Skip to Content

دابەشکارییەکی زاراوەی مۆرفیم و جۆرەکانی لە زمانی کوردیدا.. عومەر ئەحمەد عەزیز

دابەشکارییەکی زاراوەی مۆرفیم و جۆرەکانی لە زمانی کوردیدا.. عومەر ئەحمەد عەزیز

Closed
by تشرینی دووه‌م 17, 2025 General, زمان


زمانی کوردی لە بواری زاراوەسازیی زمانەوانیدا، تا ڕادەیەک کاریتێداکراوە، بەڵام تا ئێستاش تێکەڵی و بگرە ناڕونی لە بەکارهێنان و ناسینەوەی هەندێک زاراوەدا هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم تێکەڵییە تەنانەت لای زمانەوانەکانیشدا هەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی فرە زاراوەییە، بۆ یەک زاراوەی زمانەوانی، ئێمە دو، بۆ سێ زاراوەی کوردیمان داناوە، کە بەداخەوە هۆکاری ناوچەگەرێتی و ئایدۆلۆژی تێکەڵبووە، کە من نامەوێ لێی وردببمەوە، ئەمەش بەشێکە لە کۆی سیستەمی کوردبون، کە دژە بە کاری دەزگایی و پابەندێتی بە ناوەندێکەوە بۆ پاراستنی زمانەکە لەم تێکەڵیی و سەرلێشێواوییە، بەهەرحاڵ وتاری ئەمجارەمان لەسەر چەند زاراوەیەکە لە بواری مۆرفۆلۆجیدا، کە ڕەنگە بۆ هەندێک کەس، زۆر ڕون بن و بۆ هەندێکی تر و خۆشم تۆزێک تێکەڵی هەبێت لە بەکارهێنانیدا.

لە مۆرفۆلۆجیدا، مۆرفیمەکان دابەشدەبنە سەر مۆرفیمی بەند/Bound و مۆرفیمی ئازاد/سەربەست/Free
مۆرفیمە بەندەکان دو جۆرن ئەوانەی، کە ڕێزمانین/Inflectional، کە زاراوەی شکێنەرەوەمان لەلایەن( د. محەمەد مەحوی) بەکارهێنراوە و تاڕادەیەک بەکاردەهێنرێت، مۆرفیمی ڕێزمانی یان شکێنەرەوە گشتییە و دەچنە سەر ناو، ئاوەڵناو، کردار، بەڵام ئەوانەی تەنها دەچنەسەر کردار وەکو ئەسپێکت، مود، بەردەوامی…تاد پێیان دەوترێت/ Conjugation، کە دیسانەوە( د. محەمەد مەحوی) زاراوەی چەمێنەرەوەی بەرانبەر بەکارهێناوە، جۆرەکەی تری مۆرفیمی بەند، وشەداڕێژە/ Derivation کە هەڵگوێزەریشی پێدەوترێت، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام بەرانبەر ئەو مۆرفیمە بەندانە،چەند زاراوەیەکمان هەیە وەکو:
لاگر و گیرەک، کە هەردوکیان بەرانبەر بە /Affix ی ئینگلیزی دەوەستن، هەر دو جۆری شکێنەرەوە و هەڵگوێزەر دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی شوێنی هاتنیان ئەم مۆرفیمە بەندانە، بە تایبەت هەڵگوێزەرەکان ناویان هەیە، لە زمانی ئینگلیزیدا ئەم سێ جۆرەمان هەیە:
Prefix/پێشگر
Suffix/پاشگر
Infix/ناوگر
تا ئێستاش کێشەیەکی وامان نییە، زۆرینە ڕێککەوتوون لەسەر ئەم زاراوانە، بەڵام مۆرفیممان هەیە، لەکاتێکدا بەکاردێن، کە دەربڕین ئاسان بکەن وەکو:
دەرنەبڕدرا/د/ (دەربڕین) ، چاوگە و کە دەکرێتە بکەرنادیار، دەبێت ڕەگ وەربگیرێت، کاتێک ڕەگەکە کۆتایی بە/ڕ/ دێت و مۆرفیمی بکەر نادیاریش /ر/ ئەم دو مۆرفیمە لەبەر ئەوەی فۆنیمیشن، لەڕوی فۆنەتیکەوە، شوێنی دروستبون و شێوازی گۆکردنیان یەکە، بۆ دەربڕین قورسە، لەوێدا ئەو/د/ دروست دەبێت بۆ ئاسانی دەربڕینەکە. ئەمە بۆ هاتوینەتەوە، کردومانەتەوە، خواردرا…تاد یش، هەر ڕاستە.
باشە بەم مۆرفیمانە بڵێین چی: ئەمانە لەڕوی مۆرفۆلۆژیەوە هەڵگری ئەرک نین بۆیە هەڵەشە بڵێین مۆرفیمن، لە زمانی ئینگلیزیدا پێیان دەوترێت/epenthetic کە لە زمانی کوردیدا ناوبڕ بەکارهاتووە، بەڵام وەکو جۆرێکی مۆرفیم لێکدراوەتەوە.

جۆرێکی تری مۆرفیممان هەیە، کە وشەداڕێژە/ هەڵگوێزەرە، وشەی نوێ دروستدەکات، شوێنەکەی لە نێوان دو مۆرفیمی ئازادە وەکو:
هێلکەوڕۆن/و/ شانبەشان/بە/ ، ئایا بەمانە دەوترێت چی؟
ئەوەی هەیە تا ئێستا پێیان دەوترێت ناوبەند، کە لە ئینگلیزیدا، زۆر بەکەمی هەیە. یان نییە و پێی دەوترێت /interfix، جۆرێکی تر لە مۆرفیمە وشەداڕێژەکان، هەن، کە وشەی لێکدراو دروستدەکەن و بەهەمان شێوەی ناوبەندەکان دەکەونە نێوان هەردو بەشی وشە لێکدراوەکە، ئەمانە هەر Interfix ن، واتە وشەهەڵگوێزەرن، لە کوردیدا پێیان دەوترێت، مۆرفێمی بەستێنەر، کە وشەی لێکدراوی بەستراو دروستدەکەن، ئەم زاراوەیە، د. محەمە مەعروف بەکارهێناوە، وەکو /و/ لە. تەپاوتل، یاڵەویاڵ، گەنموجۆ، شلەوبرنج، تەپوتۆز، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمانەش هەر ئەرکیان داڕشتنی وشەی نوێیە، باشترە، مۆرفیمی بەستێنەر بەکار نەهێنرێت.
هەروەها ئەگەر مۆرفیمەکە ئەرکی بەستنەوەی دو فرێز، دو پارچە/cluse ، یان ڕستە بوو، دو جۆرن ئەوانیش مۆرفیمی (لێکدەر و مۆرفیمی گەیەنەر)ن، کە بەرانبەر بە /Coordinating Conjunctions
و Subordinating Conjunctions دەوەستن،
زاراوەیەکی ترمان هەیە، کە ئەویش مۆرفیمی نێوانگرە، کە بەڕای ئێمە هەر، ناوبەندەکەیە، ئەگەریش مەبەست لێی ناوبڕ بێت، ئەوا دەبێت یەکێکیان بەکاربهێنین، هەر لەبارەی مۆرفیمی بەندەوە، جۆرێکی ترمان هەیە، کە پێیان دەوترێت نوسەک/ Clitic، ئەم مۆرفیمانە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ خاوەندارییەتی بەکاردەهێنرێن و زۆرجار بەهۆی ئەو کۆما بچوکە دەناسرێتەوە، کە پێی دەوترێت ئەپۆسترۆفی، ئەمانە ئەرکیان دەربڕینی خاوەندارێتی و گەیاندنی دو وشەیە بەیەکتر، بەڵام هەر وەکو دو وشەیە سەربەخۆ دەمێننەوە، وەکو:
John’s book
She’s happy”
n’t. not
“doesn’t,” “can’t,” “won’t”
‘ll (will
“I’ll go,” “they’ll come”
‘m, ‘re, ‘ve (am, are, have
“I’m tired”
“We’re ready”
“I’ve finished”
لە زمانی کوردیدا، جێناوی لکاوی کۆمەڵەی( م-مان ) بەم ئەرکە هەڵدەستن، بۆیە زۆرجار پێیان دەوترێت جێناوی خاوەندارێتی، بۆیە زمانەوانەکان بەم کۆمەڵەیە ئەڵێن نوسەک:
باوکم، خانوەکەمان…تاد.
کە ئەگەر پڕاوپڕ بەرانبەر بە جیاکارییەکەی زمانی ئینگلیزیش نەوەستێت، لانی کەم لەگەڵ خاڵی یەکەمدا دەگونجێت کە دەربڕینی خاوەندارییە.
دو جۆری تری مۆرفیم هەیە، کە ئەوانیش مۆرفیمی سفر/Zero و مۆرفیمی بۆش، بەتاڵ/Empty morpheme ، یەکەمیان دەرناکەوێت بەڵام ئەرکەکەی هەستیپێدەکرێت، دووەمیان واتە مۆرفیمی بۆش دەردەکەوێت، بەڵام هیچ ئەرکێکی نییە و دەکرێت لاببرێت، هەرچەند ئەمەش دژ بە بیرۆکەی مۆرفیمە، کە مۆرفیم بە بچوکترین، دانەی زمانی ناودەبات، خاوەن ئەرک و واتایە وەکو:
ئەو هات. ( مۆرفیمی بەندی ڕێزمانی ڕێککەوتنی کەسی سێیەمی تاک دەرنەکەوتووە، بەڵام هەست بەبوونی دەکرێت).
لە شێوەزاری سلێمانیدا دەوترێت : هاتنەوە/ هاتمەوانێ/وانێ/ هیچ ئەرکێکی نییە.

لە مۆرفیمە ئازادەکان دا چەند زاراوەیەکی ترمان هەیە لەوانە:
Base/ بناغە
root/ڕەگ
steam/قەد
ڕەگ، بریتییە لەو مۆرفیمەی، کە هەڵگری واتای سەرەکییە، بەبێ هیچ مۆرفیمێکی بەند، وەکو زمان، شاخ، ئاو …تاد
قەد، دوای لابردنی هەموو مۆرفیمە شکێنەرەوەکان دەمێنێتەوە وەکو :
کوڕەکە: کوڕ
بناغە، بریتییە لە ڕەگ و مۆرفیمی هەڵگوێزەر، کە دەبێتە بنەما و بناغە بۆ وشەی نوێ:
(ئاشەوان)بناغەیە بۆ ( ئاشەوانی)
کەواتە ئێستا ئێمە ئەم زاراوانەمان هەیە:

لاگر، گیرەک/Affix
ئازاد، سەربەست/Free
بەند/Bound
پێشگر/prefix
پاشگر/suffixie
ناوگر/infix
ناوبەند/interfix
ناوبڕ/epenthetic
شکێنەرەوە/inflection
چەمێنەرەوە/conjugation
نوسەک/Clitic
سفر/Zero
بۆش، بەتاڵ/Empty
بناغە/Base
ڕەگ/Root
قەد/Steam
لێکدەر/Coordinating
گەیەنەر/Subordinating

پ. ی. د. عومەر ئەحمەد عەزیز
زانکۆی گەرمیان/ کۆلێجی پەروەردە
بەشی کوردی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next