Skip to Content

کتێبی چەپکێک لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی ١٩٥٩ – ٢٠١٢ نووسین و ئامادەکردنی یووسف مەنتک لە سوید چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی چەپکێک لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی ١٩٥٩ – ٢٠١٢ نووسین و ئامادەکردنی یووسف مەنتک لە سوید چاپ و بڵاوکرایەوە

Closed
by كانونی دووه‌م 15, 2024 Books, General


ڕۆژنامەگەری- چاپخانە- بیبلیۆگرافیاو لێکۆلینەوە
لە سوێد لە لایەن دەزگەی کتێبی ٤٩ چاپ وبلاوکرایەوە

کتێبی یەکەم،
نووسین و ئامادەکردن یووسف مەنتک نەخشەسازی ناوەرۆك وبەرگ: دڵشاد خۆشناو- شێروان فاروق،
چاپی یەکەم ٢٠٢٣، وەشانخانەی ٤٩ کتێب سوێد،
ژمارەی (ISBN: 978-91-89859- 54-8 )

بوارەکانی: مێژوو، بیبلیۆگرافیا، ئینسکلۆپیدیا و فەرهەنگ، کاری دامەزراوەیی دەوێت، چەندین بەشی جودا لە خۆدەگرێت، وەک سەنتەری توێژینەوە، کادر، پسپۆڕ، بوودجە، چاپخانە، بەڕێوەبەرایەتی، کتێبخانە و ئەرشیف.
بە درێژایی مێژوو، نەبوونی کتێبخانە و ئەرشیفخانەی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد، ئیشکردنی لەم بوارەدا هەژار کردووە. لە کاتی پێویست هانای بۆ سەرچاوەی بیانی و داگیرکەرانی کوردستان بردووە، لەوەشدا زەرەمەند بووە، چونکە وەک پێویست نەنووسراوەتەوە.
بۆیە لە کوردستاندا ئەم کار و بەرهەمانە پتر هەوڵی تاکەکەسی بوونە. هەر کارێکیش کرابێت، بەپێی تواناو هەوڵێکی زۆر، لە کەموکوڕی خاڵی نەبووە. مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی دەوڵەمەندترین سەرچاوەی کوڵتوور و مێژووی نەتەوەیی کوردە، باشترین سەرچاوەیە وەک بەڵگەی مێژووی دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت. بۆیە نووسەر هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لەم بوارەدا هەبێت، ژمارەیەکی باشیش لە گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی تێدا هەن، چی بەردەست کەوتووە لە ڕابردوو هەڵی گرتوون، بە ئۆرگیناڵ، یان بە کۆپی و وێنە.
لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە خەریکی نووسین و دانانی ئەم پەرتووکی مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی و چاپخانەو بیبلیۆگرافیاو لێکۆلینەوەیە، کە (٢١٠) ناونیشانی گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە لە خۆدەگرێ، لەگەل زیاتر له‌ (٥٠) ناونیشانی چاپەمەنییەکانی سەرەتاکانی دەرکەوتنی چاپخانەو ڕۆژنامەگەری کوردی ( بێگومان سەرەتاکانی دەرکەوتنی ڕۆژنامەگەری و چاپخانەی کوردی، لە زۆر سەرچاوەدا کاریان لەبارەوە کراوە. نووسەریش بە پشتبەستن و ئاماژەکردن بۆیان سوودی لێ وەرگرتوون. تەنێ نووسەر لێرەدا بە یەک لێکۆڵینەوە پاتە ئاماژەی بۆ کردوونەتەوە، لەگەڵ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکانیان). زۆربەیان لە ئەرشیفی خۆیدا هەبوون، بۆ زانیاری وەرگرتن لەسەر ناونیشانەکانی دیکەیش هەوڵی گەڕان بە: تەلیفۆن، نامە، سەردانی کتێبخانە و ئەرشیفی تایبەتی، ئەرشیفی کۆمەڵە و ڕێکخراو و چاپەمەنییەکان، پرسیارکردن بە پسپۆڕ و شارەزایان، نووسەرانی بواری مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی، ڕۆژنامەنووسان، لایەنی پەیوەندیدار بە چاپەمەنییەکان، زۆربەیان دەستی هاوکاریان بۆ درێژکردووە ، و هێندێکیشیان تا ئێستایش دەنگیان نییە، سپاس بە هەردوو لایان دەڵێت.
ناونیشانەکانی ناو ئەم کتێبە، شوێنی دەرچوونیان بە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان، دابەشبووە. هاوکات وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و تاراوگە. لە هێندێک شوێن لەوانەیە زانیاری تەواو نەبووبێت، ئەوەش لەبەر بەدەست پێ ڕانەگەیشتن بووە، وە چەند ناونیشانێکیش وێنەی دانەناوە.
ناونیشانەکان بەپێی ڕیزبەندی ساڵ و ناونیشانی بڵاوکراوەکە، شار و وڵات، ئەلفوبێ کاریان لەبارەوە کراوە. ئەمەیش مێتۆدی ئیشکردنی زانستی و ئەکادیمیانەیە لە بواری بیبلیۆگرافیا و ئینسکلۆپێدیا.
دەستەواژەکانی: کوردی ناوەڕاست ڕێنووسی ئارامی مەبەست لە شێوەزاری سۆرانییە. کوردی باکوور ڕێنووسی لاتینی مەبەست لە شێوەزاری کرمانجی باکوورە.
ناونیشانیش هەن شوێنی دەرچوونیان لەسەر نەنووسراوە.
هیج پڕۆژە و کتێبیک کێماسی بەدەر نییە، ئەم کتێبەی بەردەستیشتان بێگومان کەلێنی تێدا هەن. ئێوەیش دەتوانن بە سەرنج و ڕەخنە و تێبینییە زانستییەکانتان جوانتر و دەوڵەمەندتری بکەن. نووسەر هیوا دەخوازێت توانیبێتی خزمەتێکی بە مێژووی ڕۆژنامەگەری و کتێبخانەی کوردی کردبێت.

ئەوەی پێویستە بگوترێ

کورد بەدرێژایی مێژوو بەر داگیرکاری کەوتووە، داگیرکەرانی کوردستان هەموو کات خاک و فەرهەنگی کوردیان کردۆتە ئامانج. تا بۆیان کرابێت هاووڵاتیان کوشتوە، وڵاتەکەیان وێران کردووە، شوێنی پەرستگە و ئاتەشگە و سەرچاوەی فەرهەنگ وکوڵتووریان لەناو بردووە و سوتاندویانە ، بە تاڵانیان بردووە. هاوکاتیش گەلێ کورد و کەمینە نەتەوەکانی پێکەوە لە کوردستان ژیان دەکەن، لەبەر پەرێشانی و شەڕو پالاماری هێرشەکانی داگیرکەرانی کوردستان و خۆ دەرباز کردن، نەیانتوانیوە بای هێندە کوڵتوور و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی خۆیان گرینگی پێبدەن و بیپارێزن، وەک گەڵانی جیهان ببن بەخاوەنی ئەرشیفخانەیەکی تۆکمەو دەوڵەمەند، هیوادارین ئەوەی لە ڕابردوو نەکراوە، بۆ ئێستاو داهاتوو دەسەڵاتی کوردی بایەخی جیددی پێبدات.
لەلایەکی دیکە زۆرێک لە وڵاتانی داگیرکار بە ڕۆژئاوایییەکانشەوە، کە وڵاتێکیان داگیرکردووە، ئەجێندای هەرە گرینگیان بردنی چاپخانە و دەرکردنی ڕۆژنامە بووە، وەک ئینگلیزەکان، کە عێراقیان داگیر کرد، لە هەر ویلایەتێک ڕۆژنامەیەکیان دەرکرد. ڕۆژهەڵاتناسەکانیش لایەنی کەم ڕۆڵی باشییان لە بە ئەرشیفکردن و نووسین، لەبارەی کڵتوور و فەرهەنگی کوردەوە هەبووە. ئەگەر ئەوان نەبووان، ئێستا بەشێکی زۆری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ئێمەی کوردیش دەفەوتا.
گەلی کورد بە درێژایی مێژوو، وەک گەلێکی ژێردەستە و خاک داگیرکراو لەلایەن دەسەڵات و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی: تورکیا، عێراق، سوریا، ئێران ڕووبەڕووی هەڕەشەی سڕینەوەی کڵتوور و فەرهەنگ و زمانەکەی بۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە نووسەر و ڕووناکبیر و سیاسییەکانی کورد زیندانی و تیرۆر کراون. لەژێر دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیشدا، چ لە شاخ، چ لە شار خۆخۆری و براکوژی لەسەر ئاستی فەرهەنگی و مرۆیی لەولا بوەستێ. لە ئێستاشدا بە هۆی باری خەراپی دارایی و سیاسی زۆرینەی چاپەمەنییەکانی باشووری کوردستان وەستاون.
گرفتی سەرەکی:
گرفتی سەرەکی نەبوونی ئەرشیف و کتێبخانەیەکی نەتەوەیی، سەرچاوەی پێویست، هاوکاری نەکردنی زۆر لەو کەسانەی پەیوەندیدار بە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی و ئەو بڵاوکراوانەی بە جۆرێک پەیوەندیدار بوون لە دەرچوونیان.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish