Skip to Content

کورتەچیرۆک/ لێبووردنی گشتی.. رەسوڵ بەختیار

کورتەچیرۆک/ لێبووردنی گشتی.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by كانونی دووه‌م 28, 2023 General, Literature

هەردوو چاوانی فرمێسک تیایدا زابوو، نەیدەوانی هیچ قسەیەک بکات، لەخۆشیاندا دەیویست باڵ بگرێ، لەکاتێکدا ئەو بۆیە لەبەندینخانە بوو، سێجار بەسەر چەند ماڵێکی دادابوو بۆ دزیکردن، لەنێو بەندینخانە کاتێک هەواڵیان پێدا، لەم نزیکانە ئازاد دەبێ، هەر لەدڵی خۆیدا دەیگوت: ئازاد بوون بۆ کەسێکی سیاسییە، نەک بۆ دزێکی وەک من، کەسێک پانزدە ساڵە لەنێو کونجی زینداندا بێ، سی ساڵیشم ماوە.
ئەو دزە سێ دزی بچووکی کردووە ئەگەر بەراوردی بکەی بەدزە هاوڕێیەکانی نێو بەندینخانە، هەر دزییەکی بەجیا دادگایی کراوە، بۆیە نزیکەی چل و پێنج ساڵ حوکم دارابوو، لەماوەی ئەو پانزدە ساڵەدا کەس سەردانی نەدەکرد، هیچ کاتێک خواردنێکی خۆشی لەدەرەوەی بەندینخانە بۆ نەدەهات، هەر تەنیا خواردنی بەندینخانەی دەخوارد، لەگەڵ ئەوەی لەنێو بەندینخانەدا ئەو بەدزێکی بچووک ناسرابوو، دزە گەورەکان هەموو کات گاڵتەیان پێدەکرد، پێیاندەگوت: تۆ تەنیا چەند مریشکێک و کەڵەشێرێک و مەڕی شوانەکان دەرەوەی شارت دزیووە، ئەوەندە ساڵە لەژوورەوە بیت، ئێمە چەند سەد دەفتەرێکمان دزیووە و وەک تۆ حوکممان بەسەرد دراوە، دەوەرە لەدەرەوە چەند نەفەر کەبابێکمان بۆ هاتووە، وەرە لەگەڵمان بخۆ.
دزەکە:راستە منیش وەک ئێوە دزم، لەگەڵ دزیەکەی من وەک خۆتان دەڵێن، هیچ نییە، بەڵام ناتوانم نانی ئێوە بخۆم، راستە دزم، بەڵام ناتوانم لەگەڵ دزە ناقۆڵاکان تێکەڵ بم.

  • هەر وا بیر بکەوە، بۆیە کاتێک چوویە دەرەوەش هەر نابیت بەهیچ.
  • گرنگ نییە، ببم بەشتێک، من لەبەر برسییەتی دزیمکردووە، بەڵام ئێوە لەتێریدا دزیتانکردووە.
    لەنیو ئەو گفتوگۆیانەدا، دووبارە چووەوە ناو خەیاڵەکانی، ئەمجارە ئەگەر لێبوردنی گشتی بمگرێتەوە، ئەگەر خۆم و هەموو ماڵەوە لەبرسانا بمرن ئەوا دزی ناکەم، ئەگەر هەر کاریشیان پێ نەدام ئەوا خۆم و خوشک و براکانم دەکوژم، تا چیتر خەم بەم دونیایە نالەبارە نەخۆین، چەند مانگێک لەنێو ئەو خەون و خەیاڵانە دابوو، رۆژێک نەیدەزانی چ باسە چەند پۆلیسێکی بەندینخانە، لەگەڵ کۆمەڵە بەندییەک یان چەند دزێکی ناقۆڵای ناو زیندانەکە، دەستیان بەگۆرانی گوتن کرد، ئەویش لەکونجێکی بەندینخانەکە چاوی زەق بۆوە، پرسیاری نەکرد، چی بووە؟ پۆڵیسێک، کە زۆر لێی نزیک بوو بووە برادەری و کەمێک ئاگادار بوو، لێی چووە پێش و پێیگوت: هەڵسە ئەوە بەبۆنەی تۆوە ئاهەنگ دەگێڕین، تۆ ناوت لەو لیستی لێبوردنی گشتیدایە و بەر دەبی، چیتر لەو کونجەدا ناتبینمەوە!
    دزەکە کاتێک گوێی لەقسانە بوو، هەموو رابردووی وەک شریتێکی سینەمایی هاتەوە بیر، لەخۆشیانا نەیدەتوانی لەجێگەی خۆی هەڵسێ، نەیدەزانی لەخۆشیانا پێبکەنێ یان بگرێێ..لەشوێن خۆیدا بەبێ دەنگی مایەوە، کەچی شایی و بەزمی پۆلیس و بەندییەکان هەر بەردەوام بوو.
    کاتێک دەروازە گەورەکەی زیندانیان بۆ کردەوە هێشتا باوەڕی نەدەکرد، دوای ماوەیەک لەئازاد بوون. یەکێک لەپۆلیسەکان لەنزیکەوە دەیناسی بینیبووی، کە ئێستا کەسێکی ماقووڵە و خاوەن ماڵ و منداڵ، بەشێوەیەکی لێهاتوو چووەتەوە ناو کۆمەڵگە، ئەو چەند ساڵەی ناو بەندینخانە و لێبوردنە گشتییەکە زۆر کاریگەر بووە لەسەری، بۆتە کەسێکی بەسوودی کۆمەڵگە.
Previous
Next
Kurdish