شه‌ڕه‌كانی نێوان ڤۆلتێر و رۆسۆ.. نووسینی / حسونه المصباحی.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ئه‌و شانۆگه‌ریه‌ی ئێستا لەپاریس نمایش دەکرێت، ئەو شه‌ڕه سه‌ختانه‌ی هێناوه یاد کە لەنێوان ڤۆلتێر و رۆسۆدا ڕوویان دابوو. ئه‌وانه لەفەلسەفەی فەرەنسی سەدەی هەژدە، دوو کەسایەتی دیار بوون. نەک تەنیا لەفەرەنسا، بەڵکو لەسەرانسەری کیشوەرە کۆنەکە، دوو ئەستێرەی درەوشاوە بوون. بەبیرۆکە و تێزەکانیان ده‌رباره‌ی پرسە جۆراوجۆرەکانی سیاسه‌ت و هزر و کۆمەڵایەتی و ئایینی، بیری لیبراڵی و دیموکراسییان تاودا. ئه‌و بیره‌ی بڵێسەی شۆڕشی فەرەنسای هەڵگیرساند. هەر دووكیشیان بەرەنگاری کۆنەپەرستی ئایینی و دەسەڵاتی کڵێسه و هەموو دیارده‌كانی ستەمکاری و پاوانخوازی بوونه‌وه. ئێستا ئەو دووانە لەگۆڕستانی (پانتیۆن)ی تایبەت بەبانگخوازانی فەرەنسا راكشاون.
ڤۆلتێر ساڵی 1694 له‌خێزانێکی خۆشگوزار هاته دنیا. که تەمەنی گەیشتە بیست و پێنج ساڵ، ناوی ڤۆلتێری بۆ خۆی هەڵبژارد. پێشتر ناوی فرانسوا ماری ئاوریە بوو. لەساڵانی خوێندنی زانکۆ تێکەڵی ناوه‌نده رۆشنبیره‌كانی كوڕانی ئەرستۆکراتی بوو. کاتێکیش تەمەنی گەیشتە نۆزدە ساڵی، خوێندنی یاسای جێهێشت تاكو ببێت بەنووسه‌ری باڵیۆزخانە، بەڵام هەڵوێستە سیاسییە لیبڕاڵەکانی به‌ره‌و زیندانه ترسناکه‌كه‌ی باستیلیان برد. ئەو کاته تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو. دوای ئەوه‌ی شانۆگه‌ریه‌كه‌ی (ئۆدیپ) سەرکەوتنی گه‌وره‌ی تۆماركرد، دیسان فڕێیان داوه ناو ئەو زیندانەی کە پێشتر ناومان هێنا. دوای ده‌رچوونی، ژیانی ئاواره‌یی لە لەندەن هەڵبژارد. ئەوسا ساڵی 1726 بوو. لەوێ ئاشنای فەلسەفەی لۆک و تاقیکردنەوە فیزیاییەکانی نیوتن بوو. لەبەرهەمه‌كه‌ی (نامە فەلسەفییەکان) دا کە ساڵی 1734 بڵاوکرایەوە، بیرۆکە نوێیەکانی لەبوارە جیاجیاکان نیشاندا. بەبوێری و ئازایش بۆچوونەکانی خۆی خستەڕوو، بەتایبەتی لەوانه‌ی پەیوەستن بەئایین. ئەو کتێبە لەناو ئەوانەی ئاواتەخوازی جیهانی باشتر و دوور لەستەمکاری سیاسی و کۆنەپەرستی ئایینی بوون، ده‌نگی داوه. ساڵی 1762 ڤۆلتێر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییه‌ك كه (جان کالاس) ی ناوبوو و تۆمه‌تبار كرابوو بەکوشتنی کوڕەکەی بەهەڵە، هاته‌ده‌نگ و دەقێکی به‌ناوی (لێبووردەیی) نووسی. تێیدا بەتوندی هێرشی کردە سەر کڵێسە، تا مردنیشی لەساڵی 1778، واتا ساڵێک پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی فەرەنسی، ڤۆڵتێر وەک هێمایەکی گەورە بۆ بەرگریکه‌رانی ئازادی، ئه‌وانه‌ی کە كۆنه‌په‌رستی و ستەمکاری ڕەتدەکەنەوە، دانرا.
سەبارەت بەجان جاک ڕۆسۆش. ئه‌ویش ساڵی 1712 لە شاری جنێڤ هاته دنیا. چەند ڕۆژێک دوای بوونی، دایکی کۆچی دوایی کرد، بۆیە خاڵی به‌خێوی كرد، ئەو خاڵه‌ی قەشەیه‌كی پرۆتستانتی بوو. جان جاک ڕۆسۆ سه‌ره‌تای ژیانی وه‌ك کرێکار له‌نووسینگه‌ی دادگه كاری كرد. دواتر لای نه‌خش سازێك. کاتێک تەمەنی گەیشتە شانزە ساڵان، جنێڤی جێهێشت و لای خانمێك كە ناوی (ڤارتانس) بوو ژیا. ئەو ژنە لەڕووی ئەده‌بی و سێکسی پەروەردەی کرد. کاتێک تەمەنی گەیشتە سی ساڵی، ڕووی لەپاریس کرد، لەوێ دا پەیوەندی بەبازنەی (ئینسکلۆپیدییەکان) كرد و دیدرۆ و ڤۆلتێر و ئەوانی دیکەی ناسی.
