Skip to Content

لە سوریا چیم بەسەرهات …  هەلۆ بەرزنجەیی

لە سوریا چیم بەسەرهات … هەلۆ بەرزنجەیی

Closed
by ئایار 17, 2018 General


چەند دێڕێک لە بەسەرهاتی ٦ مانگم،وەک کوردێک لە سوریادا.

——————-

مانگی٧ی ساڵی ١٩٩١،دوای راپەڕین، چوومەوە کوردستان بۆ سەردانی کەس و کار و بینینەوەی نیشتمانی ئازیز و بەشداری لە کۆنگرەی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک دا. نێزیک بە ٣ مانگ مامەوە و چارەنووس وا هەڵسوڕ، هاوسەرگیرم بکەم. لە بەهاری ١٩٩٢،دا لە تەک هاوبیری هەمیشە لە دڵدا زیندووم،رەوانشاد کاک شەماڵ جارێکی دیکە چووینەوە بۆ کوردستان. نێتی سەرەکیم، هێنانی هاوسەرەکەم بوو. کە ئەودەم هێنانی ژن بە رێگای یاسایی گەلەک سەخت بوو، ناچار بووم، پەنا بۆ رێگای نایاسایی بەرم. بە کورتی بە قاچاخ بیهێنم. ئەوە بوو توانیمان پاسۆرتێکی ئەڵمانی ساز بدەین و وێنەی هاوسەرەکەم (دێرین)ی بخەینەسەر.

بە سڵامەتی لە رێگای ئیبراهیم خەلیلەوە هاتینە نێو تورکیاوە. ئەو رۆژەی ئێمە هاتین، شاندێکی باڵای حیزبی سۆسیالیستی کوردستان،بە سەرۆکایەتی رەوانشاد، کاک رەسول مامەندیش بەرەو تورکیا دەهاتن. ئەو رۆژانەش بە گەرمی باس لە یەکگرتنی پاسۆک و سۆسیالیست دەکرا و تەنانەت راگەیاندنی هاوبەشیش لەم رووەوە دەرچوو بوو.من بۆ خۆم لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نەبووم،چونکە زەمینەی راستەقینەی یەکگرتن لە ئارادا نەبوو،زیاتر گوشاری سیاسی دەرەکی، سەرکردایەتی هەردوولای بەرەو یەکگرتن دەبرد. لە نێو گەشت و فرۆکەکەدا، لەم رووەوە کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ کاک رەسول ـ تا بڵێی پیاوێکی بەڕێز و ئیسکسووک و خاکی و خۆشەویست دەهاتە بەرچاوـ و هەندێ پرسمان بەسەرکردەوە. ،گەرچی پێوەی دیار بوو،کە ئەویش بە تەواوی ئەو هەنگاوەی بەدڵ نییە، لێ هەر بە گرنگ و پێویستی دەزانێ. لە میانەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕدا،بۆم دەرکەوت خۆشی بە قسەکانی من دەهات. دواتر رووبەرووی رەوانشادێکی دیکە کاک نیزامەدین گلی بوومەوە. کاک نیزامەدین هێشتا نوقمی دنیا تیۆریی سۆسیالیستی و بیروڕای مارکسی خەست بوو. لەتەک ئەمیشدا، لە گۆشەنیگای جیاوە، بڕەک گفتوگۆمان کرد. بە کورتی کاتێ گەشتینە دیاربەکر، کاک رەسول داوا لە برادەرەکانی کرد، ناو و ناونیشانی ئەنقەرەی نوێنەرەکەی سۆسیالیستم بدەنێ، تا لەوێ یەکتر ببینینەوە.

نوێنەرەکەیان د. خەیروڵلا بوو،پاشان چوومە سەردانیان و درێژەمان بە گفتوگۆکان دا، لێ بە ئاراستەی جیاوازدا، چونکە من ئەو کاتە پێویستی یەکگرتنم لەگەڵ سۆسیالیستدا بەو پێکهاتەوە بە باش نەدەزانی. بەلامانەوە گربنگ بوو لەسەر بەرنامە رێک بکەوین نەک لەیەکتردا بتوێینەوە. هەر لە چرکەساتی دەرکردنی بەیاننامەی رێکەوتنی پاسۆک و سۆسیالیست، نیگەرانی خۆم نیشانی هاوبیران بە تایبەت رەوانشاد و هەمیشە لە دڵدا زیندوو مولازم کەریم، بە ئامادەبوونی چەند هاوبیرێک راگەیاند.

