Skip to Content

وەرزێک لە نەفرەت … شيعر: كاوه عوسمان عومه ر

وەرزێک لە نەفرەت … شيعر: كاوه عوسمان عومه ر

Closed
by حوزه‌یران 29, 2020 General, Poems

کچی زەرەیا لە بەیانیەکی زیوی سامانکا
لەبەردەم ئاوێنەی نەهامەتی هەموو مرۆڤە
ڕۆحسوتماکەکاندا، پێیوتم…
تۆیەک گەر نیازی ڕۆچوونتە،،
بەرەو هەڵدێرێ لە ئەشکەنجە
بەرەو نەفرەتێ لە کۆچی هەتاهەتا،،
با دڵی قەترانیت وەک مانگێک لە مس و گڕ
لە خوێنی ڕەشی شيعری نەفرەتا بگەوزێ،،
تۆ بزانە یاخیبوونیش هەم سزا وهەم پاداشتە
زەریا دەرگا کریستاڵیەکانت بۆ واڵا ناکا،،
گەر نەتوێیتەوە بۆ دڵۆپە جوانەکانی شەونمێ…
لە ئیشکی ڕەها،،
پرشنگەکانی نەمری لە چنگتا نابریسکێتەوە
تاوەکو ڕۆحت نە پرژێ …
وەک تەقانەوەی جەستەی گوڵێک ئاڵ و واڵا
هەر بۆیەکیشە من کلیلی دەرگا بەدنەفرەتەکانی…
ژیان و مەرگ و کاتم
لە ئیبلیسە پاسەوانەکانی کانی نەمریدا فڕاندووە،،
بڕیارمدا گەشتێ بکەم
پشت زەریایەک دڕندە
بەدەر لە بەرائەتی پەریەکانا،،،
گەشتێک جیاواز
لە ئەشکەنجەی هەتاهەتای،،،
مرۆڤە باڵشکاوەکانا
بوارم دا گڕی سپی یاخی بوونی ئادەمێکی تر
لە جەستەما سەرکێشیکا،،،
باکم نەبوو،،
ژەهری سەوزی گوڵە دڕندەکان،،
تۆوی وشەی تەرتیلەکانی کتێبی قه دەغەکراو ،،
لەسەر لێوم دڕک دەرکەن،
گرنگیش نەبوو لام ،،
گەر ژنە ڕەشپۆشە دەست و پەنجە ئەندێشەییەکان …
تیخی خەنجەریان لە جەستەی ئاویما گیر کەن،
ئیترئەی خواوەندی بەدنەفرەتی،،
باکم نیە، با تۆوی بەد..
لە دڵی سوتماکا،،،
لە سپێدەیەکی قەترانیا…
جارێکی تر تر بڕوێ،،
با کم نیە چیتر،،
گەڵا سپیە ژەهراویەکانی…
بەهارێکی جەستە بەستەڵەکیش،،
لەسەر ڕوخساری خۆڵەمێشئاسام سەوزبێ،،
ڕیگەم دا وە هەوای ژەهری سەرکێشی…
لە هەناسەی گەردوونێکی ناتەواو دڕندە،،
بە سنگما تێپەڕکا،
ئەوەتا من لەم کۆچە بەدنەدفرەتە،،
لەم بەدنەفرەتیە هەتاهەتایە،،،
وەک ئیبلیسێکی تر …
دەرکراو لە پەرادیسێکی ترا…
ڕۆچوونم بە چاوی خۆم دیوە،،
بە نێو تاوێرە قووڵەکانی نەفرەتا تلاومەتەوە،،
بۆنی ساردی مەرگ لە ڕوخسارم دێ..
چارۆکەی بەلەمی سەرکێشم…
باڵی سیمرخێکە،،
لە گڕو و سەراب و سووتماک،،،
هەر کە کازیوەی سەرزەریاش..
وەک چاوی کچێکی عاشق،،
بە نامۆیی زەردەپەڕێکا،،
نوقم لە قەشەنگی خۆری قورمزیدا،،،
بۆ دواجارخۆی پیشاندا،،،
دوا ئاهم هەڵکێشا..
بڕیارم دا وە یاخی بوون تاهەتا هەتا ،،،
بڵێسەی بەدنەفرەتی،،،
هەڵقوڵێ لە خوێنما ،،،
چاونەترس بووم،،
لە گەشتێکی بەدنەفرەتبوونا ….
وەک بەلەمێکی مەست وێڵ
و بێ قیبلەنما،،،
ڕۆحێک دەربازی بووە،،
هێدی هێدی ، بێسڵەمینەوە
مەملەکەتە سەوزە درۆکانی جیهانم جێهێڵا
وەک تووێخی بەجێماوی پەپولەیەک لە سڕبونا…
بوونێکی پڕ بێهودەیی و…
بێدەروازە جێما،،،
بە بیرما نایەت…
لە کەناری سامناکی نێوان بوون و نەبوون،،،
چەند شاخ و دۆڵ و شاری خەواڵووم تێپەڕاند
لە دەروازەی زەریای هەڵچووا،،،
فریشتە سیما جادوگەرە کان…
هاو سەفەری ڕۆچوونی بەدنەفرەتبوونم بوون،،،
هەر کە دەرگای پۆڵای ئاسمانیش
لەڕووم داخرا ،،
دەنگێک وەک نە نەعره تەی …
خواوەندێکی تووڕە و دوورا،،
گەردوونێکی بەتاڵ و سامناکی ڕاچڵەکان
ئاوێنە زۆرو ڵێلەکانی بوونێکی…
دڕندەو بێهودەشی تێکشکان
دەنگێکی ترسناک بوو، هات بەگوێما …
*بزانە ئەی مرۆڤی یاخی،،،
تۆیەک ووک بونێکی بۆش لە سەرابا…
نیازتە تێپەڕ کەی بە سنوری ترس و گڕا،،
چاک بزانە، لە گەڵ ڕۆچوونتا،،
جارێکی تر، دەرچوونت ….
بۆ تا هەتا هەتا نەما *..

لەگەڵ ڕۆچوونما بەرەو کەنارگەی نەفرەت
دوا نەورەسی وێڵی سەر کەناریشم لێ وون بوو،،
زانیم کە ئیتر من لە هەموو تنۆکە بارانە
پیرۆزەکانی خۆشەویستی،،
و لەئەستێرە پرتەقاڵیەکانی
میهرەبانی بێ بەری بووم،،،
بۆ دواجار بیرم کردوە لە ڕۆژانی زوو
لە بیرم بێ ئەو ڕۆژانەی عەشقڕژانبوو،،
ئەوکاتانەی خۆر…
لە دارستانی ئەرخەوانی چاو پڕ گزنگ بوو
مێرگەکانی ئاسوودەییش …
لە ڕۆحی منا هەڵتەقیبوو ،،
تاوسە ڕەشەکانی یاخیبوونیش…
لە هەورەکانی منداڵی منا شەقەی باڵیان بوو،،
ئێستا ساتەوەختی بەدنەفرەتبوونمە،،
لە گەشتێکم بەرەو هەڵدێری ڕۆجوونی هەتا هەتا
وێڵبوونە لە دەواری فڕیوی بێ نشینگە،،،
بێ ئاسمان و بێدەریاو بێ خاک
وبێ مەنزڵگە،،،
ئاوێنتەبوونە بە گڕکانپژانی نەمریەکی ترا…
دەرچوونە لە کاژێرە وەریوەکانی ماشینی گەردوونا،،
هەروەک چارۆکەی کەشتیەکی سەرکێش هەڵدێرمە
کۆچەرێتی هەتاهەتا ئێستا بەشمە،،،
بەرەو باهۆزێ لە ئافات،،
سەفەرێکی بێنەخشەیە گەشتی بەدم،،
بەرەو گەردەلوولێ بەدنەفرەت،
فرڕینێکە یاخی لە خواوەندەکانی میهرەبانی،،
من ئێستا، هەی ئیبلیسە بەندکراوە ئەشکەنجەدراوەکان
قەشەو مەلای ڕوخسار بەردەکان بە ئازارم
ڕۆچوومە تە ژێر لێوارە نسرمەکانی….
ئۆقیانووسی هەڵقوڵاوی چادووی ڕەش
ئێستا من بە بەتەرزەی پیرۆزی هەڵهاتن
لە پەیکەری خواوەندەکان،،
ڕۆحی سوتماکم شتوە
لۆسیفەرە باڵڕەشەکان لە دۆزەخا،،
بە ڕۆچوونی ‌هەڵبژاردەی ئازادانەم …
بزەیان دێ،،،،
جەنەڕاڵ و چەنگاوەر و تاوانکار
قەشە و پیاوە پیرۆزەکانی تر ….
هەموو گوێ ڕادێرن
لە ئەتوونی ژیانێک پڕ ئەشکەنجەو فەنا
من ئێستا دەربازبووم
وەک خەوێک لە برین ولە ئازار
من لاتان نەماوم، هەڵهاتووم ،
خۆم شتوە بە ئاوی پیرۆزی نەفرەت
بوومەتە تۆزی قەترانی مەرگ،
بوومەتە هەڵمی دوای باران،
بوومەتە تەمێکی ترسناک،
بەڵام قەشەنگ،،،،
لە چاوی قازە شەیتانیەکانی ڕۆژانی خەم…
بوومەتەوە سەرابی سەرەتاکانی بوون،
ئای لە ساتەوەختی ڕۆچوونی ئازادانەم ….
بەرەوفریشتە ئاویەکانی سەر کەنار و
پەریە باڵ ئەرخەوانییەکانی ناو تۆفان،،،
ئەی کە جەستەیەک گەڕایەوە
بۆ ناو تەم و ئاوێنەو سەراب
کە ڕۆح ئازادانە توایەوە
بۆ دڵۆپێ لە ئەفسانەی بەدەر لە بوون
ئیتر ترسی بۆچییە
ئیتر پەشیمانی کوا دادی ڕۆچوونم ئەدا…؟
هەر فڕینێکی ئازادانە،
نۆشکردنی کاسێک شەرابی ڕەشی ڕەهابوونە،،،
دۆزەخێکە بەڵام بەختەوەرانە…
چی تایەکی قورس و بە ئەشکەنجە بوو،،
ڕۆچوونم بۆ نێوتاشە بەردەڵانی کەنارگەی بەدنەفرەتی
مردم و بەڵام مەشخەڵی شيعرى ئەبەدیم دیتەوە،،،
بوومە سەرابستانێ…
بەڵام زومردە بریسکاویەکانی….
خۆشبەختی ڕاستیم خستە نێو چنگەوە،،،
رۆحم ڕەش بوو..
بەڵام هێدی هێدی ،،
لەگەڵ ئۆرکسترا پڕجۆشەکەی ئیبلیسەکانی مرگ،،،
بە مشتێ نوور بوومەوە،،
سوتماک بوومەوە،،،
بەڵام ڕەنگاڵەی عه شقيكی نەمریم لە ئاسۆدا دیتەوە،،
کات و شوێن لام ئێستا ….
دوو مەلی خۆڵەمێشی…
ئاسمانێکی دڕندەیە ئێستا…
شەو وەک خوێنی ڕژاوی ئاسمانێک قەشەنگ…
پژاوەتە مرواریە ڕەنگ گزنگی ڕۆحم،،
شەرابی خوێنی یاخی فوارەیەتی لە ناخم ،،،
لە ڕۆچوونی بەدنەفرەتا ئازادیە،
بەختەوەری ڕەهایە،،،
قازە پەمەییە شەیتانیەکانم دیتەوە…
لە شەوێ قژ سپی ،،،،
ئای چی سەرخۆشێکم…
بە شنەبای بەدنەفرەتی سەفەری هەتاهەتا،،،
بۆ جارێکیش نزام نەکرد….
لە یەزدانێکی نادیار ،،
بۆ چۆڕێ ژیان و مەرگی ئاسودە،،
بۆیە من دژ بە هەموو خواوەندە درۆزنەکان،…
لە بەردەم دەرگای کۆشکی..
بێهودەەیی گەردونە تەمتومانەکانا،،
بەیداخی قەترانی یاخی بوونم هەڵگرتوە،،
جەستەم ئێستا وەک گڕکانە،،
ڕۆحم دڵی ئیبلیسێکی خۆشبەختی تیینگرتوە،،،
چاوم پرە لە وێنە سەرابیەکانی منداڵێکی لاسار
لە ئاسمان و زەوی و بیابان و زەریا…
لە کەنارگەی ڕۆحکێشانی خۆم،،
لەژێر تۆفانێک لە نمە شیعرام،،
ڕێگەم داوە شەماڵێ لە نامۆیی جوانا،،
دڵم پڕکا لە خونچەی زومردی فەنا،،
بەرگم ئەستێرە ڕژانە ئێستا…
لەسەر کەنارێکی بەدەر لە زەمەنا،،،
تایەکی شێتانەم گرتوە،
وەک دەروێشیکی ناپاکیزە
حاڵم بە ئاسوودەیەیی دزراو
لە خواوەندە دڵڕەقەکان گرتوە

ببینە خانمی ڕەشپۆشی ئاسمانێک لە نەهامەتی،،،
من ئێستا جەستەم پەروانەیەکە…
سەربەست بە پانتایی جەستەی خەوتووی زەریا،،
چاوم پڕبە دارستانی نەمریە،،
تواومەتەوە بۆ بڵێسە داگیرساوەکانی شەپۆل،،
بەڵام بێترسیش،
بە لێوارە ترسناکەکانی شەپۆلا هەڵزەنیوم،،
لە قوڵایی زەریای هەناو کڕێوەشدا…
لەپی خواوەندی زەریای یاخیم خوێندەوەتەوە،،
منم نهێنیە پەیپێنەبردوەکانی تەرتیلەکانیی ،،
چوونە ژوورەوەی دەرگای دۆزەخم شکاندوە،،

لە دەرچوونی ڕۆحا ،
بەرەو سەدیمی نادیارو پڕ ئەشکەنجەدا…
ڕوخساری سەرابئاسای شاعیرێکی ڕووبەخەندەم دی ،،
ووتی ئیتر تۆ منی،
بەڵام سەرکێشێکی یاخی،،،
لە نێوان دیواری تەوماوی بوون و نەبوونا،،،
لە نێوان سنووری فیردەوس و دۆزەخا،،،
لە نێوان پەرژینی گڕینی ژیان و مەرگا،،
کە وەریمەوە بۆ گەردەکانی بوون،،
سرووتی سووتماکبوونی داری کاتم بینی
دیوی شاراوەی جەنگی رۆح و،،،
خۆری ئەرخەوانی سەرکێشیم بینی،،
گوڵم دی گۆشتین،
دارستانی ئاگرینم بینی،،
لە بەرگی ئافرەتی جەربەزەو قەشەنگا، ،،
شاخ وەک فریشتە،،
زمان وەک ئاوێنە، چاو وەک ڕەنگاڵە،،،
باران وردە دڵ بوو بەڵام باڵدار،!
هەزاران ئەستێرەی سەربەست،،،
دەرباز لە نێو جوانی مەترسیدار،،
کاسیی نەمری..
خوێنی ڕەشی نەفرەتبوونی…
بە جەستەی ڕژاوما ئەرژایە خوار،،
چی دۆزەخێکە من ترازاومەتە ناو..
پۆلە مەلی قەترانی گڕینم دی…
لە ناو ناخی هەڵساوی زەریا ،،،
هەزاران مانگی مەستم دی…
لە فەلەکێکی بێ کات و زەمەنا،،،
ئای لەم ڕۆچوونە بەدنەفرەتە ،،،
لەم بێ خاک و بێ زەریا و بێ شوناس و
بێنشینگەو بێ مەنزڵگە،،،
چی بەختەورێکی پرشنگڕۆحم ئێستا،،،
چی سورەتێکی بەدم ئێستا،،،
بەڵام ئاسسودە،،
منم پەڵە هەورێکی سەرکێش،
بروسکەیەک وەک تیخی خەنجەر….
بە ناو دیواری حەقیقەتا
من ئێستا بوونێکم بێ جەستە و ڕۆح،،
ئازاد لە نێو ئۆقیانسێ…
یاخی لە ڕیتمی هەسارە پەرش و بڵاوەکانی گەردوونا،،،
ڕێم داوە کەشتیەکی بێ کەشتیوان..
هەڵمگرێ و بمبات ،،،
بە سەر کڕێوەی کاتا،
مەست بووم لە سەفەرا ، لە کۆچی فەنا…
بە ئۆرکسترای ئافات..
ڕێمداوە فریشتە باڵئاو یەکان….
شەرابی ژەهری بەد،،
بە گەرووی سووتماکما بڕژن،،،
گیای مەستی یاخیبوون لەسەر پەنجەم ڕوا!
گیانێک بووم بێ ئێسک ، بێ خوێن، بێ
هەستی مرۆڤ،
چی زەریایەک لە بوونێکی تر،،،
چی شەپۆلێک لە حەقیقەتی تر،،،
چی تەرزەیەک لە نەمریەکی تر ،،،
کۆچی نەفرەتی بە من بەخشی…

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish