Skip to Content

بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی.. ئامادەکردن و وەرگێڕان: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی.. ئامادەکردن و وەرگێڕان: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

Closed
by شوبات 7, 2022 General, Opinion, Slider

سەرەتا و سەرهەڵدان

قوتابخانەی یەکشەممانی ئەرسەدۆکسی مەسیحییەت کە لەلایەن کڵێسا و قەشەکانەوە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئەوروپا و جیهانی دەرەوەی ئەوروپا بەڕێوە دەبران، لە کارنامەی خۆیاندا جگە لە وانەکانی ئەخلاق لەگۆشەنیگای ئایینەوە، منداڵانیان فێری هەندێک نووسین و خوێندنەوە و ماتماتیکیش دەکرد. وەک وەڵامێک بەو کەموکوڕییە بەرچاوەی کە قوتابخانەی یەکشەممانی ئەرسەدۆکس هەیانبوو و هەروەها وەک زەمینەی مەشقپێکردنی منداڵانی سۆشیالیستەکان و پێویستی ڕێکخستن و نیشاندانی سیستماتیکانە لە تێڕوانین و دیدگای سۆشیالیزم بۆ فێربوونی بیرۆکە و بنەماکانی پەروەردەی سۆشیالیزم بۆ منداڵانی سۆشیالیستەکان، ئەم بزووتنەوەیە چینایەتییە هاتە ئاراوە. سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، شانشینی یەکگرتوو، شاهیدی لەدایکبوونی بزووتنەوەیەکی گرنگ بەڵام نەناسراو بوو لە مێژووی چینی کرێکاری بەریتانیا، ئەویش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانەیە کە تایبەت بوو بە وتنەوەی بەهاکانی سۆشیالیزم. نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت لە دەیەی سییەکان قوتابخانەی یەکشەممانی مەسیحییەت کۆمەڵێ دەرفەتی دەستەبەر کرد بۆ وتنەوەی وانە بە منداڵانی خێزانە کرێکارەکان. بیرۆکەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی لەسەر دەستی هەڵسوڕاوە شارتییەکان(٢) ڕۆبەرت ئۆون، ماری گرەی، کە ئەندامانی فیدراسیۆنی سۆشیال دیموکرات(١) بوون لە باترسی لە لەندەن، هاتە دامەزراندن، کە سەرەتا تەنها بۆ وانە وتنەوە بوو بە منداڵانی کرێکارانی مانگرتووی بەندەر لە بەشی ئیست ئێند، لە لەندەن. (٣)

بەوپێیەی پەروەردەی ئەخلاقی ئاینیی بەهۆی ڕەگی مێژوویی ئایینی مەسیحییەت بنجی داکووتابوو، بزووتنەوەی  قوتابخانەی یەکشەممان لەبری وتنەوەی بەهاکانی ئایینی مەسیحییەت، کەوتە وتنەوەی بەهاکانی سۆشیالیزم. ئەم بزووتنەوەیە لەتێڕوانینەکانیدا خەسڵەتێکی نێونەتەوەیی و تەنانەت دژ بە جەنگیشی هەبوو. هەروەها بەپێچەوانەی قوتابخانە ئاساییەکانی تری زمانی ئینگلیزی، قوتابخانەکانی ئەم بزووتنەوە ڕادیکاڵە منداڵان بە چ زمانێک دەدوان، هەر بەو زمانەش وانەیان تیادا دەوترایەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی پاشخانی ئەتنیکی و ئایینی، پێشوازی لە هەموو منداڵێک دەکرا. لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا وەکچۆن فیدراسیۆنی سۆشیالیستە فینلاندییەکان و هەنگارییەکان و ئۆکرانییەکان و لیتوانییەکان هەبوون، ئاواش لە قوتابخانەی یەکشەممان منداڵەکانیان بەزمانەکانی فینلەندی و هەنگاری و ئۆکرانی و لیتوانی وانەکانی سۆشیالیزمیان بەو زمانە زگماکەی خۆیان دەخوێند. (٤)منداڵانی کرێکارە سۆشیالیستەکانی نێو ئەو قوتابخانانە بە یاخیبووە دڵسۆزەکان، کچان و کوڕانی ئاڵای سوور، شۆڕشگێڕە بچکۆلەکان، شۆڕشگێرانی دواڕۆژ، سۆشیالیستە بچووکەکان، یاخیبووە سوورەکان، هاوڕێیانی نێو قوومات، ناو زەد دەکرد و ئەمانە ئەو ناوانە بوون کە لەو منداڵانە نرابوون. مایکڵ جەیمس لەڕانانی کتێبە بەبەها و مێژووییەکەی پرۆفیسۆر کینیت تەیتەلبامدا دەڵێت ” مێژوونووس و مامۆستا بۆرژوازییەکان ڕەنگە هەرگیز هیچ شتێکیان لەسەر ئەم هەوڵە پەروەردەییەی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکی نەبیستبێت، بەڵام ئەو دێت چیرۆکی پێداگری ئەو سۆشیالیستە خۆشەویست و خاوەن ویژدانانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەیانوسیت منداڵەکانیان لە ئایدیۆلۆجی سەرمایەداری ڕزگار بکەن.” (٥) لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە فەلسەفەی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، چینایەتی و دژە سەرمایەدارییە. هەرچەندە ڕابەرانی ئەو بزووتنەوەیە دەیانویست لانی کەم لەڕێی پەروەردەیەکی سۆشیالیستانەوە دواڕۆژێکی ڕووناک دەستەبەر بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو بزووتنەوەیە لەو جەوهەرە گرنگەی سۆشیالیزمی زانستی بێئاگا بوو کە مارکس و ئەنگڵس هەر لەو سەردەمە خەریکی داڕشتنی بناغەکەی بوون. مارکس و ئەنگڵس هەردووک پێیانوابوو کە ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی نێو گۆمەڵگە چینایەتین و لەنێو بردنی چەوسانەوە و ستەمی بۆرژوازی تەنها و تەنها لەڕێگەی بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی چینی کرێکارەوە مەیسەر دەبێت.

بنەماکان یان مانیفێست

مانیفێستی ئەم بزووتنەوە سۆشیالیستییە بریتییە لە دە خاڵ یان دە ئامۆژگاری کە وەک بنەمایەکی فێربوون ئێشی لەسەر کراوە. ئامۆژگارییە سۆشیالیستییەکان ئەمانەن :

١-هاوڕێیانی قوتابخانەکەت خۆش بوێت، چونکە دواتر ئەو هاوڕێیانە دەبنە هاوکارت لە ژیان.

٢-حەز بە فێربوون بکە، چونکە فێربوون خواردنی عەقڵە. سوپاسگوزاری مامۆستاکەت بکە وەک سوپاسگوزاری دایک و باوکت دەکەی.

٣-هەموو ڕۆژێکت بە ئەنجامدانی کرداری باش و کاری بەسوود، پیرۆز بکە.

٤-ڕێز لە پیاوچاکان بگرە، خۆش گوفتار بە لەگەڵ هەموو خەڵک و ملکەچی هیچ کەس مەبە.

٥-نە ڕقت لە کەس بێتەوە و نە زمانی خراپەکاری بەکار مەهێنە. تۆڵە لە کەس مەکەرەوە. بەرگری لە مافەکانت بکە و دژ بە ستەم بوەستەوە.

٦-ترسنۆک مەبە. هاوڕێی مرۆڤە بێتواناکان بە و دادپەروەریت خۆش بوێت.

٧-بیرت نەچێت هەموو شتێکی باش لەم سەر زەوییە بەرهەمی کارکردنە. کێ خۆشی لەو شتە باشانە ببینێت بێئەوەی کاری تیایاندا کردبێت؛ ئەوە پارووی کرێکاران دەدزێت.

٨-چاودێر بە و بیر لە دۆزینەوەی ڕاستی بکەرەوە. بڕوا بە هیچ شتێ مەکە کە پێچەوانەی ژیری بێت؛ نە خۆت و نە کەسی تریش فریو مەدە.

٩-پێتوانەبێت ئەوەی نیشتمانەکەی خۆی خۆش بوێت، دەبێت ڕقی لە میللەتانی تر ببێتەوە، یان ئاواتەخوازی جەنگ بێت، کە خودی جەنگ بریتییە لە پاشماوەکانی هەمەجییەت.

١٠-ئومێدی ئەو ڕۆژە بخوازە کە تەواوی ژنان و پیاوان هاونێشتمانی ئازادی یەک سەرزەمین بن و هەموو پێکەوە وکو خوشک و برا ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و پرشنگدار بژێن.(٦)

ئەم ئامۆژگارییانە، یان بنەمایانەی کە وەک مانیفێستۆی ئەم بزووتنەوەیە ڕاگەیەنراوە، جگ لە لایەنە پەروەردەییەکەی کە دوورە لە هەر جۆرە تێروانینێکی نا ئینسانیی، لایەنێکی سۆسیۆلۆجیشی لەخۆ گرتووە کە منداڵان هەستی متمانەکردن بەخۆیان لا بەهێز دەبێت و کەسایەتییەکی بەتوانایان لێ بەرهەم دێنێت تا بتوانن لەدواڕۆژدا بەرپرسیارێتی ئاڵوگۆڕی مێژوویی گەورە لەئەستۆ بگرن. لێرەش نابێت ئەوە ڕەخنە نازانستی و دژە مارکسیستییە نادیدە بگرین کەپێیوایە منداڵانی کەمتر لە هەژدە ساڵ  نابێت بەهیج جۆرێک دەرگیری هیچ ئایدیۆلۆژییەک ببن و دەبێت خەریکی سەرگەرمی جیهانی منداڵانەی خۆیان بن. چونکە ئەم تێڕوانینە کۆنەپەرستە دەزانێت فەرهەنگی دژە ئینسانی بۆرژوازی چۆن گاریگەری لەسەر منداڵان و بیرکردنەوەی منداڵان دادەنێت، ئاواش دەیانەوێت بەو پاساوە ڕێگری لە سۆشیالیستەکان بکەن و نەهێڵن منداڵان بە ئایدیا و باوەڕی ئینسانییانە و پێشکەوتووخوازانە پەروەردە بکەن.

بەنێونەتەوەیی بوون

ئەگەر لە سەرەتادا ماری گرەی کاتێک دەستی بەم بزووتنەوەیە کرد تەنها منداڵێکی خۆی و منداڵێکی تری وەکو خوێندکار هەبوون. بەڵام دوای نزیک بە بیست ساڵ، ١٢٠ قوتابخانە لە بیست وڵاتدا دەستبەکار بووبوون. پێبەپێێ گەشە و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە، جگە لە منداڵان؛ دایکان و باوکانیش دەستیان کرد بە چوون بۆ ئەو قوتابخانەیە بۆ فێربوونی بنەماکانی سۆشیالیزم. لە ساڵی ١٩٢١ ژمارەی بەشداربووی ئەم قوتابخانانە گەیشتە دوانزە هەزار و پێنجسەد کەس کە بەسەر نەوەد و شەش قوتابخانە بەپانتایی سکۆتڵاند و باکووری بەریتانیا و لەندەن. لە ئەمریکاش یەکەمین قوتابخانە لە یەکی ئازاری ساڵی ١٨٨٠ لە نیویۆرک هاتە دامەزراندن و ٣٠ خوێندکاری هەبوو. پاشان ویلایەتەکانی شیکاگۆ و فلادیلفیاشی گرتەوە. ساڵی ١٨٨٨ شەش مامۆستا و نزیک بە ١٥٠ قوتابی چوونە قوتابخانە سۆشیالیستەکان. حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکی پشتیوانییەکی گەورەی ئەم بزووتنەوەی بوو و لە ماوەی بیست ساڵدا نزیک بە ١٠٠ قوتابخانەی لە ٦٤ شاری ٢٠ ویلایەت دامەزراند.(٧) نابێت ئەوە بە هەڵە بزانین کە تەواوی چالاکییەکانی بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەریتانی، کاریگەری گەورەی هەبوو بەسەر بزووتنەوەکە لە ئەمریکا و تەنانەت بڵاوکراوە و ئەزموونەکانی هەڵسوڕاوانی بەریتانی لەلایەن هەڵسوڕاوانی ئەمریکاوە لەبەرچاو دەگیران. کرێکارانی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی ئەمریکی گەشتی بەریتانیایان دەکرد و چاودێری چالاکییەکانی ئەو بزووتنەوە پەرسەندووەیان دەکرد و لەگەڕانەوەیاندا بۆ ئەمریکا؛ ئەنجامگیرییەکانیان دەخستە ڕوو.(٨)

ئەم بزووتنەوە چینایەتییە گەلێ ئەدیب و نووسەری پێوە پەیوەستبوون وەک ڕابینترانەت تاگوور، ئۆسکار وایەڵد، نیکۆڵای گۆگۆڵ و ئەبتۆن سینکلەیر. (٩) لەدەرەوەی بەریتانیا و ئەمریکاش ئەم بزووتنەوەیە پەرەی سەند و فراوانبوونی بەخۆیەوە بینی. بزووتنەوەی کرێکاری لە وڵاتەکانی ئوسترالیا و کەنەدا و نیوزیڵەند و هەنگاریا و بولگاریا و سویسراش توانیان دەرگاکانی خەباتی خۆیان لەسەر ئەم ئەزموونە گرنگ و مێژووییە بکەنەوە و سوودی لێ ببینن.

ئاستەنگەکان و دژەکردار

لەگەڵ بەرپاکردنی ئەم بزووتنەوە مەزنە چینایەتییە، هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ کۆمەڵێ ئاستەنگدا بەرەو ڕوو بۆوە؛ کە گرنگترینیان ئەمانەن:

یەک: کەمی کەلوپەلی خوێندن و وانە وتنەوە. ئەمەش هەر لە دابین کردنی جێگای گونجاو تا پەڕاو و کتێب و تەختەڕەش و پێنووس و .. تاد دەگرێتەوە کە کاریگەری نێگەتیڤی هەبوو بەسەر تەواوی پرۆسەی بزووتنەوەکە.

دوو: دەستکورتی و نەبوونی بودجەی تایبەت و دارایی شایستە تا ئەو بزووتنەوەیە بتوانێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.

سێ: نەبوونی مامۆستای پێویست. ئەوانەی هەبوون زۆربەیان ژنانی خۆبەخش بوون و ئەوانیش شەش ڕۆژ لە قوتابخانەی ئاسایی وانەیان دەوتەوە و تەنها یەک ڕۆژیان لە هەفتە هەبوو وانەکانی سۆشیالیزم لە یەکشەممان بڵێنەوە و کات لەگەڵ خانەوادەکانیان بەسەر بەرن.

چوار: میتۆدەی بەرنامەڕێژی کاری بزووتنەوەکە ئەوە بوو کە دەبوایە سەرجەم مامۆستاکان لە شوێنێک کۆببنەوە تا پرۆگرامی خوێندنی وانەی داهاتوو ئامادە بکەن. ئەمەش ماندوبوونێکی زۆر و کاتێکی زۆری دەویست و کەشێکی تاقەتپروکێنی بۆ مامۆستاکان دروست کردبوو.

پێنج : وەکچۆن مارکس و سۆشیالیزم هێرشیان کراوەتە سەر، ئاواش ئەم قوتابخانانە کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی. ساڵی ١٩٠٨ زە نیۆیۆرک تایمز؛ سکاڵای لەسەر قوتابخانەی بۆرۆ پارک تۆمار کرد بەبیانووی ئەوەی گوایە ئەو قوتابخانەیە ڕق و کینەی چینایەتی بڵاو دەکاتەوە.

شەش: پۆلیس وەک پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایە، تەواوی خاوەن باڵەخانەکانی شارەکانی ئاگادار کردبۆوە کە باڵەخانەکانیان بە قوتابخانەکان نەدەن بەکرێ.

حەوت: لەنێو حیزبی سۆشیالیستیشدا ڕەخنەگرانێک پەیدا بوون و دەیانوت مارکس و ئەنگڵس پشتیوانی ئەو قوتابخانانەیان نەکردووە و ئەم بزووتنەوەیە زیاتر سۆزدارییە بۆ سۆشیالیزم و بزووتنەوەیەکی لاوازە.

هەشت: جەنگی جیهانی یەکەم و ململانێ ناوخۆییەکانی پەیوەست بەو جەنگە ماڵوێرانکەرە، زەربەیەکی گەورەی لە بزووتنەوەی قوتابخانەکانی یەکشەممانی سۆشیالیستی دا. دەسەڵاتدارانی سەرمایە ژمارەیەکی زۆری هەڵسوڕاوان و مامۆستایانی سۆشیالیستی خستە کونجی تاریکی زیندانەکان، یانیش ناچار بە خۆشاردنەوە کران.

نۆ: لەهەمووی ناخۆشتریش سەرباری بەرگریکردن و جەسارەت نواندنی هەڵسوڕاو و مامۆستا سۆشیالیستەکان، بەڵام لە خۆپیشاندان و نمایشەکاندا کەوتنە بەر لێدان و پەلاماری دەسەڵات و ئازاردانی جەستەیی.

ئیتر بەوجۆرە بۆرژوزی تەقەللای زۆریدا تا پاشەکشە بەو بزووتنەوە چینایەتییە بکات و لەم هەوڵەیدا توانی سەرکەوتنێکی تری مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات ئەویش بەهۆی ناڕێکخراوبوون و دووربوونی چینی کرێکار لە سۆشیالیزم و مارکسیزم. جێی خۆیەتی لێرەدا دوا قسەی قوتابییەکی قوتابخانەی یەکشەممانی برۆکلین لە شاری نیویۆرک بخەینە بەرچاو کە بە باشترین شێوە گوزارشت لە جیاوازی نێوان بەهاکانی خوێندن لە هەرتک قوتابخانە ئاسایی و سۆشیالیستیەکاندا دەکات.” قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی گەلێ شتی فێر کردم کە هەرگیز لە قوتابخانەی گشتیدا فێریان نەدەبووم. فێربووم هەستی دروستم بەرامبەر بە هاوڕێکانم هەبێت. ئەگەر سۆشیالیزم مانای هەستکردن بە خۆشەویستی بێت بەرامبەر سەرجەم مرۆڤایەتی و ئارەزووی ئەوە بێت یارمەتی مرۆڤە دڵتەنگەکان بدەیت،بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک تا لە داهاتوودا ئاسوودە و بەختیار بژێن، کەواتە من کەسێکی سۆشیالیستم.”(١٠)

ئەنجام

ئێستا دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر ئەم بزووتنەوەیە، ئەمڕۆ قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەڵگەیەکە لەسەر بەرفراوانبونی بزووتنەوەی چینی کرێکار و ڕۆڵی سەرەکی چەپ و سۆشیالیستەکانە لە ژیانی کۆمەڵگەی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم قوتابخانەیە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕوون و ئاشکرا بوو؛ بۆ ئەخلاقی سۆشیالیستی و پەیوەندی نێوان ڕێکخراوی سیاسی و پڕۆژەکانی کۆمەڵگە. ئەم بزووتنەوەیە سەرەتا گەرچی لە شارێک و لە تەنها دوو خوێندکارەوە دەستی پێکرد، بەڵام دواتر تەشەنەی کرد و زۆربەی شار و وڵاتە جیاجیاکانی گرتەوە و بوو بە بزووتنەوەیەکی بەهێز و تەنانەت سیاسی گرنگیش لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکارانی جیهان. بزووتنەوەی قوتابخانەی یەکشەممانی سۆشیالیستی بەشێک بوو لە فەرهەنگی رادیکاڵی پەرەسەندوو کە جگە لەم بزووتنەوەیە، چەندین ڕۆژنامەی ڕۆژانە و یانە و کۆڕ و فیستیڤاڵ و نمایشی لەخۆ دەگرت. لەگەڵ پەرەسەندی زیاتری ئەم بزووتنەوەیە و هەروەها سەرباری بوونی چەندین ئاستەنگ و کێشەی تەکنیکی و دارایی، سەرمایەداران ترسیان لێنیشت و کەوتنە هێرش و سەرکوتی ئەم بزووتنەوەیە و سەرەنجام پاشەکشەیان بەو بزووتنەوەیە چینایەتییەی کرێکاران کرد.

——————————————-

ژێدەر و سەرچاوەکان

 (١)شارتییەکان بزووتنەوەیەکی چینی کرێکار بوو ساڵی ١٨٣٦ سەریهەڵدا و لەنێوان ساڵانی ١٨٣٨ تا ١٨٤٨ زۆر چالاک بوو. ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانی چینی کرێکار و ئۆتۆریتەی ئەو چینە بوو. شارتییەکان ناوی خۆیان لە پەیماننامەی خەڵکەوە وەرگرتووە و کە هەر شەش ئامانجە سەرەکییەکەی ئەو بزووتنەوەیەی تێدایە.

(٢)فیدراسیۆنی شۆسیال دیموکرات، یەکەمین حیزبی سیاسی سۆشیالیستییە لە بەریتانیا کە لە لایەن ه. م. هایندمان ەوە دامەزراوە و یەکەمین کۆبوونەوەی دامەزراندنی خۆی لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨١ بەست و ئەوانەی پەیوەستبوون بەو حیزبە بریتیبوون لە ولیەم مۆریس، جۆرج لانسبێری، جەیمس کۆنۆڵی و ئیلیانۆر مارکس. بەڵام فریدریک ئەنجلس ڕەتی کردەوە پشتیوانی ئەم پرۆژەیەی هایندمان بکات.

(٣)مانگرتنی چەند هەزار کرێکاری بەندەر لە لەندەن لە هاوینی ساڵی ١٨٨٩ دەستی پێکرد لە ئەنجامی داخوازی کرێکاران بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن و زیاد کردنی هەقدەست. هەرچەند ئەوکات تەنها ٥% سەدا پێنجی کرێکاران لە یەکێتییە کرێکارییەکان ڕێکخرا بوون، بێن تیڵێتی ڕابەر و هەڵسوڕاوی کرێکاریی توانی هەریەک لە جان بێرنس و ویڵ تۆرن و ئیلیانۆر مارکس و هایندمان و جەیمس هاردی و هێنری شامپەین بهێنێتە پشت ئەم مانگرتنە و بڵاوکراوەیەکی فەرمی یان نیمچە فەرمیش بەناوی زە لەیبر ئیلێکتەر وەک زمانحاڵی کۆمیتەی مانگرتن، بڵاو بکەنەوە.سەرەتا ٥٠٠ کرێکار ڕێپیواناین دەستپێکرد و دوایی پەرەی سەند بۆ بەندەرەکانی تر و بوون بە ٣٠٠٠ مانگرتوو. یەکێتییە کرێکارییەکانی ئوستراڵیا ٣٠٠٠ سی هەزار دۆلاریان نارد بۆ پاڵپشتی مانگرتنەکە و ئەمەش بوو بە هێز و گوڕێکی بەتین. دوای پێنج هەفتە مانگرتنەکە بە سەرکەوتن گەیشت و سەرجەم داخوازییەکانی کرێکاران بەدیهات. ئەم سەرکەوتنە بوو بە هەوێنی ئەوەی کە کرێکارانی بەریتانیا ڕوو لە ڕێکخراوبوون بکەن.

4&6&8-https://en.wikipedia.org/wiki/Socialist_Sunday_School

5&7&10-https://againstthecurrent.org/atc071/p1985/

9-https://www.currentaffairs.org/2020/08/the-past-and-future-of-the-socialist-sunday-school

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish