ پێناچێ تەواو بێت ئەوە یەکەم جارە گوێم لەدەنگی بێت خۆ لەگەڵ کەس قسەیەکی نیە ڕەیحانە دەستێکی هێنا بەدەمیەوە جا دایکە لەوەش بەدتر دوێنێ پیاوانی گەڕەک بینیویانە لەژێر ئەبارانەوە سەمادەکاو پێدەکەنێ ، وەیش برم بۆت پەروانەی بەسەزمان بەو مناڵە بچوکانەوە ئەم کچە جناویەشی بۆ جێماوە.


دەستتان خۆش نازدار خان شەوبۆ بێئەوەی سەر هەڵبڕێ لەدەرگای ماڵە نازدار کەوتە ڕێ ، کە گەڕایەوە ماڵەوە بینی کەوا دایکی سەرقاڵی خەیاتیەەیەتی ، دایکە سوزان و سوهێل لەکوێن ئەوە لەقوتابخانەن جەرگی دایە ئاوەکەت هێنا لەماڵە نازدار بەڵێ دایکە گیان ئەرێ باوکم بەر لە ڕۆشتنی هیچ داری وشکی هێنابوو بیکەینە زۆپاوە، پەروانە ئاخێکی هەڵکێساو بەتاسەوە سەیرێکی شەوبۆی کرد بۆ مەگەر ڕۆڵە باوکت هیچ گرنگی بەم ماڵە مان دەدا لای خۆی چوەتە شەر ئۆ خودا لاشەی ساردی بۆم بێتەوە شەوبۆ بە ناقایلیەوە وەڵامی دایکی دایەوە نا دایکە وامەڵێ دیارە ئەویش لەشەڕدا شتێکی تر دەبینێ تۆ ئەمەم پێ بڵێ دایکە کوا سویچی ماتۆڕەکەی باوکم من دەچم دار دێنم و دواتریش دەیکەمە نێو زۆپاوە، پەروانە دەستێکی کێشا بەڕانی خۆیداو یای لە قاقای پێکەنین هۆ خودا من لەم کچە شێتەم سەر دەرناکەم ئاخر ڕۆڵە تۆنازانی ژن بوون واتا چی ئەمە کەی کاری تۆیە، ئینجا تۆ واز لەمانەش بێنە دواتر خرڵکی گەڕەک بتبینن چیمان پێدەڵێن شەوبۆ کچم من دایکتم و هەمیشە چاکەی تۆم دەوێ لای خەڵک جەوان ڕەفتار بکا دواتر کەس نایەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی وادا بکات.


شەوبۆ بەسەرداخستنەوە بێ ئەوەی وەڵامی دایکی بداتەوە بەرەو کۆگاکە کەوتە ڕێ من خۆم دەمزانی سویچەکانی باوکم لە کوێن بەس بۆ ئەوەی ڕێزی دایکم دەگرم پێیم ووت. شەوبۆ بەماتۆڕە سێتایەکەی باوکی بەرەو سەری چیا بەڕێکەوت لەوێدا هەچەند ئاوێزانی سروشت دەبوو زیاتر داریکۆ دەکردەوە کەبەشی سێ مانگی ئەم زستانەیان بکات.


بەدڵخۆشیەکی زۆرەوە بەرەو ماڵ بەڕێ کەوت لەڕێگادا بیری کەوتەوە کە دەکرێ دایکی دووبارە سەرزەنشتی بکات بەدەم ئەو بیرکردنەوانەوە کە نزیک ماڵی خۆیان کەوتەوە بینی کەدایکی هەروا لەخۆی دەداو دەگریا دراوسێکانی لێ کۆببونەوە شەوبۆ کەوتە دڵە خورپە نەبادا دایکم لەبەر من وابێ بەپەلە خۆی کرد بەدەرگای ماڵدا تا پرسی دایکە چی بووە بۆ وادەکەی پەروانە باوەشی بۆی کردەوە ئۆ ڕۆڵە بێچارەکەم نازانی چیمان بەسەردا هاتتوە باوکت نەچووە بۆ شەڕ بەڵکو چووە ژنێ تری هێناوە و خۆی لێمان بەری کردووە ، شەوبۆ ڕۆشت و توند باوەشی بەدایی داگرت ، لەولاوە گوێی بۆ ژنەدراوسێکانیان هەڵخستبوو کچێ ئینجا دەڵێن سوپای دوژمن وا نزیکەو کە چوونە هەر شوێنێک پیاوەکانیان دەکوژن و ژنەکانیان بۆ کاری نەشیاو دەبەن.


پەروانەی بەسەزمان بەو گەنجیەوە بەبێ هیچ پیاوێک و گەورەیەک ماوەتەوە، شەوبۆ هەوڵی دەدا دایکی ئارام بکاتەوە بۆیە تەواوی ڕۆژەکە لەجیاتی ئەو کاری کرد شەو بەو دارانەی هێنابوویەوە زۆپاکە ی داگیرساندو بەدەم گێڕانەوەی چیڕۆک بۆ سوزان و سوهێل خەوی لێکەوت کە لە تارمایی شەودا لە گەڵ قیژەی نازدار خەبەریان بوویەوە بەهاوارەوە بانگی لێدەکردن هۆ پەروانە کچم شەوبۆ! بۆ نایەن لا هاوارم کە چووینەدەرەوە هەرچی دەمان کرد نازدارمان بۆ ژیر نەدەبوویەوە تالێ بپرسین کە چی بوە دواتر بەدەم نرکە نرک و هەناسە بڕکێوە پێی وتن کەوا سوپای دوژمن کەوتۆتە سەریان مێردەکەی بێسەرو شوێنەو سێ کچەکانیشیان بە دیل گرتووە.


شەوبۆ هەر کە ئەمەی بیست دەستی کردە ملی نازدارو پێی وت تۆ هیچ خەمت نەبێ دادەگیان من کچەکەنت بۆ دەگەڕێنمەوە بەڵام تۆ ئیستە هەستە من تۆ لەگەڵ دایکم و ئەوان ببەمە شوێنێکی پارێزراو دواتر دەچم دەیان هێنمەوە. شەوبۆ بە مانتۆڕەکەی باوکی ژنانی گەڕەکی گەیاندە ئەشکەوتێکی سەر چیا.


دواتر بەرەو ڕۆژئاوای دێکە ڕێی کرد کە لە ڕێگادا بینی چەند ئەفسەرێکی بیانی واخەریکن بە زۆر وا لە کیژۆڵەیەک دەکەن کە جلەکانی داکەنێ، شەوبۆ کە چاوی بەم دیمەنە کەوت خۆی بۆ نەگیراو دەستی کرد بە تەقەکردن لێیان لەسەرووی گردەکەوە شەوبۆ لە باوکیەوە فێری تەقە کردن ببو کە بە مناڵی دەیبرد بۆ ڕاوو شکار، سەربازەکان کە گوێیان لەدەنگی فیشەک بوو شڵەقان و کەوتنە خۆ هەڵبەتە کە شەوبۆ دانەیەکی لێ پێکابوون، لەیەک کۆ بوونەوە تا بەرگریبکەن لەوێوە شەوبۆ زانی کە ژمارەیان کەمتر لە دەکەسەو هێرشێکی چاونەترسانەی بۆ کردن کەتوانی لەماوەیەکی زۆر کەمدا هەر هەمویان بریندار بکریندار بکات و قۆڵبەستان بکات کە دەستی بەسەر هەموو چەکەکانیان داگرت ، ڕۆشتە لای کیژۆلەکە کەوەک مەلێکی تەزیو هەڵدەلەرزی سەرەتا ترسی لەشەوبۆ نیشت نەبادا ئەمیش بیەوێت بیهەوێ بەزۆر بیبا شەبۆ دەمامکە کەی لاداو کە لێ نزیکبوویەوە بۆی دەرکەەت کەوا ئەوە ڕەیحانە ی دراوسێیانە شەوبۆ دەستی خستە سەر شانی ڕریحانەو ماچی نێوچەوانی دەکات ئەزیزم ڕەیحانە من خوشکی تۆم هاتووم ڕزگارت کەم مەترسە!

ڕەیحانە بێئەوەی لە شوێنی خۆیدا بجوڵێت پەنجەی شایەتومانی بەرەو کۆخەکە بەرز کردەوە کەوا چەند کچێکی تریان لێوە بەند کردبوو شەوبۆ یەکسەر بەلایاندا پژاو قوفڵی دەرگاکەی کردەوە ، دواتر بە ماتۆڕ سکیلەکەی باوکی هەموو ئەو کچ و ژنانەی برد بۆلای شوێنە پارێزراوەکەی دایکی و نازدار و ماڵاوایی لێکردن شەوبۆ خۆت بۆ کوێ دەچیت؟ ڕەیحانە بەدەم گریانەوە هاواری لێی کرد .


شەوبۆ دەستەکانی ڕەیحانەی دەگرت و ڕەیحانە گیان من دەچم ئەوانی تر ڕزگار دەکەم بەڵێنم بەباران داوە هەرکەس هاتە سەر ڕێم ئازادی بکەم نەختێ دوورکەوتەوە دواتر بانگی لە ڕەیحانە کرد ،،بەدایکم بڵێن زۆر زۆرم خۆشدەوێت.

حەوسەد خدر رەسووڵ

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish