وێستگه‌كانی مردن … نوسینی: شكۆ عومه‌ر& شاهۆ قادر& سه‌نگه‌ر قوباد
سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به لم داپۆشراوه به‌به‌رزی 15سم. له سه‌ره‌تا تا كۆتایی نمایش ئاو و ئاگر له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌كارده‌هێنرێت.
پێدراوه‌كانی سه‌ر شانۆ بریتیین له دوو پێڵاوی گه‌وره كه قه‌باره‌ی هه‌ر یه‌كێكیان هێنده‌ی تا‌بوتێك ده‌بێت و، ئه‌كته‌ره‌كان به ئاسانی ده‌توانن بچنه ناوییه‌وه و لێی ده‌ربچن. له نێوان بینه‌ر و ئهكتهرهكانیشدا تۆڕێكی ماسیگرتن هه‌یه و هه‌ڵواسراوه، به جۆرێك دونیای ئه‌كته‌ر و دونیای بینه‌ر له‌یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه.
له ده‌ستپێكی نمایشه‌وه تا كۆتایی، له هه‌ردوو سوچی كۆتاییی ته‌خته‌ی شانۆدا دوو ده‌ف هه‌ن و به به‌رده‌وامی له سه‌ره‌وه دڵۆپ دڵۆپ ئاویان تێ ده‌زێت. له كۆتاییدا ئه‌كته‌ره‌كان ده‌فه پڕ له ئاوه‌كان هه‌ڵده‌گرن یه‌كێكیان ده‌یرێژێت به‌سه‌ر ئه‌ویتردا و ئه‌ویتریش ده‌فه پڕ له ئاوه‌كه دهرێژت به‌سه‌ر بینه‌راندا.
له‌م نمایشه‌دا دوو كاره‌كته‌ر بوونیان هه‌یه، كه هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌ك كه‌سن، به جۆرێك هه‌ر یه‌كه‌یان تاكێك پێڵاوی له پێدایه و ده‌كرێ ده‌رهێنه‌ر ئه‌و لهیهكچوونهیان له نمایشدا ته‌وزیف و ڕوون بكاته‌وه. (باشتر وایه ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی ڕۆڵه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن تا ڕاده‌یه‌ك له یه‌كتر بچن.)
ئه‌تمۆسفێری نمایش به گشتی كه‌شێكی خاو و له‌سه‌رخۆیه، له سه‌ره‌تاوه تا كۆتاییی نمایش، بێزاری و ماندوویه‌تی به سیمای كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه دیاره.
وێستگه‌ی یه‌كه‌م: ته‌نیایی
(كه‌سێك له‌سه‌ر پێڵاوێكی گه‌وره دانیشتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌له‌مێك بێت و خه‌ریكی راوه ماسی بێت، قولاپێكی وه‌همی فڕێ ده‌دات، چه‌ند جارێك ئه‌م كرداره دووباره ده‌كاته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی ده‌ست بكه‌وێ.)
یه‌كه‌م: (بۆ قولاپه‌كه) به نه‌فره‌ت بی. مرۆڤ ته‌نیاترین بوونه‌وه‌ری كه‌ونه.
دووه‌م: (له ژێر لمه‌كه‌وه ته‌نها قاچێكی ده‌ردێنێت) ته‌نیاتره له‌ویش؟
یه‌كه‌م: به‌ڵی. ته‌نیایی مرۆڤ له‌و ساته‌وه ده‌ست پێده‌كات كه ده‌كه‌وێته سكی دایكییه‌وه. له‌وێ نۆ مانگ و نۆ رۆژ ته‌نیا و ته‌نیا خۆیه‌تی، هیچ كه‌سێك شك نابات بۆ دڵنه‌وایی خۆی.
دووه‌م: ته‌نانه‌ت دایكیشی؟
یه‌كه‌م: به‌ڵی ته‌نانه‌ت دایكیشی.
دووه‌م: مه‌گه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا ناڵێت دایك هه‌ر له یه‌كه‌م ساتی دروست بوونییه‌وه هه‌ست به منداڵه‌كه‌ی ده‌كات؟
یه‌كه‌م: له درۆیه‌كی گه‌وره زیاتر نیه، ئه‌ویش یه‌كێكه له درۆكانی مرۆڤ خۆی، كه سه‌ره‌نجام هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ژیركردنه‌وه‌ی ژیان و خۆڕزگاركردنیهتی له ته‌نیایی.
دووه‌م: به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكی هه‌بێت.
یه‌كه‌م: دوای ئه‌وه‌ش كه دێته دنیاوه له‌یه‌ك ساته‌وه، له جه‌نجاڵترین شوێن، ئه‌و بۆ ته‌نیایی خۆی ده‌گری، تا هێزی تیایه ده‌گری! ده‌گری و ده‌گری و ده‌گری، كه‌سێكیش نیه له ته‌نیاییه‌كه‌ی تێبگات و بزانێت ئه‌م بونه‌وه‌ره بۆچی ده‌گری!
دووه‌م: من كه مناڵ بووم هه‌میشه ته‌نیابووم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرم له ته‌نیایی ئهكردهووه و له ته‌نیایی ئه‌ترسام، ئه‌ترسام كه گه‌وره‌ش بم هه‌روا ته‌نیا بم. سه‌ره‌تا خووم به دایكمه‌وه گرت تا له‌و ته‌نیاییه رزگارم بێ.
یه‌كه‌م: بێسوود بوو.
دووه‌م: دواتر ته‌تكه و پهتكهیان خسته به‌رده‌مم و خووم به‌وان و به خوشك و براكانمه‌وه گرت.
یه‌كه‌م:: هه‌ر سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: پاشان منداڵه‌كانی گه‌ڕه‌ك.
یه‌كه‌م: ئه‌وانیش دادیان نه‌دام.
دووه‌م: ئینجا هاوڕێكانی قوتابخانه.
یه‌كه‌م: هه‌روه‌ها…
دووه‌م: له هه‌رزه‌كاریدا په‌نام بۆ ده‌یان شت برد و هه‌وڵی زۆرمدا، تا خۆم له ته‌نیایی قوتار بكه‌م. (دوای كه‌مێك بیركردنه‌وه، كه ئه‌یه‌وێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بیر بكه‌وێته‌وه..) بۆ نمونه گۆرانیم ووت.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: چوومه شانۆ و سینه‌ماكان.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ده‌ستم كرده مه‌شروب خواردنه‌وه.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ته‌واو بوومه كه‌سێكی به‌دمه‌ست و بێ سه‌واد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: بوومه پیاوكوژ.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: سه‌فه‌رم كرد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: عه‌شقم كرد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ژنم هێنا.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: مرۆڤێكی دیكه‌م دروست كرد..
یه‌كه‌م: (به هاواركردنه‌وه قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت) هه‌ر سوودی نه‌بوو.. ئه‌وه‌بوو هه‌ڵه‌كه‌ی من، ته‌نیایه‌كی وه‌كو خۆمم زیاد كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌مه‌وه ئه‌ویش وه‌ك من ته‌نیایه و كه‌سێك نابێ ده‌ره‌تانی خۆی بدات، چ جای ئه‌وه‌ی ببێته هاوده‌می من و له ته‌نیایی رزگارم بكات.
یه‌كه‌م: كه‌س له ته‌نیایی من تێنه‌ده‌گه‌یشت.
دووه‌م: ئێستاش كه‌س تێیناگات.
یه‌كه‌م: سه‌ره‌تا ووتیان شێت بووه. بردمیان بۆ لای شێخ و سه‌ید و تا دوو دوعام بۆ بكه‌ن و له شێتی چاكم بكه‌نه‌وه.
دووه‌م: هه‌ر ته‌نیابووم، واتا هه‌ر شێت بووم.
یه‌كه‌م: دواتر ووتیان توشی نه‌خۆشی نه‌فسی بووه و چه‌ندین دكتۆری زۆر باش و شاره‌زا و باشیان پێ‌كردم.
دووه‌م: من هه‌ر ته‌نیا بووم، واتا هه‌ر نه‌خۆش بووم.
یه‌كه‌م: دواجار چاریان نه‌ما و بردمیان بۆ شێتخانه، تا چیتر نه‌بمه مایه‌ی شه‌رم و عه‌یبه بۆیان، له‌وێ به زنجیر و كۆت به‌ستیانمه‌وه، چه‌ندین ساڵی له شێتخانه مامه‌وه.
دووه‌م: من هه‌ر ته‌نیا بووم، واتا شێت بووم.
یه‌كه‌م: له كۆتاییدا بۆم ده‌ركه‌وت كه هیچ شتێك چاره‌سه‌ری ته‌نیایی من ناكات، چونكه من هه‌ر وا دروست كراوم، بۆ ئه‌وه دروست بوومه تا به‌ته‌نیا بمێنمه‌وه.
دووه‌م: له ته‌نیایی خۆمه‌وه هه‌ست به ئازاری ته‌نیایی هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان كرد.
یه‌كه‌م ته‌نانه‌ت ته‌نیایی خواشم لا روون بوه‌وه.
دووه‌م: ئیدی ته‌واو، ته‌نیایی بوو به به‌شێكی دانه‌بڕاو له من، من و ته‌نیایی یه‌كتر ته‌واو ئه‌كه‌ین.
یه‌كه‌م: من به ته‌نیاییه‌وه جوانم و ئولفه‌تم پێوه گرتووه.
دووه‌م: ئێمه به ته‌نیاییه‌وه ماوین. ته‌نیایی نه‌بێت ئێمه یه‌كتر ئه‌خۆین, خۆ ڕه‌نگه پراوهیهكیش بێ بۆ پاش مه‌رگ، چونكه له‌وێ دووچاری ته‌نیایییه‌كی ئه‌به‌دی ده‌بین.
یه‌كه‌م: ته‌نیایی مرۆڤ ئه‌نارشی ده‌كات، (به‌ده‌م هاواركردن)
دووه‌م: رقم لهقهرهبالغییه، رقم له‌ده‌وڵه‌ته، رقم لهمێژوومه، رقم لهكۆمهڵگایه، رقم له خۆشمه خۆشم.
یه‌كه‌م: (به‌بێزارییه‌وه) مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا نه‌بێت ده‌بێت رقی هه‌بێت.
دووه‌م: (ده‌نگێكی نزم) گه‌وره‌ترین درۆیه كه ده‌ڵێن مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه. رابردوو، ئیستا، داهاتوو شایه‌ده، مرۆڤ له دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان، له ده‌رگای ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌كان، له‌كتێبی ئاسمانی، لهپهیامبهرهكان، له‌نامه‌ی دڵداری، له‌ناو پێخه‌ف، به ئاشكرا و نائاشكرا به شه‌رم و بێ شه‌رم باس له ته‌نیایی ده‌كات.
یه‌كه‌م: هه‌میشه شه‌قاوه و چه‌قۆكێشه‌كان ته‌نیاترین كه‌سه‌كانن.
دووه‌م: په‌یامبه‌رێك به‌سه‌ر خاچه‌كه‌یه‌وه هاوار ده‌كات خودا بۆ به‌ته‌نیا جێتهێشتم. ئه‌كته‌رێك ده‌لێت شانۆ ته‌نیای كردم، حوسێنێك له ته‌نیایی سه‌حرادا بێكه‌سكوژ ده‌كرێت. عه‌بدێكی موتیع به‌خشوعه‌وه ده‌ڵێت ته‌نیایی خوای منه…..(به‌شۆكه‌وه ستۆپ كادر ده‌بێت) تومه‌ز له ته‌نیاییدا هه‌موو شتێتهكانی لێ تێكه‌ڵبووه و خودا و ته‌نیایی بۆ لێكجوودا ناكرێته‌وه. له‌ئه‌زه‌له‌وه ته‌نیاییه‌ك له‌بوونی مرۆڤدا هه‌بووه.
یه‌كه‌م: واز له‌وه بێنه ، ئایا تۆ له‌مردن ده‌ترسیت؟
دووه‌م: من له‌ته‌نیایی ده‌ترسم! به‌ده‌م گۆرانیی : ناترسم، من له‌مردن ناترسم، من له‌ته‌نیایی ده‌ترسم ئای ته‌نیایی، وای ته‌نیایی ئه‌ی تاجی مه‌مله‌كه‌تی دۆڕاوم ئه‌ی خورپه‌ی ، دڵه‌ی ترساوم ئای ته‌نیایی ، وای ته‌نیایی.
یه‌كه‌م: زه‌مه‌نی ته‌نیایی ته‌واو، سه‌ده‌یه‌كیش ئه‌بێ عارفێك په‌یدا نه‌بووه، دێوانه‌یه‌ك هه‌ڵنه‌كه‌وتووه. ئێستا ئیدی هه‌موشته‌كان بوون به‌گشت، بوون به كۆ، به‌ژماره، هه‌مومان ژماره‌ین، هه‌مومان كۆین، به‌ڵی من، تۆ هه‌موومان ژماره‌ین. له‌ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك له‌پایته‌خت 6 هاوڵاتی بوونه قوربانی، له‌خۆپیشاندانی چه‌پره‌وه‌كانی باشوور 4 چالاكه‌وان ده‌ستگیركران. له‌ته‌قینه‌وه‌ی كانیكی خه‌لوز له خۆرهه‌ڵاتی دوور 200 كرێِكار گیانیان له‌ده‌ستدا. _ له‌ئاكامی داڕووخانی شاخێكی به‌فرین له جه‌مسه‌ری باكوور هه‌زاران كه‌س بوون به قوربانی. بڕوانه هه‌موومان ژماره‌ین، ژماره‌یه‌كی هیچ، مردنی كه‌سێك، ته‌نیاییه‌ك، به‌های تاكیك قۆنده‌ره‌ی نیه. قه‌ت بیستوته، بینیوته، بڵێن كه‌سێك مرد؟ یه‌كه‌م: ئاده‌ی پێم بڵی كوا مه‌رگی ته‌نیاییه‌ك؟ نییه.
دووه‌م: نییه
یه‌كه‌م: نییه بێگومان، ته‌نیایی لاقه‌كرا، تیرۆركرا.
دووه‌م: له‌بیرمه كاتێك هه‌واڵی مه‌رگی گۆرانبێژێك بلاوبۆیه‌وه كچێك له‌ترسی ته‌نیایی، لهشۆكی ته‌نیابوون خۆی له بینایه‌ك هه‌ڵدایه خواره‌وه.
یه‌كه‌م: زۆرجار ته‌نیایی خۆمان له‌وانی دی ده‌بینین، كت و مت وه‌ك ئه‌و كچه‌ی كه باسی ده‌كه‌ی.
دووه‌م: نا نا واز له‌و قسه پڕوپووچانه بێنه ته‌نیایی له هه‌موو شوێنێكه، له پێكێكی شه‌راب دایه، له‌مینبه‌ری مزگه‌وته، ته‌نیایی له‌سینگی قهحپهیهكه، ته‌نیایی له‌نیگای هه‌تیوێكه، ته‌نیایی ماڵێكه، شه‌قامێكه، درهختیكه، ته‌نیایی ئه‌واتا وا له ئاسمانه. ته‌نیایی بۆ من له هه‌موو شتێك پێویستتره.
یه‌كه‌م: تۆ له‌ترسی مردن حه‌ز به ته‌نیایی ده‌كه‌ی، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی بزانی ته‌نیایی تاكه وێستگه‌ی به‌ر له مردنه ترس و ته‌نیایی له‌هێلكه‌دانی مهرگهوههاتوون.
دووه‌م: ته‌نیایی باشترین هاوڕێمه.
یه‌كه‌م: كه‌واته ته‌نیاییت باش
دووه‌م: ته‌نیاییت باش
یه‌كه‌م: ته‌نیاییت باش
دووه‌م: ته‌نیاییت باش
(بێده‌نگی)
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه: ته‌نیایی من ئه‌كوژێت…..
وێستگه‌ی دووه‌م: چاوه‌ڕوانی
(هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر نوكی یه‌كێك له پێڵاوه گه‌وره‌كان دانیشتووه و چاوه‌ڕوانن، (خه‌ریكی گوڵه‌به‌ڕۆژه خواردنن یان هه‌ر وه‌سیله‌یه‌كی دیكه بۆ خۆخافڵاندن، بۆ نمونه؛ ده‌كرێ خۆیان به ته‌سبیحه‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ن) به ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه هێدی هێدی جله‌كانی به‌ریان دادهكهنن، تا ته‌واو رووت ده‌بنه‌وه، له كۆتاییدا خه‌وییان لێده‌كه‌وێت، دواتر رادهچهڵهكێن).
یه‌كه‌م: نه‌هات؟
دووه‌م: نازانم.
یه‌كه‌م: پێویست بوو بێت.
دووه‌م: (به‌سه‌رسوڕمانه‌وه) یانی بۆ ده‌بوو بێت؟ ئه‌م پێویستبوونه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه رزگارمان بێ؟!
یه‌كه‌م: ئاخر خۆی وایووت….
دووه‌م: (قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت) خۆی درۆی كرد.
یه‌كه‌م: ئه‌و هه‌میشه هه‌روا بووه. ئێمه‌ش هه‌روا ده‌مێنینه‌وه.
دووه‌م: (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه) من به چاوه‌ڕوانی كۆشكراوم.
یه‌كه‌م: ناتوانم چاوه‌ڕوانم نه‌بم.
دووه‌م: چاوه‌ڕوانی له‌دایكبوونی خۆمم. چاوه‌ڕوانی گه‌وره بوونم، چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی ریش و سمێڵمم، چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌بوونی مهمكمم، له وێستگه‌ی پاسدا چاوه‌ڕوانی خۆشه‌ویسته‌كه‌مم، چاوه‌ڕوانی ژنهێنانم، چاوه‌ڕێم كوڕێك بێته خوازبێنیم، چاوه‌ڕێم مناڵێكمان ببێ، چاوه‌ڕێم ده‌وڵه‌مه‌ند ببم، چاوه‌ڕێم ببم به كه‌سێكی ناودار و ناسراو. چاوه‌ڕێم بانگ بدات و نوێژه‌كانم بكه‌م، چاوه‌ڕێم قیامه‌ت بێت. چوزانم گرنگ ئه‌وه‌یه من چاوه‌ڕێم.
یه‌كه‌م: هه‌میشه بیانوییهكم هه‌یه بۆ چاوه‌ڕوانی.
دووه‌م: ئه‌و شاره‌ی منی تیام، هه‌ر خۆی وێستگه‌یه‌كه بۆ چاوه‌ڕوانی.
یه‌كه‌م: منیش كوڕی ئه‌و بسته خاكه‌م كه پێیده‌وترێت زێد، بۆیه قه‌ده‌رم وایه.
دووه‌م: زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵمدا تا له‌م قاڵبه‌ی خۆم بێمه ده‌رێ و ئاسایی بژیم.
یه‌كه‌م: ئه‌وان ئه‌زانن كه راستگۆم له باس كردنی ئازاره‌كانی خۆم.
دووه‌م: به‌ڵام هه‌میشه ترسیان هه‌یه له باسكردنی ئه‌و ئازاره ئه‌به‌دییانه.
یه‌كه‌م: هه‌موو نوسه‌ره گه‌وره‌كان ناتوانن من له چاوه‌ڕوانی ده‌ربكه‌ن (لێره‌دا هه‌ردووكیان دیمه‌نێك له شانۆیی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه) به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن و یه‌كێكیان ئه‌چێته پشتی په‌رده‌وه و دارێكی ووشكههڵاتوو دێنێت و ئاماژه بۆ ئه‌وی دیكه‌یان ده‌كات كه ده‌ست بكه‌ن به به‌رجه‌سته‌كردنی دیمه‌نێكی نمایشه‌كه‌ی گۆدۆ).
یه‌كه‌م:
دووه‌م:
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه: به ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه رۆحمان ده‌رچوو.
وێستگه‌ی سێیه‌م .. نامۆبوون
وێستگه‌ی چواره‌م: ترس
( ئه‌كته‌ری یه‌كه‌م و دووه‌م له شێوه‌ی جه‌لاد و قوربانی دێنه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و یه‌كه‌م قامچییه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه و په‌تێكی له ملی دووه‌م كردووه و رایده‌كێشێ و هه‌ر جاره‌وه و قامچییه‌كی پێدا ده‌كێشێ.)
یه‌كه‌م: ئێستا یارییه‌كه ده‌ست پێده‌كه‌ین. من ئه‌مه‌وێ ئه‌مشه‌و كه‌مێك دڵخۆش بم. بێگومان ئه‌ویش به ئازاردانی تۆ.
دووه‌م: (شه‌كه‌ت و مانووه و كۆڵه‌پشتێكی قورسی هه‌ڵگرتووه، به ئاماژه‌یه‌ك نیشانه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌رده‌خات).
یه‌كه‌م: ده‌ی فه‌رموو.
دووه‌م: (ده‌یه‌وێت سه‌ما بكات به‌ڵام ناتوانێ و ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌ژنۆ.)
یه‌كه‌م: چیه؟ وادیاره رۆڵه‌كه‌ی خۆت بیرچوه‌ته‌وه؟!
دووه‌م: هه‌رگیز گه‌وره‌م ( دووباره خۆی كۆده‌كاته‌وه بۆ یارییه‌كه).
یه‌كه‌م: (قامچییه‌ك رادهوشێنێ و هاوار ده‌كات) ده‌ی هاوڕێكه‌م ده‌ی، تۆ ئه‌مشه‌و شادیهێنی ئێمه‌ی. ده‌ی به‌خته‌وه‌رمان كه.
دووه‌م: (هه‌رچۆنێك بێت هه‌ندێ جووله‌ی شێوه سه‌ما یان هه‌ڵپه‌ڕین ده‌كات به‌ڵام له كۆتاییدا له بێهێزیدا توانای نامێنێ و ده‌كه‌وێته سه‌ر زه‌وی).
یه‌كه‌م: (به قاقایه‌كی به‌رز پێده‌كه‌نێ و پێ ده‌خاته سه‌ر پشتی دووه‌م). ئێمه له ئه‌زه‌له‌وه هه‌ر وابووینه، به‌بێ بوونی هیچ یاسا و چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو، خۆمان جه‌لادی خۆمانین. هه‌ر خۆمان واده‌كه‌ین ببینه قوربانی. جه‌لادبوون و قوربانیبوونی خۆمان له ده‌ستی خۆمان دایه.
دووه‌م: (له رۆڵی قوربانی ده‌رده‌چێت و كۆڵه‌پشته‌كه‌ی له خۆی ده‌كاته‌وه و خۆی ده‌ته‌كێنێت و هه‌ڵده‌ستێته سه‌رپێ). تاكه هۆكارێك كه ئێمه بكاته قوربانی بریتییه له ترس. ترس له له‌ده‌ستدانی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی كه نیمانه، ترس رابردوو و داهاتوو و ئێستاشمان واده‌كات پشت بۆ یه‌كتر نه‌وی بكه‌ین و خۆمان بكه‌ینه قوربانی و ئه‌ویتریش جه‌لادی گیانی خۆمان.
یه‌كه‌م: ئێمه له یه‌ككاتدا هه‌ر خۆمان جه‌لاد و خۆشمان قوربانیین.
دووه‌م: ترسی ئێمه نه‌بڕاوه‌یه، مرۆڤ ترسنۆكترین بونه‌وه‌ره، ئه‌و له هه‌موو شتێك ده‌ترسێت، ته‌نانه‌ت له خۆیشی.
یه‌كه‌م: ترس له باوك.
دووه‌م: ترس له خوا.
یه‌كه‌م: ترس له ناوبانگی خیزان.
دووه‌م: ترس له ته‌ریقبوونه‌وه.
یه‌كه‌م: ترس رێگایه‌كه به‌ره‌و مردن، ڕێگایه‌كیشه بۆ مانه‌وه له ژیان.
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه: ترس ترس ترس ترس ترس (هه‌ریه‌كه‌یان به‌ره‌و سوچێكی پشته‌وه‌ی شانۆ ده‌رۆن و ده‌فه پڕ ئاوه‌كان دێنن و ده‌یكه‌ن به‌سه‌روچاوی یه‌كتردا و ده‌ست ده‌كه‌ن به ده‌ف ژنین و تا هێزیان له‌به‌ر ده‌بڕێت و ده‌كه‌ون و كۆتایی به نمایش دێت).
ته‌واو..
به‌هاری 2016
كه‌ركوك.
*هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك ویستی كاركردنی تێیدا هه‌بوو ده‌توانێ بێگه‌ڕانه‌وه بۆ نوسه‌ر كاری تێدا بكات