بــەرەو بـــەرزەخ … بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پایان”
ئایا کاتێک لایدەیەک بەخێر دینینە ژوورەکەمانەوە، ژوورەکە ژانەسەر دەگرێ؟!.. ئایا کاتێک ئەو قسەیەی دەستنوسی بوزا دەخوێنینەوە کە دەڵێ: (ئەوانەی کەخۆ جیاکردنەوە ڕەت دەکەنەوە تەنها مردوەکانن).بڕوای بکەین ودڵمان پێی خۆش ببێ؟!.. یان دەبی بمرین هەنگی دەگەینە لوتکەی تێگەیشتن لێی!؟.. ئەدی دەبی فەیلەسوف مۆنتسکیۆ مەبەستی چی بێت لەم قسەیەی (؟!!): گەلە بەختەوەرەکان ئەو گەلانەن، کەمێژوێکیان بۆ نیە.
دەی با هەموو پێکەوە بێینە پێش بێرایی بیرو باوەڕو تێگەیشتن ولاگیریمان.. داخوا دەگەینە چیتر و؟.. چێتر دەبینین!!؟؟.. یان داخوا کۆلن ویلسۆن هەر پێداگیری ئەکات لەسەر ڕێبازەکەی(اللامنتمی)!!؟؟… بەڵام هێشتا ناوێرێت بانگمان بکات!.. نەوەک پێی بڵێین ئەدی پاش (اللامنتمی) -(ما بعد اللامنتمی)- ئەو دیوی شێتی نیە؟!..
ئەگەر بڵیین کەسێک کە لەسەر هێلی مەعریفەی نێوان تەوەرەی عەقڵگەرایی وتەوەرەی عیرفانیەت هاتوچۆ بکات، ئاوڕی شپرزە بێت و،تەماشای پەک کەوتە.. واتا چاوی لاواز نیە،وەلێ لەبینیندا ئەم سنورانە نابڕێ.. لێرەوە ئەگەینە ئەو بۆچوونەش کە ئەوە کەسێکی وەستاوە..چاوی بڕیوەتە شتێ کەنای بینێ ودڵخۆشیشە بەوەی کە بینەرەکانی وا هەست دەکەن ئەو بینەر بێ!.. کەچی وا نیە.. بۆیە زۆر جار شکسپیر قسەی بۆ کردووە.
جارێکیان گوێم لەغەربە غەربی شکسپیر بوو بەپەرۆشیەوە پێی دەگوت: ژیانت بگۆڕە ئەگەر پێت سەرسام نەبێت!..
پاش دامانێکی زۆر کابرا گوتی: ئاخر لەم نێوانەدا دوو دیوی ژیان دەبینم!..
شکسپیریش پێی گوتەوە: کاکە ئەتو دەڵێی خۆت پێ جیاوازە؟!.. بەقسەی بوزا بکە،لەوێ بمێنەوە تا مردن دەتگوازێتەوە بۆ ژیانێکی تر کەپێت سەرسامە!.. یان ئەوەتا جار جار لەو هێلە تەریک ولایدەیە لابدەو سەرێک بکە بەهەردوو تەوەرەی هاو سنورت ولایێک بکەوە لێیان،تا بزانی ئەو هێلی مەعریفەیە جیهانێکی بۆ دوو لەت جیا کردۆتەوە،یان ئەوە سنوری نێوان دوو جیهانە!؟…
کابرا بەزەردەخەنەوە بە شکسپیری گوت: وەختی لەناوەڕاستی ژیانێک داین ئەوە مانای وایە لەڕاستیدا ئەوا ئێمە لەمردن داین!..ئینجا هەروەک ئەوەی دەستگرتنی ڕەشبینیانە بەهەڵپەی نەرێنی کردن لەڕەفتارو گوفتارو، دەستگرتنی ڕەشبینیانە بەژیان هەر ئەوەیە کە،بەرەو مەرگێکی نەمر دەمان بەن!.. دەی خۆ هەر ئەوەشە کە گەلەک جاران خەڵکانێک پێی دەڵێن بەرزەخ!.. ئا.. بەرەو بەرزەخ!.
شتێکی تریش هەیە کاک شکسپیر،هەر چەندە لەوەختی بەنرخیشت دەگرم.. (شکسپیر: نا نا .مامۆستا بەڕیزی، فەرموو..) ئا ئەوەی من بۆ هەر لەسەر ئەم هێلە بمێنمەوە و نەڕژێمە نێو هیچ تەوەرەیەک!؟.. ئەوەم لەچاوەڕوانیمەوە لێکداوەتەوە، کە ڕۆژێ دێ ئیدی ئەو دوو پارچەی مەعریفەیە دێنە لای من و، لەمنەوە جیهانێکی تێکەڵاو لەیەکدی دروست ئەکەن، بەماریفەتێکی تازە ویەکگرتوو درێژە بەژیان دەدەنەوە!.. ئەوەیە ژووری ڕۆشن وئاشنا بەگەشبینی!.. لەبەرئەوەی دڵنیایی پێکەوە لەگرەوی بەختەوەری کۆیان دەکاتەوە.
شکسپیر: بەڕاستی سەرسام وشاگەشکەم پێت!.. قسەی جەنابتە!.. ئێستا ئارەزوو ئەکەم دیاریێکت پێشکەش بکەم..
دەستی بردەوە گیرفانی دڵی و دانەیەکی لە ڕۆمانی (دایــــک) پێشکەش کرد!..
کابراش زۆر سوپاسی کردو، بەشاگەشکەیی وئەوپەڕی گەشبوونەوەوە دیاریەکەی لێ وەرگرت وماچی کردو خستیە سەر سەریەوە!..
پاشان گوتی: ئا.. ئەوە گرینگە ئێستا هەردووکمان کۆکین لەسەر ئەوەی کە، دواجار دەگەڕیینەوە بۆ دڵی دایک، لەوێ وانەی بەرزەخ وگەشبینی فێر دەبین ودەبینەوە بە دەلاقەیەک لەچاوی دایک.. بەشیری خۆی ژیریمان ئاو دەداتەوە.. ئیتر ئەوەیە بەرەو بەرزەخ.. ئامێزی دایک.. ماچی دایک، کەپێناسەیە بۆ بێگەردی!..
بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پایان”
ئیسکەندەریە/ ١٠ ی ١ ی ٢٠١٤