Skip to Content

بیرەوەریی جاشێکی خەباتگێڕ.. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

بیرەوەریی جاشێکی خەباتگێڕ.. عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

Closed
by نیسان 12, 2021 General

شینە جاشێکی ھەلپەرستی بێخێر، لە ماڵوحاڵێكی خۆش دەژیا، سەرەمانگان بە فەردە پارەی لە سەربازگەکەی شار، کە ئێستا کراوەتە پارک و دارستان، وەردەگرت. جاشکۆ پیاوێکی قۆزی!! سەروتیلاک خواری، سمێڵ فشی، برۆ قیتی، نێوچەوان بەردە زوورگی، دەم چەکمەجەی، لووت بەرانانیی، ددان تاقمداری، گوێ باڵە بایەقوشی، لچولێو لینگە نەعلی ئیسفەنج بوو، جلک و قاتوماتی لە کری زاخۆ دروستکراو بەولاوە بترازێ، لە قۆڵ و لینگ ھەڵنەدەکێشا، ئەو بەردەوام پیاوێکی پاکوخاوێنی سەر و ڕدێن تاشراو بوو، ھەمیشە دەتگوت تازە لە حەمام و ساونا ھاتووەتە دەرەوە، بە پت خۆی دادەوەشاند. جاشولکەم جاشکۆڵەیە، ڕۆژێک کێچ دەکەوێتە قالبی و ئامانی لەبەر ھەڵدەگیرێ، حەجمینی نامێنێ، بەردەوام دەتگوت ئاگر بە پێستە تووکنەکەیەوە دەنێن، دختۆری پێست لە ھەولێر و بەغدا نەما نەینۆڕنێ و ھەتوان و پاودەر و حەبی جۆراوجۆری نەدەنێ، کەچی ھیچ فایدەی نەبوو، تا دەھات کێچ بارەگای تازەیان لە سینگ و ناوگەڵ و لاقولەتەر و بن ھەنگڵ و پشتومشت و بناگوێ و ئەبرۆ و برژانگ و نێو نیفۆ و زگومگی دەکردەوە، جاشکۆڵە تا دەھات خراتر دەبوو، ڕەنگی لە ڕووان نەمابوو، وزەی بەدەنێی چکی کردبوو، لە بەغداوە جەماعەتی جەحافیل و عەلی کیمیایی و تەھا جەزراوی، بڕیارێکیان بۆ چارەسەرکردنی دا و بە خەرجیی حکوومەت، بۆ چارەسەریی، ناردرا لەندەن، لەوێ گرووپی دختۆرانی تێ ورووکان و بە ئینگلیزی کەوتنە گفتوگۆ و بە کۆمەڵێک ھەتوان و پۆدرە و دەرمانەوە ناردیانەوە ھەولێر و پێیان گوت، خەمت نەبێ ھەتوانان لەخۆت ھەڵسوو و پۆدران لێدە و دەرمانان بخۆ، ھەمووی ھەفتەیەک نابا دەبیەوە جاشولکەکەی بەرێ. ھەفتە ھاتن و ھەفتە ڕۆیین، جاشولکە نەک ھیچ تەحەسسونێکی لێ بەدی کرا، بەڵکوو تا دەھات خراتر دەبوو.
ھووردە جاشولکەکانی کوردستان خڕبوونەوە، چ تەگبیر بکەن! حەمید جەنجەفیلی موختار کە تەمەنێکی زۆری لە جاشاتی بەسەر بردبوو، گوتی: برایان لێگەڕێن با تەگبیرێکتان بۆ بکەم، ھەموو ھووردە جاشەکانی دیکە تیلاکیان بۆ لای حەمید وەرگێڕا و گوێی درێژیان بۆ وی شل کرد. حەمید دەستی بە قسان کرد:
برایان، ئەم پیاوە نازدارەمان تووشی دەردێکی بێ ئامان بووە، چ داوودەرمانی دنیا نەماوە نەیدرێتێ، کەچی ھەمووی فشە دەرچوون. پێم بیبەینە لای شێخ مەلا عەلۆی کەڵەکێ، چارەسەری وی لەکن خوا و لای شێخ مەلا عەلۆیە. سبەینە زوو، ھەموو لە ھەموو، بە سواریی شەش قەمەرەوە بەرەو کەڵەک ڕۆیشتن و چێشتانان گەیشتنە لای شێخ مەلا عەلۆ. سەربردەی نەخۆشییەکە و بردنی بۆ لەندەن و دەرمانەکانیشیان خڕ بۆ شێخ مەلا عەلۆی باس کرد، شێخ مەلا عەلۆ ڕوانییە دوڕ چاوانی سەرەجاش، دەمێک لە جەستەی وردبووەوە و پرسیاری ژیانی ڕابردووی لێ کرد، ئەویش نزیکەی دوو سەعاتان باسی خەبات و تێکۆشانی خۆی لە پێناو مرۆڤایەتی و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەریی بۆ شێخ مەلا عەلۆ کرد. شێخ مەلا عەلۆ چەند دوعایەکی بۆ خوێند و جاشکۆڵەکانی یاوەریش ھەموو بە نزاوە دەستەکانیان بەرەو ھەوا بەرز کردەوە و لە خوا دەپاڕانەوە دەردی سەرەجاشیان بپەڕی، شێخ مەلا عەلۆ بە ھاتوھاوار و حەی حەی و ھای و ھوو وە، دەستێکی لە پشتی سەرەجاش دا و نێوچەوانی ماچ کرد و پێی گوت: ئاغام، کە لێرە دەڕۆیەوە ماڵەوە دەلعاز دەست بە نووسینی ئەو شتانەت بکە کە لەو دوو سەعاتە بۆت باس کردم، من دوعام کردووە سەتاسەت چاک دەبیەوە، بنووسەوە ھەموو ئەو خەبات و تێکۆشانەت بە پوختی بنووسەوە، ھیچی لێ باز مەدە ھەمووی بنووسەوە، ھەر کە دەستت بە نووسین کرد، ئۆباڵت بەو ملەم ھەست بە تەحەسسون دەکەی و بە چەند ڕۆژێکی کەم نەخۆشییەکەت تا ھەتایە دەپەڕی. ھەموو ھەڵسانەوە، پارەیەکی چاکیان بۆ عەلۆ لەبن نیمدەری نا و ھاتنەوە ھەولێر.
بۆ سبەینێ، سەرەجاش بەدوای موڕشید ملپان یدا نارد، کە نووسەر! و ڕۆشنبیرێک! و قۆنتەراتچیی بواری نووسینەوەی بیرەوەری و میرەوەرییان بوو بۆ خەباتگێڕ! و مەباتگێڕان. موڕشە دەستی بەکار کرد، ئاغای جاشكۆڵە دەیگێڕایەوە و موڕشەی ملپانیش لەبەردەم ئاغای تێکۆشەر! دێڕ بە دێڕ، ورد و درشتی تێکۆشان و تێکوشینی بۆ دەنووسییەوە. ھەر دێڕێکی دەینووسیی، بە کۆمەڵ کێچ لە سەروبیچم و تیلاک و جامانە و سینگ و بەدەنی جاشاغە ھەڵدەوەرین و دەکەوتنە سەر لاپەڕەکان. ھەفتەیەک، دە ڕۆژێکی نەبرد بووە جینۆسایدی کێچ لە جەستەی سەرەجاش، كێچ قڕ بوون و یەکەم ڕۆژی چاکبوونەوەیشی کرا بە ڕۆژی جەژنی میللی، ساڵانە ئەو یادە لە نەورۆزیش بە ھەڕمێنتر بەڕێوە دەچوو. سەرەجاش لەو ڕۆژەوە وردە وردە ڕەنگی کەوتەوە ڕووان، پێکەنین و قسە و گفتولفتی وەک جارانی لێ ھاتەوە، لەگەڵ شرقەی داوەشاندنی جەمەدانیی، ئەمجارەیان چیتر کێچومێچ ھەڵنەدەوەرین.
ڕۆژانی دواتر دەزگاکانی لەچاپدان و پەخش و بڵاوکردنەوە، بەر دەرکی ماڵەکەیان گرت و کەوتنە پێشبڕکێ بۆ چاپکردنی (بیرەوەریی جاشێکی خەباتگێڕ) بە جوانترین بەرگ و دیزاین. ئیتر لەو ڕۆژەوە نەخۆشییەکە نەک ھەر پەڕی، بەڵکوو چەند ساڵ جارێکیش ئەم کتێبە بەھادارە، بە تیراژی سەتان ھەزار دەکەوتە دەستی خوێنەران و لە وڵاتدا وەک کتێبێکی پیرۆز دەیڕوانرایێ.

———————————————

  • جاشولکە یان جاشکۆکە یان جاشکۆڵە، لێرەدا وەک بچووککردنەوە نەھاتووە، بەڵکوو بۆ بێ قیمەتتر کردنی سەرەجاش ئەم وشانەم بەکار ھێناوە.
Previous
Next
Kurdish