با درێژە بەم باسە نەدەم. ئەوە بوو لەگەڵ هاوسەرەکەم بە سڵامەتی دەربازی نێو تورکیا بووین و چەند رۆژێکی خۆشمان لە شاری ئامەدی رازاوە،بەسەر برد. هەر لەوێ کوردێکی ئەو شارە لە هوتێلەکەوە لێمان بووە قیروزفت و بۆ هەر کوێ بچووینە دەهاتە کنمان دادەنیشت. منیش ئەوسا و رەنگە ئێشتاش هەر بە سۆز و مەیلی دڵپاکانەی کوردانەی خۆم هەڵسوکەوتم دەکرد. کەموزۆر باس لە سیاسەت و باری کۆمەڵاتیەتی کرا. ئیدی ئێمە، پاش چەند رۆژێ مانەوە لە ئامەد، بە فرۆکە بەرەو ئەنکەرە فڕین. لەوێش چەند رۆژێ ماینەوە. بەوشێوە دوا وێستگەمان فڕین بوو لە ئەنکەرەوە بەرەو بەرلین. لەو گەشتەماندا، رێکەوت وابوو ئەم برایانەش هەبوون کە لە بەرلین نیشتەجێبوون: کاک ئەحمەد دەشتی و کاک عەبدولموئمنینی برای،رەوانشاد ملازم سەردار،کاک محەمەدی زاوای کاک ئەحمەد دەشتی و کاک مارف کۆیی. دەبوو بە هەمان فرۆکە لە ئەنکەرەوە بەرەو بەرلین بگەڕێینەوە.

ئێمە لە فرۆکەخانە گیراین و هەستیان بە ساختەیی پاسپۆرتەکەی خێزانەکەم کرد. تووشی چەرمەسەری زۆر بووین. جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی رەوانشاد ملازم سەردار، بکەم کە گەلەک هەوڵی دا رزگارمان بکات و هەزار دۆلاری دەرهێنا،دایە دەست ئەفسەری فرۆکەخانەکە، بەس ئێمە ئازاد بکات و رێگە بدات بڕۆین. ئەفسەرەکە ووتی : برالە بەچاوان و حەزدەکەم، بەڵام لە ئامەدەوە بروسکە هاتووە، هەموو فرۆکەخانە مەسەلەکە دەزانێ لەبەر ئەوە ناتوانم هاوکاریتان بکەم. تومەز ئەو برا کوردەی ئامەد، کە ببوە سێبەرمان و لێمان جیا نەدەبووە و منیش بەردەوام خزمەتم دەکرد،ئەو کوڕی باشە راپۆرتی خۆی دابوو،ئیدی ئێمە بووینە قوربانی کاری نامەردانەی ئەو.

دوایی لێدان و چەند رۆژێ زیندانی، ئێمەیان بە هاوڕێیەتی دوو پۆلیس تا سنووری سلۆپی ناردەوە. پۆلیسەکان هێندە بێویژدان بوون،لە چێشتخانەکان، گرانترین خواردنیان دەخوارد و دەبوو، من پارەکەی بدەم.ئارەزووی چییان بکردایە،دەیانکرد و من دەبوایە دەست بە باخەڵمدا بکەم. بەهەرحاڵ ئاودیوی باشووری کوردستان کراینەوە. منیش نە لەرووم دەهات بەرەو سلێمانی و لای کەسوکار بڕۆمەوە و نە دەرفەتی ئەوەم هەبوو،ئەو هەموو کاتە بە خۆڕایی بسوتێنم.
هەر لە زاخۆ مامەوە و لەوێش لەگەڵ خاوەن هوتێلی (بغداد )دا بووە کێشەمان لەسەر ناوی هوتێلەکە!. ئەوە بوو ئەو رۆژانە، لە رێی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، تۆماری ناوی خەڵک دەکرا،وەک پەنابەر بچنە سوریا. ئێمەش ناوی خۆمان نووسی. من پاسپۆرتە ئەڵمانییەکەی خۆم شاردەوە و سەرلەنوێ وەک پەنابەرێک لە هیچەوە دەستم پێکرد چوومە سووریاوە. سەرەتا لە کەمپێکی نێزیک بە شاری حەسەکە نیشتەجێ کراین.

دوای چەند رۆژێ بە بیانووی کاروبارە چووینە دەرەوە. لەوێ نوسینگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لێ بوو. لە رێگەی ناسیاوێکەوە بەڵگەنامەیەکم بەدەست هێنا،بە ناوی ئەوەی کاروباری سەفارەتم هەیە ،دەبێت بچمە شام. کە ئەوەم بەدەست هێنا، بە دزییەوە لە کەمپەکە هاتینە دەرەوە و بەرەو شام کەوتینە رێ. لە گەرەکی مساکن بەرزە،ژوورێکم گرت و چووم بەدەم کاروباری سەفارەتەوە.

گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەمان، لەلایەن سەفارەتی ئەڵمانیاوە رەتدەکرایەوە،بە بیانووی ئەوەی وەزارەتی داد و سەفارەتی ئەڵمانی لە بەخدا،مۆریان نەکردووە. دوای هێنان و بردنێکی زۆر ،بێ ئومێد بووم لەوەی بە رەسمی بتوانم هیچ شتێک بکەم. بۆیە بڕیارم دا،جارێکی دیکە بە قاچاخ هەوڵ بدەم دێرین بگەیەنمە ئەڵمانیا،یان وڵاتێکی ئەوروپایی دیکە. دوای سۆراخکردن، زانیم کابرایەک هەیە بە ناوی سعید عێراقی و دەتوانێ هاریکاریمان بکات و دێرین بنێرێت بۆ رووسیا،یان نەمسا.
ئەوە بوو، دیدارم لەگەڵ دا کرد و ووتی ئاسانە و بۆت دەکەم. دەبوو پێشەکی ١٠٠٠ هەزار دۆلاری بدەمێ، منیش بەم کارە هەڵسام پارەکەم خڕ کردە دەستیەوە.
ئەوەی باش بوو، هاوشانی ئەمەش هەر خەریک بووم، بە شێوەی رەسمی کاروبارەکانم لە رێی سەفارەتەوە،بەڕێوە بەرم. دوای هەوڵێکی زۆر، ئەو گرێبەستانەی هاوسەرگیری هی سلێمانی و هەولێر و مەریوان ـ لە مەریوانیش دێرینم جارێکی دیکە مارە کردبوو، تا لە رێی سەفارەتی ئەڵمانیەوە لە تاران کاروبارەکان جێبەجێ بکەم، لێ رەتیان کردەوە،چونکە وەزارەتی دادی ئێرانی مۆری نەدەکرد،ئاخر ئێمە پێوەندارێتیمان ئێرانی نەبوو ـ .

لە ئەنجامی چوونی رۆژانەمان بۆ سەفەرەت، ناسیاویم لەگەڵ گەلێ کەسدا پەیدا کرد. لێرەدا باس لە یەکێ لەو بەرێز و هەردەم لەیاد نەچووانە، رەوانشاد کاک عەزیز کۆیی،ناسراو بە( عەزیز جانەوەر) دەکەم.
کاک عەزیز،پیاوێکی بە تەمەن،لێ تا خودا حەز بکات، تەڕدەماخ و خۆش مەشرەب و ئەرباب بوو،هەموو خوسڵەتە جوانەکانی کەسێکی کۆیی تێدا بوو. هاتبوو، کچێکی خزمی خۆی بۆ کوڕەکەی بهێنێ و لە سەفارەت خەریکی کاروبارەکان بوو. کورەکەی کاک دلێر لەبەر کارەکەی ئەڵمانیای نەیدەتوانی زۆر بمێنێتەوە، باوکی واتە کاک عەزیز،سەرپەشتی ئیشەکانی بۆ دەکرد.

کاک عەزیز، زمانی ئەڵمانی باش نەبوو،من بە هانایەوە، دەچووم ئەو کەلێنەم بۆ پڕ دەکردەوە. ئیدی جارە و جار لەسەفارەتەوە پێکەوە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵەکانمان هەردوو لا لە مساکن بەرزە نیشتەجێ بووین. وا دەبوو ئەوان دەهاتنە کن ئێمە، یاخود ئێمە دەچووین بۆ لایان. هەردوو لا دڵمان بە یەکتر دەگەشایەوە.ئەو بەڵگەیەی لە قامیشلۆ، لە نووسینگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەدەستم هێنابوو، لە نووسینگەی شامیش بە هانامەوە هات.
بۆ بەدواداچوونی مەسەلەکە،ناوبەناو هەوڵی بینینی سعیدم ئەدا. رۆژێ بە هاوڕێیەتی کاک عەزیز چووین بۆ چایخانە یان قاوەخانەی هاڤانا، بۆ بینینی سعید. تۆزێ دانیشتین و چاوەڕێی هاتنی قاچاخچیەکە بوین، لە هیکڕا دوو ئەمن خۆیان کرد بە ژووردا، بە شەق و مشتەکۆڵە و تف و جوێندان و هەرچی کاری ناشرینە کەوتنە وێزەمان. ئەو نامرۆڤانە، مستێکیان لە کاک عەزیز دا نێزیک بە ٤ ـ٥ مەتریان پەڕاند. دەمانچەیان خستە سەر سەرمان بە پاڵەپەستۆ ترنجاندینیانە نێو ترۆمبێلێکی تەسک و بچووکەوە و دەبوو سەرمان بخەینە نێوباوەشمان، تاوەکو کەس نەبینین و کەس نەمان بینینێ.
پاش قەدەرێ رۆیشتن خراینە شوێنێ من نەمدەزانی کوێیە، لێ دیاربوو دائیرەی ئەمنە. سەرەتا چاومان بەسترایەوە و لەسەر کورسییەک دایان ناین. زۆری نەخایان هەرچیمان پی بوو، لێیان سەندین و خراینە ژووری تەنیایی زیندانەکەیانەوە. پاش چەند دەمژمێرێک بانگ کراین بۆ قسە لێوەرگرتن. من نەمتوانی نکۆڵی ئەوە بکەم، کە چ پێوەندییەکم لەتەک سعیددا نییە و راستییەکەم پێ ووتن . ئەوەشم باس کرد کەوا ئەو مەسەلەیەم بە ئاسایی وەرگرتووە و وام نیشاندا کەوا حکومەتی سوری خۆی ئاگادارە. لەراستیشدا هەروابوو، ئەو رۆژانە بە جەڵەب، خەڵک لە سوریاوە دەردەچوو،بەشی هەرە زۆری بە ئاگایی موخابەرات و ئەمنی سوری بوو. بە واتایەکی تر خۆیان قاچاخچییەکەبوون و خەڵکیان رەوانە دەکرد.

لەم قسانەدا بووین، ساتێ یەکێ لە ئەمنەکان چاوی بە پێڵاوەکانم کەوت و دی هێشتا قەیتانەکانی پێوە ماوەوە و لێم نەکردۆتەوە، کەوتە وێزەم و هەرچەند توانی دەستی وەشاند. بە پەلە قەیتانەکانیان لە پێڵاوەکانم کردەوە و ناردمیانەوە بۆ ژوورە تەنیاییەکە. دوای من کاک عەزیز، خۆشبەختانە ئازاد کرا بوو. ئەو چ کارێکی لەگەڵ سعید دا نەبوو.

پاش ٥ ـ ٦ دەمژمێرێک جارێکی دیکە بانگ کرامەوە بۆ ژوورێک، بەرپرسێکی گەورە لە پشت مێزێکەوە دانیشتبوو، چەند کەسێکی تریش بەدەورییەوە بوون. هەمان پرسیاریان لێم کردەوە، ئایا پێوەندیم هەیە بە سعیدەوە یاخود نا. منیش ووتم، بەڵێ بەو جۆرە هەمە،کە پێم وابووە ئێوە لە کارەکانی ئەو برادەرە ئاگادارن و سعید ئەو کارانە بە فەرمی رادەپەڕێنێ. منیش پاسپۆرتی هاوسەرەکەم داوەتێ لەگەڵ بڕی ١٠٠٠ هەزار دۆلاردا، ڤیزام بۆ وەرگرێ و خێزانەکەم بەرم بۆ ئەڵمانیا. من لە ئەڵمانیا دەژیم و گەراومەتەوە حەزم کردووە لە وڵاتی خۆم ژن بهێنم، ئێستا ژنم هێناوە و دەمویست لە تورکیاوە بیبەم،لێ تورکەکان رێگەیان پێنەدام و وا ئێستا هاتووم بۆ وڵاتی سوریا، گەرەکمە هاوسەرەکەم بەم شێوەیە بەرم،چونکە ئەڵمانەکان، دان نانێن بە گرێبەستی هاوسەرگیریماندا، لەبەر ئەوەی مۆری سەفارەتی ئەڵمانی لە بەغدا و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی پێوە نییە. ئەو دووکارەش بۆ من زەحمەتە و ساز نابێت.

بەرپرسەکە، جوێنیکی بە تورکەکان داو، وتی سعید وا لە چنگی ئێمەدایە و گرتوومانە، ئینجا دەفتەر و قەڵەمێکی دایە دەستم و، وتی لە منداڵییەوە تا ئێستا، ژیاننامەی خۆت بنووسە.
منیش ووتم باشە، لێ رەنگە بە عەرەبییەکی دروست نەتوانم هەموو ژیننامەم بنووسمەوە. وتی هەوڵ بدە. ئیدی دەستم پێکرد، ناوی سیانی و شوێنی لە دایکبوون و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەییم کە لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. پاش تەواوکردنی قوتابخانە پێوەندیم کردووە بە شۆڕشی کوردییەوە. بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیم. ئەمە هێڵە گشتییەکانی ژیننامەکەم بوو، نووسیم و دامە دەستی.

خۆشەویستتان، ئەو نا مرۆڤە، پاش چاوپێداخشانیکی خێڕا، هێندەم زانی وەک پڵنگێکی بریندار، هەڵی کوتایە سەرم و بە جوێن و شەق و زللە و هەموو هێزی خۆیەوە کەوتە گیانم.. ئەوانەشی لەوێ بوون جارەو جار دەستێکیان دەوەشاند. لە سیاچارەیی من لەو کاتەدا (مراسل)ەکە، سینییەک چای دەهێنا، ئەویش چاکەی لەسەر مێزەکە داناو، بەشی خۆی کوتامی. دوای خوێناوی بوونی دەموچاوم و ماندوو بوونی خۆیان، دەستییان هەڵگرت. کابرای بەرپرس، بەدەم هەناسە هەڵکێشانێکی قووڵەوە، گووتی سەگی کوڕی سەگ، شۆڕشی کورد نییە و ئەو لاپەڕەیەی ژیننامەکەم تێدا نووسیبوو، هەلا هەلای کرد و وتی بینووسەرەوە و بڵێ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی. منیش زیندانی ئەوانم، دەبوو ملکەچی بنوێنم، بۆیەکا وتم باشە دەینووسمەوە. بە قۆڵی کراسەکەم سەروچاوە خوێناوییەکەمم سڕی و کەوتمەوە نووسینەوەی ژیننامەکەم بە هەمان شێوە، تەنیا ناوی شۆڕشی کوردم گۆڕی بە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی. دواتر بردمیانەوە بۆ ژووە تەنیاییەکەم. نیوەشەوێکی درەنگ بەراڵایان کردم و، وتیان دەبێت سبەی دەمژمێری ٨، لێرە لامان بیت.
ئیدی بەهەر حاڵێک بوو گەشتمەوە ماڵەوە. سبەی چوومەوە بۆ لایان و لەسەر کورسییەک لە چەقی رێگاکەدا دایاننام. هەر کەس دەهات تفێک و جوێنێک و خێسەیەکی تێدەگرتم. پاش چەند دەمژمێرێک، بەرپرسەکە هاتە لام و وتی:دەتوانی ئێستا بڕۆیت،بەڵام سبەینێش بە هەمان شێوە دێیتەوە ئێرە. بەم شێوەیە بۆ ماوەی نێزیک بە بیست و سێ رۆژێک ئەم بەزمە دوبارە دەبۆوە.

بیرم کردەوە، کار بەم جۆرە بڕوا، رزگاربوونم بەرەو مەحاڵ دەچێ. من لە هاتنە ناو سوریاوە، وتبووم ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانم. ئەم خاڵە زۆر بەدرەدی نەدەخوارد. کاک عەزیز جانەوەر کۆیی بوو. نوێنەری یەکێتیش لە سوریا کاک عەبدولرەزاق، هەر کۆیی بوو.. کاک عەزیز پشنیازی کرد بچینە لای تاوەکو کارێکم بۆ بکات. منیش بەخۆشییەوە پەسەندم کرد. کاتێ چووین لە ماڵەکەی هەڤاڵ مام جەلال نیشتەجێ بوو، کاک عەزیزی ناسییەوە و بە گەرمی بەخێرهاتنی لە منیش کرد. کەسێکی بەڕیز و لەسەرخۆ بوو. حاڵ و مەسەلەمان تێگەیاند. وتی هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین. پێشنیازی کرد. لە بازاڕی ئازادەکەی دیمەشق دوو بتڵ ویسکی و چەند پارچەیەک جگەرە بکڕم و کاتی دیاری کرد پێکەوە بچینە کن بەڕێوەبەری ئەمنی لقی ٢٧٤. ماڵی ئاوەدان بێ،زەحمەتی کێشا و لەتەکمدا هات. وەختێ چووین دیارییەکانمان دا و گفتیان دا چارەسەری کارەکە بکەن. ماوەیەکی پێچوو ئیدی بانگ نەدەکرام بۆ نوسینگەی ئەمن. ماوەیەک بوو گرێ بەستی ماڵەکەم نوێ نەکردبۆوە و بە دوای شوێنێکی باشتردا دەگەڕام . من و خێزانم چووینە لای ماڵی کاک عەزیز. ئەوان شوێنیان سەربەخۆ و گەورە بوو. نیوەڕۆیەک خەریکی نانخواردن بووین، هێندەمان زانی لە خوارەوە دەرگای ماڵەکە بە توندی دەکوترێ. کاک عەزیز چووە بالکۆنەکە و بە پەلە گەڕایەوە بۆ لای من. وتی ابو نضالە و داوای تۆ دەکات. منیش گورج چوومە بالکۆنەکە. بە هەڕەشەوە وتی دەمژمێری ٤ی پاش نیوەڕۆ، دێیتە نوسینگەی موخابەرات بۆ لام. بەراستی سەرمان سوڕما،چۆن زانیویانە من لەوێم. رەنگە دیسان کوڕی باشێک هەواڵیپێیان دابێت.

لە کاتی دیاریکراودا بە ترس و دڵەڕاوکێوە چووم. پاش راگرتنێکی زۆر داینام و وتی هەواڵی سەعید چییە. وتم هیچ نازانم، وتی ئاگامان لە هەموو جموجوڵەکانتە. لە راستیدا من لەو ساتانەدا بەدوای سەعیدەوە بووم پارەکەمی لێوەرگرم یان کارێکم بەشێوەیەک بۆ بکات.
ئیدی دوای هەڕەشە و سوکایەتی پێکردن، ئاگاداری کردم بە زوویی سوریا جێبهێڵم و بە هیچ جۆرێ باسی ئەم بەزم و هەرایەی لەگەڵمدا کراوە نەکەم. منیش گفتم دایە کەوا دەنگم لێوە نەیەت.
لەراستیدا ئەوان نەیان دەزانی من لە کەمپی حەسەکە هەڵاتووم و ناوم لە یونۆ نوسیوە. چونکە لە شام پەساپۆرتە ئەڵمانییەکەم نیشان دابوون.

بەهەرحاڵ من ئەو رۆژانەی لە شام بووم، لە هەوڵی خۆم نەکەوتبووم. هەوڵم دا دێرین مارە بکەمەوە و چوومە وەزارەتی داد و کاتیان بۆ دیاری کردم. رۆژی مارەیی داوای دوو گەواهیان لێکردم. پرسیارم کرد کورد هەیە لێرە، وتیان چایچییەکەی ژێر پێپلیکانەکان کوردە، بە هەڵەداوان خۆم گەیاندێ و ئەویش مەردانە هات بەدەنگمەوە. کەسێکی تریشمان دۆزییەوە بە پارە شایەتی بدات. وەختێ چووینە لای قازی ، کابرای بڕیار بوو شایەتی بە پارە بدات، رایکرد. هەر کوردەی چایچی مایەوە. قازی دەریکردینە دەرەوە. لەدەرەوە یەکێ ترمان رازی کرد. چووینەوە ژوورێ، کاتێ قازی بە عەرەبی سووری پرسیاری لە هاوسەرەکەم کرد، دێرین هیچ تێنەگەیشت. کوردەکە بۆی وەرگێڕایە سەر کوردی زاراوەی کرمانجی دیسان دێرین هەر تێنەگەیشت هەوڵم دا حاڵی بکەم قازی توڕە بوو. سەرێکی بادا و نا بەدڵی لێ مەردانە، مۆری شتەکانی کرد و وتی بچنە دەرەوە. ئۆخەی رزگار بوو، هەرشت ساز بوو. دوایی چووینە لای ئەو فەرمانبەرەی دەبوو کارەکان ئامادە بکات. وتی دوو رۆژی پێدەچێ. پاش دوو رۆژ چوومەوە. کابرا لەدوورەوە منی ناسییەوە و یەکەوراست باوەشی کرد بە دەفتەرەکەدا/ سجلەکەدا، بە دەم دەست و سەری ئاماژەی دامێ بچم دوو سەد لیرە بدەم بە فەرمانبەرەکەی مێزەکەی ئەو بەرەوەی خۆی. وتم: ئێ بۆ؟ وتی: ئەویش یارمەتی داوم و لەگەڵم ماندوو بووە. بە ناچاری دامێ. کابرا بۆ خۆیشی دەفتەرە بۆری وەک منداڵە نازدارەکەی بە توندی بە سنگییەوە گوشیوە و حەزرەتی فیل لە چنگی دەریناهێنێ. ئینجا وتی: نامەوێ لەوە زیاتر ماندوو بکەم. دووسەدیش بدە من دەنا هیچت نادەمێ. جا وەرە ئەو کەرە لەم قوڕاوەی دەربهێنە. ئەویشم دا و گرێبەستەکەم وەرگرت. یەکسەر چووم بۆ وەرزارەتی دەرەوە و مۆریان کرد و رۆژی دوایی چووم بۆ سەفارەتی ئەڵمانی و گرێبەستەکەم دانێ. لەوێش چەندجار چووبێتمە سەفارەت دەبوو پەنجا لیرە بخەمە ناو پاسپۆرتەکەوە، ئەوجا رێگەیان دەدا بچمە ژوورێ. کاتێ دەمانویست بچین و پەساپۆرتەکەی دەدی، کابرا دەرکەوان هەر لە دوورەوە دەیگووت تێیدایە، واتە پارەی تێدایە، ئەوجا رێگەی دەداین و دەچووینە ژوورێ.
بەسەرهاتێکی سەیری ئەو رۆژانەوە ئەوە بوو، لەو رۆژانەدا کتێبی (عرب و اکرد)ی منذر الموصلی چاپێکی نوێی بڵاوکرابۆوە. منیش چەند نوسخەیەکم لێ کڕیبوو بۆ خۆم و چەند برادەرێک. نووسەر ناونیشانی سندوق پۆست و ژمارەی تلفونی تێدا بڵاوکردبۆوە، گەر یەکێک بیەوێ کۆمێنتێ یان باری سەرنجێکی لەسەر کتێبەکە هەبێت. بۆی بنوسێ و بینێرێ.

نوسەر خۆی بەڕیوەبەری ئاسایشی حەسەکە و قامیشلی بووە، ژنەکەی کوردە و گوایە خۆی بەدۆستی کورد، بەتایبەت سەرکردەکانی داناوە. سەروبەری کتێبەکە لەوەدا کۆکراوەتەوە، کوردستان لە سوریا نییە و عەرەب، لە بەخشندەیی خۆیان و دروشمە بەرز و قوڵە هومانیستێکانیانەوە، باوەشیان بۆ ئەو کوردانە کردۆتەوە، کە لەدەستی زوڵم و ستەمی تورک رایان کردووە..
منیش دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، دانیشتم ئەوەی دەمزانی و نەمدەزانی بە عەرەبی و شتێکیشم لێ گیربوایە بە کوردی(ئاخر دەمزانی کوڕی باش زۆرە بۆی وەرگێڕنە سەر زمانی عەرەبی!!) بۆم نووسی و ئەوە مێژووی بۆی تۆمارکردووین لە خراپەی داگیرکەری عەرەب بۆم هۆنییەوە بە کۆمەڵێ قسە و توانج و ووشەی زبری خەستەوە بۆم نارد. ئەوەش یادگارێکی خۆشە بۆم.

لەو ساتەدا وام دەزانی چالاکییەکی قارەمانانەم ئەنجام داوە. لەو سوریایە، کە گەلێک جاران پێی دەوترا،( شعب اسخف من النضام) شتی زۆر ناشیرینم دی و بەسەر هات. بەدرێژایی ئەو٦ مانگە تەنیا جارێک،کە ئیدی دەرفەتی مانەوەم تەواو تەواو تەسک ببۆوە، هەوڵم دا بلیتێ بکڕم و بگەڕیمەوە، لە نوسینگەیەک، خاوەنەکەی وتی: من یارمەتیت دەدەم،و بە نیوە نرخ بلیتەکەت بۆ دەبڕم، چونکە لەسەر پەساپۆرتەکەم پیشەی خوێندکاری زانکۆ نووسرا بوو. دەنا ئەوی دیکە رووم لەهەر شوێنێ کرد بێت، هەر رووتاندنەوە و داوای بەرتیل و سەرانە بووە. تەنیا (انشااللە شایل معاک شی؟! یان ما بدنا نعزبک ـ واتە هیوادارین پارەت پێ بێت و خۆت بخورێنی و نامانەوێ وەڕست بکەین پارەی خۆت بدە و بڕۆ) بیست و فێربووم.

تاکە یادگار و چاکەیەتی تریشی خورادنی خۆش و هەرزان بایی بوو.ئا لەمەدا هیچ درێخیمان نەدەکرد. ناسینی کۆمەڵێ برادەر و هاورێی چاک. بۆ منیش کڕینی دەیان کتێبی باش بوو لەسەر کورد و زۆریم بە پۆستدا دەناردەوە بۆ بەرلین، هەندێکیشی خۆم لەگەڵ خۆمدا هێنامن. لەگەڵ کۆمەڵێ کتێب لەسەر ئاو و مێژوو و هزریی نەتەوەیی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.(لەمەدا هەندێک جار دێرینی هاوسەرم لێم قەڵس دەبوو، دەیگووت کاتی کتێب کڕین نییە،بەڵام…).
رەنگە گەلێ کەسانی دیکەش بەسەرهاتی لەمەی من تاڵتریان لە سوریادا بەسەر هاتبێ. ئەو کاتانەی لەوێ بووم و دواتریش شتی سەیر سەیرمان دەبیست. زۆر هەبوون هەر لە فڕۆکەخانەوە دەگەڕیندرانەوە. کوڕێکی کورد، لە دانیمارکەوە گەڕابۆوە، چووبوو بە ڤیدیۆ، هەندێ وێنەی لە ناوشاری دیمەشقدا گرتبوو. گیراو ماوەیەکی باش سەرونگوومیان کرد و وابزانم دەریان کرد و نەیان هێشت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

وڵاتی پۆلیسی و موخابەراتی وەک سووریا، رەنگە لە عێراقی سەددام حسینیشی تیپەڕاند بێت. ئەوانە بەرامبەر بە تۆریستەکانی وڵاتانی کەنداو، کە بۆ مەبەستی رابوورادن زێتر روویان لە سووریا دەکرد و پارە حوکمییان دەکرد، لە فرۆکەخانە کارێکیان پێ دەکرا،با بە دەواری شڕی نەدەکرد..
ئێستاش ئەوە بۆ ٥ ساڵ زیاتر دەچێ، شەڕیکی خوێناوی و نامرۆڤانە لە سووریادا بەرپابووە،ملیۆنەها ئاوارەوە هەزاران هەزار کوژراو و ماڵکاولی لێ کەوتۆتەوە، مرۆ لە ڕووی مرۆڤبوونەوە نیگەرانە. بەس راستییەک هەیە، با بووترێ سوریا و گەلەکەی ساڵانێکی ساڵی زۆرە لەسەر حسابی پرسی فەلەستینی کوردی باشوور و باکوور بەتایبەت و زۆر پرسی دیکەی، بەرەی خۆڕاگری و بەربەرەکانی و دۆستی شورەوی و پرسگەلێکی ترەوە دەژین و دەخۆن و دادەدۆشن. رەنگە بەشێک لەوەی ئێستا بەسەریاندا دێت پاداشتی خراپەکارییەکانیان بێت،کە بەرامبەر بە خەڵکی دیکە دەیان کرد و کردوویانە و ئیستا دێتەوە سەر ڕێی خۆیان.

٢٠١٧/٢/١٤

Previous
Next
Kurdish