Skip to Content

برینی قەتماغە نەبوو.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

برینی قەتماغە نەبوو.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 10, 2022 General, Poems

من باش ئەو کاتەم لە بیرە
لە لەشکری سپارتاکۆسدا “1”
تیروکەوانچی بووم
ئەو رۆحەم هەزاران جەنگی دیوە
کەچی ناوێرێ خۆی بخاتە
جەنگی عەشقی تۆوە!
جەنگێک خوێنی شیعری تێدا دەڕژێ و
کریستاڵی دڵی تێدا دەشکێ
من ئەو ساتانەم بیر دێتەوە
مەسیحیان دەبرد بۆ لە خاچدان
من لە نێوان مەسیح و
هەردوو دزەکەدا لە خاچ درام “2”
کەسێک نەبوو، نرکەی من ببیستێ
بە چوار مێخەی عەشقی تۆوە
کەسێک نەبوو تەرمەکەم دابگرێ
بە خاچی بێدەنگی یارەوە
من پاشماوەی برینێکی کۆنم
لە زەمەنی سۆمەرەوە “3”
تاکو چاڵدێران”4″
هەرچی نوکی شمشێری رقە
لە لەشی من دەچەقێنرێت
کەچی هێندە ترسنۆک بووم
لەبەر چەقۆی دڵشکان و
گوێزانی عەشقێکی ناکام
سەرم خستۆتە قۆزاخەی وەهمەوە و
لە بری تیشکی خۆری ئەوین
بە رووناکی فتیلەی تەنهایی رازی بووم
من مرۆڤێکی هێندە پیرم
کەوتنی تەختی نەینەوام لە بیرە”5″
لە کاتی تۆفانەکەی نوحدا
هەناری سینگی شۆخێکم ئەڕنی
لە کۆڕی دەروێشانەی مەولانادا
سازی عەشقێکی دێوانەیم لێدەدا
کەچی ئێستا هێندە منداڵ بوومەتەوە
گڕووم بۆ ماچێکی یار گرتووە و
لەناو بێشکەی دەریای دلبەردا نەبێ
کەشتی ئارەزووم ناسرەوێ
من زۆر دێرینم، زۆر زۆر
کەچی ئازارەکانم زۆر تازەن!!
ئازارەکانم هیچ کات کۆن نابن
من هەر زۆر دێرینم

هەرگیز برینەکانم قەتماغە ناگرن

مارسی 2018

پەڕاوێز:
1- سپارتاکۆس، رابەری شۆڕشی کۆیلەکان لە دژی ئیمپراتۆریای کۆنی رۆمان، لە ساڵی 71ی پێش زاین، کوژراوە.
2- هێمایە بۆ لە خاچدانی عیسای مەسیح لە نێَوان دوو دزدا.
3-شارستانێتی سۆمەرییەکان لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین لە میزۆپۆتامیا دەرکەوتووە.
4-شەڕی چاڵدێران لە 23-8-1514 روویدا لەنێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا، پاش ئەو شەڕەش کوردستان بە رێکەوتن لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریایە دابەشکرایەوە.
5-نەینەوا پایتەختی ئیمپراتۆریای ئاشووری بوو، لە ساڵی 612 پێش زایین لەلایەن مادەکانەوە ئەو ئیمپراتۆریایە رووخێنرا و نەینەوا وەک پایتەخت کەوت.

Previous
Next
Kurdish