Skip to Content

چاوێ ھەڵبێنە … ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

چاوێ ھەڵبێنە … ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

Closed
by شوبات 18, 2020 General, Literature


چــاوێ ھەڵبێنە ، چاوێ ھەڵبێنە
گیانە بە عیشوە بەس خۆت بنوێنە
ئارام لــــــە دڵی عاشق مەسێنە
تۆ بیو جوانیت جەفــــا مەنوێنە
وەکو عـاشقان چــــاوێ ھەڵبێنە

زۆر لە ئێوە گوێتان لەم گۆرانییە بووە کە لە ساڵانی پێشوودا بەدەنگی ھونەرمەند(سەمیرە نادر) لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار کراوەو لە ئێستاشدا ھونەرمەندە لاوەکان دەیڵێنەوە یەکێک لەو ھونەرمەندانە خاتو (ئەمەل سەعید کوردە) یە کە بەشێوەیەکی جوان وتویەتیەوە (چاوێ ھەڵبێنە چاوێ ھەڵبێنە گیانە بە عیشوە چاوێ ھەڵبێنە) کە لەلای زۆر لەوانەمان کە لەسەرەتاوە گوێمان لێی بووە یادگاری و یادەوەری خۆشی لا بەجێھێشتووین، کە بەتاسەوە ئێستاش گوێی لێدەگرین .

دڵنیام لای ئەوانەش کە بەدەنگی خاتو ئەمەل گوێیان لێی بووە بەھەمان شێوە یادەوەری شیرین و جوانی لا جێھێشتوون،شیعری ئەم گۆرانییەش شاعیرێکە کە لەبەرزنجە لە دایک بووە بەرزنجەییە،ئەویش(ئەحمەد مەزڵوم) ە کە خاوەنی کۆمەڵێک شیعری ناسک و جوانە و لە دیوانێکدا بە ناوی (دیوانی مەزڵوم) (سەید ئەحمەدی شێخ محەمەدی بەنا بەرزنجەیی) لە ساڵی ( ٢٠١٥ )دا چاپی دووەمی کراوە کە مامۆستای کۆچکردوو (ئومێد کاکەڕەش) ئامادەی کردووە و پێداچوونەوەی بۆ کردووە و پێشەکیشی بۆ نوسیوە و (٧٠) شیعری جۆراوجۆری جوان و ناسکی لە خۆ گرتووە .

مەزڵوم لە ساڵی ١٩١٦ لە شارۆچکەی بەرزجە لە دایک بووە کە لەگەڵ لەدایک بوونیدا دایکی کۆچی دوایی دەکات کە لە لایەن نەنکی واتە دایکی باوکی گەورە دەکرێ و نازی دەدرێتێ.لەتەمەنی شەش ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە و دواتر وازی لێدەھێنێ و دەچێتە حوجرە دواتر دێنە سلێمانی لە مزگەوتی (ھەمزە ئاغا)لای مامۆستا(مەلا محەمەدی کوردی) دەست دەکات بەخوێندن و پاشان دەچێتە مزگەوتی (بن تەبەقی ھەرمن) و لای مامۆستا (مەلا ڕەحیمی پەرخی) تا عیلمی ێرف دەخوێنێ و لە دوای ئەوە واز لە خوێندن دەھێنێ.لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا دەست دەکات بە کەسابەت و بازگانی کوتاڵ و وردەواڵە فرۆشتن و دەستگێڕی لەگەڵ دۆستێکی بەناوی( شێخ ێاڵح )ی کارژاوی زۆربەی دێھاتەکانی ناوچەی شارەزور و قەرەداغ و بەرزنجە گەڕاون و لەو ماوەیەدا دەستمایەیەکی باشی پێکەوە ناوە و دواکانێکی لەبەرزنجە داناوە،کە دوکانەکەی دەبێتە قەلەندەرخانە و جێگەی پیاوانی رۆشنبیری ئەو سەردەمە و ھاتوچۆی شاعیران و ئەدەبدۆستان و سیاسەتمەداران و گەورە پیاوانی میری کە ئاڵوگۆڕی باسی ئەدەبی و ڕۆژگاریان تێدا کردووە.


مەزڵوم ھاودەمی شاعیران(موفتی پێنجوێنی و قانع و شێخ سەلام و فەوزی و شێخ نوری شێخ ێاڵح و شێخ جەعفەر حسێن بەرزنجی و مەلا شێخ حەیدەری حاجی مامەند)بووە و شیعریان بۆ یەکتری ناردووە .بەداخەوە مەزڵوم لەتەمەنی ٣٩ ساڵیدا لە ٩/٨/١٩٥٥ دا بەنەخۆشییەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کردووە .

ئەوەی کە پێویستە بوترێت کە مەلا محمود کزەڵ ساڵانێکی زۆر دیوانە دەستنوسەکەی لابووە و پاراستوویەتی و لە فەوتان ڕزگاری کردووە ،بەمەبەستی چاپکردنی دیوانەکەش کاک شێخ عومەر کوڕی گەورەی شاعیر دەیدەن بە مامۆستای شاعیر و نوسەری کۆچکردوو ئومێد کاکەڕەش کە دوای ماندوو بوونێکی زۆر بەچاپی دەگەیەنێت.ھەروەھا مامۆستا حسەین عوسمان نێرکزەجاڕی ئەرکی پێداچوونەوەی دیوانەکەی گرتۆتە ئەستۆ.نابێت ئەوەش لە یاد بکرێت کە (نیعمەت خان) خێزانی کاک شێخ عومەر کە دەکاتە بوکی مەزڵومی شاعیر ھاندەر و ھاوکارێکی زۆر باش بووە بۆ ئەوەی کە دیوانی مەزڵوم کۆبکرێتەوە و بەو شێوەیە چاپ بکرێت.

