هەڤپەیڤینێک لەگەڵ شانۆكار شەیما فریاد.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس
Closed
شانۆكار شەیما فریاد: من هەمیشە تینوی شانۆم زۆریش حەز بە تەختەی شانۆ دەكەم
شانۆكار شەیما فریاد: شانۆ لای من رۆحە هەستە ژیانە دەرمانە بۆ ئازارەكان
خاتوونی شانۆكار (شەیما فریاد تۆفیق) یەكێكە لەوشانۆكارانەی كە خاوەن توانستێكی باشی هونەری نواندنە.شانۆكار شەیما لە شاری هەولێر لە دایك بووە دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی شاری هەولێرە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزوو ئارەزووی بۆ هونەری شانۆ هەبووە .بۆ پەرپێدانی بە هونەركەی دەچێتە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر لەماوەی پێنج ساڵەی خوێندنییدا بەشداری چەندین كاری شانۆیی كردوە ..لە نزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە .
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین شەیما چۆنە جیهانی شانۆی ناسی؟
- من هەرمنداڵییەوە حەز و خوولیای هونەری زۆرم بۆ شانۆ هەبووهەر بۆیەكاتێ قۆناغی بنەڕەتیم تەواو كرد بەدوای دەرفەتێك دەگەرام بۆ ئەوەی پەرە بە بەهرەكەی خۆم بدەم تائەو كاتەی مامۆستای هونەرمەند (هیواسوعاد)م ناسی ئەو توانی پەرە بەبەهرەكەم بدات،من بە جیها نی هونەری شانۆ ناساند بەتایبەتی دەرفەتی پێدام بەشداری چەندین شانۆگەری بكەم، لەبەرئەوە جێگای شانازیە بۆ من لەگەڵ ئەو هونەرمەندە گەورە كاربكەم.
- كێن ئەوانەی هاوكار و پاڵپشتی شەیما بوون لە بواری هونەری شانۆدا؟
- گومانی تێدانییە خێزاكەم زۆر هاوكار وپاڵپشتم بوون بەجۆرێك هەمیشە هانیان دەدام، هەروەها هونەرمەند هیوا سوعاد زۆر هاوكاری كردووم. هەرچەندە كەبەداخەوە تائێستاش لەلایەن هەندێ كەسەوە تووشی تیرو توانج دەبینەوە ئازار دەدرێن، بەڵام بە پاڵپشتی خێزانەكەم من لە هونەرەكەی خۆم بەردەوام دەبم.
*پەیمانگای هونەرەجوانەكان بەشێكی گرنگی وێستگەی ژیانی هونەریت بوو ،تاچەندپەیمانگا رۆڵی هەبوو لە برەودان بە توانستەهونەرییەكانت؟ - من لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان ئەلف و بێ شانۆ فێربووم فێرگەیەكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پەرە بەتوانستەكانی خۆم بدەم..هەرچەندە بەداخەوە زۆر دەرفەتیان بە من نەدەدا،بۆ ئەوەی بەشداری كارام هەبێت لە كاری نواندن.
- شەیما چۆن پێناسەی شانۆ دەكات ؟
- شانۆ لای من رۆحە هەستە ژیانە دەرمانە بۆ ئازارەكان..زۆر باوەڕیشم بەم دەستە واژە هەیە كە دەڵێت (نانێك و تەختەی شانۆم بدەنێ گەلێكی هۆشیارت دەدەمێ)،بۆیە تا ئەو كاتەی دەمرم من واز لە شانۆ ناهێنم.
- بۆچی هەندێك لەو شانۆكارانەی پەیمانگا تەواو دەكەن دوایی لە گۆڕەپانی هونەری دیار نامێنن؟
- زۆر بەداخەوە زۆرێك لەو قوتابیانە لە ماوەی پێنج ساڵەی پەیمانگا چالاكن بەشداری كارە شانۆییەكانیش دەكەن بەڵام لە دوایی تەواو كردنی پەیمانگا لە كاری شانۆیی دووردەكەونەوە هۆكارەكەشی ئەوەیە بەداخەوە ئەوانە تەنیا مەبەستیان بەدەست هێنانی بڕوانامە بووە،لەبەرئەوەیە دوای دەرچوونیان لە پەیمانگا لەكاری هونەری دووردەكەونەوە.
*رۆڵی شانۆ لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا چۆن دەبینیت؟ - بەهۆی ئەوەی هونەری شانۆ لە رێگەی ئەكتەرەوە راستەوخۆ لەگەڵ بینەران، مامەڵە دەكات بۆیە كاریگەری زیاتر دەبێت بۆ وەرگر لە هەمان كاتدا شانۆ،زۆر بەی هونەرەكانی تر لەخۆدەگرێت وەك موزیك، شێوەكار تادەگاتە ئەدەب، بۆیە هونەری شانۆ فاكتەرێكی باش و گرنگە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لە هەموو رووێكەوە.
- تاچەند بوونی رەخنەگری شانۆ بەپێویست دەزانیت؟
- من بوونی رەخنەو رەخنەگر لە بواری هونەری و ئەدەبی بەپێویست دەزانم بۆئەوەی هونەرەكە پێش بكەوێت چونكە هیچ كارێكی هونەری بەدەرنییە لە كەمووكوڕی بە مەرجێك رەخنەی بنیادنەر بێت نەك ڕووخێنەر.
*ئێمە لە كۆتاییدا زۆر سوپاس دەكەین هیوای سەركەوتن بۆ دەخوازین؟
-منیش سوپاسی ئەو بەسەركردنەوەتان دەكەم لە كۆتاییدا دەڵێم ” من هەمیشە تینوی شانۆم زۆریش حەز بە تەختەی شانۆ دەكەم”.