دوای ئەوەی کتێبه‌كانی (ئیم‌یل) و (په‌یمانی کۆمەڵایەتی) لەساڵی 1762دا بڵاوکردەوە، ڕۆسۆش ناوبانگی گه‌وره‌ی تۆماركرد. بەڵام هێزە کۆنه‌پارێز و کۆنەپەرستەکان بەتوندی هێرشیان کردە سەری. ئه‌وسا رۆسۆ هەستی بەو مەترسیانە ده‌كرد كه ڕووبەڕووی ده‌بوونەوە، بۆیه هەڵاته لەندەن، لەوێدا شەڕی گەرمی دژی (هیوم) ی فەیلەسوف کرد، کە ئه‌ویان یارمەتی دابوو لەپایتەختی بەریتانیا نیشتەجێ بێت، بە(سیخوڕ) یش تۆمەتباری کرد. ساڵانێکی درێژ له‌سه‌ریه‌ك ڕۆسۆ بەتێکچوونی دەمار ناڵاندی. بەڵام ئەوە نەبووە رێگر له‌نووسینی دوو کتێبی گرنگ (دانپێدانانەکان) و (خه‌ونه‌كانی تاكه كه‌سی). رۆژی 2 ی تەمموزی ساڵی 1778 جان جاک ڕۆسۆش کۆچی دوایی کرد، واتا تەنیا دوو مانگ دوای مردنی ڤۆلتێر.
له‌سەرەتا دا رۆسۆ بەڤۆلتێر و بیرۆکەکانی سەرسام بوو. پێش ئەوەی پێی بگات، هەموو کتێبه بڵاوكراوه‌كانی خوێندبۆوه. لە (دانپێدانانەکان) یش دا دانی بەوەداناوه (نامە فەلسەفییەکان) کتێبه دڵخوازه‌كه‌ی ئەوە، بەڕادەیەک هەرگیز لەخوێندنەوەی بێزار نابێت. کاتێکیش نمایشی شانۆگه‌ری (زایر) () ی بینی، کە لەشاری گرۆنۆبڵ نمایش ده‌کرا، ڕۆسۆ کە ئەوکات تەمەنی بیست و پێنج ساڵان بوو، به‌هۆی كاریگه‌ری زۆر هەستی بەته‌نگه‌نه‌فه‌سی کرد. خەریک بوو بەهۆیەوە لەهۆش خۆی بچێت. ساڵی 1748نامەیەکی بۆ ڤۆلتێر نووسی و داوای دیداری لێ‌كرد، دیدارێك كه لەتەمەنی پانزە ساڵییەوە بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکرد. بەڵام ڤۆڵتێر کە ناوبانگی بەرفراوانی هەبوو نەک تەنها لەفەرەنسا، بەڵکو لەبەریتانیا و هۆڵەندا و ئەڵمانیاش، وەڵامی بانگهێشتنامەکەی نەدایەوە، بۆیە ڕۆسۆ به‌پەلە پێوەندی بەبازنەی ئینسکلۆپیدیەکان كرد. ئه‌وسا ئەستێرە ئه‌ویش درەوشاوە و له‌ناوه‌نده هزرییه‌كان پێگه‌ی به‌رزی گرت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کتێبەکەی (په‌یمانی کۆمەڵایەتی) ی بڵاوکردەوە. بەڵام ڤۆڵتێر هیچ سەرسامی بۆ ئەو کتێبە دەرنەبڕی، بە (گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه) و بانگەواز بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو پێشکەوتنەی دانا کە هێندە بەتوندی و بەهێز بەرگری لێده‌كرد. لەنامەیەکیش کە بۆ رۆسۆی نارد لە 30 ی ئابی 1755دا ڤۆلتێر نووسی، هەر کەسێک (په‌یمانی کۆمەڵایەتی) بخوێنێتەوە، ویستی خۆخزاندن بۆ چوار پێیی دەبزوێت. بۆ ئه‌وه‌ی ڤۆلتێر زیاتر بێزاری بکات، وتی: “من حه‌ز له‌خۆشگوزه‌رانی و لوتبه‌رزی و ته‌نانه‌ت شل و شلۆقی و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كه‌م. حه‌زم له‌هەموو خۆشیه‌كه و هەموو هونەرێکیشم بەهەموو جۆرەکانه‌وه خۆشدەوێت”. ئەو نامە توند و تیژە بڵێسەی جه‌نگی گەرمی نێوان ئەو دوو فەیلەسوفە گەورەیەی هەڵگیرساند، دوای پێنج ساڵ لەنامەکەی ڤۆڵتێر، رۆژی 17ی حوزەیرانی 1760 رۆسۆ نامەیەکی بۆ نووسەری کتێبی (نامە فەلسەفییەکان) نارد تێیدا به‌و ڕستەیه ده‌ستی پێكرد (خۆشم ناوێیت به‌ڕێزم!) و بە (ماڵئاوا به‌ڕیزم!) یشم كۆتایی هێنابوو.
لەوەڵامی ئەو نامە پڕ لەنائومێدی و تاڵه دا ڤۆڵتێر وتی: “نە رۆسۆ و نە نووسینەکانیم خۆشده‌وێ”. کاتێکیش ڕۆسۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی (هۆلیوزی نوێ) ی بڵاوکردەوە، ڤۆڵتێر به‌توندی هێرشی کردە سەر و بە (بۆرجوازی) و (به‌گەمژە) ناوی برد. سەبارەت بەپه‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیش وتی : “كارێكه تەنها بۆ فەیلەسوفێکی بچووک گونجاوە کە سەردانی خانووه بچووکه‌كان ده‌کات”. سه‌رچاوه: https://elaph.com/Web/ 2/ 11/ 2017 () مه‌به‌ستی شانۆكه‌ری (Zaïre) یه كه ڤۆلتێر ساڵی 1732 نووسی. (وه‌رگێڕ)
