ڕاپرسی گشتی لەسەر پێدانی زەوی بەشێخ نەهرۆ.. جەمال کۆشش
پرۆژەیەکی گەورەتر لە مەرجەعیەتی سۆفی وکەرتی گەشتیاری
گەشتیاری پرۆژەی مۆدێرنەیە
تۆماس کوک داهێنەری گەشتیاریی مۆدێرن، یە کە مین گەشتی لەساڵی ١٨٤١ لەڕێگای شەمەندەفەری هەڵمینەوە، بۆ ٥٧٠ کەس، لەنێوان دوو شاری نێوخۆیی لە بەریتانیادا ڕێکخست. کرێی تێچووی بە کوپێ چایی و پارچە کێكیک بە کشمیشەوە یەک شیلنگ بوو. هەمان کەس لە ساڵی ١٨٥٥ دا یەکەمین گەشتی بۆ ئەوروپا سازدا. تا کۆتایی ساڵی بەری، گروپی کۆمپانیاکانی تۆماس کوک یەكیک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتیاری بوو. مێژووی گەشتیاری مۆدێرن ” گەشتیاربۆ ڕابواردن وبەسەربردنی کاتەکانی پشوو بۆ جێگا دوورەکان” سەفەر دەکات، بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕیوە. سەرەتا ئەم نیعمەتە هەر بە چینە ئۆرستۆکراتەکان وپادشا و خێزانە دەولەمەندەکان تایبەت و دابین دەکرا. بە پەرەسەندنی شۆڕشی پیشەسازی بەتایبەت لەبواری ڕێگاوبانەکان و شەمەندەفەرو پاپۆڕەکان ، بواربۆ توێژە پارەدارەکانی تر لە پسپۆڕان وپزیشکان وجەنەڕالەکاندا ڕەخسا. نیو سەدە دواتر،پاش ئەوەی خەباتی چینی کرێکار، کەمکردنەوەی سەعاتی کارو پشووی یەک هەفتەیی ودوو هەفتەیی بە کرێی تەواوە بەدەستهێنا ( بەتایبەت لەئەڵمانیا)، گەشتکردن پانتاییەکی کۆمەڵایەتی وەرگرت.
پیشەسازی گەشت وگوزاربۆ سێکتەرێکی وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایە، لەدروستکردنی هوتێل و پاپۆری گەورە و چێشتخانەو پارک وشوێنە گەشتیارییەکان …پەرەدەستێنێ. بیریارو مێژونوسانی گەشتیاری، پرۆژەی مۆدێرنە وگەشەکردنی هیومانیزم و تەنانەت بەخشینی قەوارە بە ئەوروپا بە روحی گەشتیاری مۆدێرنەوە دەبەستنەوە. تۆلیرەنس و کرانەوە وژیاندۆستی و ژینگە دۆستی، بەشێکن لە شوناسی تیوری گەشت. یەک سەدە دواتر، لە دەورانی سەرمایەداری جیهانگیر وگلۆبەلازەیشندا، پێشکەوتنەکان لە بواری تەکنەلۆژیای پەیوەندی وهێڵە ئاسمانیەکان و هەرزانی وخێرایی ئامڕازەکانی گواستنەوە و..هتد. سێکتەری گەشتوگوزاری گۆڕی بەیەکێک لە پرۆژە هەرە گرنگەکانی بازاڕی سەرمایەو بەگەڕخستنی هێزی کار ملێۆنی. لە ٩ مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠١٩ دەدا١.١ ملیارد گەشتیار هەبووە. لەهەر یانزە کەس لە هێزی کار لەو بوارەدا کاری کردووە ، لە هەندێ وڵات سێیەمین سیکتەری داهات بووە. وە ساڵی پێرار، بە بڕی ٢.٢ ترلیۆن دۆلاری ئەمەریکی کەڵەکەی سەرمایە خەمڵێنراوە.” سایتی ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی”
دەرفەتەکانی بەردەم گەشەی گەشت وگوزار لە کوردستانی عێراق
ڕەنگە نمونەیەکی گونجاو نەبێت، سویسرا بۆ بەراورد کاری، من بەکورتی یەک لایەنی وەردەگرم، سەردانی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سویسرا دەکە یت سێ ووشەی زۆر سادە( بابەتی، شەفافیەت، متمانەی تەواو) وەک بەرنامەی ڕێکخراوەیەک ” ئازادی، دادپەوەری، یەکسانی” دەبینیت.
لە ساڵانی ٢٠٠٧ بەدواوە، ساڵانە ژمارەی گەشتیاران لە کوردستان هەڵکشاوە . بەپێی “بۆردی گشتی تۆریزم”ی حکومەتی هەرێم ، لەو ساڵەدا ٣٧٧.٣٩٧ گەشتیار سەردانی کوردستانیان کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ گەیشتۆتە ٢،٢ ملیۆن کەس. لە ساڵی ٢٠١١ دا، ڕۆژنامەی نێۆرک تایمز، کوردستان بە ٤١ یەکەمین ئەو جیگا جیهانیە ریز بەند دەکات کە گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن، وە ناسیونال جیوگرافی بە ٢٠ەمین باشترین شوێن دادەنیت کە گەشتیارانی جیهان گوزەری تێدا بکەن. ٣٥٠٠ شوینەواری مێژویی هەیە، لەساڵی ٢٠١٣ دا بەپێی لێکدانەوەی هەمان سەرچاوە تا ساڵی ٢٠٢٥ پێشبینی بە ٧ ملیۆن گەشتیار دەکەن کە پێویستی بە ٢٥ هەزار کرێکار دەبێت. ١.١ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی سەرمایەی دەبێت. بەپێی سەرژمێرییەکانی وەزارەت، لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە دوو ملێۆن گەشتیارهاتونەتە کوردستان،٢٠١٩ زۆر هەڵکشاوتر بووە. سەرەڕای ئەوەی عێراق لە خراپترین هەلومەرجی سیاسی وئابووریشدایە، بەڵام چەژنی کریسمس و وپشووەکانی سەری ساڵی ٢٠٢٠ ، نزیکەی دوو سەد هەزار کەس هاتونەتە کوردستان.
لەو ٢٧٨پرۆژەیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگواز بۆ دە ساڵی ئایندە لەمانگی تەموزی ٢٠٢٠ ەوە، بڵاوکراوەتەوە ( پرۆژەی گەشتیاری شیێخ نەهرۆش ی تیا نیە). دەقاو دەق هەمان سیاسەتی ئابووری یە لە بەستەرەکانی خانوبەرە،دەرمان،جگەرە…کۆنترۆڵی بزنسزمانی حزبی لە فۆرمی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دا. دوای تەواو بونی وەرزی سەردانی میوانەکانی خاتوو ئەمەل جەلال، سەرۆکی گشتی دەستەی گەشتوگوزار، بەبۆنەی دەست بەکاربونیانەوە،لە ٢٤.١١ لەگەڵ کۆمەڵەی بانکەکانی عێراقی دانیشتنیان بۆ پێدانی قەرزی گەشتیاری بوو. بەکورتی فەرهود کردنی ئەم کەرتە گرنگە وکردنی بە سەرچاوەی دزی و تاڵانی . حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پاوانییەش، وەک خزمەت بۆ هاوڵاتیان وبرەودان بە گەشتیاری و ڕەخساندنی هەلی کاروهەمەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی داهات وپەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆیی پێمان دەفرۆشێتەوە.
خنکاندنی گەشتوگوزار لەنێو ڕیکلامی ئایدیۆلۆژی ئاڵا ” ڕۆژی ئاڵا” ،وئاین” مێژوی کورد، مێژووی تەریقەت و مەولاناو دەبێت کورد شانازی بکات -خەندان دیداری ئەمەل جەلال” ، نەتەوە پەرستی یەوە” خەڵکی ناوچەی سۆران شانازی دەکەن بەنەتەوە پەرستی خۆیانەوە-سایتی گەشتوگوزاری سۆران” ،” کۆمپانیای ساڕێژ بۆ گەشتوگوزار” ، وێنەی ئاڵایەکی کوردستان لەدەستێک وچەکێکی کڵاشینکۆفێکی قۆنداخداری بەدەستی سەربازێکەوە بەرزکردۆتەوە، لە باکگراوندی پەیجەکەی خۆی دیزاین کردووە. پڕکردنی ناوەندە وبنکەکانی گەشتیاری بە هەڵواسینی وێنەی پێشەوا بڕنەو گوللە نەبڕو یاتاخەکانەوە، تەنها نەخوێندەواری و نەناسین نادات، بەڵکە ئامانج لێگرتنی هاوڵاتیانی نێۆ خۆیی یە.
ببورن، جارێ هەر لەسەر پرۆژەی گەشتیاری دەمێنم، یەکێک لە هەرە کارە گرنگەکانی بواری گەشتیاری، ناسینی پێکهاتە، میزاج، زەوق ، پێداویستی یەکان و بودجەی گەشتیارانە. ئەم تەشخیسە، کلیلی کاری وەزارەت ودامەزراوەکانی گەشت وگوزاییە. بە گشتی گەشتیاری ئەم ساڵانەی دوایی لە ئاستی جیهاندا، دوو پێویستی گرنگ کە وەزارەتی گەشتوگوزارلە بەرنامەی تەنانەت دەساڵەشدا داینەناوە: خزمەتگوزارییە دجیتاڵییەکان وپۆست ودابینکردنی هۆیەکانی هات وچۆی حکومی یە. دوو؛ دامەزراندنی سیستەمی بانکی وئاسانکاری بۆ گەشتیاران بۆ کارتی بانکی وئاڵوگۆری دراو لە شوێنە گەشتیارییەکاندا. گرنگترین پێداویستی یە سەرەتاییە ناچارییەکانن لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری دا. ” بابەتی” بوون بەم مانایە دێت.پرسی “شەفافیەت” وەک دۆسیەی رۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکان لە” پێکهێنانی لیژنە” داو “متمانەی تەواویشدا ” ڕێک وەک دابینکردنی موچەو چاکسازی یە.
کەرتی گەشتیاری لە کوردستان، هەم گەندەڵی تا سەر مۆخ ڕۆچووە، وە لە نێو کلتوورێکی خێڵەکی دواکەوتوانەدا دەرفەتی هەڵدانی گەورەی لە کیس داوە. بەڵام پێدەچێت بەڵایەکی نەگبەت تری لە ژێر کەژاوەکەیدا شاردبێتەوە.
گەشتی ڕەش ، گەشتیاری ڕەش
گەشتیاری ڕەش، دیاردەیەکی نوێ یە وبەم ساڵانەی دوایی پەیدا بوو، بەشێکی زۆر کەمی گەشتیاری پێکدەهێنێت، نمونە ئەو کەسانەی سەردانی دۆڵی خۆکوشتنەکان لە یابان دەکەن، یان قەسابخانەکانی رواندا کە لەنزیکەو لاشەی ئەو کوشتارگایانە ببینن لە نێو ماڵەکانیاندا بەکۆمەڵ کوژراون و ئەو هاوارانەی کە هێشتا دەمیان کراوەن، یان ئەو کۆرپانەی کە دەستیان پەڕێنراوە … لێرەدا خودی گەشتیارەکە ” ڕەش ” نیە. بەڵام لە پرۆژەکەی خاتوو ئەمەل جەلال دا” گەشتیارەکە” لە ڕوانگەی بەرژەوەندی گەشتیارییەوە” ڕەشە”،وە ” زیانبەخشە”. گەشتیاری ئایینی بۆ سەردەمەکانی چەرخی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. کەسانێک تەرکی دونیا بکەن وخەڵوەتگیری بکەن، پێخاوس و حەی حەی شیرو تێلا لەیەکدی بدەن و خەنجەر لەسەر یەک بچەقێنن، دیمەنێکی دڵگیرو ڕۆمانسی نین. وەک مرۆڤیش، بێزەوقترین وهەژارترین وکڵۆڵترین بەش لەکۆمەڵگا پێکدەهینن. بەهیچ جۆرێک ئەم موریدو سۆفی وخەلیفانە،لە حسابی گەشتیاریدا سەرمایەگوزاری لەسەر ناکرێت. تەواو بە پێچەوانەوە، شوناسی کلتوری ناوچەکە دەڕوشێنێ و شاری سلێمانی لە ناوبانگی دادەبڕێێنێت. گەشتیاری کە چرای سەرچاوەی هەمەڕەنگی ژیان وبەخشینەوەی بەختەوەری ومەدەنیەتە بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر لە سلێمانی دەکوژێتەوە. سفرخوێندنەوەی بۆ هەڵدان وبەرەوپێشەوەچوونی گەشتیاری کردووە.
ئامانج لە پرۆژەی ” مەرکەزی تەسەوف”، لە سلێمانی چیە؟
لەمانگی ٧ دا ، نێتی عەرەبی کەناڵی روداو، ڕاپۆرتێکی شیکاری لەگەڵ وەرگێڕانی چەند بەش لە وتارێکی واشنتۆن پۆستی ساڵی ٢٠١٩ لە مەڕ شێخ نەهرۆ بڵاوکردەوە. پەردەی لەسەر بەشێک لە تموحە سیاسی وئابوورییەکانی ستراتیژییە هاوبەشەکانی شێخ وئەمەریکا هەڵدا بوەوە. بنەماڵەی شێخ نەهرۆ، هاوکاری لە مێژیینەیان بۆ دەزگا سیخوڕییە هەرە حەساسەکان کردووە.شێخ نەهرۆ، لێزانە لە یاریکردنی وەرەقە ئایینیەکان و تێکەڵکردنیان بەیەکتر دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێ، ئەلگۆیەک لەچەشنی ئەوەی لە پاکستان هەیە، بۆ ناوچەکەمان پێشبینی لێبکەین.
لەگەرمەی پرسەی شێخ موحەمەد کەسنەزانی، باوکی نەهرۆدا، ماڵپەڕی جەزیرە پرسیار لەیەكێک لێکۆڵەرەوانی سیاسی کوردستان دەکات: ئایا ئەگەری گۆڕینی تەریقەتی کەسنەزانی لە ئایدیولۆژییەکی دینی یەوە بۆ رەوتێک یان کۆمەڵەیەکی سیاسی هەیە کە سەرۆکی نوێی بەیعەت پێدراولە پاشخانێکی سیاسی وبازرگانی بەهرەمەندە؟. سۆران سێوکانی ئەم ئەگەرە بەدوور دەبینێت، سەڕەرای بەرژەوەندییە سیاسی وبازرگانی وشەخسیەکانی خۆیشی کە هەیەتی).
وتارە هاوبەشەکەی ئاراس فەتاح-مەریوان وریا قانع لە سایتی درەو، دیاردەی پەیدابوونی شێخ نەهرۆ، بە هەمان میتۆدی یان بۆ لێکدانەوەی مۆدیلی حزبی کوردی بەکارهێناوە. بەکارهێنانی پێگەی خێزانی و میراتی سەرمایەی ڕەمزی بۆ بزنسی سیاسەت و دەسەڵات. ئەم مەرجەعیەتە ئایینی یە، گەشە دەکات بۆ پشکی کۆمپانیای دەسەڵاتی سیاسی تا مۆنۆپۆلی سەرمایە لە کەرتی گەشتیاری بکات. بە بۆچوونی من ئەمانیش مەترسیە جددیەکانیان لە خەڵک شاردۆتەوە.
ئەوانیش وەک هەوڵێکی بەرەی دژە شۆڕش، دژە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵ لە دەسەڵاتدارەتی پەردەپۆشکردووە. ڕەخنەی ئەم دوو نوسەرە کە تەعبیر لە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، هەمان ئەو ڕەخنانەیە کە لەحزبەکان هەیانە و وەک موئەیەد ئەحمەدیش لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ئەگەر بارەگایان هەبوایە ڕۆشنبیران، بەدڵنییاییەوە لەلایەن لاوانەوە دەسوتێنران.
سەردانی شیخ نەهرۆ بۆ لای نێچیرڤان بارزانی، بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاوکرایەوە، پشتیوانی وهاوکاری بۆ سەرخستنی بەستنی کۆنفرەنسی سۆفیگەری دەکات. لە ساڵیادی سلێمانی قاسمیانیدا ڕێبوار کەریم وەلی سەفقەیەکی بازرگانی سەرنەکەوتووی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کەشف کردووە، سەرنجڕاکێش تیایا لەمەڕ شێخ نەهرۆ دەنوسێت پێدەچیت: ئیتفاقێکی- ئەمەریکی-ئیرانی-پارتی-سونە لەسەر شێخ هەبێت. سوچێک لە دیاردەکە ڕونتر دەکاتەوە،چرای سەوزی سەرۆک نێچیر تیا بەرزکردۆتەوە، بەڵام ئاشکرایە، پارتی تەحەمولی شێخ نەهرۆ لە هەولێر ناکات.
هیچ بۆنەیەک بۆ خەم خواردنمان لە پەیدابوونی مونافسێکی نەخوازراو بۆ بزنسە کەی شاسوار عەبدولواحید نابینمەوە.
پلانەکە گەورەترە لە تەریقەت
بنەماڵەی شێخانی کەسنەزان، لە ڕێگەی پەیوەندی شەخسی لەگەڵ عزەت دوری وحزبی بەعس ووەزارەتەکانی (مەجلیس تەشریعی )ئەوسادا،لەکاتی شەڕی عێراق/ئێران و لەکارەساتی ئەنفالدا مۆرەیەکی بەکاری براوی ڕژێمی بەعس بوون. بە دە زگا سیخوڕی و هەواڵگرییە مەترسیدارینەکانی ئەمنی ناوچەیی وموخابەراتی ئەمەریکیدا،تەنانەت لە گەڵ شوفینیەکانی سونەشدا بەهەزار پەت بەستراونەتەوە.
هەر چەند لە تەقەکەرانی تەکیەی کەسنەزانی، شێخ نەهرۆ خۆش بوو، بەڵام لەوەڵامی ڕەخنەگرانی ئازادیخوازدا، هستریکانە دەیوت ” ئەو نەفامانە تێناگەن چ زەمین لەرزەیەک ڕویداوە.”
ئەم پرۆژەیە، گەورەترە لە خودی شێخ نەهرۆش. چێشێتلێنەرەکان ئەم شۆربایە لە مەتبەخێکی تردا ئامادە دەکەن. ئەم دیاردەیە وا دەردەکەوێت، هاوسەنگی ڕاگرتن بێت لەنێوان ئێران -ئەمەریکا و دروستکردنی ڕەوتێکی سیاسی-ئایدیۆلۆژی ئیسلامی سونی کە یەکیتی لەڕێگایەوە سییەکی بۆ پەیدا ببێت. بەڵام لە بنەڕەتدا، ئەرکە سەرەکیەکەی دامەزراندنەوەی دەسەڵاتە لەئاستی عێراقدا وقایمکردنەوەی پایەکانی دەوڵەتە لەبەرامبەر شۆڕشی لاوان وخەڵکی هەژاردا. داسەپاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی فەرهودچی تەنها ئەم بێچووانە دەتوانێت بتروکێنێ. ئەم سیاسەتە چ بەزۆری چەک وشەڕ، چ بە هەڵبژاردن وڕێگای پەرلەمانی، وەها ئاڕاستە کراون.
پوچەڵکردنەوە یان بەرتەسکردنەوەی پلانەکە:
١- ئەم پرۆژەیە، گورزێکی کوشندە لە کەرتی گەشتوگوزار دەدات. ناوچەی سلێمانی بەتایبەت بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێرئازاری شێواندنی ناوبانگیدا ڕەنج دەدات. لە ڕووی پیشەسازی گەشتیارییشەوە، هەڵەیەکی یەکجار کوشندەیە وباجی یەکجار گەورەی هەیە. لەباشترین حاڵەتی بەکارهێنانی گەشتیاریدا، شاری سلێمانی دەبێتە موگناتیسی کێشکردنی کۆبونەوەی خراپترین گەشتیاری دێوانەو پێخاوس ودەفڵیدەرو زەرگ وەشێن. بەڕێز سەرۆکی گشتی دەستەی سەرۆکایەتی گەشت وگوزار، ئەگەر دەستناکێشیتەوە لەسەر ئەم سیاسەتە نابەرپرسانەیەت، لانی کەم دەست لەم پلانە کۆنەپەرستانەیە هەڵبگرێت.
٢- بەڕێز شوان محمەد لە بەدواداچوونیدا بۆ ساخکردنەوەی راستی پێدانی زەوی بە نەهرۆ موحەمەد کەسنەزانیدا بەو ئاکامە گەیشتووە، تا ئێستا پێی نەدراوە.( وتاری لە سایتی سپێدە ). لە جوانترین ناوچە گەشتیارییەکان، لە پێشوازی و جامخانەی پێشەنگای شاردا، پێدانی دەیان دۆنم زەوی وەزارەتی شارەوانی بە شێخ نەهرۆ،شەمەزاری یەبۆ دەسەڵاتدارانی سلێمانی. ئەگەر تەواوی دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی سلێمانیش بە سەرجەم حزبەکانەوە لە گەڵ پلانەکەی شێخ نەهرۆش بن، ئەوا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی لە پرۆژەیەکی وەها چارەنوسازوپڕبایەخی موستقبەلیدا ، نابێت بێدەنگی هەڵبژێرن، پوچەڵکردنەوەی ئەم پلانە، شایانی تێکۆشانی گەورەیە. لانی کەم خەڵک لە ڕێگای هەوڵدان بۆ ڕەدکردنەوە بە شێوازی جۆراوجۆر لەوانە سازدانی ڕاپرسی گشتی و گوشار هێنان بۆ دەسەڵات بۆ سازدانی ڕاپرسیەکە و رەدکردنەوەی پرۆژەکە.
٣- قوتکردنەوەی شێخ نەهرۆ،سیناریۆو شانۆگەرییە کانی، نمایش وخۆنواندنەکانی، ئاڵۆزکردن و ژەهراوکردنی ژینگەی سیاسی عێراق وکوردستانە بە کۆنەپەرسترین ئالتەرناتیف. خەڵکی کوردستان وعێراق وناوچەکە بەرگەی ڕەوتێکی کۆنەپەرستی پۆپۆلیستی ڕاستڕەویتر ناگرن. بنەماڵەی شێخانی کەسنەزان، مێژوییەکی تاوانکارییان هەیە وهێندە بەسە خۆیان لەشانۆی سیاسی ودەسەڵات لەکۆڵ خەڵکەکەی ببنەوە.
جەمال کۆشش ١٠/١/٢٠٢١