دوای ئەوەی کە بڕیارم دا دەربارەی ئەم شیعرە جوان و ناسکە بنوسم سەردانی ماڵی کاک شێخ عومەری کوڕی گەورەی مەزڵومی شاعیرم کرد تا لەنزیکەوە گفتوگۆ یان لەگەڵدا بکەم ،مایەی خۆشحاڵیم بوو کە لەو دیدارەدا لەگەڵ ھاوڕێی منداڵیم (عبدالقادری شێخ سەعید) کە دەکاتە برازای شاعیر لەماڵی شیخ عومەر ھەم دیوانە دەستنوسەکەی شاعیرمان بینی و ئاشنا بووین بەچیرۆکی دۆزینەوەی و ئامادەکارییەکان بۆ چاپکردنی،لە کەشێکی خۆشی پڕ لە شیعر و بەسەرھاتە شیرینەکان و یادەوەرییە جوانەکاندا باسی چۆنیەتی شیعری (چاوێ ھەڵبێنە) شمان کرد کە چۆن لەسەرەتادا بەدەنگی ھونەرمەند (سەمیرە نادر) وتراوە و ناوی شاعیرەکەیان نەنوسیوە لەو کاتەدا ئەوسا کاک شێخ عومەر خۆی گەیاندووەتە لایان و ئەوانیش ناوەکەیان بە دروستی لەسەر شیعری گۆرانییەکە نوسیوە.

بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیم کرد بە ھونەرمەند(ئەنوەر قەرەداغی) یەوە بۆ ئاواز و ئامادەکردنی ئەم گۆرانییە،پێی ڕاگەیاندم کە ئاوازەکەی ھی ھونەرمەند(حسەین قەرەداغی )یە ناسراو بە (حسەین جمبش)،مامۆستا ئەنوەر خۆیشی مۆسیقاکەی بۆ ئامادەی کردووە.بۆیە حەزمکرد لێرەدا لەگەڵ ئەو زانیارییانەدا تەواوی شیعرەکە بڵاوبکەمەوە ،کە لە لاپەڕە(٢١ و ٢٢) ی دیوانەکەیدایە.ھیوادارین کە جارێکی تر لەبەرگێکی جوانتر دا چاپ بکرێتەوە و ھەموو ئەو شیعرانەی کە لەم چاپەدا دانەنراون بەھەر ھۆیەک بێت لە چاپی نوێی دیوانەکەدا دابنرێن.

چاوێ ھەڵبێنە
چاوێ ھەڵبێنە ، چاوێ ھەڵبێنە
گیانە بە عیشوە بەس خۆت بنوێنە
ئارام لـــــە دڵی عاشق مەسێنە
تۆ بیو جوانیت جەفــــا مەنوێنە
وەکو عاشقان چــــاوێ ھەڵبێنە

بەچینی زوڵف و پەرچەمی زەردت
بەورشە و پرشەی گۆنای بێگەردت
بەلەھجەی خۆش و شیرینی فەردت
ھـەر من موبتەلام بە داوی دەردت
ســـا بە نەزاکەت چاوێ ھەڵبێنە

عــــــاشقم سەبرم زۆر لا گرانە
ڕاستە (دڵداری پەنھانی)جـــوانە
دڵدار شــەرمن بێ زۆر بێ ویجدانە
لە کوێ ڕووپۆشین پیشـەی جوانانە؟
ســەرپۆش فڕێدە و چاوێ ھەڵبێنە

بۆ خـــــۆت ئەزانی گرفتاری تۆم
کردەوەی تۆیە زامانی بەســـــۆم
بۆ تۆ دێوانە و دیل و ڕەنجـــەڕۆم
خۆشم نـــازانم ڕووە و کوێ بڕۆم
بۆ منی ھەژار چـــــاوێ ھەڵبێنە

ئەزانم نـــــەرم و ناسک و تەڕی
بەخشڵی جــوانی پۆشتە و بەفەڕی
ڕەنگینی دەڵێی گـــوڵە شەستپەڕی
پێم ناڵێی بۆچی لێمان بەشـــەڕی
یا جوابێ بدە یان چــــاوھەڵبێنە
….
بــــۆ خۆم فامانم ئەبێ بە ئێشم
ئەبێ بــە نەشتەر دڵەی پڕ ئێشم
ئەبێ بە ئــــازار دەروونی ڕێشم
ھەتا کەی سزا و ناســۆر بکێشم
بۆ دەوای دەردەم چـــاوێ ھەڵبێنە


تێبینی:
سودم لە دیوانی مەزڵوم (سەید ئەحمەدی شێخ محەمەدی بەنا بەرزنجەیی) وەرگرتووە ،چاپی دووەم/ساڵی ٢٠١٥ ئامادە و پێداچوونەوە و پێشەکی /ئومێد کاکەڕەش و سودیشم لە گێڕانەوەکانی کاک شێخ عومەری کوڕی گەورەی شاعیر وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish