Skip to Content

مێژووی سیاسیی و ئەدەبی پەنچا ساڵەی کورد لە دیدی فوئاد مەجید میسرییەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

مێژووی سیاسیی و ئەدەبی پەنچا ساڵەی کورد لە دیدی فوئاد مەجید میسرییەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by ته‌مموز 11, 2024 General, Opinion, Slider


فوئاد مەجید میسری یەکێکە لە ناوە دیارەکانی ئەدەب و فیکری کوردی، ئەو لەیەککاتدا لە کۆمەڵێک بواری جیاجیادا کاریکردووەو جێپەنچەشی لەو بوارانەدا دیارە بەتایبەتی لە بواری ” رەخنەی ئەدەبی، شانۆ، فیکری سیاسی” لەپەنا ئەمانەشدا زوو تێکەڵی ژیانی سیاسی بووەو کەم تا زۆر کاریگەریشی هەبووە. ئەو وەکو نووسەرێك و کەسێکی رۆشنبیر زۆرجار باجی گەورەی لەسەر بەکارهێنانی وشە” نا” داوە، تەنانەت لەسەر ئەم وشەیەش رووبەروی گرتن و سزدان و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنیش بۆتەوە.
لەماوەی پێشوودا کتێبی” مێژوویەکی تر” م خوێندەوەکە کە باسی ژیانی سیاسیی و ئەدەبیی و فیکریی خۆی دەکات. لەم کتێبەدا نووسەر زیاتر باسی لایەنە ناشیرین و دزێوەکانی مێژوویی سیاسی و ئەدەبی و فەرهەنگی کورد دەکات لە کوردستانی عیراق.

کودەتای قاسم و بزووتنەوەی چەکداری کوردی
نووسەر پانتاییەکی باشی بۆ کودەتاکەی قاسم بەسەر رژێمی پاشایەتی داناوەو پێشی وایە ئەمەی کراوە شۆڕش بووە، چونکە لەزۆر رووەوە کۆمەڵگەی عیراقی گۆڕیوە. لەپەنا ئەمانەشدا باسی سیاسەتی خراپی قاسم دەکات کە لە بەرامبەر حزبی شیوعی و کورد پێڕەوی کردووە. دواتریش باسی چۆنێتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی چەکداری دەکات و پێیوایە رژێمی شای ئێران رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، ئەو هانی کوردی عیراقی داوە کە چەک بەڕووی رژێمی قاسم هەڵگرن چونکە دژ بە سیاسەتەکانی ئێران بووە، لەمەشدا بزووتنەوەی چەکداری سوودی بەو گەیاندووە ئەمەش بە پشت بەستن بە کتێبەکەی عیسا بژمام، کە سیخورێکی دەزگای ساواکی ئێران بووە.
لەبارەی بزووتنەوەی چەکداری کوردەوە دەڵێت: من ئەمە ناوی نانێم شۆڕش من پێی ئەڵێم بزووتنەوە، بۆچی؟ چونکە شۆڕش ئەبێ گۆڕانکاری ریشەیی لەهەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵگادا بەدیبهێنێ، ئێستا ئێمە لەدوای 65 ساڵ بەروبوومەکەی ئەچنینەوە، بڕوانە کۆمەڵگای کوردستان بەکوێ گەیشتووە؟ل 131

نوخبەی رۆشنبیری کورد و بارزانی
نووسەر پانتایی باشی بۆ مێژووی دروستبوون و گەشەسەندنی پارتی دیموکراتی کوردستان داناوە، باسی ناکۆکییەکانی ناو ئەم حزبە دەکات، بەتایبەتی ناکۆکی نێوان نوخبەی رۆشنبیر و عەشائیری ناو حزبەکە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە بۆچی هەر لەسەرەتاوە نوخبەی رۆشنبیری سلێمانی رازیبووە مەلا مستەفا ببێتە سەرۆکی ئەم حزبە لەکاتێکدا ئەو لێرە نەبووە؟!. لەوەڵامدا دەڵێت: ئەم نوخبەیە متمانەیان بەخۆیان نەبووە، سەربەخۆ وەکو توێژێکی کۆمەڵایەتی تری رابەرایەتی خەباتی جەماوەری بکەن،ل117

تاکی کورد و کاریزما
دواتر زیاتر ئەم مەسەلەیە روون دەکاتەوەو دەیبەستێتەوە بە پرسی کاریزماوەو دەڵێت:
تاکی کورد هەمیشە لە هەوڵی دروستکردنی کاریزمایەکدایە تاخۆی پێدا هەڵواسێ و بەفریاد رەسی خۆی بزانێ، بەپێچەوانەوە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، چین و توێژی کۆمەڵایەتی بەپێی هەلومەرجی مێژوویی رابەرایەتی بزووتنەوەو شۆڕش ئەکەن، هەر ئەم فاکتەرەیشە وا ئەکا کۆمەڵگا پێویستی بەهێانەدی حزب و رێکخراوی سیاسی بێ تا سەرکردایەتی و رابەرایەتی خەباتەکەی بکال116
بەڵام نابێت ئەوەشـان لەبیربچێت، کە ئەڵمانیا و ئیتالیا دوو وڵاتی مۆدێرنی ئەوروپا بوون، بەڵام هیتلەر و مۆسۆلۆینی وەکو دوو دیکتاتۆر حوکمیان گرتە دەست، لەکۆمەڵگە مۆدێرنەکانیشدا ئەم کێشەیە هەیە بەتایبەتی لای پارتە فاشیستەکان.

کۆمەڵە و یەکێتی
لەپاش ئەوەی لە ساڵی 1967 بەیەکجاری واز لە باڵی جەلالی دەهێنێت، لێرەوە قۆناغێکی نوێی فیکریی و سیاسی و ئەدەبی لەلای نووسەر دروست دەبێت. زیاتر لە هزری مارکسیی و چەپ قووڵ دەبێتەوە، پاشان لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵەی مارکسی لینینیدا، بەشدار دەبێت و لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنێتی دروستبوونی بووە. بەڵام هەر زوو واز لە کۆمەڵە و یەکێتی دەهێنێت.
لەسەر وازهێنانی فوئادی مەجید میسری لە کۆمەڵە و یەکێتی قسەی زۆر کراوە، خۆشبەختانە خۆی لەم کتێبەدا بەدرێژی باسی هۆکاری وازهێنانەکەی دەکات.
نووسەر دەڵێت:
لەناو کۆمەڵەدا ناکۆکی لەگەڵ ئیمپریالیزم دەبێتە سەرەکی و لەگەڵ دەسەڵات ئەبێتە لاوەکی، ئەم تێزە لە بنەڕەتدا رێخۆشکەر بوو بۆئەوەی، کۆمەڵە وەکو ئۆرگانێکی سیاسی ببێتە لایەنێک لە بەرەی نیشتمانی پێشكەوتنخواز کە بەعس و حزبی شیوعی دایانمەزراندبوو. من بە ئاشكرا ئەو بیرۆکەیەم رەدکردەوەو بە هەنگاوێکی هەڵە و کوشندەم ئەزانی. ل281
هۆیەکەی تریش باس دەکات و دەڵێت:
من لەو باوەڕم وابوو کە سەرەڕای رێکەوتنامەی جەزائیر و کۆتایی هێنان بە بزووتنەوەی چەکدارییەکەی کورد، ئێران دەستبەرداری ( پارتی) نابێ وەکو هێزێکی چەکدار بۆ دژایەتییکردنی هێزێکی نوێی چەکدار بەکاریئەهێنێ، ئێرانێک لەو سەردەمەدا هەموو توانای سەربازی خۆی تەرخانکردبوو بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ( زەففار) کە لە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبستاندا، ئێستا چۆن ماوە ئەدا لەبندەستی خۆیەوە بزووتنەوەیەکی چەپ سەرهەڵبدا؟ل303

لایەنی ئەدەبی
هەرچەندە فوئادی مەجید میسری زیاتر وەکو نووسەرو ئەدیبێک ناسراوە، بەڵام سێ بەشی کتێبەکەی بۆ مێژوویی سیاسیی تەرخانکردووە، تەنها بەشێکی کە دەکاتە چارەکی کتێبەکە بۆ مێژوویی ئەدەبی و فیکری تەرخانکردووە، لێرەشدا باسی چەند لایەنێکی دزێو و ناشیرینی مێژووی ئەدەبی و پەیوەندی نووسەران دەکات، کەبەداخەوە لەژێر کاریگەری سیاسیی بوون. بۆ نموونە پانتایی باشی بۆ جەنگ و ململانێی نێوان ئەدیب و نووسەران تەرخانکردووە کە بەداخەوە بەرێژەی ململانێ سیاسییەکان توندتر بووەو کار گەیشتۆتە سەر یەکتر بە گرتن دان و ئازارادانی یەکتریی و تەنانەت هەوڵدان بۆ کوشتن و تیرۆرکردنیش. نووسەر باسی چۆنێتی زیندانیکردنی لەلایەن دەزگای پاراستنەوە دەکات، چونکە دژی ئێران قسەی کردووە، ئەو کەسەشی کە ئەم شکاتەی کردووە ” حەمەی حەمە باقیی” یە، ئەمەش چونکە پێشتر رەخنەی لە شیعرێکی گرتووە. ئەم کەسە پاش ئاشبەتاڵی 1975 دەبێتە یەکێتی و ئەمجارەش لەلای سەرانی نوێی یەکێتی شکاتی لێدەکات و داوا دەکات تێزاب بکەن بە دەموچاویدا. دواتر نووسەر بەوردی باسی هەوڵەکانی تیرۆرکردنی کردووە.

یەکێتی نووسەران
لە زۆرشوێندا نووسەر باسی پەیوەندی نووسەران و رێکخراوی یەکێتی نووسەران دەکات و بۆچوونی خۆی دەربارەی ئەم رێکخراوە خستۆتەڕوو.
نووسەر دەڵێت:
یەکێتی نووسەران جەستەیەکی نیوە مردووەو ناتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێ کە پێشتر لە پێناویدا دامەزرا بوو، بۆیە بەرای من ئەم یەکێتی نووسەرانە هەڵبوەشێتەوە، نووسەران بۆ خۆیان رێكخراوێکی سەندیکایی دابمەزرێنن و ئەرکی سەندیکایی پێ بسپێرن، چونکە یەکێتی نووسەران هەرگیز ناتوانێت ئەو یەکێتییە بێ کە لە سەردەمی رژێمدا بوو. 377
دواتریش دەڵێت:
هەرچی پارەی دنیا هەیە بیدە بەو رێکخراوەی ناوی ( یەکێتی نووسەری کورد)ە، ناتوانێت یەک ژمارە هاوشێوەی یەکێک لە ژمارەکانی ” نوووسەری کورد” ئەوکاتە دەربکات، ل390

دزینی ئەدەبی
خاڵێکی دزێوی تر کە بەداخەوە لەناو بازنەی ئەدەبی کوردیدا بڵاوە، مەسەلەی “دزینی ئەدەبیە”. لێرەدا نووسەر باسی شانۆگەرییەکی خۆی دەکات، کاتی خۆی لەبەرئەوەی ناتوانێت بە ئاشکرا بڵاویبکاتەوە چونکە دەزگا ئەمنییەکان لەهەوڵی گرتنیدان، شانۆگەریەکە دەداتە دەستی شانۆکار ئەحمەد سالار، دواتر ئەویش دەیداتە کامەران رەئوف، ئەویش دەقە شانۆیەکە بەناوی خۆیەوە نمایش دەکات، دواتریش کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، سەرەتا هەوڵی رێكکەوتن دەدەن بەڵام دواتر لەسەر ئەم بابەتە دەکەونە دادگاوە. من پێشتر کەمێک زانیارییم لەبارەی ئەم کێشەیەوە هەبوو، بەڵام وردەکارییەکانیم نەدەزانی، نووسەر لەم کتێبەدا بە درێژی باسی ئەم مەسەلەیە دەکات.

شیعەی عیراق
نووسەر لە زۆر شوێندا رەخنەی توند لە حوکمی ئێستای عیراق دەگرێت، کە زیاتر لایەنی شیعەکان بەسەریدا زاڵن.
نووسەر دەڵێت:
شیعەی عەرەب لە عیراقدا جیاوازن لە شیعەی شوێنەکانی تر، شیعەی عەرەب لە عیراقدا، شیعەیەکی عەرەب و شۆڤێنییە، باوەڕی بە مەسەلەی نەتەوەیی نییە و ئامانجی توانەوەی گەلانی غەیرە عەرەبە لە بۆتەی نەتەوەیی ئیسلامیدا.ل96
بە بڕوای من ئەمە حوکمێکی گشتگیرانەیە، چونکە هەموو شیعەی عیراق شۆڤێنی نەبوون، بۆ نموونە مەرجەعی گەورەی شیعە ” موحسین ئەلحەکیم” فەتوای لەدژی کۆمەڵکوژی کورد دەرکرد و دژی رژێمی بەعس وەستایەوە. شیعەی عیراق نووسەرو رووناکبیری وەکو هادی عەلەویی و عەلی وەردیی و سەدانی تری تێدایە، بە بڕوای من ئەمە حکومێکی گشتگیرانەیە، نەدەبوو نووسەرێک بەم شێوەیە قسەی لەبارەی گەورەترین پێکهاتەی عیراق بکردایە.

دەرەنجام
بەدڵنیاییەوە فوئادی مەجیدی میسری کەسێکی فرە بەهرەیە، ئەزموونی ئەدەبی و فیکریی و سیاسی ئەو بۆ ئێمە زۆر گرنگە بۆئەوەی ئاگاداری مێژووی خۆمان بین و بزانین هەڵە و کێشەکان چۆن دروستبوون و ئێمەش هەمان هەڵەی نەوەی پێشتر نەکەینەوە. لە کۆتاییدا هیوای لەشساخی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازم.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Previous
Next
Kurdish