
ڕۆمانی ڕوحه سه‌ر وه‌شه‌كان و چه‌ند سه‌رنجێكی ڕه‌خنه‌یی.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ڕۆمانی ڕوحه سه‌روه‌شه‌كان، گوزارشت له‌و ڕووداوه سیاسی و تراژیدیایانه ده‌كات، كه له سه‌رده‌می به‌عس و ده‌سه‌ڵاته شۆفێنییه‌كه‌ی، له ئه‌نفال و كیمیا باران و زینده به‌چاڵكردن، به سه‌ر گه‌لی كورد داهاتن. پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه، ناوی توانایه. توانا دوای ئه‌وه‌ی له سۆنگه‌ی په‌یوه‌ندی سیاسی و نهێنییه‌وه ده‌گیرێت، ئیدی له زیندان هه‌ڵدێت و ڕوو له هه‌نده‌ران ده‌كات. دوای ساڵانێك ده‌گه‌ڕێته‌وه شاره‌كه‌ی. كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه، چونكه سرووشتێكی سایكۆلۆژی ڕۆژئاوایانه‌ی وه‌رگرتووه، ئیدی ساته‌كانی ژیانی له چوار دیواری ماڵه‌وه‌یان ده‌باته سه‌ر و له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌رییه‌كانی ڕابردووی ده‌ژیت. ئه‌م ته‌نیایه، گه‌رچی نامۆ و ڕانه‌هاتووه به كولتوور و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ئه‌و، به‌ڵام چێژ له‌و ژیانه وه‌رده‌گرێت. توانا، به یاده‌وه‌رییه‌كانی ژیانی ڕابردووی كه وه‌ك دیمه‌نێك دێنێته‌وه به‌رچاوی خۆی، له‌گه‌ڵ ئێستای ده‌ژیت و له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیی كه‌سی و خێزانییه‌وه، كه‌سێكی گۆشه‌گیر و دووره په‌رێزه. به هۆی بارودۆخی وڵاته‌كه‌یه‌وه، هاوڕێكانی هه‌ریه‌كه‌یان چاڕه‌نووسێكی نادیاریان ده‌بێت و له یه‌كتری داده‌بڕێن. له‌و كاته‌ی كه توانا و خێزانه‌كه‌ی هه‌ڵاتوون بۆ هه‌نده‌ران، جه‌مالی مامی، خانووه‌كه‌یان ده‌داته پیاوانی ڕژێم، كه به نهێنی كار بۆ ئه‌وان ده‌كات. به‌م شێوه‌یه له‌م خانووه‌دا، ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی گه‌نجانی كورد ده‌درێت و دوای ڕاپه‌ڕین كه توانا و خێزانه‌كه‌ی دێنه‌وه و ئه‌و چیڕۆكه ده‌بیستن، ئه‌وه‌نده‌ی تر توانا هه‌ست به شكانه‌وه و ڕق به‌رامبه‌ر مامه‌كه‌ی ده‌كات و له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه وه‌ك دۆڕاوێك خۆی ده‌بینێت. پاشانیش ده‌چێته تیمی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و كار له ڕووفاتی بێ سه‌رو شوێنانی ده‌ستی ڕژێمی به‌عس ده‌كات. ئه‌م ڕۆمانه، ڕه‌نگدانه‌وه ئه‌و واقیعه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌یه كه گه‌لی كورد له سه‌رده‌می به‌عسدا تیایدا ژیاوه و به هۆیه‌وه سه‌دان هه‌زار گه‌نجی كورد، بوونه قوربانی ده‌ستی ئه‌و ڕژێمه. ئه‌مه به كورتی پوخته‌یه‌ك بوو له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه و لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند لایه‌نێكی هونه‌ری ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌ین.
هه‌ڵه له گوزارشتكردن و ده‌ربڕین:_
له ڕۆمانه‌كه‌دا، چه‌ندین هه‌ڵه له ڕووی گوزارشتكردن و ده‌ربڕینه‌وه هه‌ن، كه لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_
- لا 7 نووسراوه:_(گیای زه‌رد) گیا كه زه‌رد بوو، ده‌بێته پووش و په‌ڵاش، بۆیه پێی ناگوترێت گیای زه‌رد و ئه‌مه هه‌ڵه‌یه.
- لا 7 نووسراوه:_(په‌ڕۆیه‌كی پێوه هه‌ڵواسراوه كه له‌گه‌ڵ شنه باكه ده‌خوولایه‌وه) خوولانه‌وه هه‌ڵه‌یه، جولانه‌وه دروسته.
- لا 8 نووسراوه:_(ده‌رگای په‌نجه‌ره‌كه‌م كرده‌وه) ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، چونكه په‌نجه‌ره ده‌رگای نییه، ده‌كرا بنووسێت په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌م، یان هه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م كرده‌وه و پێویست به ده‌رگا ناكات.
- لا 16 نووسراوه:_(نه‌متوانی خه‌وه‌كه‌می بۆ بگێڕمه‌وه) مه‌به‌ست خه‌ونه، بۆیه خه‌ون و خه‌و، جیان له یه‌كتری. له زۆر شوێنی ڕۆمانه‌كه‌ی هه‌مان هه‌ڵه‌ی چه‌ند باره كردۆته‌وه.چونكه مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی خه‌وت، خه‌ون ببینێت.
- لا 18 نووسراوه:_( گریان گه‌ڵوی ده‌كوشیم) گه‌ڵو هه‌ڵه‌یه، گه‌روو ڕاسته، وێرای ئه‌مه‌ش گریان گه‌رووی گرتبووم دروسته.
- لا 20 نووسراوه:_( هیچ كات مانگ له ژێر هه‌ور نامێنێته‌وه) مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، كه هه‌وره‌كان تا سه‌ر مانگ ناشارنه‌وه، به‌ڵام گوزارشتكردنه‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه. چونكه ئه‌گه‌ر به گوتنی ئه‌و بێت، هه‌وره‌كان له سه‌رووی مانگن، كه ئه‌مه‌ش له ڕووی فه‌له‌كی و سرووشتییه‌وه هه‌ڵه‌یه. چونكه مانگ له هه‌ور به‌رزتره.
- لا 24 (كاتی توانا به‌ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له خه‌و ڕاده‌چڵه‌كێت و ده‌چێته نانه‌واخانه‌كه، كاته‌كه شه‌وه، به‌ڵام نووسه‌ر نووسیویه‌تی: چه‌ند منداڵێكم به‌جلی قوتابخانه‌وه دیت) ئه‌مه‌شیان نه‌گونجاوه، چونكه به‌و دره‌نگه شه‌وه قوتابخانه نییه.
- لا 39 نووسراوه:_(له پشت جامی چاویلكه‌وه) جام پێویست نییه، مه‌گه‌ر چاویلكه خۆی هاوێنه‌ی نییه؟
- 30 نووسراوه:_( له ناخم له‌رزێك هه‌بوو، زوو زوو كاره‌ساته‌كه‌ی به یاد ده‌هێنامه‌وه) له‌رز نا، هه‌ستێك ڕاستتره، گه‌رچی مرۆڤ به‌دڵ نا، به مێشك هه‌ست ده‌كات، بۆیه مێشك گونجاوتره.
- لا 31 نووسراوه:_(دیسان له نێو باخچه وشكه‌كه خۆم دۆزیه‌وه، زه‌ویه‌كه‌ی ژێر قاچم جوان و سه‌وز بوو، گیایه‌كه خوناوی به هاریان پێوه بوو) كه گیاكه سه‌وز و وه‌رزه‌كه‌ش به‌هار و زه‌ویه‌كه‌ش لیتاو بووه، ئیدی چۆن باخچه‌كه وشك بووه؟
- لا 42 نووسراوه:_(ئێستا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌م بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان) هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان، كاری ده‌سته‌ی نه‌زاهه نییه، به‌ڵكو كاری تیمی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانه له وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌و پرسه.
- لا 44 نووسراوه:_( وه‌ك داری ناو ئاو ده‌له‌رزین) بی ناو ئاوه نه‌ك دار.
- لا 47 نووسراوه :(ده‌ترسم مامم ئه‌وه‌نده خراپ بێ شه‌رم له خزمایه‌تی بكه‌م) مام خزم نییه، خزم بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی كه‌مێك دوور به‌كار دێت. بۆیه ده‌یتوانی بنووسێت:(ده‌بێ ئه‌وه‌نده خراپ بێت، شه‌رم بكه‌م كه برازای ئه‌وم؟).
- لا 50 نووسراوه :_( تریشقه به سه‌رمانی داده‌گرماند) تریشقه ناگرمێنی شریخه ده‌دات، هه‌ور ده‌گرمێنی.
- لا 65 نووسراوه:_(هیچ سۆزێك له ڕووخساری نه‌ده‌بینرا) هه‌ستی پێ ناكرا گونجاوتر بوو، چونكه سۆز نابه‌رجه‌سته‌ییه و نابینرێت.
- لا 68 نووسراوه:_(ئاسمان به‌ره و ساماڵ ده‌چوو ته‌مومژ ئاسمانی شارۆچكه‌كه‌ی گرتبوو) ته‌مومژ ئاسمان ناگرێت، به‌ڵكو كه‌شێكی سرووشتییه له نێو شار و له نزماییدا بڵاو ده‌بێته‌وه.
- لا 68 نووسراوه:_(وه‌حشییانه و دڕندانه) هه‌ردووكییان هاوواتان.
- لا 69 نووسراوه:(جۆگه‌ڵه‌كه دابخه‌م تاكو ئاو بۆ باخچه‌كانی تر بڕوات) جۆگه‌ڵه ده‌گیرێته‌وه داناخارێت. بۆیه ئێمه هه‌میشه ده‌ڵێین: ئاوه‌كه‌مان گرته‌وه، جۆگه‌ڵه‌كه‌مان گرته‌وه. *لا 72 نووسراوه:(دڵه‌ڕاوكێیه‌ك هه‌موو جه‌سته‌ی داگرتم) هه‌موو جه‌سته هه‌ڵه‌یه، چونكه دیاره دڵه‌ڕاوكێ واتا دوودڵی، په‌یوه‌ندی به دڵه‌وه هه‌یه. بۆیه دڵه‌ڕاوكێیه‌ك دایگرتم ڕاستتره.
- لا 72 نووسراوه:_( به حاڵ توانیم تووڕه‌ی ناخم بشارمه‌وه) تووڕه‌ی ناخ به خۆی شاراوه‌یه و پێویستی به شاردنه‌وه نییه، چونكه له ناخدایه.
- لا 78 نووسراوه:_( ناكرێ ئه‌مه شۆخی بێت و هاتبێته خه‌ونم) توانا ئه‌مه له كاتێكدا ده‌ڵێت، كه هێشتا له خه‌و دایه، ئیدی نازانم چۆن ئه‌و پرسیاره ده‌كات؟ چونكه ئه‌و دوای ئه‌و پرسیاركردنه له خه‌و هه‌ڵده‌ستێت.
- لا 78 نووسراوه:_( بۆنی قژی كچه‌كه له یاد بكه‌م) بۆن هه‌رچه‌ند ساتێكه، خۆ له بیره‌وه‌ریدا هه‌ڵناگیرێت، تا دواتر له بیری بكات.
- لا 79 نووسراوه:_( چه‌ند كه‌سێك له ناو چاڵێكدا، هێسك و پروسكییان ده‌رده‌هێناو پاشماوه‌ی هه‌ژده كه‌سییان له پاڵ یه‌كتری ڕێز كردبوو) لێره‌دا مه‌به‌ستی له ڕوفاتی هه‌ژده‌كه‌سه، به‌ڵام ئه‌و پاشماوه‌ی نووسیوه كه هه‌ڵه‌یه. چونكه پاشماوه، واتا ئاسه‌وار و یاخود ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌دوای ئه‌وان به جێماون.
- لا 81 نووسراوه:_( ده‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه قسه‌كانمانی پچڕاند) زه‌نگ گونجاوتر بوو له ده‌نگ.
- لا 85 نووسراوه:_( گه‌رچی نووسه‌ر له سه‌ره‌تادا باس له‌وه ده‌كات كه مامی، خانووه‌كه‌یانی داوه‌ته عه‌قیدێك به ناوی ڕه‌عد، به‌ڵام له لاپه‌ڕه 85 دا، نووسیویه‌تی نه‌قیبێك، بێگومان ئه‌م دوو پله سه‌ربازییه‌ش جیان له یه‌كتری).
- لا 87 نووسراوه:_(ده‌نگی قاچێك له پشت سه‌رمه‌وه هات)، چرپه‌ی پێیه‌ك جوانتر بوو.
- لا 88 نووسراوه:_( به هۆی ئه‌و هه‌نیسكانه‌ی له نێو دڵی قه‌تیس مابوو) هه‌نسك، له قورگدا قه‌تیس ده‌بێت دڵ نا.
- لا 91 نووسراوه:_( له كاتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، به‌ر كیمیای كه‌وتووه و ڤایڕۆس له نێو خوێنی ماون) كیمیا باران، په‌یوه‌ندی به ڤایڕۆسه‌وه نییه، به‌ڵكو چه‌كێكه، كۆ ئه‌ندامی هه‌ناسه ده‌پێكێت و كارده‌كاته سه‌رخانه ده‌مارییه‌كانی مێشك و جه‌سته‌ش ده‌سووتێنێت.
- لا 93 نووسراوه:_( به هۆی ته‌پ و تۆزه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی تر ڕه‌نگی ناخۆش ببوو) ڕه‌نگ به ته‌پ و تۆز ناخۆش نابێت، به‌ڵكو تێكده‌چێت، یان تۆزاوی ده‌بێت.
- لا 94 نووسراوه:_(وه‌ك چه‌كوچێكی هه‌زار كیلۆیی، ده‌یاندا له مێشكی سه‌رم) چه‌كوچی هه‌زار كیلۆیی له كوێ بوو؟ گریمان هه‌شه؟ كه‌س ده‌توانێ به‌رزی بكاته‌وه؟ هه‌ر بۆیه چه‌كوچه‌كه به‌س بوو، پێویستی به قه‌بلاندنی كێشه‌كه‌ی ناكرد.
- لا100 نووسراوه:_( زه‌ڕه‌یه‌ك دڵم بۆی نه‌ماوه، ده‌مه‌وێ زووتر بیبینم) كه دڵت بۆی نه‌ماوه، چۆن ئاره‌زووی زوو بینینی ده‌كه‌ی؟!
- لا 102 (كه مام و مامۆژن و شۆخی خۆشه‌ویستی توانا سه‌ردانی ماڵی توانا ده‌كه‌ن، تا ئێواره ده‌مێننه‌وه و پاشان ده‌ڕۆن) كه‌چی دواتر له لاپه‌ڕه 123 نووسه‌ر ده‌نووسێت:_( شه‌و دره‌نگی كردبوو، منیش بۆ ئه‌وه‌ی دیارییه‌كه بده‌مه شۆخی) ئه‌مه‌ش مانای وایه، شۆخی و دایكی و باوكی، تا به‌یانی ماونه‌ته‌وه نه‌ك ئێواره ڕۆیشتبن.
- لا 129 نووسیویه‌تی:_(ده‌شتایه‌كی وشك بوو، گیر و ته‌نگ بوو) كه ده‌شتایی بووه، مانای وایه گیر و ته‌نگ نابێت، چونكه ده‌شتایی به مانای ته‌ختایی.
- لا 142 نووسراوه:_( پیره به ساڵاچووه‌كان) پیر، خۆی ئاماژه‌یه كه مرۆڤ كه‌وتۆته نێو ساڵان.
- لا 143 نووسیویه‌تی:_( چه‌ند ده‌نكه فرمێسكێك) دڵۆپه فرمێسك ڕاسته.
- لا 144 نووسیویه‌تی:(شۆخی جانتاكه‌ی هه‌ڵگرت ووتی ئامۆژن من ده‌بێ بڕۆم میوانم هه‌یه خواتان له‌گه‌ڵ) ئه‌مه مانای وایه، كه شۆخی له ماڵی توانا نه‌ماوه‌ته‌وه، كه‌چی هه‌ر له هه‌مان لاپه‌ڕه و چه‌ند دێڕێك دواتر، یه‌كڕاست ده‌نووسێت: (جل‌و به‌رگم تۆزاوی بوو، خۆم گۆڕی و هه‌ر ئه‌و كاته شۆخی هاته ژووره‌وه) كه‌واته شۆخی هه‌ر له‌وێ بووه و نه‌ڕۆیشتووه.
- لا 166 نووسیویه‌تی:_( ئه‌وه‌ی بینیبووم، ته‌نیا خه‌یاڵێك بوو) خه‌یاڵ نابینرێت، به‌ڵكو وێنا ده‌كرێت. بۆیه تارمایی گونجاوتر بوو.
- لا 174 نووسراوه:_( پاشماوه‌ی گۆڕی بیست و چوار كچ له نێو چاڵه‌كه بوون) كه‌چی له لاپه‌ڕه 178 بۆته بیست و پێنچ كچ!
- لا 191 نووسراوه:_( خه‌نجه‌ر) به‌ڵام له‌لاپه‌ڕه 220 بۆته (چه‌قۆ).
- لا 202 نووسیویه‌تی:_(ده‌نكه به‌فر) كڵوه به‌فره.
- لا 210 نووسراوه:_( پیاڵه ئاوێكم خوارد) خوارده‌وه دروسته، چونكه ئاو شله‌یه و ده‌خورێته‌وه.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ڕێنووسی هه‌ڵه‌له كتێبه‌كه‌دا:_
به گشتی ڕێنووسی ئه‌م ڕۆمانه، له زۆر شوێن هه‌ڵه‌یه و نووسه‌ر ڕه‌چاوی هیچ ڕێسایه‌كی زمانه‌وانی نه‌كردووه. به تایبه‌تی له داڕشتنی ڕسته و گه‌یاندنی واتا و مانا. بۆیه ئێمه ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ڕێنووسی ڕۆمانه‌كه وه‌رده‌گرین.
- لا 29 نووسراوه:_(بۆ مانی باسی دنیا بكه) .
- لا 51 نووسراوه:_(له داهاتوودا شتێك بنووسم كه باس له نه‌هامه‌تییه‌كانم ده‌كا) سه‌رنج له ده‌مه‌كانی كار بده‌ن له ڕسته‌كه‌دا.
- لا 74 نووسراوه:(وتم یونس ئه‌حمه‌د چی به‌سه‌ر هاتووه) له ڕۆمانه‌كه‌دا، یونس و ئه‌حمه‌د، دوو كاره‌كته‌ری جیان، توانا پرسیار له یونس ده‌كات، كه ئه‌حمه‌د چی به سه‌ر هاتووه؟ به‌ڵام كاتێ سه‌رنج له داڕشتنی ڕسته‌كه ده‌ده‌ین، ده‌بینین ته‌نها به دانه‌نانی وێرگولێك (فاریزه) ته‌واوی مانای ڕسته‌كه گۆڕاوه. چونكه له ڕسته‌كه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه یونس ئه‌حمه‌د یه‌ك كه‌سه. بۆیه ده‌بوو به‌م شێوه‌یه بێت: یونس، ئه‌حمه‌د چی به‌سه‌ر هاتووه؟
- لا 75 نووسراوه:_(ئاخر هه‌ڵه بیرم نه‌بوو كه ته‌ندروشتی باش نییه).
- لا 82 نووسیویه‌تی:_(من هه‌ست به نامۆیی خانووه‌كه‌ی كردبێ).
- لا 95 نووسیویه‌تی:_(گوێت له هاوار و ئازاری هاووڵاتییانی خۆت بێ و نه‌توانی هیچی بۆ بكه‌ی).
- لا 83 نووسیویه‌تی:_( بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی مامم بۆ لای خۆم ڕاكێشابێ).
- لا 91 نووسیویه‌تی:_( ئه‌و بیه‌وێ ئازایه‌تی خۆی بۆم ده‌رخات).
- لا 85 نووسیویه‌تی:_( له‌و كاته‌ی گه‌ڕایه‌وه نه‌موت هاتووچۆی خه‌ڵكی ئێره نه‌كه‌یت) ده‌بێ گه‌ڕایته‌وه بێت، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌دوێت.
- لا110 نووسراوه:_(كه‌سێكی كه هیچ هه‌ست و نه‌ستی نییه).
- لا 126 نووسراوه:_( من تاكو له به‌ندیخانه ڕزگارمان نه‌بوو).
- لا221 نووسراوه:_( پزیشكه‌كان پێیان وتوه، ده‌بێ چه‌ند ڕۆژێ له ماڵ ده‌ركه‌وێ).
هه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌دا، گه‌لێك هه‌ڵه‌ی تایپ هه‌ن، كه مانای وشه‌كانییان ته‌واو گۆڕیوه. بێگومان زمانی كوردی، له زمانه ورد و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه. زمانێكه به گۆڕینی یه‌ك نیشانه و پیت، مانا ده‌شێوێت. بۆیه ده‌بێت له نووسیندا، به ئاگاییه‌وه زمان به كار بێنین. له‌و ڕۆمانه‌دا، هه‌ڵه‌ی له‌م شێوه‌یه هه‌ن. بۆ نموونه:_ له لا 171 نووسراوه (چاودێره پزیشكه‌كان) مه‌به‌ستی (چاودێری پزیشكییه) كه‌چی به هه‌ڵه نووسراوه و ماناكه‌ی تێكداوه. هه‌روه‌ها له‌لاپه‌ڕه 206، (حه‌ب) كراوه‌ته (حه‌پ) به هه‌مان شێوه له لاپه‌ڕه 223 وشه‌ی (به گوڕه‌وه ده‌گریا) بۆته (به گۆڕه‌وه ده‌گریا) دیسانه‌وه له‌لاپه‌ڕه 179 (بۆن و به‌رام) بۆته (بۆن و مه‌رام) لاپه‌ڕه 225 وشه‌ی (ده‌گیرێت) بۆته (ده‌گێڕێت).
دواجار ده‌توانم بڵێم ئه‌م ڕۆمانه، گه‌رچی هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموونی نووسینی ڕۆمان ته‌ماشای بكه‌ین، به‌تایبه‌تیش كه نووسه‌ره‌كی ژنه‌و یه‌كه‌م ئه‌زموونیشیه‌تی، هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی و باشه، به ئاراسته‌ی نووسینی ڕۆمانی جوانتر و هونه‌ریترله داهاتوودا. به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر زاڵتر بێت به سه‌ر زمان و ده‌ربڕین. چونكه ڕۆمان به بڕوای من، به مانای زمان دێت.
————————————–
- په‌راوێز:ڕوحه سه‌روه‌شه‌كان: ڕۆمان، نووسینی: نازه‌نین ئیبراهیم، بڵاوكراوه‌ی: خانه‌ی موكریانی، ساڵی چاپ 2020.
*ئه‌م بابه‌ته له ژماره (187)ی گۆڤاری (خازر) حوزه‌یرانی 2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه.