 
	مەلا شەهوەتبازەکان و مۆراڵی گشتی … گۆران هەڵەبجەیی
 لە دوای ڕاپەڕینەوە وە بەهۆی خەمساردی دەسەڵاتی کوردیەوە زەمینەیەکی  لەبار بۆ ڕەوت و کەسە ئیسلامیە توندڕەوەکان ڕەخسا. بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی ژمارەیەک مزگەوت و هەندێک  دەزگای ڕاگەیاندن و تا ڕادەیەک شەقامیشیان کەوتە دەست. هەر یەک  لەو مەلاو  ڕەوتانە مێشکی  ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی کوردیان شووشتەوە   و بۆ بەگژاچوونی نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنان. ئەو  مەلاو بانگخوازانە بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەکان و لە سۆشیال میدیکانەوە  ،هەروەها  لە هەر شوێنێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت هێرشیان کردوەتە سەر  مۆراڵی گشتی  بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە، بە ئەقڵیەت و لێکدانەوەی  خۆیان و هەندێک جاریش پشتبەستن بە هەندێک دەقی قورئان، پێناسەی مۆرالیان کردوە. بەجۆرێک لە دەرەوەی ئیمانداری هیچ    پانتاییەک نەماوە مرۆڤەکان خۆیانی تیدا نمایش بکەن  و هەناسەیەکی ئازادی  تێدا هەڵمژن.
 ئەمانە خۆیان کردوەتە وەکیلی خوا لەسەر زەمین، وانیشان دەدەن کە کۆی  چەمکەکانی ئەخلاق تەنها لای ئەوانە و  لەدەرەوەی ئەمان هەموو بزاوتێک جیگەی گومانەو بەشێکە لە بێ ئەخلاقی .هەر بۆیەش کەسێک بیەوێت مۆراڵداربێت و بەشێکی بەر بکەوێت گەرەکە ئەوان پێێ ببەخشن.
 هەر شتێک کە مایەی جوانی و خۆشەویستی و کیف و ڕابواردن بێت ، یاخود کارێک هزری مرۆڤەکان دەوڵەمەند بکات و مەودای دنیابینیان فراوان بکات یا هەر بزاوتێک کاری بەهرەمەندی تێدا بەدی بکرێت ، یاخود چالاکی خانمان و دەرکەوتنیان  ،کاری ڕووناکبیران ، هونەرمەندان ، چەپ و ئازادیخوازان ، پەێڕەوەکەرانی ئاین و ئاینزاکانی دیکە ، گۆرانی گووتن، هەڵپەڕکێ، سەیران ،گوێگرتن لە موزیک ، پۆشینی جلی جوان، بۆن لەخۆدان و میکیاج. مەشروب خواردنەوە وینەگرتن سەردانی سینەماو پێشەنگا ، ناونانی منداڵ بەناوی کوردی و  زۆر شتی دیکەش  ،هەموو ئەمانە دەچنە لیستی  حەرامەکانەوە و  لەلایەن ئەو جۆرە مەلا و بانگخوازانە  دژایەتی دەکرێن  و بە پێی شەرع  و بەناوی خوداوە حەرامی دەکەن . 
سەیر لەوەایە ئەم مەلا تووندڕەوانە لەبری پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەیی و چاندنی نەمامی ئاشتی و تۆلەڕانس  ،  بە ناشیرینترین و ناشاستانیترین  ڕیگە  پەیامەکانیان دەیگەیەنن ،ئەویش لەڕێگەی زمانی زبر، هەڕەشە، تەکفیر، جنێو ، سوکایەتی و  درۆ و بوختانەوە  دەیگەیەنن.
ئەمانە لەبەرچاوی میدیا و خەڵکی ئیماندار  و گەنجە هەڵخڵەتاواکانی ژێر دەستیان ، وا خۆیان  نمایش دەکەن  بەوەفاترین {بۆ هاوسەرەکانیان} ، خاوێنترین ، بە ڕەوشتترین ،هێمنترین ،بەئیمانترین  مەخلوقی سەرزەمینن، وەلێ لە ڕاستیدا وا نیە، زۆرێک لەم مەلاو بانگخوازنە لە بێڕەوشتیدا وێنەیان نیە ، جا کیشەکە لەوەایە بڕێک لەم بەدڕەوشتیەیان شاراوەیە  و هەوڵیش دەدەن بە نهێنی بمێنتەوە . مەگەر تەنها ئەو کاتانە دەربکەون  کە فەزاحەتێکیان ئاشکرا دەبێت.
 تا ئێستا دوو لەمانە لە قافدا گیروان و ڕسوابوون ، یەکێکیان عەبدول لەتیف سەلەفیە کە زۆربەمان گوێداری تەلەفۆنە  غەرامیەکانی بووین لەگەڵ {چاوانی} خاوەن مێرددا  کە ئەم  لەتیف سەلەفیە لە هاوسەرەکەی خۆی هەڵگەڕانەوە  و  بەخێرای لەخۆی مارەکرد . تەنانەت ڕێزی لە  شەرع و یاسای ئاینەکەیشی نەگرت، [سەبارەت بە ماوەی تەڵاقدان و سەرلەنوێ مارەکردنەوە  لە کەسێکی تر،کە پیم وابێت دوو مانگە].
دووەمیان مەلا هەڵۆ یە  کە   لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا گوێمان  لە قسە عەشقبازیەکانی بوو  لەگەڵ خانمێکدا. ئەم مەلا هەڵۆیە بەردەوام ئامۆژاگاری خەڵکی دەکرد  تا دووربکەونەوە لە خۆشیەکانی ژیان ،چونکە حەرامن  . هەر بەوەوە نەوەستا  بەڵکو  خانمێک  کە تەنها گۆرانی گووتووە  و کەسانێکیش لە گەڵیدا هەڵپەڕیون ،بێ ڕەوشتی کردن، یا لە شوێنێکی تردا دەڵێت ،ئەو خانمانەی  بۆن لەخۆیان دەدەن فاسد و دۆزەخین  .
لە ڕێگەی ئەو تەلەفۆنەوە دەمامکەکەی مەلا هەڵۆ کەوت وە دەرکەوت کە کەسێکی ناپاکە بەرامبەر بە هاوسەرەکەی و  لە ژێرەوە  خیانەتی لێ کردوە و  کەوتووەتە داوی عەشقەوە. ئەو وشانەی  مەلا هەڵۆ  بەرامبەر بە  عاشقەکەی  بەکاری دەهێنان ،هێندە بازاڕین  هێندە  ئاست نزمن ، مەگەر  تەنها لە فەرهەنگی ئەودا بوونیان هەبێت.
سەیر لەوەدایە هەر دوو مەلا، پێشتر باسی ناشەرعیەت و حەرامی خۆشەویستی دەکەن لە نیوان کچ و کوڕدا ،تەنها ئەو خۆشەویستیە بەشەرعی و پاک دەزانن کە بۆ خوایە. کەچی خۆیان لە دەبڕینی خۆشەویستیاندا بۆ عاشقەکانیان  هەر یەکەیان دەڵێت، {هیچ خۆشەویستیەک لە دڵمدا نەماوە نیە و هەموو شتیکم لە بیر جووەتەوە تەنها خۆشەیوستی تۆ نەبێت } .ئەوانەی  کە خیانەت لە هاوسەرەکانیان دەکەن ،هەر یەکەیان گەر چوار یا سێ ژنی نەبیت ئەوە دوانی هەیە ، کەچی هەر تێرنابن و لە شەهوەتبازی دەگەڕێن.
تا ئێستا تەڵەکە  تەنها ئەم دوانەی پێوە بووە ،بێگومانم کە هی تریش هەن هەمان کاریان کردوە ، بەڵام تا ئێستا ئاشکرا نەبوون .با چاوەڕێ بین بزانین فیلمی داهاتوو دەربارەی چ بانگخوازێکی تووندڕەو  نمایش دەکرێت.
جێگەی خۆیەتی پرسیاریک ئاراستەی شوینکەوتوانی ئەم مەلا شەهوەتبازانە  بکەم ،ئایا شەرم ناتانگرێت کە دەبینن ئەو کەسەی  کە لە دیدی تۆدا نمونەی ئەخلاق و ئیمانداری و زانایی و پیاوچاکی بووە و بەسەرسامیەوە گوێت بۆ وتار و قسەکانی  گرتوە و لەوانەشە هەندیک جار  بە کاریگەری قسەکانی  گریابیت ،ئایا ئێستا تووشی حەپەسان نابیت کە دەبینیت نمونە جوانەکەت کەوتووەتە زەلکاوی خیانەتی زەوجی  و بەدرەوشتیەوە؟ تاکەی ئێوە ڕیگە بە خۆتان دەدەن ئەم جۆرە مرۆڤە بێ ڕەوشتانە بە ناوی ئاینەوە  گەمە بەهەست و سۆزو  ئەقڵتان بکەن و وەک منداڵ بتان گریەنن ،کەچی خۆیان تەواو خاڵین لە ئەخلاق؟ 
 ئەم جۆرە مەلاو سومبوڵە ئیسلامیانە  کە سەرچاوەی  تووندووتیژی و  بڵاوکردنەوەی  ڕوق  و کینەنن و  دژی  کایە جوانەکانی ژیانن ، گەرەکە هەمیشە زوومیان بخرێتە سەر و  ڕسوابکرێن و چیتر ڕێگەیان پێنەدەن   وانەی ئەخلاق بەخەڵک بڵێنەوە لە کاتیکدا کە خۆیان نیانە.


 
			 
			 
			