Skip to Content

ڕووحی تورکی لە جەستەی کوردی کوردئایدل-دا!؟ (بەشی کۆتایی) … برایم فەڕشی

ڕووحی تورکی لە جەستەی کوردی کوردئایدل-دا!؟ (بەشی کۆتایی) … برایم فەڕشی

Closed
by حوزه‌یران 25, 2017 General

لە پاپ ئایدل هەتا کوردئایدل

” پێناسەی تازەی عێراقی کە لە دهۆک بڵاوکراوەتەوە یەک وشەی کوردی تێدانییە! گەلێک مامۆستا لە فێرگەکان وەرەقەی ئیمتیحان دەفرۆشن، یان کارێکی وا دەکەن شاگردەکانیان لە دەرەوەی مەدرەسە، دەرسی خسوسی لای خۆیان وەرگرن! فرۆشتنی دیپلۆم، بەکەلۆری، دوکتورا بازاڕی گەرمە! دوکتورەکان لە جیاتی کاری پزیشکی خەریکی تیجارەتن!! … لەو وڵاتە لە شارە گەورەکان کتێب خوێندنەوە باوی نەماوە، بەڵام ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە زیادی کردووە. نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر کراونەتە مووچەخۆری حزب و حکوومەت! لەش فرۆشی و خوشگوزەرانی و بازاڕی سێکس لە گەشەسەندندایە!… نەخۆشخانە بە پێی پێویست نییە!… ژێربینای ئابووری(کشت وکاڵ) تێکقرماوە و ژێربینای سەنعەتی لە گۆڕێدانییە، ئەوەی بڕەوی هەیە تیجارەتی پڕڵە گەندەڵی بازاڕ و بیناسازییە کە بە میلیارد پارەی تێدادەگەڕێ، کە وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دوور سوودی گەورەی لێدەبینن…. !” (ئەمە کورتەی قسەی چەند کەسە لە لە پیشانگای کتێبی فرانکفۆرت لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٢)
ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سولەیمانی لە نەوشیروان مستەفام پرسی،- چ دەکەن بۆ ئەو کەس و شەریکانە کە گەرەکیان بێ لە کوردستان سەرمایەکەیان وەکار بخەن؟- گوتی “هاسانکاریان بۆ دەکەین و پێنجساڵ باجیان لێ داوا ناکەین.”
ئەم تێگەیشتنە کاکلی سەرەکی تێڕوانینی بەرپرسانی باشووری کوردستان لە سیاسەت دەردەخات. ئەوان سازان لە گەڵ دەرەوەیان لا گرنگتر بووە، هەتا ناوخۆی وڵات و خەلک. کەسیش لێیان ڕاست نەبووە بپرسێ” بۆچی دەبێ پیشەکار و خاوەنکاری کورد باج بدەن و بیانییەکان ببخشرێن؟” ئەم تێگەیشتنە سەرچاوەی وێرانی ئابووری و فەرهەنگ و هونەر و کەسایەتی کوردستان بووە و تێگەیشتنی تاکە کەس و حزب و لایەنێک نییە و تێگەیشتنی حزب و حکوومەت و بەرپرسانە!
حزب و حکوومەت و بیانییەکان و بازرگانانی تازە پێگەیشتوو، باشووری کوردستانیان کردۆتە ویترینی هەر چەشنە کالایەک و مەیدانی داڕمانی ژێرخانی ئابووری، فەرهەنگی، هزریی و هونەریی تا ئەو جێگایەی کارهاسانی بۆ ترکەکان کراوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەکانیان بە جێگای ئەستانبوڵ و ئانکارا لە ستۆدیۆی کوردسات تۆمار بکەن و ڕاستەوخۆ رەوانەی ماڵە کوردەکانی بکەن!

لە باشوور پڕۆژەی ساخکردنەوەی کەسایەتی تاکی کورد لە ئارادا نەبووە، سیستەمی پەروەردەی پێشوو بە داپۆشینی ڕووکەشی کوردی بەردەوام کراوە. مێدیا کەتۆتە سەر خەتی مێدیای وڵاتانی دەوەر وبەر. لەم بیست وپینج ساڵە هیچ بەرهەمێکی جیاواز لە ڕابووردو کە مۆری وڵات و خەڵکێکی جیاواز لە ترک و عاڕەب و فارسی هەبێت، نەبیندراوە. ئەوەی بیندراوە لاسایی کردنەوەی لاساییکەران و کڕنۆش بردن بۆ ئەوان و بوغزاندنی پسپۆڕانی دەرەوەی بازنەی حزبەکان بووە!
پرۆفیسۆرێکی کورد بێڕێز کراوە بۆ پیرەسەربازێکی بریتانیایی، پرۆفیسۆرێکی تر بێڕێزکراوە بۆ شاگردە فەڕانسەوییەکەی، بەرپرسی دەفتەری بازرگانی کورد و ئاڵمان، بێڕێز کراوە بۆ تاجرێکی پلە نزمی ئاڵمانی، دەیان پڕۆژەی کارسازانەی پسپۆڕان و خەمخۆرانەی کورد ڕەد کراونەتەوە و جێگای ئەوان بە ترک و فارس و عاڕەب و فڵانە شۆفیرتانکێری،ئەندامی فڵان حزبی ئاڵمانی پڕکراوەتەوە! تورک ئایدل کە بە کوردئایدل دەفرۆشرێ، ڕوخساری پرۆژەکانی هاوچەشن و کەسایەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دەردەخات!

ئەمەی خوارەوە ڕاگەیاندنی کوردساتە و وەک خۆی بە هەڵەکانیەوە بڵاو دەکرێتەوە. لەم ڕاگەیاندنە دا، تەنیا یەک مەرج بۆ داواکار هەیە، زانینی زمانی”تورکی” نەک لە ئەستانبول لە سولەیمانی.
>> کورد ئایدل بە دوای هاوکاری نوێ دەگەڕێ هەڵدەستین بە دامەزراندنی هاوکاری نوێ(کە زمانی تورکی بزانێت) بە شێوەی پارت تایم لە بەشە جیاجیکانی ستافەکمان لە ماوەی پەخشی راستە وخۆدا ئەگەر تۆش پێت خۆشە ببیت بە بەشێک لە ستافی کورد ئایدل ئەوا apply@kurdidol.tv دەتوانی سیڤی خۆت بۆ ئەم ئیمەیلە بنێری<< ئەم ناوانەی خوارەوە لە تیتراژی کورد ئایدل وەرگیراون : "ئۆنور دۆئان، ئیلیف بوشرا تاتڵ، دوعا ئۆزبێلنلەر، فەیسەل ئۆزێر، دیجلە فورات ئامەک، ئێرسین ئالدەمیر، زانا ئیکنچی، هەزاڵ یەشیلئمراک، ئووزگور کورت، موستەفا کۆکسەلەن، عەلی ئیحسان چایر، سەرکان کایا، ئۆرکوون ئیسەر، سەرهات ئاک، ئێسێن یەلماز، ئۆیا فانوسچوو، خەدیجە کۆکسەلەن، ئۆزگی گیزین، زینەب گدێر، کامێن پامۆکۆڤ! ". ڕێک هەشتا لە سەدی هاوکار و بەرپرسانی سەرەکی "کورد ئایدل" ناوی ترکیان هەیە و کوردەکان کاری لاوەکیان پێکراوە! لێرە باس لە TRTی تورکیا و سەحەری ئێران نییە، باس لە بەرنامەی تەلەویزیۆنی حزبێکی باشووری کوردستانە، کە بۆخۆی چۆتە ژێر ڕێکفی موستەشارەکانی تورک. لە کاتێکدا هەر لە باشوور و دەرەوەی کوردستان دەرهێنەری بە توانای باشووریی هەیە، کە دەیانتوانی جێگای چایر و کایا و کۆکسەلەن و ئەوانی دی بگرنەوە. چوونە ژێڕ ڕکێفی تورک و عاڕەب و ئێرانی و بیانی لە وڵاتەکەی خۆت، هەرچەند ناتوانێ خسلەتی خوێنی و بیۆلۆژیکی هەبێت، بەڵام ئاکارێکی لۆژیکی ڕەنگدانەوەی پێشینە و تەجرووبەی مێژوویی تاک مرۆڤ و کۆمەڵگای کوردە! ئەمە ئاکارێکی ئۆتۆماتیک و عادەتییە کە لە مرۆڤی کورددا هەیە و وا عەمەل دەکات و کەسەکە بەم شێوە ڕاهاتووە کە خۆی لە حاند دیکتاتۆر و داپلۆسێنەرەکەیدا بچووک ببینێ، گەر چەکی لە شان نەبێ. هەڵگەڕانەوە و ڕوو وەرگەراندن لەم ڕابووردو و مێژوو و عادەت و تێگەیشتنە، پرۆسەیەکی خۆویستی ئاگاهانەیە. بیری پێکهێنانی ئیمکان بۆ بڕینی پرۆسەیەکی لەو چەشنە بۆ هاووڵاتی کورد لە مێشکی حزب و سەرکردەکان و ماقوڵانی فەرهەنگ و هونەر و پەروەردە-دا نەبووە و هیچ تێز و بەرنامە و پرۆژەیەک لە هیچ دەزگایەکی ئەم حکوومەتە بە درێژایی ٢٥ ساڵ لەم بەستێنەدا نەبیندراوە و بەپێچەوانە، دەیان پرۆژە بۆ وێرانکردنی کەسایەتی کورد جێ بەجێ کراوە، کە تەنیا یەکیان کوردئایدل بووە! میعمارانی حکوومەتی باشووری کوردستان لە پێشینە و تەجرووبەی خۆیان کە ژێرچەپۆکەیی بووبێت، دانەبڕاون و بیر و بەرنامەی دابڕان لە گۆڕێدا نەبووە، ئەوان خۆیان پاش ڕووخانی سەدام بە مەیلی خۆیان تێکەڵ بەغدا بوونەوە، کە ئێران و تورکیا و عەڕەبستان و ڕۆژئاواشی لێ زیاد کرا. ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان پێناسەیەکی روون بۆ نوواندنی کەسایەتی کورد لە ئارادا نییە، لە سەرووی هەموویانەوە، بەرپرسانی پلە یەک بێ کەسایەتی سیاسی- نەتەوەیی ماونەتەوە و بۆچوونێکی ڕوون لە کەسایەتیان دەرناخەن! ئەوە سەرجەم ئیلیتی کورد لەم بەشەی وڵات دەگرێتەوە، کە تێکەڵ حزب و حکوومەت و دەزگاکانی بوونە! بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری گشتی کوردئایدل کەسێکە بە ناوی موستەفا کۆکسەلەن، دەرهێنەری بڕیاردەر کەسێکە بە ناوی عەلی ئیحسان چایر و هەمیسان دەرهێنەر و بەرپرس سەرکان کایا. ئەم کەسانە لە تورکیا و ئاڵمانەوە هێندراون بۆ سولەیمانی. عەلی ئیحسان چایر سینەماکارێکی تورکە و سەرکان کایا شانۆکار و گۆرانیبێژە، کە لە شاری دوسلدۆرف گەورە بووە و لە شاری ئێسن خوێندوویەتی و بنەماڵەکەی بە پێی ویکیپێدیا لەو کرێکارانە بوون کە پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ کار لە تورکیاوە ڕەوانەی ئاڵمان کراون. سەرکان لە ئاڵمان شانۆکار بووە و لە کۆمەڵێک لە شارەکانی ئاڵمان دەوری لە شانۆکاندا گێڕاوە و هەروەها کاری موزیک و گۆرانی ترکی کردوە و لەوە دەچێ پاش ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٦ تێکەڵ بە بەرنامەی کوردئایدل کرابێ. لە کوردستان کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانییەکانی کراونەتە کوردی و وەک ژێرنووس لە کلیپەکانیدا بڵاو کراونەتەوە! ئەوەی ترکەکان چۆن گەیشتوونەتە کوردسات و بوونەتە خانەخوێ بە هەڵکەوت نییە و درێژەی پلانێکی کۆنترە کە لە کوردستان باسی لێوە ناکرێ! بەهاری ساڵی ١٩٩٤ سەردانی مەدرسەی تورکمەنەکانمان لە شاری هەولێر کرد، بەسەرهاتی ئەم سەردانە لە کتێبی "هەڵەبجە وکۆسار، مەهاباد و گوڵەباخ لە وڵاتی هێمن و چنار"، لە ژێر ناوی "کۆماری چاویلکە لەچاوەکان" تۆمار کراوە، کە لێرە بڕگەیەکی ڕادەگوێزرێت:" لێرە کەسانێک وەک مامۆستا خەریکی فێرکردنی موسیقا و سرودی ڕەسمی دەوڵەتی تورکیان کە نە لە کورد دەچن، نە لە تورکمەن دەچن، نە کوردی دەزانن، نە ئیزن دەدەن وێنەیان بگرین، هەمووشیان چاویان بە چاویلکەی ڕەش داپۆشراوە... "،" هانس مارتین یەک لە کتێبەکان وەردەگرێ لە ڕووپەڕی یەکەم، وێنەی ئاتاتورک دەبیندرێ." ساڵی ٩٤ تەنیا دوو ساڵ لە دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم تێپەڕیبوو، ئێستا پاش تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیەک، پێگەی تورکەکان بۆتە بەشێک لە ستروکتوری باشووری کوردستان! هەر ئەو کات ئەم دیاردەیەمان لە گەڵ مەسعوود بارزانی و یەکیەتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە باس کرد. ئەوان ئەوەیان وەک نموونەی دێموکراسی لە باشووری کوردستان پێفرۆشتین. یازدە ساڵ دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری سولەیمانی و هەولێر شوێنگەلێکمان چاو پێکەوت کە وەبیر ئەستانبوڵی دەخستینەوە. تورکیا بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە پاڵ لەشکەرکێشی و بۆمبارانی ناوچەکانی باشووری کوردستان و مامەڵاتی بازرگانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، لە لایەنی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، نیزامی، جاسووسی و دامەزراندنی دام و دەزگای بازرگانی هەتا کردنەوەی چێشتخانە و دەبستانەکانی گولەن، پەلی هەتا ناو تەلەویزیۆنەکانیش داکوتاوە. ساڵەهایە مێدیای تورکیا لە ڕێگای فیلم و سەریال و گۆرانیبێژەکانییەوە بۆتە ئەندامی هەمیشەیی ناو بنەماڵە کوردەکان. ئەوە یانی ئیفلاسهێنان بە بەرهەمی هاوچەشنی کوردەکان. ئێستا لە ستۆدیۆی هەموو تەلەویزیۆنەکانی باشووری کوردستان دۆبلەی فیلمی تورکی، ئێرانی و عاڕەبی هێندە پەرەی ساندووە کە جێگا بۆ بەرهەمی کوردەکان نەماوە. سیستەمی حوکومڕانی لە کوردستان خۆی کەوتۆتە گیانی خۆی و لەناوبردنی بنج و بنەوان و بەیسی بوونی خۆی و لە ڕێگای تورک ئایدلیشەوە چەواشەکارانە بانگەوازی خزمەت بە هونەری کوردی دەکات. هونەری موسیقای کوردیان کردۆتە قوماری بردنەوە و دۆڕاندن و بەم چەشنە تورکەکان ستاندارد بۆ موسیقای کوردی دیاری دەکەن کە خۆی لە براوەی کوردئایدل دا دەبێ دەربخات. ئەو کەسانەی سەرجەم موسیقای کوردی دەخەنە گەمەیەکی لەو چەشنە و بە "موزایدەی" دادەنێن، تەور لەو دارە دەوەشێنن کە خۆیان لە سەری "هەڵنیشتوون". لە باشووری کوردستان سیستەمێک لە باوەڕپێکراون پێکهاتووە کە مافیائاسا لە گەڵ شانۆ، سینەما، تەلەویزیۆن، موسیقا، ئەدەبیات، فەرهەنگ و هونەر مامەڵە دەکات. ئەم سیستەمە لە سەرەتا لە پێوەندی ساکار بە کەسانەوە و کەسان بە بەرپرسانەوە و پێوەندی بەرپرسان بە دام و دەزگاکانی کورد لە ئوروپا لە ژێر ناوی پێشخستنی فەرهەنگ و هونەر و زانست دەستی پێکرد. لە درێژەدا بە بەشداری کۆمەڵێک لەو کەسانەی سەردەمێک هونەرمەند، نووسەر و کەسی بواری فەرهەنگ و هونەر و هزر بوون، مافیای پرۆژە، فستیواڵ، سێمینار، کۆنفرانس پێکهات. کوردستانی ئەمڕۆ تەنیا بەرهەمی سیاسەتی حزبەکان و کەسانی ئەوان و گەندەڵی حکوومەت نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو کەسانەشە کە سەردەمێک خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، فەرهەنگی و مەعریفەتی حزبەکان و حکوومەت دەزانی. ئەمڕۆ پاپ ئایدل، سوپرستار، کورد-عاڕەب- ترک ئایدل مارکێکی جیهانییە بۆ شۆوی تەلەوزیۆنی کە فۆرماتێکی نوێ بۆ بەرنامەی تەلەوزیۆنی دەداتە دەست، ڕەنگە هەر ئەوە مایەی شانازی بینەرانی ئەم بەرنامەیە و کوردسات بێ! ئەم فۆرمۆلە واتە گرێدانی کەسانی ئاسایی، مێدیا، شەریکەکانی بازرگانی و خۆازیارانی موزیک لە یەک بەرنامەدا بازاڕێکی مەزنی بۆ لایەنەکان پێک هێناوە، کە لە سەر حیسابی دوو گرووپ هەڵدەسووڕێ! یەکەم ئەوانەی خەون و خەیاڵی بەناوبانگبوونیان هەیە، دووهەم کەسی ئاسایی بە تایبەت لاوان کە هەم دەبنە بینەری تی وییەکان و کڕیاری کالاکانی تیجاری و هەم جار بەجار دەبنە قوربانی کۆنسێرتەکان کە لەم ئیدول هەڵبژاردنانەوە سەرچاوە دەگرێ وەک کارەساتی دویسبورگی ئاڵمان، پاریس و مەنچیستێر. ئیدەی سوپر ستار لە ناو مێشکی گەلێک لە لاونی جیهاندا وەها چەسپاوە کە زۆرێک لەوانە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان لێ تێکدەچێ و هەرکام لە خەیاڵی سەرکەوتنی بە پەلەدان. موزیک، فیلم، مێدیا، ئینترنێت، ئای تی، وەرزش، رەقس، مود بە خەیاڵ ئەم ئیمکانە بۆ منداڵان و لاوان دەڕەخسێنن. ئێستا لە وڵاتانی رٶژئاوا سوپرستاری منداڵانیش پەرەی ساندووە و منداڵانی ژێر چواردە ساڵ تێیدا بەشدار دەبن و ڕێژەی بینەرانی بەرنامە و نڕخی چرکەکانی ڕێکلامی بازرگانی دەبەنە سەر! گەر یەک تاکە کەس تایتڵی کوردئایدل سەر بە تەلەویزیۆنی حزبێک، لە شارێکی باشووری کوردستان وەربگرێ، کام کەلێنی ژیانی خۆی و موسیقای کوردی پر دەکاتەوە، لە وڵاتێکدا کە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی بێکار و بێ بازاڕن؟ گەر کوردسات و یەکیەتی نیشتمانی و حزبەکان و حکوومەت و دام ودەزگاکانیان خەمی موسیقای کوردی دەخۆن، دەبا بە جێگای دەیان دووکان بە ناوی ئەنستیتۆ و دەزگای تر، پلانی درێژخایەن بۆ پێشخستنی موسیقا بەڕێوە بەرن، دەبا وەزارەتخانەکان پلانی ڕاهێنانی موسیقاپێدگۆگی، شانۆپێداگۆگی، نەققاشی پێداگۆگی بەڕێوە بەرن بۆ ئەوەی موسیقا، شانۆ، نەققاشی و هونەر بە گشتی ببێت بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵ و گەورەی کورد! کێ بەرکێی کوردئایدل سوودی نە بۆ موسیقای کوردی لێدەکەوێتەوە، نە بۆ گۆرانیبێژانی بەشدار، سوودی ئەم بەرنامانە بۆ گرووپەکانی مافیا و شەریکەکانی بازرگانی و تورکەکانی بەشدار دەبێت. پاش تەواوبوونی بەرنامەکە، خەڵاتوەرگر و وەرنەگر، دەبێ ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بەناوبانگبوون چی بە ژیانی ئەوان و هونەرەکەیان بەخشیوە؟ لە سەرەتای ئەم زنجیرەیەدا باسی چاردە دەورە سوپرستاری ئاڵمان کرا کە خەیاڵی هیچیان نەهاتۆتە دی، لە وڵاتێک کە قانوون و دام و دەزگا و بازاڕ بۆ موسیقا و پارێزگاری لە مافی هونەرمەند و بەرهەمەکەی هەیە. لێرە بە کورتی لە یەک ڕستەی کورتدا ژیانی ئەمرۆی ئەو کەسانە باس دەکرێ. لەم چاردە کەسە تەنیا یەک کەس لە ڕێگای چوون بۆ زانستگا پلەی بەرزتری موسیقای پێواوە، بەشی هەرە زۆریان لە گەڵ گرووپەکەیان لێرەو و لەوێ بەرنامە پێشکەش دەکەن و کەمتر لەو ڕێگایەوە دەژین، یەک کەس لەوانە ستودیۆی دەنگی دانەوە.[ "ئێستاش بەردەوام کاری موسیقا دەکات!" ، " ئێستا لێرەولەوێ کاری موسیقا دەکات "، "موهەندیسی بینا لە زانکۆیە" ،"کۆنسێرت لێرەو و لەوێ بەرپا دەکات"، "ئێستا لە ستۆدیۆیەکی تۆمارکردن کار دەکات."، "چەند گۆرانییەکی تۆمار کردووە و لە ژنەکەی جیا بووتەوە"، "لێرە و لەوێ گۆرانی دەچڕێ."،"لێرە و لەوێ بەرنامەی هەبووە."،" ساڵی ٢٠١٧ گۆرانییەکی لێ بڵاو بۆتەوە."، "ئێستا هاوکاری کۆمەڵەیەک دەکات کە هاوکاری ئەو کەسانە دەکەن کە لە زیندان دەرباز دەبن"]! کۆتایی ٢٢/٦/٢٠١٧ ئاڵمان- کۆڵن

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish