Skip to Content

ئەگەر دزو ساحێب ماڵ یەك بن، گا بەكونی دەرزیدا دەبەن.. دایکی دابان

ئەگەر دزو ساحێب ماڵ یەك بن، گا بەكونی دەرزیدا دەبەن.. دایکی دابان

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 20, 2022 General

ئەم پەندە کوردیە ئەمڕۆ بەدروستی لە زانکۆی سلێمانی و بەتایبەت کۆلیژی هونەر ڕەنگی داوەتەوە،سەرەتا دەڵێم پیشەی مامۆستایی پیرۆزترین و سەخترین پیشەیە ،گەر مامۆستا لە ژینگەی ئینسانەکان دەربهێنرێت خەڵوەتگایەکی بێ مۆڕاڵ و دوور لەبەهای جوانی دەمێنێتەوە،هەر بۆیە ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگە بە پلەی یەکەم بۆ مامۆستا دەگەڕێتەوە،بەڵام کاتێک مامۆستا خۆی ببێتە لەمپەرو هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکان بدات تا بە بەرژەوەندی خۆی بکەوێتەوە ئەوە کارەساتە، سەلماندنی ئەم بۆچونەش لەڕێی یاسای نایاسایی یاخود خاوەن ماڵەوە جێبەجێ دەکرێت ،وەک دەبینین بەمەبەستی ڕێکخستن و دوور کەوتنەوە لە کاری گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە گۆڕانکاری لە پۆستەکانی خوێندن ،لەسەرۆکی زانکۆو جێگرەکانیەوە تا دەگاتە ڕاگرەکان ،لەژێر ناوی تەواوبوونی ماوەی یاسایی خزمەتکردنیان بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیداوە کەسانی شیاوو دەستپاک و داوێنپاک و شارەزا بۆ ئەو پۆستانە دابینبکات بەمەرجێک پلەی زانستیان لەو مامۆستایانەی دیکە بەرزتربێت کە داواکاریان پێشکەشکردووە بۆ پۆستەکە وە ناشبێت لە کەیسی هیچ گەندەڵیەکەوە گلابن،واتە دانانی کەسی شیاو لە جێگەی شیاو ، بەڵام بەداخەوە نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون لەم هەنگاوەیانداو بە پێچەوانەی پەیامەکەی خۆیان ڕەفتاریان کردووە، بەڵکو لەژێر فشاری حیزبیدا هەوڵیانداوە ڕوخساری کەسە گەندەڵەکانیان جارێکی دیکە بهێننەوە سەر تەختەی شانۆی خوێندن و پیشانی کۆمەڵگەی کوردی بدەنەوە بۆ نموونە: دکتۆر دڵشاد مستەفا ڕەحیم کە نوسەرەو دکتۆرای لە فیلمسازیدا هەیە لەسەر گەندەڵی لە لایەن زانکۆی سلێمانیەوە لە7.6.2022 سزای سەرزەنشت(التوبیخ) ی پێدەدرێت(بەپێی بەڵگەنامەی فەرمانی زانکۆ ژمارە343 کۆپیەکەیم داناوە) کە قورسترین سزای فەرمانبەرانە دادەنرێت لەسەر بردنی پارەی کۆلیژ بەنایاسایی لەکاتێکدا بە پێی یاساو بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی دادگای سلێمانی تاوانی دزیەکەی بە بەڵگە بەسەریدا سەلمێندراوە، کەچی مەخابن ئەم کارەکتەرە هەڵدەبژیرێن بۆ ڕاگری کۆلیجی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی،جگە لەوەی ئەم نووسەرە،شانۆکارە، فیلمسازە هەڵساوە بە دانانی وانەیەک لە کۆلیژی هونەرو مانگانە پارەی لەسەر وەرگرتووە لە کاتێکدا وانەکە وجودی نەبووەو شاراوەبووە،هەرچەندە پێشتر لە پەیمانگاش پێش ئەوەی بێتە کۆلیژی هونەر لەسەر گەندەڵی جارێکی دیکە تێوەگلاوەو جارێکی دیکەش لە فرۆکەخانەی سلێمانیش بە قۆڵبەستکراوی لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر کەیسی گەندەڵی پارە تەسفیە نەکردن گیراوەتەوە.
من دەپرسم ئایا ئەمە جێی شەرم نیە بۆ شاری سلێمانی کە بەشاری رۆشنیری ناسراوە کەسانی لەم جۆرە ببنە روخساری هونەرو ئەدەبی کوردی،ئایا زانکۆی سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە باڵا دەستە لەم زۆنە چۆن وەڵامی خوێندکارانی زانکۆکان دەدەنەوە،چۆن ڕێگە دەدەن کەسانی تۆمەتبار پۆستی گرنگ وەربگرن ،لەکاتێکدا چەندین کەسی بەتواناو پلەی زانستی بەرزترو بەئەزمون و ئیداری دەستپاک لەم شارەدا حزوریان هەیەو شایەنی ئەو جۆرە پۆستانەن، تاوانە کەسانی دڵسۆز ئیهمال بکرێن چ لەناوەوە یاخود لەدەرەوەی کۆلیژی هونەر ،ئەستەمە کەسێک فەرمانی سزای بۆ دەرچوبێت لەماوەی پێنج مانگدا پۆستی بۆ بەرز بکرێتەوە بەڕاستی کارەساتە کارەسات.
هیوادارم بەزووترین کات ڕێگە لەم جۆرە هەوڵ و کارانە بگیرێت تا بەتەواوی خوێندنیش لە قاڵب نەدرێت و ڕێزو توانای مامۆستاش بە پیرۆزی بمێنێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish