Skip to Content

دوایین شەوەکانی سیمرخ  … سه‌لاح شوان

دوایین شەوەکانی سیمرخ … سه‌لاح شوان

Closed
by ئاب 14, 2017 General, Poems

1

تا ئەمڕۆکەش…
هەموو ڕۆژ ێک کاتێ کە ئێوارە دادێ
بەیادی عەشقە جوانەمەرگەکەی تۆم
پەردەکانی دڵم دادەدەمەوەو
مۆمە شیعرێکی گەشی وەک چاوەکانت
دادەگیرسێنم و بێدەنگ
پشت لەم سەردەمی گورگانە دەکەم و
روەو رۆژ ئاوا دادەنیشم
زۆر چاوەڕێم کرد تا ەوەکو کوێرییم داهات
ئیستاکەش خۆری خواکەی تۆ
لێم هەڵنەهات
تازە بەم درەنگان شەوە
بەم درەنگە زەمانە
بەدەم مەستی و نەستییەوە
نە خۆر هەڵدێ و نە من چاوەڕوان خۆرم
بە مۆمە کوژاوەکانی خەونەکانمدا دەچمەوە
لاپەڕە بە لاپەڕە هەڵیان دەدەمەوە بەڵکو
لەم شەوە ساردو تاریکەی دوادواییدا
تروسکاییەك ببینم
هیچ دیار نییە
وتی لێرە دانیشە
لەگەڵ یەکەم گزنگی خۆرهەڵاتندا دێمەوە
ئیستاو ئەوسا نەمدییەوە
تا ئەمڕۆکەش…
هەموو ڕۆژ ێك کاتێك کە ئێوارە دادێ
بەیادی عەشقە جوانەمەرگەکەی تۆ
پەردەکانی دڵم دادەدەمەوەو
مۆمە شیعرێکی گەشی وەک چاوەکانت
دادەگیرسێنم و بێدەنگ
پشت لەم سەردەمی گورگانە دەکەم و
روەو رۆژ ئاوا دادەنیشم
خۆی پێی وتم
کاڵ و کرچە بەری داری زڕی ئەوان
بۆش و بەتاڵە پەیامی پێغەمدزان
من بە خوێنی باخچەی تەمەن بۆت دەنووسم
گەر یەك جار بیخوێنیتەوە
ئیتر پێویستت بە پاپۆڕ نابێت تاکو
دەریاکانی هوشیاری پێ پەی بکەی

2

با شەویش بێت و با دنیا
ئاگربارانی دۆزەخ بێت
من ئەیبینم
خۆی بە پەڕەی گوڵێکی وەریو پۆشیوە
تا بە ئاگری دۆزەخی مارس نەسووتێ
تۆ سەیریکە…
ئەم گەردوونە چۆن لە گۆمی
قیری تواوەی تاریکیی خودای جەنگدا
تواوەتەوەو خنکاوە
ئەوە شیعرە؛ یان کۆنە دڵی عەشقێکە
وا بە شمشێری خوداکان ئاوەها لەتلەت کراوە؟
ئەوە ئاواتەکانی منە یان….
ئاوازەکانی داوودە
وا دڵی ئەمدیوو ئەودیو
بە تیری رق سمێنراوە؟
بەردبارانە، ئاگربارانە،
غەمبارانە ئەم گەردوونە ئەمشەو
کوا تازە بە من چار ئەکرێ
ئەم بەزم ورەزمی زەمانە!
کوا تازە من چارەسەری ئەم بەزم ورەزمی زەمانەم پێدەکرێ

3

ئێسستا لە دوایین هەنگاودا
ئاوڕ دەدەمەوە رێگام خۆڵەمێشە
نازانم کێ پێشتر گڕی تێبەرداوە
نازانم کێ
کێ بوو؟ بۆچی؟
گوڵزارەکەی ئەوسای جێگا دڵداریمانی کردووە
بە وشکە خاکێکی وەکو
وەکو دڵم رەق و چۆڵ و شەقار شەقار؟
ئەو وتی ئێستاش هەر ماوە
تۆ نایبینیت
کوێرە چاوێک خەو بە خۆری سبەینێوە نەبینێ
وێرانە دڵێک نەبێتە چوارچێوەی خۆرێکی عەشق
من هەردوو خۆرەکەم دۆڕاند

4

ئەو وتی بەسە با ئەمشەو
لەوە زیاتر نەخۆینەوە
من دوایین شیعرم هێشتاکە لە نیوەبوو
کە سەیری دەوری خۆم دەکەم کەس نەماوە
هیچ کوێیەکم لێ دیار نیییە
هیچ دەنگێکیش لەم مەیخانەیەوە نایا ئەم شەو
دنیا ئەم شەو مەیخانەیەکی چۆڵی داخراوە
وێرانە؛ وێرانە؛ وێران
ئەم خاکی خوایە خەوتووە
تاریکە خاکە ئائەم شەو
منیش لە خوا
تەنیاترو
دڵتەنگترو
بێزارترم

5

خوا جارێکیان
شێرەکانی خۆی بەردایە گیانم تا بمخۆن
من شیعربارانیانم کرد
بەڵام تا ئیستاش نەڕیان
دێتە گوێم لەو دیو دیواری
زەمانەوە خۆیان مەڵاس داوە بۆم و
رۆژێك دێت پەلامارم بدەن

6

من وتم بەهەشتم ناوێ
بە روباری شیرو شەراب و هەنگوینەوە
تەنیا شیعرێک
تەنیا پێکێک
بەیادی چاوەکانی ئەو
بیخۆمەوە

7

…ئا ئەمڕۆ نا
دوێنێبوو هەر تەننیا دوێنێ
رەوە کۆترێکی سپی
ئا لێرەدا هەڵنیشتبوون
نازانم کام گەردوولی قینێك هات
راپێچی ئەودنیانی کردن…؟!
کامە دنیا؟ کامە ئەودیو؟
دنیا هەریەك دیوەو هەرگیز
خوا روویەکی دیکەی نییە
ئاسمان هەر یەک رەنگە هەرگیز
راستی رەنگی دیکەی نییە
شیعر هەر یەك دەنگە، باران
هیچ دەنگێکی دیکەی نییە…
ئٓەودیو، ئەوسا، ئەودنیاو ئەو…
ئەو هەموو ئەوانەی دەڵێن
کەی؟ لەکوێ؟ چۆن دەردەکەون؟
من چاوەڕوانیی زیاترم پێناکرێ
من خودای دووڕووم بۆچییە

8

لەوەتەی هەم دەخولێمەوە
بە دەورەی خۆم و ئەوان و شوێنەکان و کاتەکاندا
نە چراکەی دیۆجینۆسم پێیە نە
زوڕناکەی داود
هەرچی هەیە وەکو من دەخولێتەوە
بەدەوری خۆی و خودادا…
زەوی و خۆرو رێی کاکێشان و گشت گەردوون…
دەخولێنەوە
خەڵکی لە دەوری بەردە رەشەکەی دەستی راستی ئەڵڵا
دایکم پێمی دەگوت: لە دەورت گەڕێم
شۆفێر لە دەوری فولکەکەی سەرا
گەردەلوول، گێژەنگ،
ئەتۆم و ئەوەی نایبینین
هەر هەموو دەخولێنەوە…
ئەی خودا بەدەورەی کێ، چیدا دەخولێتەوە؟
ئەم خولانەوانە گشت پووچن
خولانەوەی من و زەوی و ئەستێرەکان گشت گەردوون
کێ دەتوانێت رایان بگرێ؟

9

کێ لە خولانەوە رادەوەستێ؟
کێ لە کوێدا رادەوەستێ؟
لە سەرەتا یان ناوەڕاست یان کۆتایی؟
سەرەتای کۆڵان یان شەقام؟
سەرەتای رۆژ؟ خواردن؟ کردن؟
سەرەتای ژیان؟ یان مردن؟
کوا سەرەتای من لە کوێوە دەست پێدەکات؟
لەدایکبوون یان کۆرپەیی یان لە لەشی دایک و باکمدا
ئەی ئەوان لە کوێیان هێنام؟
ئەڵڵا دەڵێت: لە ئادەم و لە حەواوە من هێناتم
داروین دەڵێت: لە دوو ترشۆکەی دەریاوە
ئەی دەریا خۆی لە کوێوە هات؟
ئەی خودا خۆی لە کوێوە هات؟
منیش هەر لەوێوە هاتم
هیچ شتێک سەرەتای نییە
هیچ شتێک کۆتایی نییە
هەموو شتێک خۆی سەرەتاو کۆتاییە
ئەگەر بتوانین بیبینین

10

تۆ ڕوو لەکامەیان دەکەی؟
کامەیانت پێ واز لێدێت؟
نوێژو نزا، یان خواردن و هەناسەدان؟
مزگەوت جێگای کامەیانە؟
خۆ دوو شووتی بە یەک دەست هەڵناگیردرێت
بۆیە زەردەشت وتی:
یەک درۆیە، هەمووی دوانە
بوون و نەبوون، تاریک و روون
سەرەتاو کۆتایی
چاک و خراپ

11

هێشتا سەرەتای بەهاربوو
کە جێێی هێشتم
لەوساکەوە بەدوای خۆیدا
چوار وەرزەیەکی باران و گەڵارێزانی
بۆ جێهێشتم
کێ پایزو گەڵارێزان و مردنی بۆمان هێنا
کێ کوشتن و درۆو رقی پێمان بەخشی
کێ ئەم دنیایەی وا دانا
ئەگەر هەیە دەستی شکێ

‎ 12‬

بە لاپەڕەی کاڵبووەوەی تەمەنمدا دەچمەوە
بەرەو دواوە، بەرەو دواتر…
تاکو دەگەمەوە ئەوێ
ئەوێ لە باوەشی دایکم
لە پایینی (خاڵخاڵان)دا…
بەڵام نازانم بۆ؟ کەی؟ چۆن؟
نە دایکم ، نە باوکم ، نە ئەوێش هیچیان نەماون
کێ ئەو هەموو خاڵانەی سڕیوەتەوە؟
خەم و خۆشی ، خەون و خەیاڵ،
هەست و سۆز و ئاوات و ئومیدی بەتاڵ
بەتاڵە بەتاڵە بەتاڵ…
ئەم گەردوونە، ئەم ژیانە
پڕە لە بۆش و لە بەتاڵ
ئەم گەردوونە بێخاوەنە
کێ یەکەم بەردی داناوە?
بۆچی ئیستا دیار نەماوە?
بۆ دروست بوو?
بۆچی? کەی? چۆن? لەناو ئەچێ?
کێ وەڵامێکی هەیە بۆم?
پێش مڕدنم با پێم بڵێ
تا بە بەتاڵی نەمرم‬

13

منیش رۆژێ لە رۆژان مناڵبووم
خۆشەویستی دایەو باوە
ئیستاکە پیرێکی تەنیای پڕ
پڕ لە ئاگری کوژاوە?
ئیستا لەسەر کەلی
ئاوابوونمدا وەستاوم
دوایین سەرنج
…دوایین ئاووڕ
لە رابوردوو دەدەمەوە
رێگایەکە
بە بست هەر بستێ دوان ئەبێ
بە کاتیش وەها درێژە
لەسەرەتای ئەم دنیایەوە
هەر هەیەو هەر هەبووە
تا کۆتایی ئەم دنیایەش هەر ئەمێنێ
هەر دووکەڵەو تەپوتۆزە
دووکەڵی دانەمرکاوەی
ئازارو غەمەکان هێشتا
بونچڕووکیان لێ هەڵئەسێ
تەپوتۆزی ئاژاوەکان
هێشتا سەرو چاوی ئەوانی پۆشیوە
گوڵی شیعرەکانم سیس و هەڵوەریون
تاشە بەردی بیرۆکەکانم هێشتاکە
رێگاکەیان تەنگ کردووە
ئەو هەموو گەردانەی عەشقە
?بۆ بێلانە جێهێڵراون
?کێ هەندێکی لەگەڵ خۆیدا بردو ڕۆیی
نازانم.بۆ پێشم کەوتن
:خۆ من وتم
مەرگم بە پێش مەرگتان کەوێ
وتم مەرگتان نەبینم هەرگیزاو هەر هەرگیز
دەسگێ گوڵ و دەسکێ نێرگیز
بۆچی کەسێ نەبوو جارێ گوێم لێبگرێ
کاتێ وتم:

14

کوانێ ئەوەی ئەڵێن گوێی لە خشەی مارومیرووە، کوا؟
?بۆچی ئیستاکە کەڕبووە
درۆیە درۆیە درۆ
کەس نییە گوێ لەکەس بگرێ
هەر دووکەڵەو… هەر تەپوتۆز
وتی بەر بەدواوە مەکە
ئەگینا دەتکەم بە بەرد
ئەم هەموو بەردانە کێبوون؟
چییان دەوت؟ چییان دەکرد؟
کێ دەزانێ؟
لەکێ پرسم؟
کێبوو وتی: ئاخر شیعر بۆکێ بڵێم
کوا کێ ماوە دڵێکی ئاشقانە هەبێت
زەمانی دڵ بەردەکانە ئا ئەم زەمانە، ئەم زەمان
زەمانی مرۆڤ خۆرانە
زەمانی درۆبارانە ئەم زەمان
هەزاران ساڵبوو بێدەنگبووم
وامدەزانی گورگەکانی ئاغای کوێرە دێیەکەمان
خواردوویانە
بەڵام کە گوڵێ دەوەرێ
دەیان تۆوی گوڵی نەمر جێدەهێڵێ
وتیان گوڵە کێوییەکان بگرن، بیانکوژن،
ئێمە تەنیا گوڵی سەر مێزمان گەرەکە
بچن لە بازاڕی خۆفرۆشاندا بیکڕن
ئەو گوڵزارانە وێرانن کەن
کە گوڵ بۆ خۆیان ناگرن
وێرانە وێرانە وێران
ئەمڕۆکە خاکی کوردستان
کە گوڵی یاخی ناگرێ
وێرانە خاکە ئەو خاکەی
جێگای گۆڕی
شاعیرێکی گێلی تێدا نابێتەوە
جێگای دڵی عاشقێکی
خەمان گەستەی وەک منی تیا نابێتەوە
نالی، حاجی، شێخی سەنعان
ئەوانی تری گۆڕ غەریبان…
وێرانە خاکە ئەو خاکەی
کرا بە جێی گۆڕپەرستان
کرایە جێی براگەورەو
سەری گەورەو
کەری گەورەو خودای گەورە
من گەورەکان ناپەرستم
بچووکەکانم خۆشدەوێ
وەک کانییەکەی گۆران و
پێکەکەی دەستی خەیام و
گۆچانەکەی دەستی شارلی و
کەرەکەی حەزرەتی نالی

15

من وڵاتێکم بۆچییە
شەرەفی پیاوو سەرانی
لە ریشی پان و سمێڵ و
ناوگەڵی ژنەکانیان بێ

16

ئیستا گورگەکانی ئاغا
سەگە دڕەکانی کوێخا
کەڵبەیان لە شیعرەکانم گیرکردووە
دەیانەوێ جریوەکانی خەفەکەن
خۆ من داوود نەبووم کەچی
ویستیان گۆرانیی خوایان بۆ بڵیم
کەی سروودی سروودەکان
لە ناو قەفەسدا وتراوە
کەی خوڕەی ئاو
لە ناو زەلکاودا خوڕەی دێ
کەی ئەهریمەن لە ژێر خۆردا
بۆ گوناهکاری دەگەڕێت
بۆشە
ناهەقە
ناڕەوا
هەرچی هەیە لە سەر زەوی و
لە ژێر ئاسماندا بەتاڵە
ناڕەوایە
بەتاڵە وەك
دڵی گورگەکانی ئەڵڵا
ناڕەوایە وەک کوشتنی شیعرەکانم
لە باخچەکەی ئەڵڵادا دەستم برد بۆ گوڵێ
ئەو جەندرمەکانی خۆی ناردە گیانم
لە پای گوڵێ هەزاران دڕکی قینیان
چەقاندە ناو دڵی خۆم و شیعرەکانم
من دڵی دڕکاویم ناوێ
من خوایەکم…
من خوایەکم ئەوێ چەتەو شیعرکوژی
نەبێت و دڵی هیچ کەسێك
دڕکاوی و ژەهراوی نەکات
وتیان خودا
لە خشەی مارو مێروولەش ئاگادارە
کە چووم گلەیی لا بکەم
لەوێ نەبوو
وتم ئاسمان لە گیرفانی بەتاڵی من بەتاڵترە
وتیان بڕوانە حەلاج و
گیڤاراو
شیعرەکانی خۆت
خۆت لە هەناسەی ساردی من ئەپارێزی و
ئەشارییەوە…
نەک ببێ بە گەردەلوولی ئەشقێك و
ئیتر ئەشق راپێچت کاو
بتباتەوە بۆ دۆزەخی دڵدارییەکەی جارانمان
بەتاڵە، بەتاڵە بەتاڵ
کێ ئەم شووشانەی بەتاڵکرد؟
چۆڕێ نییە بیخۆینەوە
کێ ئەم روبارانەی بەتاڵکرد؟
کێ ئەم ئاسمانە…
ئەم گەردوونەی…
ئەم ژییانەی بەتاڵکرد؟
دەستی شکێ

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish