Skip to Content

فەرمانبەرێك لەبەردەم دادگا.. ئیبراهیم ناودەشتی

فەرمانبەرێك لەبەردەم دادگا.. ئیبراهیم ناودەشتی

Closed
by ئاب 16, 2024 General, Opinion

پانزدە ساڵ دواى جەنگى جیهانى دووەم، ئۆتۆ ئەدۆلف ئایخمان، ڕۆڵەی کارڵ ئەدۆلف ئایخمان و ماریا چیفەرلینغ، لە شەوى (١١)ى مایسی (١٩٦٠)، لەنزیك بۆینس ئایرس-ى پایتەختى ئەرژەنتین، لەلایەن دەزگاى هەواڵگریی مۆساد-ەوە قۆڵبەست کرا و ڕفێندرا بۆ ئۆرشەلیمى پایتەختى ئیسرائیل بەمەبەستى ڕووبەڕووکردنەوەى بەو تۆمەتانەى کە ڕۆڵ و بەشداریی هەبووە لە قڕکردن و پاکتاوى ملوێنان جوو، وەک فەرمانبەرێکى ڕژێمى نازى.

ئەفسەرى لێکۆڵەر وتەکانى ئایخمان وەردەگرێت و ئامادەکاریی پێویست دەکرێت بۆ دادگاییکردنى کە بووە سەرنجڕاکێشترین ڕوداوى یاسایی دواى دادبینیی نێودەوڵەتى نۆرنبێرگ تایبەت بە تۆمەتبارانى جەنگ. ئایخمان (بە باڵا ناوەنجییەکەى، باریک، بەساڵاچوو، کەمێ سەر ڕووتاوە، چاو کزۆڵە)(١) لەبەرانبەر دادوەران و داواکارى گشتى و پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و چاودێران و ئامادەبووان، لەو ڕۆژەدا، دەخرێتە نێو قەفەزى بلوورینی دادگا و دادبینیی دەست پێدەکات.

چەندان پرسیار هەن سەبارەت بە ڕەوایەتیی قۆڵبەستکردن و ڕفاندن و دادگاییکردنى ئایخمان، ئایا دەوڵەتى ئیسڕائیل بە چ مافێک هاووڵاتیى پەنابەرى دەوڵەتێکى دیکە ڕادەگوێزێت و ڕادەستى دادگاى وڵاتەکەى دەکات؟ لە کاتێکدا ئەوەى لەمەڕ ئایخمانەوە زانراوە فەرمانبەرێکى لاوەکیی بووە و هەرگیز بەشداریی ڕاستەوخۆی لە پاکتاوى جەستەیی جووەکان نەکردووە؟ وێراى ئەوەى تەنانەت ناوى لەو (٣٨) سی و هەشت بەرگەى تایبەت بە تۆمەتبارە نازییەکان نییە؟ بەڵام لە بەرەئەنجامى بەڕێوەچوونى دادبینی و خستنەڕووى بەڵگە و دواندنى ئایخمان، دەردەکەوێت کە ئەو کەسە، هێندە ساکار و بێ گوناح نییە کە لە ڕووى یاساییەوە نەتوانرێت تۆمەتەکانى بەسەردا ساغ بکرێنەوە. سەربارى ئەمەش، دادگاییەکە، دەبێتە کلیلی کردنەوەى نهێنى تر و ئاشکرابوونى ڕیزێک تۆمەتبارى دیکە، کە هاوشێوەى ئایخمان و لە گەڵیدا، فەرمانبەر بوون و دواتر بە (گروپی ئایخمان) ناسێندران.

مەسەلەى دەستگیرکردن و دادگاییکردنى، پرسیارى ئایخمان خۆیشی بوو، پێى وابوو حەیفە بە کوشتن تۆمەتبار دەکرێت و دەیووت هەرگیز مرۆڤیکى نەکوشتووە و فەرمانى کوشتنی دەرنەکردووە. سەرەتا دادگا فرە کات بەفیڕۆ دەدات بۆ دۆزینەوەى تەنها بەڵگەیەکى تۆمەتبارکردنى، پەیوەندییەکى تەلەفۆنیی ئەو، وا لێکدەدرێتەوە کە پێشنیازى کوشتنى بە فیشەک کردووە، لێ ئەگەر ئەو (پێشنیاز)ەشی بە (فەرمان) بۆ هەژمار بکرێت، هێشتا سەختە بڕوا بەوە بکرێت کە ئایخمان (لە پێگەو ئاستێکدا بووە ڕێگەى پێدابێت فەرمان بە ژەنەڕاڵەکانى سوپا بکات).(٢) ئەو، ئەگەر بە جۆرێک، بەشداریى لە تاوانێکی کوشتنیش کردبێت، لەو کاتەدا ماوەى پتر لە پانزدە ساڵى بەسەردا تێپەڕیوە و تاوانەکە لەڕووى یاساییەوە کۆن بووە و سزاى لەسەر نادرێت، وێڕاى ئەوەى هەمیشە هاووڵاتییەک بووە کە ڕێزى لە یاسا گرتووە، هەڵبەت فەرمانەکانى هیتلەر، بە هەموو تواناى، ئەو وەریگرتووە و جێبەجێی کردووە، لەبرى -دەسەڵاتى یاسا- بووە لە ڕایخى سێیەم. لەگەڵ ئەمەشدا و لە سەروبەندى وتەوەرگرتن و لێپێچینەوەدا، دواجار ئەو (بیری دەکەوێتەوە کە تەواو هەستى بە لۆمەى ویژدان کردووە ئەگەر فەرمانەکانى جێبەجێ نەکردبا).(٣)

لە لایەک شەش دەروونزان، دواى وێکەوتن و لێوردبوونەوە لە وردودرشتى ژیانى، جەخت دەکەنەوە کە کەسایەتى ئایخمان (لە ڕووى دەروونییەوە و هەڵوێستى دەرهەق بە هاوسەرەکەى، منداڵەکانى، دایبابى نەک هەر ئاسایی بەڵکو دڵخوازانەشە)، هەروەها ئەو قەشەیەى بە بەردەوامیی لە زیندان سەردانى دەکرد، ڕایگەیاند کە ئایخمان (هزرى ئەرێنیی هەیە).(٤) لە لایەکى دیکەوە دەرکەوت لە ڕووى خێزانییەوە ئەو تێکەڵاویی لەگەڵ بنەماڵەى جووەکان هەیە، لە پەیوەندیی بە نازییەکانیشەوە ئایخمان ئاگاداری بەرنامەى ئەو حزبە نییە و تەنانەت کتێبی (خەباتى من)ى هیتلەرى نەخوێندووەتەوە.

دواى پەیوەندیی بە نازییەکانەوە، بەرپرسێکى، (فەرمان) بە ئایخمان دەکات کە (دەوڵەتى جوو)ى تیۆدۆر هرتزل بخوێنێتەوە. ئەو کتێبە، هزرى ئەو، بە خێرا و تاهەتا، بە ئاڕاستەى زایۆنیزم وەردەگۆڕێت. لێرەوە دەردەکەوێت کە یەکەم کتێب بووە لە هەموو ژیانیدا خوێندبێتیەوە و بە قووڵیی کاریگەریی لەسەرى دانابێت. ئەمە هانى دەدات کتێبی (مێژووى زایۆنیزم)ى ئەدۆلف بوهم-یش بخوێنێتەوە. سەبارەت بە خوێندنەوەیان، ڕەنگە هەوڵێکى بێ وێنەى لە ئایخمان خواستبێت، لەبەرئەوەى ئەو، هەرگیز دەستى نەبردبوو بۆ کتێبخانە خێزانییەکەى باوکى و (هەمیشە، بە پێی وتەى خۆی، بێزار بوو لە خوێندنەوەى هەر شتێک، بێجگە لە ڕۆژنامەکان).(٥)

پێدەچێت ئایخمان جیاوازییەکى ئەوتۆی لەگەڵ فەرمانبەرانى سەدەى بیست و یەک نەبێت، ئەو ئەگەر ڕۆژنامە تاقە سەرچاوەى زانینى بووبێت و شێوازى بیرکردنەوە و پێکهاتەى مێشکى لەقاڵب دابێت، ئەوا فەرمانبەرانى ئەمڕۆ فەیسبوک و هەندێ ئاپی هاوشێوەی تر، دووچارى سەرگەردانى و چەندان دەردى دەروونى و کۆمەڵایەتیی کردوون و تۆڕى کۆمەڵایەتیی گریمانەیی و شاشەکان، تاقە ڕووگە و کەناڵى وەدەستهێنانى زانیارییانە. هەژاریی مەعریفی و سنوورداربوونى خەیاڵ و زانینى تەنها زمانى کارگێڕى و ناتوانایی قسەكردن و گوزارەکردن لە خۆ (لەبەردەم دادگا) کە بۆ نەتوانینى بیرکردنەوەى ئایخمان دەگەڕێتەوە، خەسڵەتى هاوبەشی فەرمانبەرى سادەن و ئایخمان و فەرمانبەرانى سەردەم لەو خەسڵەتانەدا هاوبەشن.

لەتەک ڕۆژنامە و بە هۆکارى خوێندنەوەى هەردوو کتێبی ئاماژەپێکراو، ئایخمان وەک سیخوڕێکى فەرمیی بەسەر چەند ناوەندێکى کۆمەڵایەتیى جووەکان دەستنیشان دەکرێت. هەر لە سەرەتاوە، خوێندنەوەى ئەدەبیاتى جوو بۆ ئەو، پێویستییەکى ناوەکى و مەعریفیی نەبووە و فەرمانێک بووە بەسەریدا سەپێنراوە، فەرمانیش لە تێگەیشتنى نازییەکان، مانایەکى ئاسایی و سنووردارى نەبووە و پیرۆزییەکى پێدراوە، زاراوەى (فەرمانپێکراو) بە واتاى (ڕاسپێردراوى ئەرک) یان (هەڵگرى فەرمان) هاتووە و (هەڵگر)یش، هاوشێوەى پەیامهێنى ئایینى، هەڵگرى مژدەیەک بووە و بەرپرسیارێتییەکى گرنگ و قوڕسی خراوەتە سەر شان.(٦) ئەو، وەک هەڵگرى پەیام، نموونەییبوونى فەرمانبەرانەى لەوەدا بینیوەتەوە کە هەرچەندە خاوەنى هەست و سۆزى مرۆڤانەیە بەڵام ئەو پاڵنەرە ناوەکییانەى ڕیشەکێش و فەرامۆش کردووە لە حاڵێکدا پێچەوانەى (بیرۆکە)ى فەرمان و ڕاسپاردنەکان، وەستابنەوە لە ژیانى کارگێڕییدا، ئامادەیی ئەوەى لەخۆیدا دروست کردووە کە باوکیشی بکوژێت ئەگەر فەرمانى پێبکرێت.(٧)

ئایخمان هێندە ئاوێزانى وەزیفە بووە کە بەردەوام بیری لاى پلەبەرزکردنەوەکانى بووە و شاگەشکەى سەرکەوتنى کردووە، پلەبەرزکردنەوە لە ژیانى فەرمانبەر پاڵنەرێکى ناڕەوا نییە بە مەرجێک لە کەرامەت و مرۆڤبوونى کەم نەکاتەوە. جێی سەرنجە، پاش ساڵانێکى زۆر و سەروەختى وتەلێوەرگرتنى، یادەوەریی ئەو، تەنها ئەو کاتانە چالاک دەبێت کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەبێت بە مەسەلەى پلەبەرزبوونەوەى، هەروەها تەنها ئەو جووانەى بیر دەکەوێتەوە کە لەژێر سەرپەرشتیی ئەو، کاریان کردووە.

یەکێک لەو جووانەى ئایخمان نایانناسێتەوە، دکتۆر (مایر)ە کە لە دادگاکەى ئۆرشەلیم شایەتێکى سەرکۆنەکارە بە سەرییەوە. دکتۆر مایر چیرۆکى خۆی لە گەڵى، وا دەگێڕێتەوە:
(ئایخمان گوێی لێمان دەگرت و هەوڵى ڕاستەقینەى دەدا لە دۆخەکە تێبگات)، سەرڕاست، هەروەها ڕابردووى خاوێن بوو. هەمیشە بە (گەورەم) گازى دەکردم و کورسی دادەنا بۆ من. بەڵام لە شوباتى ١٩٣٩، هەموو شتێک گۆڕا. ئایخمان بەرپرسانى جووە ئەڵمانەکانى ڤییەناى بانگ کرد بۆ ئەوەى ڕێوشوێنى تازەى (کۆچپێکردنى ناچاریی) بخاتەڕوو. هەمان مرۆڤی پێشوو بوو بەڵام هەڵگەڕاوەیەکى ترسناک، (مافى ژیان و مردنى ئێمەى هەبوو. بە قێزەونیی پێشوازیی لێكردین، نالەبار بوو، نەیهێشت لە نووسینگەکەى نزیک ببینەوە و بەردەوام بە پێوە وەستابووین).(٨)

هەڵگەڕانەوە نائاساییەکەى ئایخمان بێ هۆکار نەبوو، لە نێوان ساڵانى ١٩٣٧ و ١٩٤١ چوار پلەبەرزکردنەوە وەردەگرێت کە خۆيشی پێشبینیی نەکردبوو، لەو خەونە وەدیهاتووەوە، بەشداریی کارگێڕییانە لە (چارەسەرى کۆتایی) دەکات کە بە (هۆلۆکۆست) ناسراوە. هەڵگەڕان بە پەیژەى پلە، کە ئەوکاتە یەکجار سەرمەستى کردبوو، مەحاڵ بوو لە دوورمەودا لە بەرژەوەندیی بێت، دواجار خۆی لە دادگاى ئۆرشەلیم، دەبینێتەوە.

ئایخمان تەنها فەرمانبەرێکى میریی نەبوو، لە ساڵى ١٩٣٤-ەوە پەیوەندیی بە دەزگاى حزبییەوە هەبوو، بە کورتى فەرمانبەرێکى حزبی بوو. هاوشێوەى زۆرینەى فەرمانبەرە حزبییەکانى هەرێمى کوردستان، کە دەخوازن دەست بەسەر (هەموو شتێک)دا بگرن. لە دادگاى ئۆرشەلیم، سارفاتیوس-ى پارێزەرى، داکۆکى لە ئایخمان دەکات و پێى وایە نەزۆککردن و کوشتن بە غاز و ڕێگە پزیشکییەکانى دیکە، ناکەوێتە سەرشانى و تۆمەتبار بێ-تاوانە و بەرپرس یەکێک لە فەرمانبەرەکانییەتى بە ناوى ڕۆڵف غونتار کە بەردەوام سەرپەرشتى پرسە پزیشکییە کوشندەکانى کردووە، لێرەشدا هاوشێوەى بەرپرسانى هەرێم کە فەرمانبەرانى خوارەوە ڕووبەڕووى لیژنەکانى لێکۆڵینەوە و دادگاکان دەکەنەوە و خۆیان وەک هەمیشە بەرپرسیارێتیی کارەکانیان هەڵناگرن، جێی ئاماژەیە بەڕێوەبەرانى گشتى و وەزیرەکان بە دەگمەن نەبێت پێشنیازى لێپێچینەوە و سزایان لە لایەن لایەنە تایبەتمەندەکانەوە بۆ ناکرێت و تۆڕى گەندەڵیی تەنها ماسییە بچووکەکان دەگرێت، ئەو شانۆگەرییە قێزەونە لە بنەڕەتدا بە مەبەستى خۆبێتاوان نیشاندان و تێوەگلاندنى کەسانى دیکەیە، بەڵام چ بەرپرسان و چ فەرمانبەرانیش ناخوازن یان ناوێرن یاخود بە بیریاندا نایەت سەرکردە حزبییە دەسەڵاتدارەکان تۆمەتبار بکەن کە هەمیشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ فەرمانپێکەر و سەرچاوەى پێشێلکارییە یاساییەکانن، لێ فەرمانەکانیان نەنووسراوەن لەبەرئەوەى لە دەرەوەى پێکهاتەى دامەزراوەیی حوکوومەتن، وەک ئەوەى لە دادگاى نۆرنبێرگ-ى نێودەوڵەتى تایبەت بە تۆمەتبارانى جەنگى جیهانیی دووەم و دادگاى ئۆرشەلیم سەبارەت بە ئایخمان دەبینرا و لە تەواوى بەڕێوەچوونى دادبینییەکان تۆمەتباران لۆمەى هیتلەر-یان نەکرد.

ئایخمان وێڕاى هەموو هەڵەکانى لە ژیانى کارگێڕییدا کە بە هۆیەوە ڕووبەڕووى دادگا کرایەوە، بەردەوام کەسێکى ملکەچ و بیرتەسک و یەکجار ڕژد (جدي) بوو بۆ ئەرکەکانى، هیچ کاتێک کەسایەتییەکى ڕقئەستوور یان شێت یاخود تینوو بە خوێن نەبوو، هێندەش ساویلکە نەبوو، تاکڕەوانەش بڕیارەکانى دەرنەدەکرد، لەپێناو خۆپاراستنى دواڕۆژ، بەردەوام کارەکانى بە فەرمانەکانى سەرووى خۆی، تۆکمە دەکرد، دواى وەرگرتنى (ڕێنمایی) هەوڵى دەدا بڕیارەکانى بە شێوازى (پێشنیاز) گەڵاڵە بکات و بخاتەڕوو، بەڵام کێشەکان لە شوێنێکى ترەوە دزەیان دەکرد، ئەو لە چەندان بۆنەدا و لەبەردەم دادگاکەدا هەوڵى ڕوونکردنەوەى ئەوەى دەدا کە گوتەکانى فوهرەر هێزى یاسایان هەبوو لە ڕایخى سێیەم، ئەمە بە واتاى ئەوەى فەرمانە ڕاستەوخۆكانى هیتلەر پێویستيیان بە نووسینەوە نەبووە، بۆیە هەرگیز داواى فەرمانى نووسراوەى هیتلەرى نەکردووە، وەک خۆی دەڵێت (بە هیچ شێوەیەک بەڵگەیەکمان بەردەست نەکەوت کە پەیوەندیدار بێت بە مەسەلەى چارەسەرى کۆتایی، بە دڵنیاییەوە هەر نەبووە).(٩) لە کاتێکدا ئایخمان بەرپرسی سەرەکیی دۆسیەکانى چارەسەرى یەکەم (دەستبەسەراگرتنى سامانى جووەکان و کۆچپێکردنیان)و چارەسەرى دووەم (کۆکردنەوە و بەڕێکردنیان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان)و چارەسەرى کۆتایی (کوشتن و پاکتاوکردنیان) بوو. ئەفسوونێکى کەسیی نەک دەمارگیریی لێرەدا هەبوو، بەڵام سەراسیمەیی لەڕادەبەر و پەڕگیری ئایخمان بۆ هیتلەر، لەوەوە هاتبوو کە بە هۆیەوە ئەوى لە فەرمانبەرێکى بچووکەوە کردبووە ڕاوێژکارێکى گەورەى ڕایخ، وەک یەکێک لە شایەتەکانى دادبینییەکە وتبووى.

هەرچەندە ڕێسایەکى کارپێکراو هەیە لە دادگاکاندا کە تۆمەتبار بێ تاوانە تا تۆمەتەکەى بەسەردا ساغ دەبێتەوە، بەڵام هەر ڕفاندنەکەى، پێشێلکردنى یاسای نێودەوڵەتى و تاوانبارکردنى پێشوەختەى ئایخمان بوو، وەک لە وەڵامى ئەوکاتەى حکومەتى ئیسڕائیل بۆ ئەرژەنتین دەردەکەوێت، دادگاییکردنیشی نە لە نیشتمانى یەکەمى (ئەڵمانیا)و نە لە نیشتمانى دووەمى (ئەرژەنتین)و نە لە دادگایەکى نێودەوڵەتى بەڵکو لە وڵاتى تازەدامەزراو یان سەرکەوتوو (ئیسڕائیل)، هەڵگرى پرسیار و کەلێنى یاسایی بوو، سەرەڕاى چەندان تێبینیی یاسایی دیکە لەسەر کۆی دادبینییەکە کە هانا ئارێنت، لە سەرەتاوە تا کۆتایی، وەکو ڕۆژنامەنووسێک چاودێریی کردووە، وێڕاى ئەوەى لەسێدارەدانەکەى بە شایستە زانیوە، بەڵام پێى وایە (دادگایی، هەروەها حوکم، ستەمکارانە بوو).(١٠) ئایخمان کە بەرپرسی گواستنەوەى جووەکان بوو، ئاگادار بوو بە چارەنووس و پاکتاوکردنیان، ویستى کوشتنیش لەلایەن ئەوەوە هەرچەند ناڕاستەوخۆ بێت دواى دانیشتنە زۆروزەبەندەکانى داگا سەلمێندرابوو، بۆیە هەردوو کۆڵەگەکەى تاوان لە یاسادا کە زانین و ویستە، بەرجەستە ببوو، ساغبوونەوەى تۆمەت و حوکمدانەکەى حەتمى بوو.

چیرۆکى کۆتایی و مەرگەساتى ئەو فەرمانبەرە، ئایخمان، بە لاى ئارێنتەوە، پووچێتی و ترسناکیی شەڕ و خراپەمان نیشان دەدات کە بە پێچەوانەى چاکە هیچ قووڵاییەکى نییە، وەک دەزانین (ڕاپۆرتێک لەمەڕ پووچێتیی شەڕ) ناونیشانى لاوەکیی کتێبی (ئایخمان لە ئۆرشەلیم)ە. شەڕخوازیی بە سروشتێکى گشتگیر و بیرۆکراتییانەوە، مرۆڤەکان دەگۆڕێت بە فەرمانبەر و دەیانکات بە عەرەبانەى کارگێڕی و دایاندەشۆرێت و ڕووتیان دەکاتەوە لە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییان.(١١)

بە لاى ئارێنتەوە ئایخمان هەست بە ئازارى ویژدان ناکات، لەبەرئەوەى وا نازانێت خراپەکارە و تاوانى ئەنجامداوە و لەو بڕوایەدایە وەک فەرمانبەر، نەک وەک مرۆڤ، فەرمانى جێبەجێ کردووە. لێرەدا دەشێ بپرسین: ئایا مرۆڤ کۆیلەى فەرمانپێکراوە یان هەمیشە لەتوانایدایە ئازادانە بژاردەکان، بە چاکەو خراپەشەوە، یەکلا بکاتەوە؟ بە وەڵامێکى سادە دەتوانین بڵێین: دەکەوێتە سەر تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنى دۆخى بابەتى و دۆخى خوودیی هەر کەسێک. سەبارەت بە ملکەچی و گوێڕایەڵیی کوێرانەش، دەروونشیکاریى و تاقیکردنەوە زانستییەکان، ئەنجامى جیاوازتر لە شیکردنەوەى هانا ئارێنت-مان پێدەدەن. بە بڕواى ئێمە ڕەوا نییە، هەمان بەهانە، بدەینە دەست (موستەشارەکانى فەوجە خەفیفە)و سەربازانى سوپا و بەعسییەکان لە مەسەلەى بەشداریکردن و ئەنجامدانى تاوانى ئەنفالى کورد، کە گوایا تەنها فەرمانى سەرووى خۆیان جێبەجێ کردووە و تۆمەتبار نین و ناتوانرێت تاوانەکانیان بسەلمێندرێت.

ئایخمان، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى ٣١ى مایسی ساڵى ١٩٦٢، بە تۆمەتى (تاوان دژ بە مرۆڤایەتى) بڕیارى لەسێدارەدانەکەى جێبەجێ دەکرێت و خۆڵەمێشەکەى فڕێدەدرێتە دەریاى ناوەڕاستەوە، لە ئەودیوى ئاوە هەرێمییەکانى ئیسڕائیل. ئەو فەرمانبەرە سادەیە، هاوسەر و چوار منداڵ دواى خۆى جێدەهێڵێت.

لەم کتێبەشدا (ئایخمان لە ئۆرشەلیم)، بە هەمان شێوەى کتێبەکەى ترى (هەلومەرجى مرۆیی)، هانا ئارێنت جەخت لە (ناوازەیی کردەى مرۆیی) دەکاتەوە. لە پەیوەندیی بە ئازایەتیی گەل و حوکوومەتى دانیمارکى و لە مەسەلەى (چارەسەرى کۆتایی)دا، ئارێنت دەڵێ ئەوە بەڵگەى کاریگەریی هێزى ناتوندوتیژ و بەرگریی نەرێنییە، لە بەرامبەر نازییەکاندا کە هێزى زۆردارانە و ئەوپەڕى توندوتیژی ڕاگرت. بەنموونە سەرەڕاى داگیرکرانى دانیمارک لە لایەن نازییەکانەوە و هاوپەیمانێتییان، دانیمارکییەکان ڕەتیان کردەوە بەشداریی بکەن لە کۆمەڵکوژیی جووەکانى وڵاتەکەیان و تەنانەت کۆچپێکردنیان، دواى ئەوەى ئەڵمانیاى هیتلەرى بە وریاییەوە ڕێكاری (نیشانەى زەرد)ی لەگەڵیان ورووژاند، بۆ ئەوەى هاوشێوەى وڵاتانى دیکەى ژێردەست و داگیرکراویان، جووەکان لە هاووڵاتیانى دیکە جیا بکرێنەوە وەک یەکەم هەنگاوى لە هاووڵاتیخستن و لە مرۆڤخستن و دەسبەسەرداگرتنى سامان و کۆچپێکردن و کوشتنیان، بۆیە بە سادەیی وەڵامیان دانەوە کە ئەگەر بخوازن ئەو (ڕێكار)ە بسەپێنرێت، لەو حاڵەدا پاشا یەکەم کەس دەبێت نیشانەى زەرد بەخۆیەوە دەکات، هەروەها گەورە فەرمانبەرانى دانیمارک هەڕەشەیان کرد ئەگەر هەر ڕێوشوێنێک دژ بە جووەکان بگیرێتەبەر، بە ناچاریی واز لە کارى فەرمیی دەهێنن.(١٢) نازییەکان بە ناچاری وازیان لەو ڕێكارە هێنا یان لە چاوەڕوانیى دەرفەت دوایان خست. پاش چەند مانگێک لە بوڵگاریا، هەمان ڕوداوى دانیمارک دووبارە بووەوە.

ناوزەدى (مرۆڤى بچووک) پڕ بە پێستى کەسێکە کە مرۆڤبوونى خۆی پێشێل کردووە، ئامێزانى (وەزیفە، پیشە، ڕێکخراو، حزب و دامەزراوە) بووە وەکوو کۆیلەیەکى فەرمانپێکراو. ویلهیلم رایش لە کتێبى (گوێ بگرە پیاوى بچووک)،(١٣) باسی ئەو مرۆڤە ملکەچانە دەکات کە لەبرى ئەوەى ئامانجیان گەورەیی خۆیان بێت، هیتلەر و ستالین-یان بە بەڵێ و سەرلەقاندن و چوونەژێر فەرمان، خوڵقاندووە. بەڵام مرۆڤى بچووک کێیە، جگە لە خۆمان؟! پێویستە پێش ئەوەى ئەو تۆمەتە ئاڕاستەى کەسانى دیکە بکەین، ئەو مرۆڤە (گرگنە، خۆشباوەڕە، ڕەزامەندە، بۆرە، بچووکە) لە خۆماندا بکوژین، ئەمەش کارێکى بوێرانە و ترسناکیشە، دەرکەوتووە (زۆرینە) بڵندى و باڵایی ناوێت و هەست بە دڵنیایی دەکات لە هەمیشە مانەوەی نێو گاڕان و بە (بژى، بژی)، ستەمکار بۆ خۆی دروست دەکات و ڕاوى ئەو مرۆڤە گەورانەش دەنێت کە گەرەکیانە هانی ئەوانى دیکە بدەن خۆیان بناسن و خۆیان بن.

ویلهیلم ڕایش، هاوشێوەى هانا ئارێنت، لە ژێر هەڕەشەى هیتلەر و مرۆڤە بچووکەکان، بە جیا، هەردووکیان، ئەڵمانیا جێدەهێڵن و لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەبنە کۆچبەر، لە جیاتى بڕواهێنانیش بە بچووکیی خۆیان، وەک مرۆڤی گەورە و بەرپرسى مرۆڤایەتى، بە سەرکردە چەواشەکار و مرۆڤە بچووکەکانیان گوت: نا.

ئیبراهیم ناودەشتی

———————————

سەرچاوەکان:

١
آرندت، حنة (٢٠١٤): أیخمان فی القدس/ تقریر حول تفاهة الشر، ترجمة نادرة السنوسي، إبن النديم للنشر والتوزيع، الجزائر. ص ٣٢.

٢
سەرچاوەى پێشوو ل ٥٧.

٣
سەرچاوەى پێشوو ل ٥٩.

٤
سەرچاوەى پێشوو ل ٥٩.

٥
سەرچاوەى پێشوو ل ٧٨.

٦
سەرچاوەى پێشوو ل ٦١.

٧
سەرچاوەى پێشوو ل ٧٨.

٨
سەرچاوەى پێشوو ل ١٠٥.

٩
سەرچاوەى پێشوو ل ٢٠١.

١٠
سەرچاوەى پێشوو ل ٣١٨.

١١
سەرچاوەى پێشوو ل ٣٦٠.

١٢
سەرچاوەى پێشوو ل ٢٣٠.

١٣
ڕایش، ویلیام (٢٠١٠): گوێ بگرە پیاوى بچووک، وەرگێڕانى خەبات عارف.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress