Skip to Content

مەلەوانی رووبارێکی بە خوڕم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

مەلەوانی رووبارێکی بە خوڕم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 26, 2021 General, Poems

ئاشقەکان بە زمانی خۆرەتاو قسە دەکەن و
لە رووبارە تیژ تێپەڕەکاندا مەلە دەکەن
ئەمێستا من و عەشق
وەک دوو ئاسکە کێوی
بەسەر لوتکەکانی تەنهاییدا سەردەکەوین
سڵاو بۆ ئەو کانیاوە بۆنخۆشە دەنێرین
بەر لە خۆکوشتن خۆی خستە
ئامێزی مەزرایەکی وشکبووەوە
بە تەنیشت گۆڕستانەکانەوە رەت دەبین
ئەو هەموو مردووە دەبینین
بێ ئەوەی تەنها جارێکیش
مەلەیان لە رووباری عەشقدا کردبێ
رەشەبای مەرگ
فووی لە فتیلەی تەمەنیان کردووە
بە ئەسپایی سەیری وڵات دەکەین
جۆگەلەی خوێن و بۆنی تەرم
ئاسۆی ژیانی لێڵ کردووە
میقسەڵە ژەنگاوییەکەی شۆڕش
خەونی زەرد و سووری
هەزارەها پەپولەی عاشقی
لە دەمی ماچکردندا پەڕاند
بە چاویلکەی پەژارەوە
لە ئاوێنە شکاوەکان دەڕوانین
ئەو ئاوێنانەی درۆ و ناپاکی
درزێکی هەمیشەیی خستە دڵیان و
بۆ هەتا هەتایە ناتوانن
لەگەڵ رووخسارە گەشەکاندا
راستگۆ و بە ویژدان بن
رێگە چۆڵەکان تەی دەکەین
لەوێ چەقۆیەک دەمانناسێتەوە و
لەشی گۆرانییەکەمان قاش قاش دەکات
لەوێ جنۆکەیەک تارمایی ئاسا
بەدوامان دەکەوێت و
قورگی مۆسیقا پڕ دەکات لە تۆنی گریان
لەوێ خودا دەماندۆزێتەوە و
مشتێک لە ئاگری دۆزەخ دەکاتە
سەر خەیاڵە فیردەوسییەکانمان
بە بەردەم هەورێکی دڵشکاودا ئەڕۆین
وەڵامی سڵاوەکەمان ناداتەوە
تێناگەم کام دەریای سەرشێت
دڵی ناسکی بارانی شکاندووە؟
تا بە حەسرەتەوە بڵێت
ئیدی شیعر بۆ کێڵگە نانووسم و
دڵی هیچ باخێکیش
بە فرمێسکەکانم خۆش ناکەم
دەڕۆم لە یەکێک لە کۆڵانەکانی ئاسمان
نزیک ماڵی خودا خۆم دەسووتێنم و
نوێژە بە بارانەی هیچ عارفێکیش
نامهێنێتەوە جەستەی هیچ پەڵە هەورێک
بەدەم رۆشتنەوە گەیشتینە کۆترێک
ماڵی لە هەسارەیەکی تر بوو
بە زمانێکی جیاوازتر
لە هەموو کۆترەکان قسەی دەکرد
زۆر هەوڵمدا بیدوێنم و
لە چاوە غەمبارەکانی رازێک بدزم
تەنها ئەوەندە تێگەیشتم
لە ترسی سەنگەساری پیرە هەڵۆ و
رێساکانی قالۆنچە هەڵاتووە
تەنیا لەبەر ئەوەی غەزەلێکی
بۆ کۆترە شینکەیەکی هۆزێکی تر
لەسەر تەمی پەنجەرەیەک نوسیوە
لە هاوینەواری چرایەکی دڵشکاو
لە خانەوادەی رووناکی، بارگەمان خست
حکایەتی هەموو ئەو پەروانانەی
کردبوو بە رۆمان
بە گەرمی عەشقی ئەو سووتابوون
سەربردەی خۆی لەگەڵ رووناکی و
گێچەڵی هەمیشەیی “با” دەگێڕایەوە
چاوی پرتە پرتەی دەکرد
ئەو دەمەی باسی
پەروانەیەکی غەریبی دەگێڕاوە
پەروانەیەک لە نەژادی ناسکیی و
لە قەبیلەی ئەڤین
کە ئاشقی شەوقی ناو دڵی بووە
لەو کاتەی ئامێزیان بە یەکتردا کردووە
پەروانە دڵی هەڵکڕوزاوە و
وەک شەهیدێکی عاشق
دوا هەناسەی کێشاوە
ئەو رقی لە گەرمی و رووناکی بوو
دەیووت پەروانەکان لە دوورەوە دێن
ئاشقی ئەو گەرم و تیشکەن
لە مندا داگیرساوە
ساتێک دەگەن، ئەو تیشکە سووتێنەرەم
پەڕ و باڵی ئومێدیان دەسووتێنێ
خۆ من تاوانێکم نەکردووە و
ناکرێت واز لە سروشتی خۆم بێنم
لە کاتی ماڵئاواییماندا
بینیمان نەوت لە دڵیدا نەما و
پڵیتەی لەشی بوو بە پارچەیەک خەڵوز
بە بێدەنگی گیانی دا و کوژایەوە
بە پاپۆڕێکی کۆنی رزیو
چووینە ئامێزی دەریایەکی خەوتووەوە
کپ و بێدەنگ، مات و مەلوول
رووخساری رەش هەڵگەڕابوو
پرسیارمان لە خۆمان کرد
ئەم دەریایە بۆچی وا کزۆڵەیە و
دەبێت لە پرسەی کام نەهەنگدا بێ؟
کە گەشتینە کەنار
قاچمان لەناو لمدا چەقی و
کەنارەکە بە زەردەخەنەوە پێی وتین
وەڵامی ئەو پرسیارەتان لای منە
ئەم دەریایە پیاوێکی خانەدان بوو
نەوەی حەزرەتی باران و
شاژنە لافاو بوو
عاشقی دەریایەکی تر بوو
لەبەری رۆژهەڵات
هەرچەند شەپۆلی دا
هەرچەند زەحمەتی کێشا
نەیتوانی دەریای رۆژهەڵاتیی
بکاتە بووکی باشوور
نەیتوانی باوەشێک بکات
بە دەریای رۆژهەڵاتدا و
پێکەوە ببنە ئۆقیانووس
دەستی کرد بە پاڕانەوە لە هەتاو
ئەوەندە تیشکی تێبگرێ
ببێتە هەڵم و بچێتە ئاسمان
تاکو جارێکی تر وەک باران
دابکاتە ناو دڵی دەریای رۆژهەڵات
هەتاو داواکەی رەتکردەوە و
بە خەمساردییەوە هەموو ئێوارانێک
دەستی ماڵئاوایی بۆ
ئەم دەریایە بەرز دەکردەوە
لە داخاندا دەریای باشوور
کە پیاوێک بوو لە گەشبینی و شەپۆل
بە گوریسی نائومێدیی
خۆی بەکەنارەکەی ئەوبەرەوە هەڵواسی
لە دوا شەپۆلدا پێش هەزاران ساڵ
گیانی دەرچوو
ئێمەش بە دەستەسڕی غەمگینی
چاوی پڕ فرمێسکمان سڕی
لە دوای دەریا، گەشتینە رووبارێکی بە خوڕ
کەنارەکانی هەموو گیا و
رووخساریشی روون روون
لەبەر خۆرەتاو
وەک ئەڵماس ئەدرەوشایەوە
بە عەشقم وت
سوپاس کە منت تا ئێرە هێنا
من خۆم هەڵدەدەمە ناو ئەم رووبارەوە
دەبمە مەلەوانە تەنهاکەی ئەم رووبارە
ئێرە قیبلەی منە و
رۆژانە دەستنوێژ
بەو ئاوە روونە هەڵدەگرم و
هەزاران رکات نوێژی عەشق دەکەم
ئێستاش دەمەوێ بە زمانی ئاو
دوا ئایەتی عەشقی رووبار
بکەمە وێردی سەر زمان
هەنووکە دەمەوێ بە زمانی رووبار
دوا سروودی ئاو
بکەمە مارشێک بۆ عاشقان

سوێد – ستۆکهۆڵم | سۆلنا
یانیوەری 2018

Previous
Next
Kurdish