Skip to Content

ئاست، یان پێکهاتە/ Level or Component.. پ.ی.د عومەر ئەحمەد عەزیز

ئاست، یان پێکهاتە/ Level or Component.. پ.ی.د عومەر ئەحمەد عەزیز

Be First!
by ئه‌یلول 10, 2025 General, Opinion, زمان


زانستی زمان، بەشێکی زۆری زاراوەسازییە، واتە لە هەر لایەنێکی زمان دەکۆڵیتەوە، سەرەتا پێویستە خۆت یەکلایی بکەیتەوە لەگەڵ زاراوەکان، دیارە لە زمانی ئینگلیزیدا، کە خۆی دایکی زانستەکەیە، چونکە زمانەوانە غەیرە ئینگلیزەکانیش بەشێکی زۆریان هەر بە ئینگلیزیی دەنوسن، بەڵام لە زمانی کوردیدا، بۆ زۆر لایەنی زاستەکە تا ئێستا یان زاراوەمان نییە، یان توشی فرەزاراوەیی بووین، یان بەهەڵە بەکاریدەهێنین، بۆیە یەکەم هەوڵی زمانەوان، کاتێک بە زمانی کوردیی دەنوسێت لەسەر بابەتێکی زمانەوانیی، بریتییە لە وردیی لە بەکارهێنانی زاراوە، یان دانانی زاراوە ئەگەر نەبوو، ئەگەرچی ئیشی تاکەکەسیش نییە، بەڵام کە نەبوو ناچاریت خۆت زاراوە دابنێیت.

ئەمڕۆ هەوڵەکە ئەوەیە هەرچی مەعریفەی مرۆڤایەتیی هەیە، لە ژیری دەستکردا کۆبکرێتەوە ، مۆدێلە گەورە زمانییەکان/LLMs ئەوەندە پارامێتەری زمانییان زۆرە، دەتوانن لە زۆر بابەتی وردی زانستیشدا یارمەتیت بدەن، لە نێویشیاندا زاراوەدانان، بۆیە پێشنیازی من لێرەدا ئەوەیە زمانی ئینگلیزیی بکرێتە بنەمایەکی گرنگی زاراوەدانان، نەک وەرگێڕانی کوتومتی زاراوە ئینگلیزییەکە بەڵکو لەبەرچاوگرتنی پێشینەی زانستیی زاراوە ئینگلیزییەکە، لەکاتی دانانی زاراوە لە زمانی کوردیدا، چونکە وەکو وتمان بووەتە زمانی زانست.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کارکردن بەشێوەی تیور لە بواری زمانەوانیدا لەنێو کورددا دەستیپێکرد( بۆ نمونە د. محەمەد مەعروف فەتاح و د. وریا عومەر ئەمین) ، هەتا ئێستا، دوو زاراوە هەیە، کە ئەوانیش (ئاست و پێکهاتە)ن، بە تێکەڵیی بەکاردێن، ئەگەرچی هەوڵیش دراوە، کە جیابکرێنەوە(محەمەد مەحویی هەوڵی داوە ئەم دووانە جیابکاتەوە، کە ئاست بۆ دانەکان بەکادەهێنێت و پێکهاتەش بۆ کۆی ئاستەکە)، بەڵام بە ڕوونی کەس لەسەر ئەمە قسەی نەکردووە و سنورەکانی جیا نەکردووەتەوە، ئەم دوو زاراوەیە، واتاکانیان نزیکن، بەڵام یەک واتایان نییە، لێرەدا بەکورتیی سنوری نێوانیان جیادەکەینەوە:

ئاست/Level، کە لێرەدا مەبەستمان لێی ئاستەکانی زمانە زاراوەیەکی ڕۆنانکارییە/Structuralism ئاماژیە بۆ چەند ئاستێک، کە لە ئاستی دەنگسازییەوە( فۆنەتیک و فۆنۆلۆجیی) دەستپێدەکات بۆ ئاستی واتاسازیی، هەریەک لە( مۆرفۆلۆژی و سینتاکس)یش، وەکو دوو ئاستی گرنگی ڕێزمان سەیردەکرێن، هەروەها، کە دەوترێت ئاست ڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ یەکەکانی ئەو ئاستە دەکرێت، کە وەکو چۆن خانوییەک دروستدەکرێت سەرەتا پێویستت بە بونیادەکەیەتی/ ئەساس، پاشان هەیکەل و …تاد، زمانیش بەهەمان شێوەیە، سەرەتا لە دەنگسازیدا، بچوکترین یەکەی ئاستی زمان، کە دەنگە و هەر زمانێک چەند دەنگێک وەکو فۆنیم قبوڵدەکات و لە زۆرینەی وشەکانیدا دوبارەدەبنەوە و واتای وشە دەگۆڕن و بەهادارن و ئاخێوەری زمانەکە بەشێوەیەکی، ئەستراکت هەست بەبوونی ئەو فۆنیمانە دەکات لە زمانەکەیدا، پاشان لێکیان دەدات بۆ دروستکردنی بچوکترین یەکەی واتادار، کە مۆرفیمەکانن، لێرەوە کاری مۆرفۆلۆژی دەستپێدەکات، پاشان مۆرفیمەکان وشە دروستدەکەن و وشەکان لە ڕستەدا بەکاردەهێنرێن و ڕیزدەکرێن و لێکدەدرێن بۆ ڕۆنانی فرێز و ڕستە، کە ئەرکی ئاستی ڕستەسازییە، بەمجۆرە تا کۆتایی، یەکەکان لە دەنگەوە لێکدەدرێن بۆ دانەی گەورەتر.
بۆیە تۆ کاتێک بەمجۆرە لە زمان دەڕوانی دەبێ بڵێیت ئاست/Level ، چونکە ئەم تێڕوانینە بونیادگەرییە، (دروستەکارییە، یان ڕۆنانکارییە)، کە ئەم زاراوانەمان لەزمانی کوردیدا بەرانبەر بە / Structuralism هەیە. ئەم هێڵکارییە ئەو خستنەڕووەی سەرەوەمان بۆ ڕوندەکانەوە، بۆیە باسی پراگماتیکمان نەکرد، چونکە دواتر سەریهەڵدا و لەسەرەتاکانی ڕۆنانکاریدا نەبوو.

لەبارەی وشەی پێکهاتەوە/Component بەهەمانشێوەی ئاست ئاماژەیە، بۆ چەند پێکهاتەیەک، کە لە مێشکدا بەشێوەی سەربەخۆ لە فاکەڵتی زماندا کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی زمان، ئەو پێکهاتانەش بریتیین لە پێکهاتەی ڕستەسازیی/Syntax، هەروەها پێکهاتەی فۆنۆلۆژی، کە بەرپرسە لە ئاستی دەنگیی پێکهاتووەکان، لەگەڵ پێکهاتەی فەرهەنگ/Lexicon، کە وشەکانی تێدا بە دەروازە فەرهەنگییەکانییەوە/Lexical entier گەنجکراوە/store ، کۆتا پێکهاتە سیمانتیکە و بەرپرسە لە لێکدانەوەی واتایی پێکهاتووەکان.
ئەم تێڕوانیینە تێڕوانینێکی مەعریفییە، کە لە چوارچێوەی ڕێزمانی بەرهەمهێنانی چۆمسکیدا بەکاردەهێنرێت، کەواتە ئەگەر تۆ ڕۆنانکاریت و بڕوات بەوەیە زمان لەو بونیادە پێکدێت، کە خستمانەڕوو، زمانیش وەکو ڕەفتار سەیردەکەیت و پێت وایە درکاوەکان، گرنگترن لەوەی، کە لە مێشکدایە و زمان تا دەرنەبڕدرێت ناتوانرێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، ئەوە زاراوەی ئاست بەکاربێنە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بڕوات بەوەیە، کە زمان بوونێکی ئاوەزیی/mentality نەبینراویی هەیە پێش ئەوەی درکاوێک بێت ، هەروەها زمان لە مێشکدایە و ئەرکی زمانەوانی ئەوەیە پەسنی چۆنێتی زمان بکات لە مێشکدا، ئەوا بۆ هەریەک لە ئاستەکان زاراوەی پێکهاتە بەکاربێنە. ئەم هێڵکارییە یارمەتیمان دەدات بۆئەوەی باشتر لەو خستنەڕووەی سەرەوە تێبگەین:

تێبینیی// هێڵکارییەکان Gpt-5 بۆی بەرهەمهێناوین بەوجۆرەی،کە پێمان وتووە.

پ.ی.د عومەر ئەحمەد عەزیز
زانکۆی گەرمیان/کۆلێجی پەروەردە/ بەشی زمانی کوردیی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress