
کتێبە خوێناوییەکانی نێو دەلاقەی نیشتیمان … ناڵە حەسەن
– کتێبی یەکەم
نیشتیمانم
تۆ کتێبی حیکایەتێکی درێژی
من هەموودەم دەتخوێنمەوە
بەدەم خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم
بەدەم گەڕان و پیاسەکانم
بەدەم ڕاکشان و خەوەکانم
تەنانەت لەنێو خەون و
هەستە لاشعورییەکانیشم
هەر دەتخوێنمەوە
ئێستا / پەڕبەپەڕ و
پیت بە پیتی وشەکانت خوێنییان لەبەر دەڕوا
ئێستا / خەیاڵ و بیرکردنەوە و
گەڕان و پیاسە و
ڕاکشان و خەوەکان و
تەنانەت / خەون و هەستە لاشعورییەکانی منیش
پڕبوون لە خوێن
هەر خوێن و هەر خوێن و هەر خوێن
نیشتیمانم
من ئێستا وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکەش نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام
– کتێبی دووەم
نیشتیمانم
لە تاریک و ڕوونی
بەرەبەیانی شانزەی ئۆکتۆبەردا
لە پڕێکدا
زەمەن هاتە هاوار و
زەوی هاتە هەژان
خۆرەتاو بە خەرەندان و
بە کێوان کەوت
کەڵەشێرەکان / لەنێو کۆریتەکان خۆیان مەڵاسدا
زارۆکەکانی ناو بێشکە
بە ڕوخسارێکی فۆبیاییەوە
لە جەستە بەفرینییە گرمۆڵەبوویەکەی
دایک و باوکییان دەڕوانی
منیش هەر لەوکاتە
جەنگێک لەنێو جەستەم هەڵگیرسا
بە دەستەکانی خۆم
لە دووچاو / چاوێک و
نیوەی پەنجەکان و
دوو ژووری دڵ و
دەستی ڕاست و
قاچی چەپە و
گورچیلەیەک و
نیوەی پەراسووەکانم / لەدەستدا
من ئێستا
کەسێکی پەککەوتە و نیوە مرۆڤم
منیش ئێستا
دەمار بە دەمار و
شانە بە شانەی جەستەم
خوێنییان لەبەردەڕوا
نیشتیمانم
منیش ئێستا
وەک تۆ تەنیام
وەک ئاگر بێهوودەم
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕم لە زام
– کتێبی سێیەم
نیشتیمانم
ڕۆبۆت و داهۆڵە بێگیانەکان
کۆیلە و کەڵەپووچەکان
بەسەر لاشەی ئازادیدا دەڕۆن و
سروودیش بۆ ئازادی دەچڕن
بەسەر لاشەی مافی تاکدا دەڕۆن و
هوتافیش /
بۆ مافی تاک و کەرامەتی تاک لێدەدەن
بەسەر لاشەی خودادا دەڕۆن و
دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکەنەوە و
باس لە بەها و پیرۆزییەکان و
ئاگریش لەهەمووشتێک بەردەدەن
نیشتیمانم چ قەدەرێکی ناڕوون و ڕەشە
هەر دەڵێی لەنێو منداڵدانی مردنەوە
سواری کەشتی درۆ بووین و
هاتووینە نێو بیابانێکی چۆڵ و هۆڵەوە
بەڵام پڕ لەخوێن و پڕ لە درۆ
هەر درۆ و هەر درۆ و هەر درۆ
بیابانێکی خاڵی لە فیکر و خاڵی لە بەهاکانی مرۆ
دەزانم نیشتیمانم
ئێستا تۆش
وەک من تەنیای
وەک ئاگر بێهوودەی
وەک گەردەلوول و بروسکە نا ئارام
وەک مێژووشم پڕی لە زام
کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧
—