پلاتۆنۆڤ “کافکا*-ی ڕوسی”.. و کێشەی ئه‌نتڵجنسیای شۆڕشگێڕی ڕوسی …1
1-2
عبدوڵا حبه – مۆسکۆ
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نەجات عەزیز
بەشی یەکەم …..
ئەندرێ پلاتۆنۆڤ ٢٨ ئاب ١٨٩٩ – ٥ کانونی دووەمی ١٩٥١
نوسه‌ری ڕوسی ئه‌ندرێ پلاتۆنۆڤ به “کافکای” ڕوسی ناوزه‌ند ئه‌کرێ له‌به‌ر یه‌ک هۆ؛ ئه‌ویش چیرۆک و ڕۆمانه‌کانیه‌تی که پڕه له به‌سه‌رهاتی خه‌یاڵی که له خه‌وی ترسناک ئه‌چن. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی کاره‌کانی کافکاوه کاره‌کانی ئه‌م ڕێچکه‌یه‌کی مه‌جازییان گرتوه له وێناکردن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و (واقع) هی که نوسه‌ر تیایدا ئه‌ژیا. سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی به‌رده‌وام و سه‌رده‌می بنبڕکردنی بورژوازی وه‌کو چیننێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شه‌ڕێك که ته‌ڕ و وشکی به‌یه‌که‌وه ئه‌سوتاند. هه‌روه‌ها سه‌رده‌می ئه‌و برسێتیه‌ی هه‌ندێ ناوچه‌ی یه‌کێتی سۆڤێتی گرتبوه‌وه له سه‌ره‌تای سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردو که سه‌رگوزشته‌ی زۆر دڵته‌زێنی له‌باره‌وه ئه‌گێڕنه‌وه وه‌کو به‌قوربانی کردنی باوکێک به‌یه‌کێ له مناڵه‌کانی له پێناو ئه‌و مناڵه‌کانی تری‌دا. ئه‌م نوسه‌ره که له‌سه‌رده‌می ستالین‌دا توشی گێچه‌ڵی زۆرهات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، له ساڵانی حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردو به‌رزکرایه‌وه له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که ئه‌مڕۆ به ئه‌دیبێکی کلاسیکی ڕوس دابنرێت. له‌ڕاستیدا پلاتۆنۆڤ به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ڕێبازی ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی ڕوسی نمونه‌ی کاره‌کانی گۆگۆل “له شه‌وی کرسمسدا ” و ” جنۆکه ڤینی” و”لوت” هه‌روه‌ها ڕۆمانی “چیرۆکی شارێك”ی سالتیکۆڤ شیدرین، ڕۆمانی “مامۆستا مارگریتتا”ی بۆڵگاکۆڤ، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ڕۆمانی ” مه‌یمونی ڕه‌ش” ی زخار بریلبین وه‌ی تریش.
سه‌رچاوه‌ی به‌هره‌ی داهێنانه‌که‌ی بلاتۆنۆف حاڵه‌تی ده‌روونی و نه‌خۆشی جه‌سته‌یی نه‌بوو وه‌کو ئه‌وه‌ی لای کافکا که به‌هۆی دڵره‌قی باوکی و نه‌خۆشیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. کێشه‌ی پلۆتۆنۆڤ ئه‌وه بو که له سه‌رده‌مێکی مێژویی نه‌گونجاودا ده‌رکه‌وت. که‌س نه‌بوو تێ‌بگا لە بیرۆکه فه‌لسه‌فێکانی له سه‌ر پێگه‌ی مرۆڤ له‌و کۆمه‌ڵگایەدا که به‌ڵشه‌فێکان بنیادیاننا له دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ۱۹۱۷. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ووته‌یه‌ی مارکس که ئه‌ڵێ “مرۆڤ به به‌هاترین سه‌رمایه‌یه” مرۆڤی سه‌رده‌می پلۆتۆنۆڤ ژێرده‌ست و شێلراو و بێبه‌ش له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤبوندا ئه‌ژیان به‌هۆی تاکڕه‌وی ده‌سه‌ڵات و نه‌بونی فره‌فکری سیاسی بە بیانوی هه‌بونی دوژمنی به‌هێزی ده‌ره‌کی که به‌دوای هه‌لدا ئه‌گه‌ڕێن بۆ لێدانی ده‌وڵه‌ته سۆسیالیسته تازه پێگه‌یشتوه‌که. که بوبو به بیانوی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بۆپێشێلکردنی مافی مرۆڤه‌کان .
ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره که ئه‌ده‌ب ئاوێنه‌ی ڕاستی کۆمه‌ڵگایه. ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ ڕاستی ڕه‌وشی یه‌کێتی سۆڤێت له پاش شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر بزانین ئه‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کاره ئه‌ده‌بیه‌کانی گه‌وره به‌هره‌مه‌ندانی وه‌کو شۆلۆخۆف، بۆلگاکۆف، مایاکۆفسکی، ڤالهنتین، ئه‌خماتۆڤا، ڕاسپۆتین، و ئیتماتۆڤ و ئه‌وانی تر. بیرمان نه‌چێ نوسه‌ران له‌ژێر حوکمی ڕژێمه تۆتالیتاریاکاندا به‌زۆڕی په‌نا بۆ ئه‌ده‌بی خه‌یاڵ ئه‌به‌ن له‌کاره‌کانیاندا بۆ ده‌ربازبون له ڕاوه‌دونان وگێچه‌ڵی ده‌سه‌ڵات و ڕزگار بون له‌کۆت و به‌ربه‌سته‌کانی که له‌سه‌ر هه‌موو جۆره داهێنانێک دایئه‌نێن. مه‌عه‌ڕی شاعیر ئه‌ڵێ “ووته‌کانم پاوه‌ن مه‌که ئاخاوتنم وه‌کو ئه‌وانی تر مه‌جازیه”. شاعیری گه‌وره به‌در شاکر ئه‌لسه‌ییاب وتویه‌تی: ” شاعیر ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بوو له ده‌ربڕین و وێناکردنی هه‌مو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌بێ کاره‌کانی گوزارشت له ئێش و ژانی کۆمه‌ڵگا بکات و هیواو ئاواته‌کانی ده‌رببڕێت بێئه‌وه‌ی که‌سێک پاڵی پێوه بنێ بۆئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌رکه. هه‌روه‌ها له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌مه ده‌ربڕینی ئازار و هه‌سته تایبه‌تیه‌کانی خۆیه‌تی که زیاتر ڕۆبچیته خوارێ هه‌مان هه‌ستی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگایه”. ئیبن خه‌لدونیش له پێشه‌کیه‌که‌یدا ئاماژه به “ده‌مارگیری” ئه‌کات له پرۆسه‌ی بنیادنانی ده‌وڵه‌ت و گۆڕانی کۆمه‌ڵگادا.
ئه‌م جۆرە کارە خەیاڵیانە زۆر باو بوو له سه‌رده‌می حوکمه تۆتالیتاریه‌که‌ی ستالین‌دا. بۆیه نوسه‌ران له سایه‌ی ئه‌م جۆره ڕژێمانه‌دا په‌نا بۆ “مه‌جاز” و نوسینی ڕۆمانی خه‌یاڵی ئه‌به‌ن بۆ گوزارشتکردن له ڕه‌وشی کۆمه‌ڵگا وشاردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌کانیان وخۆ به‌دورگرتن له ره‌خنه‌گرتنی ڕاسته‌وخۆ و ئاشکرا له ده‌سه‌ڵاتداره دکتاتۆره‌که‌و ڕژێمه‌که‌ی که ئه‌بو به هۆی قه‌ده‌غه‌کردنی به‌رهه‌مه‌کانیان. بۆنمونه ساتیکۆڤ شیدرین له ڕۆمانی “چیرۆکی شارێك” وێناکردنی گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕوسیای قه‌یسه‌ری و به‌هره‌ی نواندوه به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی خه‌یاڵی، هه‌روه‌ها ڕادیشێڤ ڕۆمانی “گه‌شت له پیترسبێرگه‌وه بۆ مۆسکۆ” نوسیوه بێئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ به حوکمی قه‌یسه‌ر بکات به‌ڵام خانمه قه‌یسه‌ر یکاترینای دووه‌م کاره‌که‌ی به سه‌رکۆنه‌کردنێکی ئاشکرای ده‌سه‌ڵات هه‌ژمار کرد له‌سه‌ر ئه‌وه بڕیاری له‌سێداره‌ی بۆ ده‌رچوو به‌ڵام دواتر گۆڕدرا بۆ نه‌فی بۆ سیبیریا و سه‌رئه‌نجام خۆی کوشت.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ململانێ له‌وپه‌ری گه‌رمیدا بوو له یه‌کێتی سۆڤێت له سه‌رده‌می ستالین‌دا له‌نێوان ئه‌ده‌بی حزبی و ئه‌ده‌بی غه‌یره حزبی. له‌م ململانێیەدا ده‌رئه‌که‌وت ئایا ئه‌دیب کاربه‌ده‌سته له‌لای حزب یان که‌سێکی سه‌ربه‌خۆیه؟. پلاتۆنۆڤ توانی سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێ حکومه‌تیش نه‌یتوانی ده‌سته‌مۆی بکات، به‌رده‌وام بوو له نوسین هه‌رچه‌نده به‌رهه‌مه‌کانیشی بڵاو نائه‌کرایه‌وه. نوسه‌رانێکی زۆریش ناچار بوون به‌رهه‌مه‌کانیان به‌ناوی خوازراوه‌وه بڵاو بکه‌نه‌وه. په‌یوه‌ست به پلاتۆنۆڤه‌وه؛ زۆری به‌رهه‌مه‌کانی له چیرۆک و ڕۆمان وشانۆگه‌ری و چیرۆکی مناڵان ئه‌نوسی به شێوازێکی خه‌یاڵی بۆ ده‌ربازبوون له ڕاوه‌دونانی کاربه‌ده‌ستنی حزبی به‌رپرس له سێکته‌ری ئه‌ده‌بی و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نوسه‌ران و ئه‌دیبان له‌سه‌ر هه‌ر ووشه‌یه‌ک و پیتێک که ئه‌یان نوسی و ڕزگاربونیان له ڕاپۆرته نهێنێکانی که ئه‌یانوسی بۆ کرملین. پلاتۆنۆڤ بڕوای به‌و وته‌یه‌ی دۆستۆفسکی هه‌بوو که ئه‌یوت: “جیهان به توندوتیژی ڕزگار نابێ به‌ڵکو به قوربانیدان”.
ئه‌دیبانی سۆڤێت زۆریان چه‌شت له ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی کاربه‌ده‌ستانی حیزب و قوربانی زۆریشیان دا ته‌نانه‌ت قوربانی جه‌سته‌یش نمونه‌ی مایاکۆفسکی و یه‌سنین و تسفیتایفگا و ئه‌خماتۆفا و ئاسییڤ و شۆلۆخۆڤ و ئه‌لیکسی تۆلستۆی و میخائیل بۆلگاکۆڤ هه‌تا گۆرکیش که له کرملینه‌وه نزیک بوو. له پەیڕه‌وکردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا، نوسه‌رێکی وه‌کو شۆلۆخۆڤ ناچار کرا کارێکته‌رانی ڕۆمانی ” زەوی نه‌کێڵراو” بگۆرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و پاڵه‌وانێتێکه بدرێت به سکرتێری حزبی ناوچه‌که. هه‌رواها تۆلستۆی ناچار کرا دوباره ڕۆمانی ” داهێنانی ئه‌ندازیار جارین” بنوسێته‌وه و که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ر به ده‌زگای موخابه‌راتی سۆڤیتی بۆ زیاد بکات. هه‌مان شت له‌گه‌ڵ گۆرکی کرا و ناچار کرا گۆرانکاری گه‌وره له که‌سایه‌تی شانۆگه‌رێکانیدا بکات بۆ ڕازی کردنی ده‌سه‌ڵاتی حزب.
زۆرجاری تریش گۆرانکاری له شانۆگه‌رێکانی بۆلگاکۆڤ کراوه بۆ ڕازیکردنی کاربه‌ده‌ستانی حزب له پێناو گۆرینی کاره هونه‌رێکان به‌شێوه‌یه‌ک که خزمه‌تی ئامانجی ڕۆژانه‌ی حزب بکات. هه‌ندێ ڕه‌خنه‌گری نزیک له ده‌زگا ئه‌منێکان به خۆبه‌خشانه هه‌ڵئه‌ستان به هێرش کردنه سه‌ر هه‌ر کارێکی هونه‌ری که له بڕیاره‌کانی نوسینگه‌کانی لیژنه‌ی ناوندی حزب لایبدایه. رێپتۆار:(لیستی کاری هونه‌ری که ئاماده ئه‌کرێ بۆ پێشکه‌ش کردن) له شانۆکان و سینارێۆی فیلیمه‌کان به‌م شێوه‌یه هه‌ڵئه‌بژێردران. یوسف ستالینی سه‌رۆکی حزب زۆرجار ده‌ستی له‌م کاره وه‌رئه‌داو تێکسته‌کانی ئه‌خوێنده‌وه پێش بڵاوکردنه‌وه‌یان یان نمایشکردنیان، یان سه‌ردانی شانۆ و سینه‌ماکانی ئه‌کرد به‌مه‌به‌ستی دڵنیا بوون له‌ڕه‌وتی کاره‌کان. ستالین دوای ئه‌وه‌ی چیرۆکی ” ماکاری به گومان”ی پلاتۆنۆڤی خوێندەوە که له گۆڤاری “کراسنایا نۆڤ” بڵاوکرایه‌وه له ساڵی ۱۹۳۱ نوسیویه‌تی ” نوسه‌رێکی به‌هره‌مه‌نده به‌ڵام قه‌ڵبه!” له‌به‌رئه‌وه‌ی چیرۆکه‌که ڕه‌خنه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆی لیژنه حزبێکان ئه‌کات که سه‌رقاڵی کۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامن له ژوره داخراوه پڕ دوکه‌ڵی جگه‌ره‌کاندا و گفتوگۆ له‌سه‌ر شتی بێ‌مانا ئه‌که‌ن که زیاتر په‌یوه‌سته به ژیانی که‌سی ئه‌ندامانی حزبه‌وه له‌بری هه‌ستان به کارێکی به‌رهه‌مدار و سودبه‌خش.
ئه‌م چیرۆکه له ناوه‌ڕۆکدا له قه‌سیده‌یه‌کی به‌ناوبانگی مایاکۆفسکی ئه‌چێت له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ” کۆبونه‌وه‌ی زۆر و درێژخایه‌ن ئه‌که‌ن” که‌کاتی خۆی بو به جێی ڕه‌زامه‌ندی لینین. کاتێك پلاتۆنۆڤ چیرۆکی “تاکیر” بڵاو کرده‌وه دوای ئه‌وه‌ی له گه‌شتێکی ئاسیای ناوه‌ڕاست گه‌ڕایه‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌لێک نوسه‌ری تر، ڕۆژنامه‌ی پراڤدا به‌توندی ڕه‌خنه‌ی لێگرت و دواتر زۆربه‌ی کاره‌کانی قه‌ده‌غه کران بڵاوبکرێنه‌وه له ده‌زگای په‌خش و ڕۆژنامه سۆڤێتیه‌کاندا. ئەلێکسه‌نده‌ر ڤاده‌ییڤ سکرتێری یه‌کێتی نوسه‌رانی سۆڤێت تاوانباری کرد به‌وه‌ی که شتی هه‌ڵبه‌ستراو ئه‌نوسێ له سه‌ر کۆمه‌ڵگای سۆڤێتی. ته‌نها ئه‌و لێکۆلینه‌وه ڕۆژنامه‌وانیانه‌ی کردبوی له به‌ره‌کانی شه‌ڕه‌وه کاتێك په‌یامنێری سه‌ربازی بوو له ڕۆژنامه‌ی “ئه‌ستێره‌ی سور” له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌م بڵاو کرانه‌وه. ئه‌وترێ ڕێگه دان به بڵاوکردنه‌وی ئه‌م کاره‌شی ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ سەرسامی ستالین به شێوه‌ی نوسینه‌که‌ی.
له‌ڕاستید ا سیاسه‌تی حزب له بواری ڕۆشنبیریدا وه‌کو ئه‌وه‌ی دیاری کرا بوو له‌لایه‌ن به‌ڵشه‌فێکانه‌وه له سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه وه‌کو خۆی په‌یڕه‌و ئه‌کرا له‌سه‌رده‌می ستالین و سه‌رکرده‌کانی دواتریش به‌بێ گۆڕان. ئه‌ویش به به‌کارهێنانی به مه‌به‌ستی پڕوپاگه‌نده بۆ سیاسه‌تی حزب. ئازادی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند له داهێناندا ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌کی زاتی بووه. له‌به‌ر ئه‌وه گرنگی دراوه به‌رزڕاگرتنی وێنه‌ی ” پاڵه‌وانی پۆزه‌تیڤ” و سه‌روه‌رێکانی، کاتێک نوسه‌ر که‌سایه‌تیه‌کی ژێرده‌سه‌ی شێلاوراوی وه‌کو ئاکاکی ئاککیفیتچی گۆگۆل له‌ناو کۆمه‌ڵگای سۆڤێتیدا پێشکه‌ش ئه‌کات، ئه‌م کاره‌ی نوسه‌ر به هه‌ڵبه‌ستراو و دور له ڕاستیه‌وه به ڕه‌خنه له ڕژێم ئه‌ژمار ئه‌کرا.
به‌ڵام پلاتۆنۆڤێکی پرۆلیتاری کوڕی کرێکارێکی سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نه‌فه‌ر، به‌چاوی خۆی ئه‌یبینی چۆن جوتیاران به‌زۆرئه‌کران به ئه‌ندامی کۆڵۆخۆزه‌کان (کۆمه‌ڵه‌ی جوتیاران) و به‌روبوم ئاژه‌ڵه‌کانیان لێ ئه‌سه‌ندرایه‌وه بۆ له‌ناو بردنی چینی جوتیار و کردنیان به کرێکاری ڕۆژانه له‌و کۆمه‌ڵانه‌دا. هه‌روه‌ها ئه‌یبینی کرێکارانی کارگه‌کان و هاوکاره‌کانیان له‌سه‌ر خه‌تی شه‌مه‌نه‌فه‌ر چۆن ناچار ئه‌کران له‌توانای خۆیان زیاتر کار بکه‌ن له‌کاتی گرانی و برسێتیتێکه‌ی سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردو.
ئه‌مه بێجگه له ڕاوه‌دونانی ئه‌ندازیار و مامۆستا و پزیشکه‌کان و هه‌وڵدان بۆ له‌ناو بردنیان به تاوانی سه‌ر به چینی بۆرژازی بوون. ستالیین دوای له‌ناوبردنی ڕکابه‌ره‌کانی له دادگاییکردنێکی کارتۆنیدا ساڵی ۱۹۳۷ له مۆسکۆ، بۆیده‌رکه‌وت که بنیادنانی ده‌وڵه‌ت و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه ئیمپریالێکانی ده‌ره‌وه و بنایدنانی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز له ڕوی سه‌ربازیه‌وه، پێویستی به هه‌مه‌ئاهه‌نگی و کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو تواناکانه بۆ دروستکردنی ” مرۆڤی سۆڤێتی به‌ختیار و قاره‌مان” که سۆسیالیستی بنیاد ئه‌نێ.
بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره به‌کارهێنانی توانای داهێنه‌ران پێویست بووله به‌رزکردنه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵکیدا بۆیه ئه‌بوایه هه‌موو نوسه‌ر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و زانسته‌کان ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچکه‌یه کار بکه‌ن. ئه‌م شێوه کارکردنه به‌رده‌وام بوو هه‌تا له‌سه‌رده‌می “گه‌رمی” خرۆشۆڤ و سه‌رده‌می بریجنێڤیشدا. بۆنمونه گه‌له ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر توند کرایه سه‌ر بۆریس باسترناک به‌هۆی ڕۆمانی ” دکتۆر زیڤاگۆ” که له‌ده‌ره‌وه‌ی سۆڤێت بڵاوی کرده‌وه. له دوای کۆنفراسی بیسته‌می حزب که تیایدا سه‌رکۆنه‌ی په‌رستنی که‌سایه‌تی ستالینی کرا، ڕێگه درا ڕۆمانی ” ڕۆژێک له ژیانی ئیڤان دینسیتچ” بڵاو بکرێته‌وه له نووسینی الێکسه‌نده‌ر سۆڵجینتسین (هه‌ڵگری نۆبڵ) بوو له گۆڤاری “نۆڤی میر”.
ئه‌م نه‌رمی نواندنه زۆری نه‌خایاند، نووسه‌ری که‌راخیزی جه‌نگیز ئیتماتۆڤ توشی چه‌رمه‌سه‌ری زۆر هات له‌سه‌رده‌می حوکمی برجنێڤ له‌سه‌ر ڕۆمانی ” که‌شتیه سپێکه” و “دۆشه‌که‌ڵه”. بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌میان قه‌ده‌غه کرا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌که‌ی مناڵێکی هه‌تیوه له‌کۆتایی رۆمانه‌که‌دا له ئاودا ئه‌خنکێ ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی خواستی کاربه‌ده‌ستانی حزب بوو چونکه به‌ڕای ئه‌وان نابێ “مناڵی سۆڤێت” به‌کاره‌ساتی تراژیدی بمرێ. ڕۆمانی دووه‌میش له‌سه‌رکێشه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر بوو که باسکردنی به هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه بوو.
ده‌رکه‌وتنی ئه‌ندرێ پلاتۆنۆڤ(١٨٩٩-١٩٥١) له گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی ڕوسیدا له پاش شۆڕشی سۆسیالستی ئۆکتۆبه‌ری ۱۹۱۷، وه‌کو زریانێکی کتوپڕی نێوان ساردی و گه‌رمی، تاریکی و ڕوناکی، وشکایی و شێداری ئاسا بوو. که به‌رجه‌سته‌ی ئاسته‌نگێکانی سه‌ر ڕێی شۆڕش وئه‌و ڕێچکانه‌ی شۆڕشگێڕه به‌لشه‌فێکان که زۆربه‌یان که‌سانی ڕه‌نجه‌در و هه‌ژار بوون گرتبویانه به‌ر ئه‌کرد.
نوسه‌رانی ژیانامه‌ی پلاتۆنۆڤ ئاماژه به‌وه ئه‌که‌ن که ئه‌و توانا ڕوحیه مه‌زنه‌ی له سه‌ده‌کانی نۆزده و بیستدا له ڕوسیا که‌ڵه‌که‌ی کردبو، ده‌رچه‌یه‌کی له پلاتۆنۆڤدا دۆزیبوه‌وه. به‌ڵام پلۆتۆنۆڤ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌بیر کرا بوو.
کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ده‌مه‌ی سۆڤێت به ئه‌نقه‌ست به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی شاردنه‌وه‌و بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی کاره‌کانی و ئه‌و بیرۆکانه‌ی له‌خۆی گرتبوو ئه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که لیکۆڵه‌ره‌وه ڕوسێکانی ئه‌مڕۆ له ڕیزی گۆرکی و شۆلۆخۆڤ و بۆڵگاکۆڤی دائه‌نێن وه‌کو گه‌وره‌ترین ڕۆمان نووسه‌کانی سه‌ده‌ی بیست. مه‌خابن، پلاتۆنۆڤ ناسراو نیه وه‌کو پێویست. هه‌روه‌ها له جیهانی عه‌ره‌بیشدا ته‌نها ڕۆمانی “خێو”(ناوه‌که‌ی به ده‌قیقی به ڕوسی “جنۆکه”) و چه‌ند چیرۆکێکی تر که له ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی “رادۆگا” له مۆسکۆ له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو له سه‌رده‌می “بیریتسرۆیکا” بڵاو کراونه‌ته‌وه و وادیاره سه‌رنجی زۆر که‌سیشی ڕانه‌کێشاوه.
ئه‌بێ ئاماژه بکه‌م به‌وه‌ی ڕاستیه‌ک هه‌یه ئه‌بێ بوترێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ڕوه ڕاستیه‌که‌ی ئه‌ده‌بی ڕوسی به‌گشتی نه‌ناسراوه له جیهانی عه‌ره‌بیدا، چونکه کاره‌کان له زمانه‌کانی تری وه‌کو ئنگلیزی و فه‌ره‌نسی وه‌رگیراون و هه‌ڵه‌ی زۆری زمانه‌وانی تێدا که‌ڵه‌که بووه. هه‌روه‌ها شاکاره‌کانی ئه‌دیب و شاعیره ڕوسه‌کان وه‌رنه‌گێڕدراون به نه‌ناسراوی ماونه‌ته‌وه وەکو شیعره‌کانی پۆشکین و ڕۆمان و شانۆگه‌رێکانی گۆگۆل و تۆلستۆی و سالتیکۆڤ-شیدرین و تشیخۆڤ و گۆرکی و بلۆک و بۆنین و ئه‌وانی تری سه‌رده‌می سۆڤێتیش که به‌ڕاستی ئه‌دیب و شاعیری مه‌زنیان تێدایه له وێنه‌ی پلاتۆنۆڤ. ئه‌ویشی وه‌رگێڕدراوه زۆربه‌یان به ئاستێکی نزم ئه‌نجام دراوه بووه به مایه‌ی ئیهانه بۆ نووسه‌ره‌که. ته‌نها کاره‌کانی وهرگێری سوری مامۆستا سامی دروبی به‌ده‌ره له‌م کاره که توانیویه‌تی هه‌ندێ له کاره‌کانی دۆستۆڤسکی و تۆلستۆی له فه‌ره‌نسیه‌وه به شێواز و ئاستێکی به‌رزی وه‌ڕگێڕان و به ئه‌مانه‌ته‌وه له گواستنه‌وه ئه‌نجام بدات.
که ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی ” پێشکه‌وتن”ی سۆڤێتی به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوی ئه‌و ئه‌دیبانه‌ی بڵاو ئه‌کرده‌وه که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌وه پاڵپشتی ئه‌کران و زۆربه‌یان ئه‌دیبی پله دوو و پله سێ بوون که ئه‌توانین بڵێین شوێن په‌نجه‌یان له مێژوی ئه‌ده‌بی ڕوسیدا دیار نیه نمونه‌ی ئه‌ناتۆلی ریباکۆڤ و ئیلیا ئارنبۆرگ. خوێنه‌ری عه‌ره‌ب شیعری ڕوسی ناناسێ چونکه وه‌رنه‌گێڕدراوه، الجاحڤ ڕاستی کردوه که ئه‌ڵێ ” شیعر وه‌رناگێڕدرێ”.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شیعری ڕوسی هه‌یه وه‌رگێڕدراوەته سه‌ر زمانی تر له‌لایه‌ن شاعیری به‌هره‌مه‌ند و به‌توانا تا ڕاده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتوو بون. به‌ڵام شاعیره گه‌وره‌کانی ئێمه زۆر به‌که‌می گرنگیان داوه به وه‌رگێڕان و ئه‌و کاره‌یان بۆ وه‌رگێڕه‌کان به‌جێ هێڵاوه و ئه‌مانه‌یش به‌هره‌ی هۆنینه‌وه‌یان نیه و هه‌ندێ جار مانا سه‌ره‌کێکه‌ی شیعره‌که‌شیان تێکداوه به‌هۆی نه‌زانینی زمانی ڕوسیه‌وه.
نمونه‌ش زۆره له‌سه‌ر ئه‌مانه به‌ڵام ئێستا کاتی باسکردنی نیه. کاره‌کانی پلاتۆنۆڤ که یه‌کێکە له نووسه‌ره هه‌ره دیاره‌کانی ڕوسیایه له سه‌ده‌ی بیسته‌م وه‌رنه‌گێڕدراون وبه‌ڕاده‌یه‌کی زۆر به نه‌ناسراوی ماوه‌ته‌وه له دنیای عه‌ره‌بیدا. گه‌وره شاعیری ڕوسی ئه‌لێکسه‌نده‌ر بلۆک له ساڵی ۱۹۱۸ نوسیویه‌تی و ئه‌ڵێ ” ملیۆنه‌ها که‌س له ڕوسیا هه‌یه ڕۆشنبیرنین و “نه‌زانن” و توانای داهێنانیان تێدایه به‌ڵام له حاڵه‌تی سڕبوندان. له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی ئه‌مان بیڵێن له داهاتودا تا ئێستا له ئه‌ده‌به شه‌که‌ت و مه‌نگه‌که‌ماندا نه‌وترا بێ..” وادیاره ئه‌و ئه‌دیب و شاعیرانه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر به‌رهه‌می هێنان شتگه‌لێکیان وتوه که ئه‌وانی پێش ئه‌مان نه‌یاتوانیوە بیڵێن. ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که هاوکات بوون له گه‌ڵ ساڵانی یه‌که‌می شۆڕش توانایه‌کی کپ بوی به‌هێزی داهێنانی ته‌قانده‌وه و ره‌وتی جیا جیا و قوتابخانه‌ی جیاجیا په‌یدابوون که پێشتر ڕۆڵیان نه‌بو. نوێنه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه ئه‌ده‌بی هونه‌ریه تازانه ویستیان خۆیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ ئایدیالۆجیا و دروشمه‌کانی شۆڕشه‌که‌دا، به‌ڵام ئه‌مه کارێکی مه‌حاڵ بوو.
چونکه ویستی حزبی کۆمۆنیست گه‌یشتن بوو به ده‌سه‌ڵات به‌ڵام ئامانجی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب زانینه. وه‌کو هونه‌رمه‌ندی گه‌وره محمود سه‌بری وتی ” هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبه گه‌نجه‌کان له هه‌وڵی داهێنانی به‌رهه‌می تازه‌دا بون که بتوانێ گوزارشت له ڕه‌وشی کۆمه‌ڵگا بکا که‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی تازه‌ی سۆڤێت داوایان لێ ئه‌کردن کاره‌کانێن بگونجێنن به‌شێوه‌یه‌ک که خزمه‌تی ئامانج و ئەرکە کاتێکانی حزب بکات.
لینین ئه‌وه‌ی له وتاره‌کانیا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له خزمه‌تی شۆڕشی پرۆلیتاریا ڕونکردبوه‌وه و ئه‌ناتۆلی لوناتشارسکی یه‌که‌مین وه‌زیری ڕۆشنبیری سۆڤێت له دوای شۆڕش له مه‌قاله‌یه‌کی دورودرێژدا به‌ناونیشانی “هونه‌ر و شۆڕش” هه‌مان شتی دوباره کردبوه‌وه. لینین که لایه‌نگری – به‌یه‌ک گه‌یشتن له ناوه‌ڕاستدا بوو- خۆی ته‌ئکیدی کرده‌وه له وتارێکدا به‌ناوی ” له‌باره‌ی ڕۆشنبیری پرۆلیتاریوه” له ساڵی ۱۹۲۰ ” مارکسیه‌ت ده‌ستبه‌رداری ده‌سکه‌وته به‌هاداره‌کانی سه‌رده‌می برجوازی نه‌بوو، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه، توانی (استیعاب) و (معالجه) هه‌موو کارێکی به‌هادارتێبگات و چاك بکات که له‌ماوه‌ی زیاتر له دوو هه‌زار ساڵ له به‌ره‌وپێش چوونی بیر و ڕۆشنبیری مرۆڤایه‌تیدا هاتبوه‌وه دی “.
هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ دروستکردنی ڕۆشنبیری سه‌ر به خۆمان (مه‌به‌ست -ڕۆشنبیری پرۆلیتاری- تێبینی نووسه‌ر).. و گرمۆڵه‌بوون له‌ناو ئۆرگانه تازه دروست کراوه‌کاندا.. دۆزینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی که‌سی بۆ کۆمه‌ڵه‌ی” پرۆلێتکۆلت ” له‌ناو دامه‌زراوه‌کانی کۆمسیۆنی فێرکردنی میلیدا..” ڕه‌ت کرده‌وه و به “ڕێنمایه‌کی هه‌ڵه‌ی تیۆری و زیانبه‌خشی پراکتیکی” دانا. وادیاره به‌ڵشه‌فێکان ئه‌م وه‌سیه‌ته‌ی لینیان له پاش مردنی له‌بیر چوو و به‌ته‌واوی به ڕێگا پێچه‌وانه‌که‌دا ڕۆیشتن.
هه‌ندێ که‌س له کاتی هه‌ڵچونی شۆڕشدا ویستیان خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاته نوێکه بکه‌ن وه‌کو الکسه‌نده‌ر بلۆکی شاعیر به قه‌سیده‌ی “دوانزه”، ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی به هه‌ڵبه‌سته ئاگرینێکانی له دژی بۆرجوازی و ئیمپیریالیست. هه‌روه‌ها ئه‌ندرێ پلاتۆنۆڤ له کاره سه‌ره‌تاییه‌کانیدا ده‌رباره‌ی بنیاد نانی کۆمۆنیستی له ڕوسیا. هه‌روه‌ها شانۆکار ڤسیڤۆلۆد مییرهۆلد(به‌رێوه‌به‌ری به‌شی شانۆ له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری) و سینه‌ماکار سێرگی ئیزنشتین هه‌وڵیان دا کار و داهێنانه‌کانیان ڕوه‌و کاری پڕوپاگه‌نده بۆ ده‌سه‌ڵاتداره سۆڤێتێکان وه‌رچه‌رخێنن چونکه له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون که ئه‌م کاره‌یان پێویسته بۆئه‌و ده‌مه کاتییه‌ی بنیادنانی ده‌وڵه‌تی سۆڤێتی. له ساڵانی بیسته‌کاندا کارگه‌لێکی هه‌میشه زیندوو بڵاوکرانه‌وه، له‌وانه ڕۆمانی ” دۆنی هێمن” ی شۆلۆخۆڤ و ڕۆمانی ” پاسه‌وانی سپی” ی بۆڵگاکۆڤ. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها بۆ کاتێکی دیاری کراو بوو واته ته‌نها له کاتی شه‌ڕی ناوخۆ و بوونی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی و سه‌رقاڵ بونی ده‌سه‌ڵات به له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی. داهێنه‌ران ئه‌بوایه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کاره بیچینه‌ییه‌کانی خۆیان واته کاری “زانین”(معرفی).
ڕاستی ئه‌مه‌یش ڕوداوه‌کانی ساڵانی دواتر سه‌پاندی، مه‌رگه تراجیدێکه‌ی بلۆک و خۆکوشتنی هه‌ریه‌ک له مایاکۆڤسکی و ویسینین تیسڤیتایڤا و ڤادییڤ سه‌رۆکی یه‌کێتی نوسه‌رانی سۆڤێت و له‌سێداره‌دانی مییرهۆڵد و کۆمه‌لێکی ترله به‌هره‌مه‌ندان و به‌ند کردنی هه‌زارانی تر له سیبیریا و شوێنه دوره‌ده‌سته‌کانی باکوری وڵات له ناویاندا ئه‌لێکسه‌نده‌ر سۆڵجینیتسین که هه‌ڵگری نۆبڵ بوو. هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه خرایه سه‌ر بڵاو کردنه‌وه‌ی کاری زۆرێکی تر له نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی سۆڤێتی چونکه کاره‌کانین له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی حزب یه‌کیان نائه‌گرته‌وه. داهێنه‌رانی شۆڕشگێر چیتر هه‌ستیان نائه‌کرد که شۆڕشه‌که شۆڕشی ئه‌وانه. ئه‌وانه‌ی تریش که هه‌وڵیان ئه‌دا کاره‌کانیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ ویست و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزب بۆ ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیان ده‌ستکاری وگۆڕانی زۆریان له کاره‌کانیان ئه‌کرد به‌ڵام بێهوده بوو ناچارکران واز له کاره‌کانیان بهێنن و کاری تر بکه‌ن. ئانا ئه‌خمۆتۆڤا و کۆرنێ تشایکۆڤسکی و تسڤیتایڤا و باسترناک و که‌سانی تریش ده‌ستیان له نوسین هه‌ڵگرت و ڕویان له کاری په‌روه‌رده و وه‌رگێڕان کرد.
ماویەتی ….
بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئێرەبکەن ….
عبدوڵا حبه – مۆسکۆ
٢٢ -ئازار- ٢٠١٦ بڵاو کراوەتەوە.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نەجات عەزیز