Skip to Content

كاری رێكلامی هونه‌ری كاریكاتێر- به‌شی -2- كۆتایی.. هه‌ندرێن خۆشناو

كاری رێكلامی هونه‌ری كاریكاتێر- به‌شی -2- كۆتایی.. هه‌ندرێن خۆشناو

Closed
by كانونی دووه‌م 15, 2021 General, Literature


رێكلام خۆی له‌ خۆیدا بۆته‌ شتێكی پێویست بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی، پشتگیرییه‌كی دارایی بۆ دابین ده‌كات بۆ به‌رده‌وامبوون و پێشكه‌وتن، سه‌ره‌ڕای بوونی تێبینیه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و رێكلامانه‌ی له‌ رۆژنامه‌كاندا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تی پابه‌ندبوونی وه‌شانكاره‌كانی رێكلامه‌كان به‌ ئیتیك و ڕه‌وشتی رێكلام، ئه‌م تێبینیانه‌ راست نابن، بوونی رێكلام له‌ رۆژنامه‌كاندا بوونێكی شه‌رعیه‌، چونكه‌ رۆژنامه‌گه‌ریی ئامرازێكی په‌یوه‌ندی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ نێوان مرۆڤاندا، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاڵا بازرگانیانه‌ به‌رهه‌مدێنن، مافی ئاگاداركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیشیان هه‌یه‌ به‌و كاڵایانه‌ی كه‌ به‌كاریاندێنن، مافی رێكلام كردنیشیان هه‌یه‌ بۆ كاڵاكانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ك بۆ به‌كاربه‌ران، لێره‌شدا شوێنی ئه‌وه‌ نیه‌ باسی ئه‌و تێبینیانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌سه‌ر رێكلام له‌ رۆژنامه‌كاندا هه‌یه‌.

ئێمه‌ لێره‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی باسی رێكلامی بازرگانیمان كرد له‌ نێو رێكلامه‌كاندا، چونكه‌ رێكلامی بازرگانی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره‌كانی تری رێكلامدا زیاتر په‌یوه‌ندیان به‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر پشت به‌ رۆژنامه‌گه‌ریشه‌وه‌ ببه‌ستن، ئه‌وا به‌ شێوه‌یه‌كی ساده‌ ده‌بێت، زۆرجاریش هه‌ر هه‌مان شێوازی بازرگانی ده‌بێت، بۆ نمونه‌ رێكلامی شانۆیی له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌ی هه‌واڵ نه‌بێت، ئه‌وا جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆی نابێت له‌گه‌ڵ رێكلامكردن بۆ كاڵایه‌ك، ئامانج تێیدا بره‌ودان و بازاڕگه‌رمییه‌ بۆ شانۆكه‌، له‌ ڕێی به‌كارهێنانی چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆره‌وه‌، وه‌كو به‌كارهێنانی پاڵه‌وانی شانۆكه‌ و ناوی نووسه‌ره‌كه‌ و سیفه‌ت و چاكه‌كانی شانۆكه‌ (كۆمیدی، گاڵته‌جاڕی، ره‌خنه‌كاری، مێژوویی ..هتد)، به‌مه‌ش رێكلامه‌كه‌ مه‌به‌ستی بره‌ودانه‌ به‌ فرۆشتنی پلیتی چوونه‌ژووره‌وه‌ بۆ شانۆكه‌، بۆیه‌ رێكلامێكی بازرگانیه‌، هه‌ر رێكلامێكیش سیفه‌تی هه‌واڵی رۆژنامه‌وانی نه‌بێت، ئه‌وا رێكلامێكی بازرگانیه‌، ته‌نیا ئه‌گه‌ر رێكلامێكی پزیشكی بۆ كوتان دژی نه‌خۆشیه‌ك هه‌ڵاوێژكه‌ین، یان رێكلامی رێنماییه‌كانی خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشیه‌كی دیاركراو، ئه‌مانه‌ ناتوانرێت به‌ رێكلامی بازرگانی دابنرێن، چونكه‌ بۆ بره‌ودان و بازاڕگه‌رمی نیه‌، به‌ڵكو بۆ بانگهێشتكردن و ئاگاداركردنه‌وه‌ و وریاكردنه‌وه‌یه‌، هیچ هۆیه‌كی بازرگانی یان وه‌به‌رهێنانی له‌دواوه‌ نیه‌، هه‌تا ئه‌م جۆره‌ رێكلامانه‌ش ده‌توانین باسی ڕۆڵی كاریكاتێریان له‌ نێودا بكه‌ین، چونكه‌ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ جیاوازی له‌گه‌ڵ رێكلامه‌كانی دیكه‌دا نیه‌، له‌ گه‌یشتن به‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ خوێنه‌رانه‌وه‌، له‌ ڕووی خواستیشه‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی كاریگه‌رییه‌كی زۆر، بۆیه‌ به‌كارهێنانی كاریكاتێر تێیدا زۆر پێویسته‌ له‌ زۆر حاڵه‌تدا، له‌به‌ر هه‌مان ئه‌و هۆیانه‌ی‌ كه‌ پێشتر باسمان كرد له‌ رێكلامی بازرگانیدا، بۆیه‌ پێمانوایه‌ كه‌ پێویست ناكات به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت قسه‌ له‌سه‌ر رێكلامی پزیشكی و جۆره‌كانی تری رێكلام كردندا بكه‌ین، چونكه‌ پێویستی به‌ كاریكاتێر له‌ هه‌موویاندا وه‌كو یه‌ك وایه‌.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress