دوو کتێبی نوێی کاروان کاکه‌سوور چاپ ده‌کرێن … ئاما‌ده‌کردنی ئه‌رده‌ڵان حه‌کیم
له (15.05.2017)دا دوو کتێبی نوێی ڕۆماننووس کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور ده‌که‌ونه به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ر. کتێبه‌کان (ڕاگه‌ردان) و (ڕێگه‌کانی ژه‌هر)ن. (ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس) چاپی کردوون و بڵاویان ده‌کاته‌وه. وه‌ک هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی پێشووی له‌م دوو کتێبه‌یشدا خوێنه‌ر به دنیایه‌ک ئاشنا ده‌کات که به‌شێکی له‌ناو واقیع و به‌شه‌که‌ی تری له‌ناو فه‌نتازیادایه. ڕاگه‌ردان له کۆمه‌ڵێک چیرۆک و چه‌ند پارچه شیعرێک و یه‌ک تێکستی شانۆیی پێک دێت. هه‌رچی (ڕێگه‌کانی ژه‌هر)ه هه‌شت به‌شه. وه‌ک خۆی ده‌ڵێت خوێنه‌ر ده‌توانێت چ وه‌ک چیرۆک و چ وه‌ک ڕۆمان کتێبه‌که بخوێنێته‌وه. واته هه‌شت چیرۆکه‌که هه‌م یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن و هه‌م سه‌ربه‌خۆیشن. زمانی کاروان زمانێکه ده‌چێته قووڵایی مرۆڤه‌وه و ئه‌و شتانه له ناخیدا ده‌دۆزێته‌وه که نوێن و سه‌رنجڕاکێشن. ئه‌و دوو کتێبه به‌شێکن له‌و پڕۆژه‌یه‌ی له سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه ده‌ستی پێ کردووه و تاکوو ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه.