Skip to Content

لە پاپ ئایدل هەتا کورد ئایدل !؟…. برایم فەڕشی

لە پاپ ئایدل هەتا کورد ئایدل !؟…. برایم فەڕشی

Closed
by حوزه‌یران 4, 2017 General

وشەی”Idol” بە مانا گشتییەکەی بەو کەسانە دەگوترێ کە وێنەیەکی دوور لە چاوەڕوانی لە خۆیان دەنوێنن. هەر بەو مانایە، مامەڵە لە گەڵ ئەو کەسانە دەکرێ کە لە بەرنامەی “سوپر ستار” و موزیک ئایدل دەردەکەون. نوواندنی ئەم وێنە لە خۆ، یانی تێپەڕبوون لە سنووری تواناکانی ژیانی ئاسایی. پێوانی ئەم ڕێگایە و بڕینی ئەم پرۆسەیە، تەنیا بەوە نابڕێتەوە چەند کەسی ژووریی وهەزاران بینەر ڕازی بکرێن! ئەو کەسانە تا ئەو ئاستە دەبێ هەڵکێشێندرێن کە شیاوی دەرکەوتن لە بەرنامەیەک بن کە خەرجی میلیۆنی تێدا دەکرێ! هەر ئەمە گرفت بۆ بەشداربووان ساز دەکات. ئاسایی بوونەوەی ژیان دوای تێپەڕبوونی ئەم پرۆسەیە، گرفتی نوێ بۆ کەسەکان دەخوڵقینێ!

کوردئایدل تازە بە تازە وەک دیاردەیەکی نوێ گەیشتۆتە باشوور و بە وتەی دەستەی ژووری و مێدیای کوردسات بە پانتای هەرچوارپارچەی کوردستان و گۆی زەوی، سەرنجی بینەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بۆتە مایەی شادی خەڵکانێک و مایەی هیوای کۆمەڵێک کەنیشک و کوڕی کورد، کە پێیانوایە دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی خەون و خەیاڵەکانیان ڕەخساوە. مەبەستی سەرەکی ئەم نووسراوەیە کە لە چەند بەش پێک هاتووە، دەرخستنی ڕاستییەکانی ئەو شەپۆلەیە لە ژێر ناوی پاپ ئایدل کە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە، دەستی پێکردووە.

سەردەمی زێرینی بازاڕی موسیقا بە هاتنی ئینترنێت، تووشی قەیران بوو. یەک بە دوای یەک دام و دەزگا و شیرکەتەکانی موسیقا داخران، بۆ وێنە مەزنترین شوێنی فرۆشی سەفحەی گرامافۆن و سی دی جیهان، کە لە بینایەکی چوارنهۆم پێکهاتبوو و زیاتر لە میلیۆن سی دی و سەفحەی لە خۆ گرتبوو لە شاری کۆڵن، لە ماوەی چەند ساڵدا نەما. دەیان ئاژانس و ستۆدیۆ یان دەرگایان داخرا، یان ڕێگەیەکی تری بەرهەمهێنانیان گرتە بەر! ئەم سەردەمە لە کوردستانیش بازاڕی موسیقای پێکهێنا. گۆرانی و موسیقای کوردی لە ڕێگای ڕادیۆ، سەفحەی گرامافۆن، زەبتی سەوت(بەکرەیی) بە پانتایی هەموو کوردستان دەبیسترا و دەیان گۆرانبێژ کە بە دەگمەن کارەکەیان بە پیشە دەزاندرا و تەنیا لە گوند و ناوچەکەی خۆیان دەناسران، لە ناکاو دەنگیان سنوورەکانی بڕی و بووە هۆی مانەوەی بەشێکی ڕەنگین لە مێلۆدی و کەلام و شێوەکانی موسیقا، کە لە ٢٤ سەعات بەرنامەی کوردئایدل، بە خەستی ڕەنگی دایەوە!

چرای پاپ ئایدل لە بریتانیا ڕۆشن کرا و وروژاندنی جەماوەری لە گەڵ خۆی هێنا. ئەمە خەون بوو کە کەسێکی دەنگخۆشی ئاسایی لە چل دەرگا و دەروازەی داڵانەکانی پێچەڵاوپووچ دەرباز بێت و بگاتە سەر سەکۆی گۆرانێبێژەکان. ساڵی ٢٠٠٣ دەرگای گەیشتن بە ستۆدیۆکانی تەلەوزیۆن و شەریکەکانی موسیقا بە سەر ئەو کەسانەدا کرایەوە.

پاپ ئایدل بە ڕواڵەت ڕێگای بۆ سەرکەوتنی گۆرانیبێژانی ئاسایی کردەوە و بەمەش لە ماوەیەکی کورتدا، لە ناکاو ئەم شێوە لە شۆوی تەلەویزیۆنی جیهانی داگرت. لە سەر هەمان بنەما و هەمان فۆرم و هەمان ناو و هەمان لۆگۆ بە زمانگەلی جیاواز مەیدان بۆ موزیک ئایدل کرایەوە! رێکخەرانی ئەم بەرنامانە بەم ئیدەیە، شێوەیەکی نوێیان بۆ ئاکتیڤکردنی خەڵک لە بەرنامەکانی تەلەوزیۆنی و کۆنسێرتەکانی موسیقا دۆزییەوە و هەروەها بازاڕێکی نوێیان بۆ مێدیا و موسیقا، ڕەقس و هونەرەکانی تر پەیدا کرد، کە ڕەنگە فەلسەفەکەی بۆ ئەم گوتنە بگەڕێتەوە کە دەگوترێ” لە قاپشۆردنەوە هەتا بوون بە میلیۆنێر”. بەرنامەی سوپرستار و موزیک ئایدل ئەم فەلسەفەیان پیادە کرد و نموونەی بەرچاویش لێرە و لەوێ هەیە کە فڵان دەنگخۆشی سەر شەقام، فڵان قاپشۆر، سەرتاش، بوونەتە میلیۆنێر .

بەم چەشنە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە ساڵانە لە هەر وڵاتێک هەزاران کەس بەشداری ئەم بەرنامانەیان کرد و رێژەی بینەرانی تەلەویزیۆن گەیشتە چەند میلیۆن. لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان، دەزگای تەلەوزیۆنی RTL و کەسێک بە ناوی دیتر بۆلن(Dieter Bohlen) بوون بە خاوەن ئیمتیازی ئەم بەرنامەیە.

بەشداربووی ئەم بەرنامانە هەر لە سەرەتاوە بە ئیمزاکردنی قەرارداد، دەستی خاوەن بەرنامە بۆ هەر چەشنە کارێک لە بەرژەوەندی بەرنامەکە و سەرکەوتنی، ئاواڵە دەکات و خۆی دەبەستێتەوە. ئەوانەی کە شانسی بەشداربوون لەم بەرنامانە پەیدا دەکەن، زۆربەیان لە سەرەتاوە خەیاڵی سەرکەوتن سەرمەستیان دەکات و بیر لە ئاکامی دواڕۆژی واژۆکردنەکەی خۆیان ناکەنەوە.
بەشداربوو بە بێ ئەوەی پارەیەک وەربگرێ دەبێ کات و ئێنێرژی و لێهاتوویی خۆی بخاتە خزمەتی بەرنامەکە کە خۆشی دەگرێتەوە. واتە سەرکەوتنی بەرنامەکە لە گەڵ سەرکەوتنی بەشداربووان گرێدەدرێ و ئەوەش مانای ئەوەیە کە بەشداربووان دەبێ بە مەیلی ڕێکخەرانی بەرنامەکە هەڵسووڕێن، بۆ ئەوەی تووشی کێشەی قانوونی و جوبڕانی خەسارەت و زیان نەبنەوە.

هەر وەک باسکرا، ساڵانە هەزاران کەس کە زۆربەیان خەونی سەرکەوتن دەبینن، بەشداری ئەم بەرنامانە دەکەن و بە خەرجێکی کەم نزیک شەش مانگ بەرنامەی پڕ لە بینەر بۆ تەلەویزیۆنەکان پێکدەهێنن، کە لە باشترین کاتی شەوی هەفتە بڵاو دەکرێتەوە. ئەوەش باشترین ئیمکان بۆ بڵاوکردنەوەی تەبلیغاتی تیجاری شەریکە و کۆنسێرنە گەورەکان، کە توانای خەرجی میلیۆنیان هەیە، دەڕەخسێنێ. جگە لەوە هەر شەوێک کە بەرنامەکە بڵاو دەکرێتەوە، پرسیارێک لە بینەران دەکرێ وەک ئەوەی ناوی فڵان ئەندامی ژووری” دیتر بۆلنە یان چەرخ و فەلەک”؟ بینەر بۆ بردنەوەی دەهەزار ئۆیڕۆ دەتوانێ تەلەفۆن بکات و بۆ هەر تەلەفونکردنێك ٥٠ سێنت دەبێ بدات. گەر کۆی بەرنامەکە لە ساڵێکدا ٢٤ بەش بێت، تەنیا پارەی تەلەفونکردن دەگاتە ٥٠ میلیۆن و گەر پارەی تەبلیغی تیجاریشی بێتە سەر، دەرامەتی دەزگاکە لە ڕێگای ئەم بەرنامەیەوە خۆی لە ١٠٠ میلیۆن ئۆیڕۆ دەدات. بۆ بەرنامەیەکی وا گەر بیست میلیۆن ئۆیرۆش خەرج کرێ، دیسان هەشتا میلیۆن وەک خێر و بێری بەرنامەکە دەمێنێتەوە.

لەم تیجاڕەتەدا، بەشداربووان بە تایبەت ئەوانەی دەگەنە بەرنامەی زیندوو، لە قەراخ دەریا، هۆتێل و شوێنی ڕابوواردن نیشان دەدرێن بۆ ئەوەی منداڵ و لاو و گەورە وەسەر تەماح کەون. هەرچەند هەر لەم بەرنامانەدا بینەر وێنەی دۆڕاوەکانیش دەبینێ، بەڵام کامێڕا بە باشترین شێوە وێنەی سەرکەوتووەکان و سەرکەوتووترین کەس وەها نیشان دەدا، کە چاو و زەینی بینەر کەمتر بۆ لای دۆڕاوەکان بادەداتەوە و ئەوە لە زەینی غەریزی بینەردا دەچەسپێ کە لە ژیانی ڕۆژانەشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم باسە دواتر لە بەشی منداڵان – لاوان و موزیکئایدل، هەراوتر دەکرێتەوە.

ئەمساڵ چاردەهەمین خولی سوپرستاری ئاڵمانی کۆتایی پێهات و دەبوو ئێستا ئاڵمان ١٤ گۆرانیبێژی لێ زیادبووبێ، بەڵام هیچیان نە دەنگیان ماوە و نە ڕەنگ و نە ناو. ئەم ١٤ کەسە و هەزارانی بەشداربوو، لە دەرەوەی بازاڕی موسیقا ماونەتەوە، بەڵام بەرنامەی سوپر ستار لە ئاڵمان و ئەو وڵاتانە بەردەوامە و ساڵانە ئارەزوومەندانی تازەتر بەرەو خۆی دەکێشێ، بە بێ ئەوەی بزانرێ ئەوانی پێشتر بە کوێ گەیشتوون، چییان لێهات و بۆچی هاتن و بۆچی نەمان!

هەرچەند ژمارەی بەشداربووان و بینەرانی ئەم بەرنامانە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کەمی داوە، بەڵام خولیای منداڵان و لاوان و بگرە قەیرەکان بۆ بوون بە سوپر ستار و سوپر تالێنت و بەناوبانگبوون و گەیشتن بە ژیانی ڕەنگین و زەنگین لەم ڕێگایەوە بەردەوامە و بۆ ئینترنێت و پلاتفۆرمەکانی وەک یوتووب گوێزتراوەتەوە کە تەنانەت منداڵان تێیدا چالاکن و ئاژانسەکانی تەبلیغاتی بە دانی پارە بە تاک و تەرایان چالاکتریان دەکەن کە لە ناو ئەوانەدا کەسانی وەک Ariana Grande “ئاریانا گڕاندە” هەڵکەوتووە کە لە کۆنسێرتەکەیدا لە مەنچستر بۆمب تەقێندراوە و منداڵی هەشت ساڵانەش لە ناو کوژراوەکاندا بیندرا، کە ڕەنگە خولیای ئەوەی لە سەردا بووبێت کە ڕۆژێک خۆی لە سەر سەکۆ ببینێتەوە. هەروەک کیژۆڵە کوردەکەی کورد ئایدل کە بۆی گرنگە بزانێ چەند کەس چاوەڕوانی دەکەن و نووسیویەتی :” سلاو هاوریان ئه م کاته تان باش چه ن که س چاوه روانمه ئه مشەو؟ “!
ئێستا کە لە رۆژئاوا سوپر ستار و موزیک ئایدل ڕۆژیان ئاوا دەبێ، تازە لە وڵاتی ئێمە ڕۆژی کورد ئایدل هەڵدێت.

درێژەی هەیە…

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish