Skip to Content

غەززە * زبڵدانێکە بۆ بە فاشیستبوونی بانگخواز و ئیسلام ی سیاسیی کورد.. هیوا محەمەد ئەمین

غەززە * زبڵدانێکە بۆ بە فاشیستبوونی بانگخواز و ئیسلام ی سیاسیی کورد.. هیوا محەمەد ئەمین

Closed
by كانونی دووه‌م 15, 2024 General, Opinion, Slider


لە ڕێکەوتی ١٢. ١٠. ٢٠٢٣ دا بەڕێز عەلی باپیر ، ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی نوسینێكی لەژێر ناونیشانێكی دورودرێژ ١ لە ماڵپەڕی ( ڕاچڵەکین ) دا بڵاودەکاتەوە٠ نوسینەکە بەشێوەی گشتیی خۆی بە دوو ئاقار و ئامانج دا ئاراستە دەکات، یەکێکیان گلەیی، سەرکۆنە و هێرشە بەرامبەر کەسانێك ، کە نەیخواستووە نە ناویان بهێنێت و نە ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر ئەو بابەتە بدات٠ ئەوی تریان سەبارەت بە جەنگ ی غەززە – ئیسرائیل و دۆز ی فەلەستینیەکانە ! ئەگەر خوێنەر کەمێك بەسەرنجدانەوە لەو نوسین و ناونیشانە دورودرێژە وردببێتەوە ، تێدەگات و دەگاتە ئەو بڕوایەی ، کە ئەم نوسینە چەندێك بە پەلە ، شپرزانە ، لە دنیابینیەك ی تەسك ، هەناسە سواریی ، دیدێك ی فاشیستانە و ئاقارێك ی نامرۆڤانە نووسراوە؟!
من لێرە دا سۆمایی دیدە و نیگا ی تێڕوانینی خۆم بەدوور لە هەر دەمارگیریی، بارگرژیی یان خوانەکردە بێڕێزیەك بەرامبەر هیچ کەسێك ، بەسادەیی دەخەمە سەر شەڕی غەززە و بۆچونەکانی عەلی باپیر گومان ی تێ دا نیە کە ئەوەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت، دۆزەخێکە، کڵپە و نێڵە ی ئاگرەکەی مرۆڤی فەلەستینیی و شار ی غەززە دەسوتێنێت، کە لەڕووی ویژدانیی، مرۆڤایەتیی و ڕەوشتپەروەریی ( ئەخلاقیی ) ەوە ناشێت و ناکرێت شایی و لۆغانی بۆبگێڕدرێت٠ بەڵام ئەم دیمەنە تەنیا دیوێك ی شانۆ ی کارەساتباری شەڕ ی غەززە – ئیسرائیلە، لە دیوەکە ی تری شانۆکە دا ، دیمەنێك ی ترهەیە کە تەراژیدیا ی ئیسرائیل و گەل ی جووە ، کە تێیدا سەدان کەس دەبنە قوربانیی ئەو دۆزەخ و کوشتارگەیە ی کە فەلەستینیەکان یان چاکترە بڵێم حەماسیەکان خافڵگیرانە بۆ گەل ی جوویان ساز دابوو ، ئەمەش دیسان نامرۆڤانە دەکەوێتەوە ، ئەگەر چۆپیی و هەلهەلە لەسەر جەستە ی قوربانیان ی مرۆڤ ی جووش بکێشین٠
بەڕێز ئەمیر لە سەرەتا ی نوسینەکەی دا باس لە دوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراو دەکات ! ئەم دەربڕین و شێوازبەخشینە بە دنیا ی نادادپەروەریی ، ڕاستە و پێچەوانە ی حەقیقەت نیە ، لەوەتەی ژیانیش هەیە هەردوو بەرە ی ستەمکار و ستەملێکراویش هەبووە! بەڵام کاتێك نوسەر دێتە نێو هۆڵ ی دادگە و بینینی شانۆ ی ڕوداوەکان ، و هەروەها شێواز ی دەربڕین ی زمان و تێگەیشتنی ئەو بۆ کێشەکان ، ئیدی دیمەن و جیهانە دابەشکارییەکە ی جەنابی ئەمیر بۆ ژیان و مرۆڤایەتیی لە نێوان ستەمکار و ستەملێکراو دا تەم ی بەسەر دا دێت و لەسەر تەختی شانۆکە دا دیارنامێنێت ، و لە دواجار دا جەناب ی ئەمیر لە دادوەرییەکەی دا دەبێتە بەشێك لە لایەنگر و هەڵگر ی دنیا ی ئایدۆلۆژیایەك ی لایەنگیریی و پابەندبوو بە پاشخان و کولتورێك ی ئیسلامییانە و هەر لەو دیدەشەوە دواجار ئەو دادگایی شەری غەززە دەکات و دواجار دەبێتە بەشێك لە دنیای ستەمکاریی ، ئەم واقیعە تاکو ئێرە نائاسایی ، ناسروشتیی و خەوشێك نیە! بەڵام بەڕەی کێشەکە لێرە دا خۆی ڕادەخات : { مسوڵمانانی فیداکاری غەززە زەبرێکی گورچکبڕیان لەو قەوارە ناڕەوایە وەشاند و بەتوندیی هەژاندیان ، بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو } . ئەمە باوەڕی جەناب ی ئەمیری موسوڵمانانی کوردستانە ، کە لە نوسینەکەی دا ئاماژە ی پێدەدات! ئەم جۆرە نەفەس و مێتۆدە ئەخلاقیی و ئایدۆلۆژییە ، کە بەڕێز ئەمیر بەکاریدەهێنێت بۆ دادوەرییکردن لەنێوان دنیا ی هەق و ناهەق یان ستەمکار و ستەملێکراویی دا ، مێتۆدێك ی تەواو ناڕەوا ، نادادپەروەر ، نامرۆڤانە ، فاشیستانە و سادیستانەیە ، مێتۆدێکە کە لە ڕووی مێژویی و ڕەوشتپەروەرییەوە سەرچاوە ی خۆی لە هەمان ئەو مێتۆدە قورئانییە وەردەگرێت، کە لە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر و سەرهەڵدانی سورەتی ئەنفال دا برەوی هەبوو : { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مؤمنین }؟! بەڵام ئەم ڕۆژگارە ی کە گەل ی جوو و فەلەستین ی پێداتێدەپەڕێت قۆناخێکە ، لەلایەك ناژیرانە و نالۆژیکیانە دەبێت ، ئەگەر بە ڕۆژگار ی جەنگ ی بەدر بچوێنرێت و بپێودرێت ، لەلایەکی دیەوە هەم ستەم و تاوانێکە بەرامبەر بە گەلان ی جوو و فەلەستین ٠ ئەم دید ، تێڕوانین و جیهانبینییە جگە لە زیندوڕاگرتن ، سەرهەڵدان، دروستکردن و ئەزمونکردن ی هەستی ڕق، کینە، بوغز تۆڵە و بەردەوامییدان بە ڕۆحی دوژمنکارانە لە نێوان ئەو دوو گەلە دا ، نەك هەر هیچ سود و بەرهەمێك ی نەبووە ، بەڵکو ڕێژە و ئاست ی قوربانیەکان ی هەردوو گەل ی جوو و فەلەستینیی گەیاندە دواهەمین لوتکە ی بێمۆڕالیی و بەربەرێتیی٠
چەندین ساڵە ناسیۆنالیزم ی عەرەبیی بە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا ی ئیسلامیی – ئیخوانیی و بەکارهێنانی دروشم ی نەتەوەپەرستیی ، ئیسلامیی و بەکارهێنانی چەمكی الصهیونیة ( زایۆنیزم ) ، کار لەسەر دۆز و کێشە ی فەلەستینیەکان دەکەن ، بەبێ ئەوەی توانیبێتیان ، کە چارەسەرێك ی واقیعیی و ڕیشەیی نە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و نە دۆز ی فەلەستینیش بگەێننە کەنار ی ئاشتیی و ئارامیی٠
کاتێك یاسر عەرەفات پەیماننامە ی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان واژۆ کرد ، هەر زوو فاشیستە ئیخوانیی و نەتەوەپەرستە عەرەبەکان کردیانە هەڵای تاوانبارکردنی عەرەفات و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بە ناپاك و خۆفرۆش ، و دواییش جووە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان ئیسحاق ڕابین ی سەرۆک وەزیرانیان تێرۆر کرد ٠ ڕاستە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕین ی ڕا و ویژدانی خۆی ، بەڵام ئەمە جێگە ی باس و گرنگییپێدانی سەرەکیی من نیە لێرە دا ؛ بە ئەندازە ی ئەوەی ، کە پێم گرنگە چۆن تاك ی کورد بتوانێت خۆی لە دنیا ی جەهل ، خورافات ، ڕق ، کینە ، بوغز تۆڵە ، ڕەتکردنەوە ، قبوڵنەکردن ی بەرامبەر و … تاد بەدووربگرێت ! ئەو پاشخانە کولتوریی و فەلسەفییە ئیسلامیی – سیاسییە ی کە بۆ جەناب ی ئەمیر بووەتە ڕۆژنە ، دیدگە ، دنیابینیی و بیرکردنەوەیەك ی نەگۆڕ و موتڵەق ، پاشخانێكی تەواو فاشیستیی و بێبەزەییانەیە ، کە نەك هەر دوورە لە هەموو بەهایەك ی مرۆڤایەتیی ، ڕەوشتپەروەریی و ئیمانداریی ، بەڵکو تەنیا مرۆڤ ی دەروننەخۆش بەرهەم دەهێنێت ٠ ئەگەر سەرنج لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر بدەین ، دەبینین هەمان شێواز ی زمانی کینلەدڵیی ، ڕقئەستوریی ، هێرشبەرانە ، دروشمبازییانە ی ڕەگەزپەرست و شۆڤینیە عەرەبەکان ی بەکارهێناوە : { ستەملێکراویی گەلی فەلەستین و ستەمکاریی جوولەکە زایۆنییەکان … } یان { هەرکەس لەم ڕۆژگارە دا پشتیوانیی لە مسوڵمانانی ستەملێکراوی فەلەستین نەکات ، لە بەرامبەر ستەمی جوولەکە زایۆنییەکاندا ، نیشانەی پرسیاری زەقی دەکەوێتە سەر لە ڕووی : مسوڵمانەتیی و کوردایەتیی و مرۆڤایەتییشەوە ! }٠
دەربڕین ی ئەم جۆرە چەمك و دەربڕینە تیژپەڕ ( تطرف ) و ساڕێژبووە بە ڕق ، کینە و بوغزبەرامبەر بە گەل ی جوو ، نەك هەر ناتوانێت حەقیقەت و هۆکاری سەرهەڵدان ی ئەم جەنگ و خوێنڕێژییانە بنرخێنێت ، بەڵکو بە هەمان شێوەش ناتوانێت هەتوانێك بخاتە سەر برین و ژان ی دایكێك ی دڵسوتاو و سکسوتاو ی فەلەستینیی و جوویەك ، بەڵکو بارەکە ی بۆ هەردوو گەل ی ناوبراو بە گوزەرێك ی تەراژیدیاش دا برد ٠ هەر لە سەرەتا ی جەنگەکە دا زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز ، کەسایەتیی و پارتە ئیسلامییە کوردەکان زۆر گێلانە ، نەفامانە و ناواقیعیانە کەوتنە وتارخوێندن ، بەڕێکردنی ئاهەنگ ی شیوەن و گریانی ساختە و درۆزنانە لە مزگەوتەکان و دەرکردنی بەیاننامە و هاندان ی سۆزداریانە ی سۆز ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد بە گیان ی ڕق ، کینە ، تۆڵە و پیرۆزیی قودس ، بۆ جەنگ و غەزاکردن دژی جوو و وڵاتی ئیسرائیل ، وەك بڵێیت کورد و جوو دوژمن ی باوەکوشتەی یەکتری بووبێتن ؟ ! ئەمیری موسوڵمانان لە ڕوداوەکان دا بەدەستوبردە بۆ هەڵوێستوەرگرتن ، بۆیە هەرزوو کەوتە بانگەواز ، بەیان دەرکردن و هاندانی گەنج ی کورد بەرەو غەزاکردن ، هەروەك ساڵێك لەمەوبەر زۆر نادادپەروەرانە و بە دیدێك ی ئیسلامیانە ی تەنگ و ستەمکارانەوە هاوشان ی مەلا و مۆدێلی نوێی فاشیستانە ی بانگخوازە کوردەکان ی وەك دوکتۆر عەبدولواحیدەکان ، بەیاننامەیەكی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئانیی دژی ئێزدییەکان دەرکرد و هەڵوێستی خۆی و پارتەکەی دژ بە ڕوداوەکەی ساڵ ی پاری ئێزدیەکان لە شارۆچکەی شنگال ڕاگەیاند٠
ئۆقرەئارامیی، ئاسودەیی و دڵخۆشبوونی جەناب ی ئەمیر بە کوشتار ی جووەکان و تۆڵە سەندنەوەی فەلەستینییەکان لە جووەکان ، بە جۆرێك لە ناخ و ویژدانی دا قوڵپ دەدات ، دەکەوێتە هەڵە ، بوختان ، هۆنینەوە ی بێبنەما و بێبەڵگە ، و بەلاڕێدان ی ڕاستیی سەبارەت بە هەڵوێست و کاردانەوە ی مرۆڤ ی کورد لەهەمبەر دڵخۆشیی و شادییدەربڕینیان بەرامبەر بە کوشتار ی جووەکان لەلایەن فەلەستینیەکانەوە : { بۆ تێکڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەکانی دنیا ، مایەی دڵخۆشیی بوو ، لەنێویشیاندا خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکانیدا : باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ..تاد } ٠ ئەم جۆرە قەتیسبوون و خۆچڕکردنەوەیە لەنێو زۆنگاو ی بیر ی فاشیستیبوون ، ڕق ، کینە ، بوغز ، تۆڵە ، ڕەتکردنەوەی ئەوان ی دی و هەروەها بازنە ی داخراو ی ئایین ، دەقی قورئانیی ، کۆڵان ی داخراو ی فەرمودە و یاساکانی شەرع دا ، مرۆڤ بەرەو دنیا ی پوچیی ، دڕندەیی ، بێئومێدیی ، گەشاندنەوەی پشکۆی دنیا ی ئاژەڵیی دەبات ، بەرەو ئاوابوونی خۆری دادپەروەریی ، هەستی مرۆڤایەتیی و کوژاندنەوە ی ڕوناکایی ئیمان و مردن ی یەزدان دەبات ، مردنی یەزدانیش سەرەتا ی سەرهەڵدان و ڕەوایەتیدانە بە ستەم، نادادپەروەریی، نایەکسانیی و زەقکردنەوە و چریسکانەوەی شمشێر ی ڕق و کینە بۆ ملپەڕاندن و کەوڵکردنی پێستی ئەوانیدی٠
گەلۆ ڕۆڵی ئیمان و یەزدان لەم نێوە دا چیە ؟ ئیمان هێز یان مەملەکەتێك ی دەستڕۆیشتوو ی دەستەڵات ی پاشایی نیە ، کە بوون ، چەمك و ماناکانی خۆی لە ئەودیوی سروشتەوە حەشاردابێت ، مەقەڕ ، مزگەوت ، تەکیە و خانەقا نیە کە ئامانج تیای دا بەرهەمهێنان ی مرۆڤی مێگەلیی بێت ، هەروەها لەقاڵبدانی دەق ، باوەڕ ، عەقیدە ، مەزهەب و ئایینێكیش نیە کە پیرۆزبکرێت و بپەرسترێت ، بەڵکو هێزی سروش ( وحي ) و ئیلهامێك ی بێکۆتایە لە هەر سەردەم و ڕۆژگارێك دا، کە پەیام و ئامانجەکەی گەیاندنی مرۆڤە بە پلەیەکی باڵاتر لە فەزیڵەتی ڕەوشتپەروەریی ، دواجار گەیاندنی مرۆڤە بە ڕوناکایی و بەرجەستەبوون ی سیفاتی یەزدانیی لە ئەو ، واتا مرۆڤ دا، واتا کار و پڕۆژەی ئیمان دروستکردن و بەرهەمهێنانی مرۆڤی یەزدانییە ، بەجۆرێك ی دی سەرهەڵدانی مرۆڤ ی ڕیالیستیی و ئیماندارە ٠ ئاراستە و ئامانجەکان ی ئیمان و ئایین زۆر لێکجیاوازن:
ئایین؛ توێکڵ و دیوە دنیایی و ڕوکەشەکە ی ژیانە ، بەجۆرێك ی دی نێوەندگیریەکە لەنێوان دنیا ی ئاژەڵیی و ئەفسانەکان ی گەیشتن بە دنیا ی بەهەشت و دۆزەخ ! پایە و جێگە ی مرۆڤیش لەو نێوەندە دا لە سەنتەربوون و سیفاتی گەردونییەوە بەرەو پەراوێز و گیرخواردن لە چوارچێوە ی ناوچەیبوون ( لۆکاڵییبوون ) و ئەحکام ی پابەندبوون بە دنیا ی ئایین دەبات٠ بەڵام ئیمان ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو ئەو کۆت و بەندانە ی ئەفسانە ، ئایین و پیاوانی ئایینیی ، ئاراستەکردنی مرۆڤە لە دنیا ی ئەفسانەیی بەرەو دنیا ی ڕیالیستیی و هۆشمەندیی ، و هەروەها ئازادکردنیەتی لە دنیا ی ئاژەڵییەوە بەرەو فەلسەفە ی مرۆڤبوون ، واتا ئیمان گەیاندن ی مرۆڤە بە بەرزترین و باڵاترین ڕەوشت ٠ سیفاتێك ی تر ی ئیمان دەرهاویشتن ی مرۆڤە لە دنیا ی قەتیسبوون ، پەنگخواردنەوە ، خولخواردنەوە و ناوچەییبوون ، بەرەو بەجیهانیبوون و هەڵگرتنی سیفاتێك ی گەردونیی لە ناخ ، ویژدان ، بیرکردنەوە و ئاکاری مرۆڤ دا ٠ لەم دنیا سیفات گەردونیە دا ، کە سیفاتێك ی بەرز و باڵای بەرجەستەبووە لە بوون ی یەزدان دا ، کۆی مرۆڤایەتیی ، بە هەموو ڕەنگ ، زمان ، نەتەوە و ڕەگەزێكەوە لەوێ دا جێگە ی دەبێتەوە ، واتا چ جوویەك یاخود فەلەستینییەك بێت ٠ بەڵام ئەوە ئایین و کەرەستەکان ی ئایینە کە لەلایەك دابڕین دروستدەکەن لە نێوان یەزدان و مرۆڤ دا ، واتا لە نێوان حەقیقەت و فەلسەفەی مرۆڤبوون دا ، و لەلایەکی دیەوە خوڵقاندن ی کێشە و قوڵترکردنەوەی بەربەست و ئاڵنگاریەکانی نێوان مرۆڤە تاکو ڕادەی دروستکردن و حەقانیەتبەخشین بە دنیای ستەم ، تاوان ، غەدر، خیانەت ، ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لەنێو کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی بەگشتیی و موسوڵمانان بەتایبەتیی : { لاتقوم الساعة حتی یقاتل المسلمون الیهود ، فیقتلهم المسلمون ، حتی یختبئ الیهودي من وراء الحجر والشجر ، فیقول الحجر و الشجر : یامسلم یا عبد اللە هذا یهودي خلفی فتعال فاقتلە ….. تاد } . لەم باس و خواستانە دا هەڵبەتە مەولانای ڕۆمیی ستەم و ناهەقیی نەنواندووە کاتێك کە دەڵێت :
من لەبەرئەوە بێئایین و دینم
تاکو نەڕێژم خوێنی هاوشێوەم

لە ڕوانگە ی ئیمانەوە ؛ پێم پێویستە ئاماژەیەك بۆ بەشێك ی تر لە نوسینەکەی بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر بدەم کە : { هەروەها مزگەوتی ئەقصا و قودسیش خاڵی هاوبەشی نێوان تێکڕای مسوڵمانانە چونکە یەکەمین ڕووگە و سێیەمین حەڕەمیان و ، شوێنی سەفەری شەوڕۆ و میعراجی پێغەمبەرەکەیانە : سبحان الذی أسرى بعبدە لیلا …. تاد } ٠قەتیسکردنی دنیا ی ئیمان و سروشت ی یەزدان و سیفاتی یەزدانیی لە ناوچەیەك ی جوگرافیایی دیاریکراو دا ، یەزدان دادەبەزێنێتە ئاست ی پاشایەك ی ستەمکار و دادوەرێك ی نادادپەروەر و دڕندە کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە دەستەڵاتدارێتیی و فەرمانڕەوایی ئەو بەشە جوگرافیایە ورگی یەکتر هەڵدەدڕن ؟ ! تاکو ئێرە ؛ لەوانیە بارەکە زۆر تەراژیدیی و بێچارەسەر نەبێت ، بەڵام کێشە قوڵ و مەترسیدارەکە لەوێ دا سەرهەڵدەدات ، کە ئایین وەك ڕۆڵ ی نێوەنجیەك دێتە نێو ئەم کایە و یاریەوە ، واتا دێت و شەرعیەت بە لایەك دەدات بۆ حەڵاڵکردن ی ڕشتنی خوێنی ئەوی دی ! ! بە بۆچوونی من خاڵ ی هاوبەشی نێوان مرۆڤایەتیی بەگشتیی و کۆمەڵگە ی موسوڵمانان بەتایبەتی ، شاری قودس نیە ، بەڵکو ئەو بەها و پرنسیپە مرۆڤایەتییانەن کە دان بە بوونی ئەوانی دی و ڕێز لە مافەکان ی ئەوانی تر دەگرێت ، ئەو پێوانانەن کە پێناسە و جیاکاریی نێوان مرۆڤەکان لەسەر بنەمای فەلسەفەی مرۆڤبوون دادەڕێژن ، واتا ئەو پێوانانە ی زەردەشت ئاسا ، کە بیر ی چاک ، گوتار ی چاك ، کردار ی چاك دەکاتە بنەمای پێناسە و ناسنامەیەك ی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤی ڕاستەقینە نەك ڕەگەز و ئایینێك ی دیاریکراو ٠
بەپێی ئەم پێناسەیە ؛ ناسنامە و ناسینەوەی ڕۆح و ڕوخسار ی قودس ، لە پیرۆزبوونی ئەو دا نیە ، بەڵکو لە بەرجەستەبوون ی ڕۆح ی خۆشەویستیی ، میهرەبانیی ، لێبوردەیی ، پێکەوەژیان و قبوڵکردنی یەکتریدایە ، لە نێوان هەردوو گەل و هەر تاکێك ی جوو و فەلەستینییدایە . بەڕێز ئەمیر عەلی باپیر لەم بارەیەوە وەها دەنووسێت : { چونکە مرۆڤ ئەگەر مسوڵمان بێ دەبێ پشتی مسوڵمان بگرێ ، بەتایبەت ئەگەر وەك فەلەستینییەکان مەزڵومیش بن …. تاد } ئەم جۆرە دید و تێڕوانینە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی ، و پێناسەکردنی مەزڵومیەت لەسەر بنچینە ی ئایین ، باوەڕ و پیرۆزکردن ی پارچەیەك ی جوگرافیایی، نەك تەنیا ئایدۆلۆژیایەكی ئەفسانەئامێزاوییە ، بەڵکو هاندان و برەودانە بە بیری توندوتیژیی و سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای فاشیزم ی ئیخوانیی و داعشیزم ی ئیسلامیی لەنێو کۆمەڵگە دا . لەم ڕۆژنە و دیدەوە ؛ نابێت پێمان سەیربێت ، کاتێك بەڕێز دوکتۆر مثنی أمین لە چاوپێکەوتنێك ی تەلەڤیزیۆنیی کەناڵی ( میحراب ) ، بەم جۆرە دید و بیرە فاشیستییە ئیسلامییەوە پێناسە ی گەل ی جوو دەکات:
{ جوولەکە خوێڕین ، ترسنۆکن ، زاڵمن ، بێکارن ، مشەخۆر و …. تاد }، بەڵام بەمجۆرە پێناسە ی حەماس دەکات:
{ حەماس موعجیزەیەك ی خوایە، حەماس بۆ شەهیدبوون و مەرگ هاتووە ، جیهاد ئەکەن، سەری ئیسلامیان بەرزکردەوە، لەپێناوی خوا شەهید دەبن، خوا ڕێز لە شەهیدەکانی دەگرێت ؛ ئەو شەهیدانە لای خوا شفاعەت بۆ خەڵکی تر دەکەن، حەماس مەفخەرەیە بۆ موسوڵمانان و بۆ ئەحراری عالەم نەك تەنیا بۆ موسوڵمانان ، حەماس جوانترین نمونەی ئەخلاقیاتی پێشان دا، حەماس خاوەن رسالة ە …. تاد }
بەیادهێنانەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستانە ی ئیخوان ی ئۆردوغانیی لەهەمبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ، باکور و باشوری کوردستان ئەوەمان بۆدەسەلمێنێت ، کە فەلسەفە و سیفات ی بەرزیی و باڵا ی موسوڵمانبوون فەلسەفەیەك ی هەڵخەڵەتێنەرانە و پوچگەرایانە ی عەبەسیانەیە ، کە توانا ی پاراستنی کەرامەت و زامنکردن ماف ی تاك یان دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنوسی هیچ گەلێك ی موسوڵمان یان ناموسوڵمانی نیە ، ئەوەی لە مێژودا موسوڵمان بە موسوڵمانی کردووە لە دڕندەیی ، چەوساندنەوە ، تیرۆر ، کوشتار و ئەشکەنجەدان دا ، وێنە ی نەبووە ٠بۆیە کارێك ی ناڕەوا و ناپەسەندە ، ئەگەر ئێمە دیمەنەکانی گشت ئەو مێژوە خوێناویی و پڕ لە نادادپەروەریە ی کە ئاماژەم پێی دا بشێوێنین و تەنیا لە چەمكێك ی بچوك ی وەك زایۆنیزم و یەهودیەت ، یان پیرۆزیی قودس و شەری وێرانکاریانە ی غەززە – ئیسرائیل دا بچوك و بەتاڵ بکەینەوە ؟ ! پیرەمێرد ی شاعیر لە شیعرێکی دا دەیخاتەوەبیرمان کە:
ئەو قەومەی کە خوا دەربارەی ئەوان ٢
فەرمووی یەك بە دەن بۆ ڕۆژی مەیدان
چۆن لە ڕاستیی جوو ڕوو وەرئەگێڕن
لە خەیبەرەوە بەوانە فێرن


هیوادارم ئەم جەنگە نەبێتە کەرەستەیەك بۆ خۆشکردن ی ئاگری ڕق ، کینە ، بوغز و تۆڵە لە نێوان مرۆڤ ی جوو و فەلەستینیی ! ! با هەوڵ و بیرکردنەوەکان بەو ئاراستەیە بێت ، کە ڕۆحی میهرەبانیی ، بەخشندەیی خۆشەویستیی و قبوڵکردنی یەکتری لە نێوانیان دا بەرپا ببێت ٠هیوادارم نمونەکانی عەلی باپیر ، دوکتۆر مثنی أمین و دوکتۆر عەبدولواحیدەکان نەبنە مایە ی فیتنە ، عاقیبەتشەڕیی و دروستکردنی زبڵدانی کولتور ی غەزا ، جیهاد ، چاندنی تۆو ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، شەڕی پیرۆز لەنێو دڵ ، دەرون ، ڕەوشت و ویژدان ی تاك ی مرۆڤ ی کورد و موسوڵمان دا ! دواجار دەڵێم با کورد نەبێتە لەیستۆك و نەچێتە جەنگێکەوە ، کە شەڕی ئەو نیە ، ئێمە ی کورد گیرۆدەی مەزڵومیەت و ستەملێکراویین ، گیرۆدە ی کیمیاویی ، ئەنفال ، تعریب ، ڕەشەکوژیی و جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ، فەیلیی و بارزانییەکانین ، گیرۆدە ی ڕەگەزپەرستیی ، نکۆڵیی نەتەوەیی ، بیری دژەکورد و ئیخوانی ئۆردوگانیی ی تورکیین ، گیرۆدە و ستەملێکراویی سیستەم و بیری نەتەوە – مەزهەبیی و حوکمەکانی لەسێدارەدان ی مرۆڤی کوردین لە جمهوریی ئیسلامیی ئێران دا ؟ ! کاراکتەری چەوسێنەر و ستەمکار لێرە دا گەل ی جوو نیە ، بەڵکو خێڵ ی موسوڵمانانن کە بەدرێژایی سەدان ساڵە دەمانچەوسێننەوە و ئازارمان دەدەن.

کۆتایی

———————————————

پەراوێزەکان
١- لە نێوان جوولەکە زایۆنییە داگیرکار و فەلەستینییە وڵات زەوتکراوەکاندا
٢- ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئایەتە قورئانیە ی ، کە : { یا ایها النبی صرخ المؤمنین علی القتال إن یکن منکم عشرون صابرون یغلبون مائتین و ان یکن منکم مائة یغلبوا الفا من الذین کفروا بأنهم قوم لایفقهون }
*- ئەم نوسینەم چەند ڕۆژێك لەمەوپێش لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکردەوە ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵەیەکەوە کە لە خۆمەوە ڕوی دابوو ، بە ڕێکەوت نوسخەی ڕەشنوسەکەم بۆ ڕۆژنامە ی ناوبراو ناردبوو . بەداوای لێبوردن لە سایتی دەنگەکان و ئاوێنە ، کە بەناچاریی بە پێویستم زانیی لە دوو ڕاگەیاندن و سەکۆی جیاواز دا بڵاویبکەمەوە . سوپاس بۆ تێگەیشتنی دەنگەکان !

هیوا محەمەد ئەمین
14 .1 . 2024

Previous
Next
Kurdish