Skip to Content

ئیستاتیکای شێوە لە شیعرەکانی (سۆران محەمەد)دا.. هەژار بەكر

ئیستاتیکای شێوە لە شیعرەکانی (سۆران محەمەد)دا.. هەژار بەكر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 31, 2021 General, Literature


شیعرەکانی سۆران محەمەد لە فەزای داهێنانی شیعردا بەرەو ئاراستەی هەسارەی نوخبەی شیعر دەجوڵێن ، کەمتر ڕەخنەگران خۆیان لە قەرەی ئەمجۆرە دەقانە داوە، بە تایبەتی کە ئەم ستایڵە لە شیعردا زیاتر گرنگی بە تەکنیك و هونەرکاریی جیاواز دەدات نەكو گوتاری عاتیفی، هەروەها فرە ڕەهەندیی و قووڵی مانا تێیاندا لە سیما ئەرێنییە دیارەکانییەتی، ئەمەش هەستێکی باڵای تیا چڕ دەبێتەوە بۆ ئاوڕدانەوە لە بنەماو بیردۆزەکانی فۆرمالیستەکان لە شیعردا.
وێڕای ئەمەش هەندێك لە ڕەخنەگران بیروبۆچوون و لێكدانەوەی خۆیان سەبارەت ئەم ستایڵە لە شیعردا خستووەتەڕوو ، وەك ڕەخنەگر/ نەجات حەمید ئەحمەد وای دەبینێت کە:
” ئەوەی لەم شیعرانەدا گرنگییەکی زۆری هەیە گەڕانەکانی شاعیرە بە دنیای جوانکاریی زمان و مانادا، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئێستا شاعیر لەسەر یەك ڕێچکەی داڕستنی شێوەو مانادا جێگیر بووە. چونکە ئەو لە گەڕانێکی بەردەوام و لەسەرخۆدایە بۆ دۆزینەوەی شێوەیەك لە داڕشتنی جیاواز بۆ مانا، بەڵام ئەو سیفەتە زمانەوانییەی کە زاڵە لە نێو شیعرەکانیدا جوانکاریی زمانەوانییە، لە چوارچێوەی شێوەیەکی جیاواز لە شیعردا، کە ئەمەش خەسڵەتێکی دیاری ناو شیعرەکانییەتی.”(١)
لەکاتێکدا شاعیرو ڕەخنەگر/ د. ئەحمەدی مەلا سەبارەت دنیابینی و ستایڵی شاعیر دەنووسێت: “سۆران تەنها نییە، لەگەڵ کۆنسێرتی دەنگە شیعرییە جیهانییەکاندا لە ئاڵووێردایە، ئەوان لەسەر ژێی دەنگی خۆی زیندوو دەکاتەوە بۆ ئەوەی بڵێ: دنیا هێشتا سەلامەتە.”(٢)

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی زاینیدا و لە لایەن (ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ٤٩ کتێب) لە وڵاتی سوید چاپێکی قەشەنگی کتێبە شیعریی (پیاوێك لە شەختە) ی شاعیر سۆران محەمەد کەوتە بەردیدی خوێنەرانی شیعرو کەوتە سەر ڕەفەی كتێبخانەکان. ئەم هەوڵە شیعریانە دەشێت ڕوویەکی ڕەسەن و گەش بدەنە شیعری کوردی سەردەم و وەك نموونە وەربگیرێن بۆ گێڕانەوەی متمانە بە بەهاو چەمکە جیاوازەکانی شیعری نوێی کوردی، بە هۆی ڕەچاوکردنی بنەما هونەریەکانی زمان و تەکنیکە جیاوازە شیعرییەکانی ناویانەوە کە مانا لە ئاستێکی باڵادا جوانکاری بە شێوە دەبەخشێت، ئەمەش زەمینەیەکی بە پیت دەڕەخسێنێت بۆ چێژوەرگرتن لە لایەن چینی نوخبەی خوێنەرانی شیعرەوە.
٦-٣٠-٨٩٤٣٩-٩١-٩٧٨ ژمارەی سپاردنی جیهانی ئەم کتێبەیەو ناوەڕۆکی کتێبەکە لە ٤٠ شیعری کوردی و ٤٠ شیعری ئینگلیزی پێکهاتووە، لەگەڵ دوو پێشەکی وردو بایەخداردا، شیعرەکان چەند نموونەیەکن لە هەوڵەکانی شاعیر کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا نووسیونی.
شایانی باسە ئەم هەوڵانەی شاعیر لە ستایڵدا ناچنەوە سەر ڕچەی هیچ شاعیرێکی تر، ئەمەشە زیاتر ئیعتیبارو ڕەسەنایەتی بەدەقەکان دەبەخشێت.
بۆ هەموو ئەوانەی شەیدای خوێندنەوەی ئەم هەوڵە شیعرییەن ئەوا لەم پێگەیەدا خوێنەران دەتوانن لەسەرانسەری جیهاندا داوای نوسخە بکەن و کتێبخانەکانیانی پێ بڕازێننەوە:
www.49pulsbooks.com

هەژار بەكر
…………………….
١- ئەزموونێکی جیاوازی شیعر، سۆران محەمەد، لاپەڕە ١٨٠ ، چاپی يەکەم، ٢٠١٨.
٢- هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٨٤ .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish