Skip to Content

باجی ڕەخنە گرتن.. سەدیق سەعید ڕواندزی

باجی ڕەخنە گرتن.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by ئایار 25, 2024 General, Literature

هەر ڕەخنەگرێك، لە سەرەتای دەسپێكی كاری ڕەخنەییانەی خۆی، خۆی بۆ ئەوە یەكلایی نەكردبێتەوە كە ئەو ژانڕەی كاری تێدا دەكات، دەبێ باجی قورس و گەورەی بۆ بدات، كە هەندێ جار بە نەمانی پەیوەندی هاوڕێیەتی، كۆمەڵایەتی، دژایەتیتكردن، پەلاماردانی كەسی كۆتایی دێت، ئەوا لە كاری ڕەخنەیی نەگەیشتووە، چونكە ڕەخنە بە مانای باجدان، لە بەرانبەر گوتنی ڕاستییەكان. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ڕوانینێكی تایبەت و نەگۆڕ لای نووسەران بە گشتی (مەگەر بە دەگمەن) هەیە، كە ڕەخنە لە پەسن و ستاییش، سازش و پێدا هەڵگوتن دەبیننەوە، بۆیە ئەگەر بەر بۆچوونێكی جیاوازتر لەمە كەوتن، بە داخەوە بۆیان هەرس ناكرێت. لێرەوەش كە ڕەخنەی لێ دەگرێت، بلۆكت دەكات، ناچارت دەكات ڕوونكردنەوە بنووسی و لە بیرو ڕاكانی پێشووت پاشگەز بیەوە، دژایەتیت دەكات و دەكەوێتە سەنگەرێك ڕەنگە تا مردن نەیارت بێت. بۆیە ڕەخنە بە مانای باجدان، ئەو باجدانە، زۆرجار ڕەخنەگر وەك جەنگاوەرێكی تەنها، لە مەیدانەكەدا دێڵێتەوە و ناچاری دەكات بە تەنها وەك كارەكتەرێك لە چەندین سەنگەرەوە بووەستێتەوەو بەرانبەر ئەوانیتر بجەنگێت. گەرچی ئەمە پەیامی ڕەخنە و كاری ڕەخنەیی نییە، بەڵام بە داخەوە ئەمە واقیعی كاری رٍەخنەیە لای ئێمە. ئەم تەنیا كەوتنەوەیە، ئەم هەموو نەیارە و لاتەرییكردنەی ڕەخنەگر لە نێوەندی ڕۆشنبیریی و دنیای نووسینی ئێمەدا، بێگومان دۆخێكە لای هەموو ڕەخنەگرێك قەبوولناكرێت، مەگەر ئەوانەی دەزانن ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە كولتوورێكدا كە تەنها پەسن و پیا هەڵدان دەزانێت یانی چی. هەر بە ناو ڕەخنەگرێك، لە پای ئەو هەموو لێ كەوتانەی لەپەراوێزی سەرنجە ڕەخنەییەكانی،پاشگەز بووەوە لەوەی پێشووتر نووسیویەتی، بە دڵنیاییەوە ڕەخنە گر نییە، لە بەر یەك هۆكاری زۆر سادە ئەویش ئەوەیە، كاری ڕەخنەگر ئەوە نییە هەر ڕەخنەیەك نووسی بە دڵی ئەویتر نەبوو، پۆزشێكی بۆ بهێنێتەوە بە پاساوی ئەوەی گوایا ئەدەب لە مرۆڤ گەورەترە ونابێ دڵی مرۆڤ لە پێناو ئەدەب بڕەنجێنین. ئەم جۆرە واهیمانە، تەنێ لای نووسەری كورد هەیە، بێگومان مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە، لە هەموو شتێكیش گەورەترە، بەڵام دیوی هەرە جوان و شكۆمەندانەی مرۆڤ لە وەدایە، ڕاستی بڵێت و لێی پەشیمان نەبێتەوە. هەر وشەیەك و سەرنجێكی ڕەخنەیی، كە ڕەخنەگر لە بارەی دەقێك، پرس و بابەتێكی ئەدەبی دەینووسێت، بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە، بۆیە بەرلەوەی ئەو بەرپرسیاریەتییە بە نووسین هەڵبگرێت، دەبێ دڵنیا، بوێر و ڕاشكاو، ئازاو وچاو نەترس بێت لەوەی دەیڵێت بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات ئەم سەرنجانە دڵی كێ دەڕەنجێنن، یان چەند لە هاوڕێكانی كەم دەبنەوە. مەگەر بە درێژایی مێژوو، ئەوانەی ڕاستییان گوتووە، هەمیشە ڕووبەڕووی مەرگ و لە نێوبردن نەبوونەتەوە؟ دواتر گریمان ڕەخنەگرێك بە پاساوی ئەوەی مرۆڤ لە ئەدەب گەورەترە، پۆزش بۆ نووسەرێك دێنێتەوە كە ڕەخنەی لێ گرتووە، بۆچی پۆزشیش بۆ دەیان لەو نووسەرانەی تریش ناهێنێتەوە كە پێشتر ڕەخنەی توندترو بە زمانی زبرتر لێ گرتوون؟ مەگەر ئەوانیش مرۆڤ نین و لە ئەدەب گەورەتر نین؟ یان ئەمە پەیوەندی بە هاوڕێیەتی و شارچییەتیەوە هەیە؟ بە داخەوە وەك چۆن دوو ڕوویی، ڕووپامایی و سازشكردن و ڕازیكردن، لە خەسڵەتە هەرە ناشرین و بەرجەستەكانی مرۆڤی كوردن لە باشووری كوردستاندا، بەو شێوەیەش بەشێكی یەكجار زۆر لە نووسەران، هەڵگڕی هەمان ئەو خەسڵەتانەن و جیاوازییان لەگەڵ خەڵكی هەمووەكی و میللی نییە، ئەگەر ملیۆن كتێبیشیان خوێند بێتەوە، چونكە مرۆڤ بۆ ئەوە دەخوێنێتەوە بگۆڕێت و جیاواز لەوانیتر بكەوێتەوە. دواجار دەڵێین، بوێریی و بێلایەنی دوو لە دیارترین خەسڵەتی كاری ڕەخنەیانەن كە دەبێ ڕەخنەگر هەر لە سەرەتای چوونە نێو دنیای ڕەخنەگرتنەوە، بیكاتە میتۆد و لە كاری ڕەخنەییانەی خۆیدا پەیڕەویان بكات.


*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە(4074) ڕۆژی 19/5/2024 بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish